كشانەوەی ئەمریكاییەكان لەنێوان خەمساردی ئەمریكا و ئیفلیجی سیاسی عێراقدا

0

كشانەوەی ئەمریكاییەكان
لەنێوان خەمساردی ئەمریكا و ئیفلیجی سیاسی عێراقدا

سەروەر سالار چوچانیسەروەر

یەكلایی كردنەوەی بڕیاری مانەوە یان نەمانەوەی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە عێراقیش قوربانیی ئەو سیما سیاسییەیە كە عێراقی پێدەناسرێتەوە.
سیمای سیاسیی دیاری عێراق لەدوای 2003 وە هەمیشە بەوە جیاكراوەتەوە كە توانای بڕیاردانی یەكلاكەرەوەی نییە، بەجۆرێك لەهەمان حكومەتدا لێدوان و هەڵوێستی تەواو جیاواز دەبیستین.
لەچوارچێوەی هەمان سیستمی حوكمڕانیی عێراقیدا گەلێ‌ هەڵوێٍستی دژەیەك هەیە، بەجۆرێك سوننییەكانی وەك ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمان و شیعەكانی وەك نوری مالیكی سەرەكوەزیران و ئەندامە جیاوازەكانی ڕەوتی سەدر و لەولاوەش لایەنی كوردی لێدوانی ئەوتۆی جیاواز دەدەن كە زیاتر لە چوار دەوڵەتی جیاواز دەچن نەوەك پێكهێنەری هەمان سیستمی سیاسی.
ڕێككەوتننامەی باری هێزەكان – The Status of Forces Agreement – كە لە 17ی نۆڤەمبەری 2008 لەنێوان هوشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق و ڕایان كرۆكەری بالیۆزی ئەمریكا لە عێراق لە ڕێوڕەسمێكی فەرمیدا ئیمزاكرا، 31ی 12ی 2011 ی دیاری كردوە وەك وادەی كشانەوەی سەرجەم هێزە ئەمریكاییەكان لە عێراق. بەڵام هەمانكات ئاماژەی بەوە كردوە كە لە ڕێگەی ڕێككەوتن و گفتوگۆی سیاسییەوە دەكرێ‌ ئەو وادەیە درێژ بكرێتەوە.

