گۆڕانكارییەكانى كازمى لە پۆستەكان خۆپێشاندەران و حزبەكانى شیعە توڕە دەكات

0

دوێنێ مستەفا كازمى كۆمەڵێك گۆڕانكارى لە پۆستە گرنگەكانى دەوڵەت كرد، ئەمەیش ناڕەزاییەكى جەماوەرى و حزبى دروست كردووە. رەخنەگرانى، مستەفا كازمى بە زەقكردنەوەى بەشبەشێنى سیاسى و حزبى تۆمەتبار دەكەن.


دوێنێ مستەفا كازمى كۆمەڵێك بەرپرسى نوێى بۆ پۆستەكان دانا، بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى بڵاوكراونەتەوە، نۆ بەرپرسى دەستە و هەشت بریكارى وەزارەتەكان لە پۆستەكانیان لادراون و لەشوێنى ئەوان بەرپرسى نوێ دانراون.


پۆستەكانیش بریتى بوون لە: پارێزگارى بانكى ناوەندى، سەرۆكى دەستەى وەبەرهێنان، ئەمیندارى بەغداى پایتەخت، بەڕێوەبەرى بانكى بازرگانى عێراقى، بریكارى كاروبارى ئۆپراسیۆنەكان لە هەواڵگرى نیشتمانى، بریكارى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى، سەرۆكى دەستى كاغەزە داراییەكان، سەرۆكى حەج وعومرە، سەرۆكى دەستەى دەستپاكى، لەگەڵ هەشت بریكارى وەزارەتەكان.

ئەو گۆڕانكارییە بەر لە هەموو كەسێك لایەنە شیعەكانى توڕە كرد، بە شێوەیەك هەر یەكە لە هاوپەیمانى سائیروون و فەتح و دەوڵەتى یاسا دژایەتى خۆیان بۆ گۆڕانكارییەكە راگەیاندووە و كازمییان بەوە تۆمەتبار كردووە، گوایە بەشبەشێنى تایفەگەرى زیندوو دەكاتەوە.


هاوكات خۆپێشاندەرانیش بە چەندان بەیاننامە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گۆڕانكارییەكانیان رەتكردووەتەوە و رەخنەیان لەسەر ئەوە هەیە، هەندێك لە بەرپرسە نوێیەكان سەر بە حزبەكانى دەسەڵاتن و تەنانەت هەندێكیان پێشتر بە گەندەڵى تۆمەتبار كراون، هەندێكى تریشیان پسپۆڕانى لەو بوارە نییە كە بۆى دانراون.

كەچى لە بەرامبەر ئەو رەخنانە هەندێك لە چاودێرانى سیاسى، گۆڕانكارییەكان بە هەنگاوێكى باش دەزانن، بە گوتەى ئەوان چونكە بەر لە هەموو شتێك لایەنە باشەكەى لەوە دایە كازمى چەندان بەرپرسى گۆڕیوە كە ساڵانێكە لەو پۆستانە ماونەتەوە و پەیوەندى بە هێزیان لەگەڵ حزبەكان دروست كردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com