سەنگەر ئاکرەیی – نوچەنێت
دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە 18ـی تشرینی دووەم، وتووێژ لەسەر پرۆژە یاسای چاکسازی لەلایەن لیژنەی شەهیدان و جینۆسیاید و زیندانیانی سیاسیی پەرلەمان كرا، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە چەند مەرجێک بریاری لەسەر گەڕاندنەوەی بەخشین (منحە)ـی زیندانییە سیاسییەکان دەركرد.
لەم بارەیەوە، ئەحمەد مام رەسول، بەرپرسی زیندانییە سیاسییەکان، بە (نوچەنێت)ی گوت: “٥١٧٥ کەس وەکو زیندانی سیاسی تۆمارکراون کە منحەی مانگەنەیان هەیە. دوای ئەوەی کە ماوەی یاسایی کە ١٠ ساڵە تەواو بووە، لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بریاردرا کە منحەکانیان بگەرێندرێتەوە.”
سەبارەت بە ژماری ئەو زیندانییە سیاسیانە کە سوودمەندی ئەم بریارە دەبن، ناوبراو گوتی: بەپێی وردبینی كردنیان دەردەکەوێ زیاتر لە ١٠٠٠ زیندانی سیاسی دەبن. ئەوانەی کە رێژەی یاساییان تەواو نەکردووە ١٥٤٨ کەس دەبن و منحەی مانگانەیان بەردەوامە و ١٠ سالیان تەواو نەکردووە.”
لەوەڵامی پرسیارێکی (نوچەنێت)ەوە سەبارەت بە كاتی جێبەجێکردنی ئەم بریارە، ئەم بەرپرسە گوتی: ” کەی وردبینییەکە تەواو بوو، بریارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و پێشبینی ١٥ رۆژ بۆ وردبینیەکە دەکەین.”
بەپێی بریارەكەی حكوومەتی هەرێمی ئەو زیندانییە سیاسییانەی دوای ١٠ ساڵ کە مینحەکانیان بڕابوو، بەو مەرجەی کە هیچ مووچەیەکی تریان لە دام و دەزگای حکوومی نەبێت، مینحەكانیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە.