یەکەم کاروانی پێشمەرگە لە کوبانێ گەیشتنەوە هەولێر

0

peshhhsaیەکەم کاروانی هێزی پێشمەرگە كە لە رێكەوتی ٢٨ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەرەو كوبانێ نێردرابوون، دوای چوونی کاروانی دووهەم، گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.

نوچە.نیت.nrt
ناردنی ئەو هێزانە لەسەر بنەمای رێكکەوتنێکی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیایە، كە پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە لە كوبانێ یارمەتی هێزە كوردییەكانی دیكە بدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش لە شارەکە.

دوای پەرەسەندنی هێرشەكانی داعش و گەمارۆدانی كۆبانێ، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە لەسەر داوای هێزەكانی سیاسی و لەوانەش پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە)، هێزێكی پشتیوانی پێشمەرگە رەوانەی كوبانێ دەكرێت و ئەو بڕیارەش دوای پەسەندكردنی لە لایەن پەرلەمانی هەرێمی كوردستانەوە، لە رۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی رابردوو جێیەجێ كرا.

رۆژی ٢ی کانوونی یەکەم، کاروانی دووەمی پێشمەرگە كە لە 150 كەس پێكهاتبوو، بۆ جێگرتنەوەی ئەو هێزە رەوانەی كوبانێ كرا.

بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێن، زۆربەی ناوچەكانی كوبانێ لە كاتی چوونی ئەو هێزە لە دەستی داعشدا بووە و بە چوونی پێشمەرگە كە بە چەكی قورسەوە نێردرابوو، توانراوە بەشێكی زۆری ئەو ناوچانە لە كۆنترۆڵی چەكدارانی داعش دەربهێنرێت.

ئەحمەد گەردی، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە كوبانێ رایگەیاند، لە كاتی چوونمان بۆ كوبانێ نیوەی زیاتری شارەکە لەدەست چەكدارانی داعشدا بوو، ئێستاش توانراوە بەشی زۆری كۆنترۆڵ بكرێتەوە.

بەپێی لێداوانەكەی ئەحمەد گەردی، لە پێكدادانەكاندا پێشمەرگە هیچ شەهیدێکیان نەداوە و تەنیا 14 كەسیان لێ بریندار بووە.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە روونیشیكردەوە، كە ئەو چەكانەی لەگەڵ خۆیاندا بردبوویانە، رادەستی هێزی جێگرەوەی پێشمەرگە كراوە كە رۆژی رابردوو گەیشتوونەتە كۆبانێ.

مستەفا سەیدقادر، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ پێشوازی پێشمەرگەكان هاتبووە فڕۆكەخانەی هەولێر، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، لە سەر راسپاردەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پێشوازی ئەو هێزە هاتووم و خۆشحاڵێن لە سەركەوتنی پێشمەرگەكانمان.

بۆ رێوڕەسمی پێشوازی لەو پێشمەرگانە، رێگە بە خێزانەكانیان نەدرابوو بچنە ناو فڕۆكەخانەكە و ئەوان لە دەرەوەی فڕۆكەخانەكە چاوەڕوانی هاتنەوەی کوڕەکانیان بوون.

پێشمەرگەكان كە بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان لە فڕۆكەكە دەهاتنە خوارەوە، دەستیان بە نیشانەی سەرکەوتن بەرزدەكردەوە و لە یەكەم دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، باسی ئازایەتی هێزەكانیان دەكرد.

پێشمەرگەكان ئاواتی رزگار کردنی تەواوی كوبانێیان هەبوو و هیوای سەركەوتنیان بۆ پێشمەرگەكانی جێگرەوەی خۆیان دەخواست.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com