کێشەی جووتیاران چارەسەر دەکرێت

0

ئەسعەد مورادی

پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سێ کۆمپانیادا واژۆکرا، لەمەودوا ساڵانە 500 هەزار تۆن گەنمی ناوخۆ لە جووتیار دەکڕنەوە. بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانیش دەڵێت ”پرۆژەکە بە پێشنیاری ئێمە بووە”.

وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێت هەرێمی کوردستان لە بەرهەمەکانی گەنمدا بگاتە خۆبژێوی. ئەم پرۆژەیە لە ساڵی داهاتوو (2021 ) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایەگەیاند، “ئەم پرۆژەیە بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان و بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانمانە. دڵنیاتان دەکەینەوە ئەم بەرهەمانە دەبنە بەرهەمی کوالیتی بەرز کە لەژێر چاودێریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەونە بازاڕەکانەوە”.

لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەدا کۆمپانیاکان 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران بە نرخێکی زیاتر لە بازاڕ دەکڕنەوە و دەیکەن بە ئارد، ساوەر، بڕوێش، گەنمەکوتاو و بەرهەمەکانی دیکەی گەنم بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ. بۆیە ساڵی داهاتوو هاوردەکردنی ئارد و بەرهەمەکانی دیکەی گەنم بۆ بازاڕەکان قەدەخەدەکرێت.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەفین گەردی، بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی واژۆکردنی پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران رایگەیاند: ئەگەر ئەو پرۆژەیە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، کێشەی جووتیارەکان چارەسەر دەکات، لەبەر ئەوەی 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیریێت و هەروەها ئەمساڵ عێراق تەنیا 390 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، لە کاتێکدا بەرهەمی جووتیاران نزیکەی یەک ملیۆن تۆنە.

سەفین گەردی دەشڵێت، بەم پرۆژەیە 90% کێشەی جووتیارەکان چارەسەر دەکرێت و جووتیارەکان بەرهەمەکانیان رادەستی ئەو کۆمپانیا دیاری کراوەکان دەکەن و توشی زەرە نابن.

بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا، کە لە دوورەوە ئاگاداری ئەو پرۆژەیەن و دەزانین ئەو پرۆژەیە هەیە. بەڵام دەشڵێ ”ئەو پرۆژەیە پێشنیاری ئێمە بووە (لیژنە) داوامان کردووە لە وەزارەتی کشتوکاڵ چارەیەک بۆ کێشەی جووتیارەکان بدۆزێتەوە، بۆ بەبازاڕکردنی گەنمەکەیان”.

ئەمساڵ حکومەتی عێراق تەنیا 390 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. لە کاتێکدا بە گوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ نزیکەی دوو ملیۆن تۆن بووە، بەوەش زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنمی زیادە ماوەتەوە، کە جووتیاران هەر تۆنەی بە 200 هەزار دینار زەرەر لە بازاڕەکاندا فرۆشتوویانە. سەرباری ئەوەش ساڵانە بە بەردەوامی گەنمی هاوردەکراو لە بازاڕەکاندا هەیە.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە 44 هەزار و 500 جووتیار لەسەر رووبەری سێ ملیۆن و 69 هەزار دۆنم زەوی گەنم دەچێنن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com