بۆ دەبێ‌ ئەمریكییەكان لە عێراق بمێننەوە؟

1-گرفتی كەركوك و ناوچە مشتومڕلەسەرەكان:
بەبێ‌ هێزەكانی ئەمریكا لەم ناوچانەدا ئەگەری جددی ڕوبەڕوبونەوە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە. چونكە لێكحاڵیبونێكی تەواو لەنێوان ئەم دو لایەنەدا بونی نییە. ئەوەبو ساڵی 2009 مالیكی لەشكركێشی كرد بۆ خانەقین و ئەگەر ئەمریكاییەكان لەوێ‌ نەبونایە دەكرا ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی نێوان هەردولای لێبكەوێتەوە. هەروەها بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەگەری خۆپیشاندانی توندوتیژی عەرەبەكانیش حكومەتی هەرێم هێزی ڕەوانەی خواروی كەركوك كرد و دیسان ئەمریكاییەكان گرنتی ئارامكردنەوەی هەڵوێستی هەردولا بون.
ئەو ئارامبونەوەیەش كە ئێٍستا هەستی پێدەكرێ‌ لەو ناوچانەدا، بەرەنجامی دروستكردنی هێزی هاوبەشی كوردی-عێراقی-ئەمریكییە كە دیسان ئەمریكاییەكان دروستیان كردوە. وەك گروپی قەیرانی نێودەوڵەتیش لە دوا ڕاپۆرتیدا دەڵێ‌ ئەم هێزە هاوبەشە تەنها ڕێگەچارەیەكی كاتییە و دەبێ‌ بەر لە كشانەوەی ئەمریكییەكان ڕێگەچارەیەكی هەمیشەیی بۆ كێشەی ئەو ناوچانە لەنێوان هەولێر و بەغدا گەڵاڵە بكرێ‌.
2-ناكارایی سوپا و هێزی ناوخۆی عێراق:
ئەو هێرشەی قاعیدە لە تكریت ئەنجامی دا دەری دەخا كە ئەوان هەرچەندە لە جاران لاوازترن، بەڵام هێشتا توانایەكی كوشندەیان لەدژی عێراق و هێزە سەربازییە لاوازەكانی هەیە. هێزە چەكدارەكانی عێراق پێویستیان بە ڕاهێنان و كەرەستەی لۆجستی زیاتری ئەمریكاییەكان هەیە تا بتوانن ڕوبەڕوی قاعیدە و میلیشیا هاوشێوەكانی ببنەوە.
3-ئیفلیجی لە بەرامبەر پەلاماری دەرەكی:
هێزی ئاسمانیی عێراق تەواو ئیفلیجە و توانای پاراستنی ئاسمانی وڵاتی نییە.وەك لیۆڵد ئۆستین فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بە سایتی هیومان ئیڤێنتزی وتوە جگە لە نەبونی فڕۆكە، بە كشانەوەی ئەمریكییەكان عێراق توانای ڕاداری و هەواڵگریی ئاسمانیش لەدەست دەدات.
وڵاتانی دراوسێی عێراق بەگشتی و ئێرانیش بەتایبەتی ڕێزێكی زۆر بۆ سەروەری عێراق دانانێن و لەم ڕوەشەوەی تۆپبارانی چەند بارەی سنورەكانی كوردستان لەلایەن ئێرانەوە نمونەیە.
4-مەترسیی هەژمونی ئێرانی:
بیرۆكەی هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی ئێران لە ستراتیجەكانی ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی بوە و ئێستاش كاری لەسەر دەكرێ‌ و ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەترسن لەكۆتاییدا هیلالێكی شیعی لە كەنداوەوە هەتا دەریای ناوەڕاست بگرێتەوە. دەستێوەردانەكانی ئێران لەناوچەكەدا تەواو ڕونن و وەك شرۆڤەوانی ئاساییشی نیشتمانی و كاروباری دەرەوەی ئەمریكا ڕۆبەرت ماگینیس لە وتارێكیدا ئاماژە بەوە دەكات كە ئێران جگە لە هەوڵەكانی پێشوی دەیەوێ‌ گرژییە نوێیەكانی ناوچەكە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە لە بەرژەوەندی خۆی بەكار بهێنێ‌. ڕۆبەرت گەیتز وەزیری بەرگری ئەمریكاش بە ۆڵ ستریت جۆرناڵی وتوە “ئەمریكا بەڵگەی لایە ئێرانییەكان هەوڵدەدەن ئیستیغلالی بارودۆخی بەحرێن بكەن. بەڵگەشمان لایە قسە لەبارەی هەوڵدان بۆ دروستكردنی گرفت دەكەن لە شوێنانی تریش”.
كەواتە مانەوەی ئەمریكییەكان لە عێراق پێویستە بۆ پاراستنی عێراق و هاوپەیمانەكانی تری ئەمریكا لە ناوچەكەدا.

