دابان حەیدەر : ئەیرەقیبی خۆشەویستی
گۆمێک
مانگ لەوێدا ئەچەمێتەوە
ئەستێرەکان بەردەبنەوە ناوی
نەورەسەکان بە ئاوی زمزم خۆیانی لێ پاکژ دەکەنەوە
پەپولە هەرزەکارەکان لەوێ باڵی خیانەت دەکەن
منیش لەوێ
ئەیرەقیبی خۆشەویستیم دەست پێ دەکەم
هەست دەکەم عاشق دەبم
سێیەکی شەو تێپەڕ بووە
مانگ دیار نیە
یان من وەنەوز دەدەم و نایبینم
بۆ پێم ناڵێن ئەگەر هاتووە
تا باوەشێك بۆ وەرینەکانم فەراهەم بکات
بە لەرزینەکانما دەزانم چرایەک دەیەوێت دا بگیرسێت
تکانی فرمێسکەکانم ئیقاعی ژیان دەردەکەن
لە کوێ عاشق ئەبیت
با ئەو شوێنە پەرژین کەم
کەی عاشق ئەبیت
با کاتژمێرەکە بگرم
پێم خۆشە پێنوسە دارینەکەم بگریت
پەرداخێک لە نهێنییەکانت بڕێژیتە ناو کتێبەکەم
تەفسیری حیکمەتەکانی بێدەنگیتم بۆ بکەیت
ئەو ئاوازەم بۆ شیکار بکەیت
کە جووڵەی پێیەکانت دێتە بوون
باسی ئەو خاڵانەم بۆ بکەیت
جەستەی کافوریت ماچ دەکەن !