دژانی درێژكردنەوەی وادەكە

نەتەوەپەرستە عەرەبەكان و ئیسلامییە توندڕەوەكان لە دوژمنانی سەرسەختی درێژكردنەوەی وادەی مانەوەی ئەمریكییەكانن لە عێراق. عەرەبە نەتەوەییەكان لەلایەكەوە گرێیەكی دەرونیی نەرێنییان بەرامبەر بەو هێزانە هەیە بەوەی سەدام حسێنی باوكی گوتاری شۆڤێنیزمی عەرەبیی ڕوخاند، لەلایەكی دیكەشەوە دەزانن مانەوەی ئەو هێزانە گرنتی بەردەوامی سیستمێكی لیبراڵی خۆرئاواییانە دەدات، كە ئەمەش دروست پێچەوانەی دونیابینیی ئەوانە.
هەرچی ئیسلامییە توندڕەوەكانی وەك ئەلقاعیدەی عێراقیشن ئەوا دەزانن مانەوەی ئەمریكاییەكان مانای درێژكردنەوەی وادەی ئیفلاسیی سەربازیی و سیاسی ئەوان دەگەیەنێت.
لایەنێكی تری سەرسەختی دژایەتی كردنی درێژكردنەوەی وادەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ڕەوتی سەدرە. بەرژەوەندی ئەم ڕەوتە تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ مانەوەی ئەمریكاییەكان، چونكە هەم هەژمونی سەربازی ئەوانی لەناو عێراق كۆت كردوە و هەمیش توانای كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە هەمبەر عێراق و ناوچەكە لە قاڵبداوە، دیارە ئێران سپۆنسەری سەرەكی ڕەوتی سەدرە.

لایەنگرانی درێژكردنەوەی وادەكە

ڕەنگە لایەنی كوردی لە هەموان زیاتر لەگەڵ مانەوەی ئەو هێزانەدا بێت. چونكە مانەوەی هێزە ئەمریكییەكان جۆرە گرەنتییەكە بۆ پاراستنی ئەو جۆرە سیستمە سیاسییەی كورد پێی ڕازییە. بەڵام توانای كورد بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو بڕیارە سنوردارە. چونكە هەم سیاسەتی دەرەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وابەستەی سیاسەتی دەرەكی عێراقە و ناتوانێت لێی دەربچێت، هەم سەرۆك كۆمار ،كە كوردە، دەسەڵاتێكی تەشریفاتی و سنورداری هەیە و هەمیش لە پەرلەمانی عێراقدا لایەنی كوردی كەمینەیە.
نوری مالیكی و ڕەوتەكەشی ،هەرچەندە دەری نابڕن، پێدەچێ‌ لە خوازیارانی مانەوەی ئەمریكییەكان بن، چونكە دەزانن سوپای عێراق لەوە ناكاراترە بتوانێ‌ حاڵی حازر ئاساییشی ناوخۆ و سنورەكانی دەرەوەی عێراق بپارێزێ‌. بەڵام ئەمیش گرفتی خۆی هەیە چونكە بە هاریكاری سەدرییەكان و سوننییەكان حكومەتی پێكهێناوە و ناتوانێ‌ بۆچونی ئەوان لەو بارەیەوە فەرامۆش بكات.

هەڵوێستی حكومەتی عێراق

هەڵوێستی عێراق لەمبارەیەوە تا ئێستا تەواو لێڵە.ئەوەتا لەگەڵ ئەوەی عەبدولهادی حەسەنی لە دەوڵەتی یاساوە بە ئاكا نیوز دەڵێ‌ پێدەچێ‌ حكومەت داوای درێژكردنەوەی وادەی مانەوەی ئەمریكییەكان بكات، هەمانكات عەلی موسەوی ڕاوێژكاری ڕاگەیاندنی مالیكی بە ئەلحەیات دەڵێ‌ تا هەمو ڕەوتە سیاسییەكان ڕازی نەبن، ناتوانین داوای درێژكردنەوەی ئەو وادەیە بكەین.
بۆ ئارامكردنەوەی سوننی و سەدرییەكانیش، عەلی دەباغ قسەكەری حكومەتی عێراق بە ئاژانسی شینخوای چینی وت كە مالیكی ڕۆبەرت گەیتزی دڵنیاكردۆتەوە كە نایەوێ‌ ئەمریكاییەكان دوای 2011 لە عێراق بمێننەوە.
جگە لە سیما سیاسییە جیاكەرەوەكەی خۆی كە ئاماژەمان پێكرد، حكومەتی عێراق گرفتی هەنوكەیی دیكەشی هەیە كە وایكردوە نەتوانێ‌ بە ڕونی هەڵوێستی خۆی دەربڕێ‌.
نەبونی حكومەت بۆماوەی زیاتر لە ساڵێك دوای هەڵبژاردنەكان بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكانەوە، سەرەڕای ئەمەش نەبونی وەزیرەكانی ناوخۆ و بەرگری و ئاساییشی نیشتمانی لەدوای زیاتر لە چوار مانگ لە دامەزراندنی حكومەتیش لەم ڕوەوە ڕۆڵی گەلێ‌ نەرێنیان هەیە چونكە داواكارییەكان زیاتر لەلایەن حكومەت و ئەو سێ‌ وەزارەتەوە گەڵالەَ دەكرێن.

هەڵوێستی ئەمریكا

لەبەر ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێكردن لە بەرژەوەندی ستراتیجی ئەو وڵاتەدایە هێزە سەربازییەكانی لە عێراق بهێڵێتەوە و هەر لەم چواچێوەیەشدا بەڕای چاودێران هاتنی ڕۆبەرت گەیتز وەزیر بەرگری ئەمریكا بۆ عێراق بۆ ئەوە بوە جۆرە فشارێك-ئەگەر نەرمیش بێت- لەسەر حكومەتی عێراق دروست بكەن تا داوای درێژكردنەوەی وادەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بكات لەدوای دیسەمبەری 2011.
بەڵام ئەمە لەناو ئەمریكاشدا بێ‌ لەمپەر نییە و پێدەچێ‌ هێشتنەوەی ئەو هێزانە لە عێراقدا خراپ لەسەر سەرۆك ئۆباما بكەوێت. لەلایەكەوە سەرۆك ئۆباما بەشێكی زۆری دەنگەكانی هەڵبژاردنەكەی پێشوی لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنە هێنا كە لەدوای 2011 بە تەواوی لە عێراق دەكشێتەوە و نەكشانەوەشی لەم كاتەدا بە نەرێنی لەسەری دەشكێتەوە لە هەڵبژاردنی داهاتودا، لەلایەكی تریشەوە بودجەی ئەمریكا كورتی هێناوە و بۆ ڕاستكردنەوەشی یەكێك لە پلانەكان كەمكردنەوەی بودجەی هێزە چەكدارەكانە، دیارە مانەوەی ئەو هێزانە پشتیوانییەكی بەرچاوی ماددیان دەوێ‌. جگە لەمەش كۆنگرێسی ئەمریكا 25%ی ئەو پارە خەمڵێنراوەشی بڕی كە لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە دیاری كرابو بۆ هێزە ئەمریكاییەكان لە عێراق و ڕاهێنانی سوپاكەی. ئەم گرفتانەش وایان كردوە ئیدارەی ئۆباما ئەوەندە سور نەبێت لەسەر مانەوە لە عێراقدا و تەنانەت ڕێشی تێدەچێ‌ بەرلەوەی عێراق داوای مانەوەیان بكات، خودی هێزە ئەمریكاییەكان بڕیاری كشانەوە بدەن.
بەو پێیەش كە مانەوەی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە بەرژەوەندییەكی بێچەندوچونی هەرێمی كوردستان و هێشتنەوەی سیستمی دیموكراسی عێراقدان، جێی خۆیەتی یاریكەرە سەرەكییەكانی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان هەوڵی دیبلۆماسی چڕ و پڕ بخەنە گەڕ بە ئاراستەی ڕازیكردنی زۆرینەی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان تا ماوەی مانەوەی ئەو هێزانە لە عێراق بەگشتی و ناوچە كێشە لەسەرەكان بەتایبەتی درێژ بكرێتەوە.

كورتەیەكی ئەم بابەتە لە گۆڤاری سڤیلدا بڵاوكراوەتەوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com