0

ئەسعەد مورادی

لە ماوەی ٤٠ ساڵی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەرگیز گرژییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و ئەمریکا نەگەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئێستا، لە هەر دوو لاوە رۆژانە لێدوانی توند لە دژی یەکتر دەدەرێت، ئەمریکا گەمارۆکانی سەر ئێرانی ئەوەندە توند کردووە کە فشارێکی بێ وێنەی ئابووری کەوتووەتە سەر ژیانی هاوڵاتیانی ئێرانی،

ەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا کۆمەڵێک رووداوی ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوە لە دامەزراوە مەدەنیی و سەربازییەکانی ئێران روویانداوە، لەنێویاندا کۆمەڵگە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکیش هەن. گۆڤارێکی ئەمریکی پێیوایە، ئەگەر لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا ئیسرائیل بەردەوامبوو لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران، ئەوا ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی جەنگ زیاتر دەبن، بەدووریش نازانرێت مانگی 10ی ئەمساڵ سوپرایزێکی کوشندە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبدات.

لەکاتێکدا هەندێک لە رووداوەکان دەکرێت بەئەنقەست روویاننەدابێت، بەڵام کاتی رووداوەکان و ئامانجە دیاریکراوەکان خوێندنەوەیەکی دیکەیان بۆ دەکرێت بەوەی لانیکەم هەندێکیان دەستی دەرەکییان لەپشتە، بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری نیویۆرکی ئەمریکی ئەو هێرشانەش پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئەگەری سەرهەڵدانی ناکۆکییان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لێدەکەوێتەوە.

حکومەتی ئێران رایگەیاندبوو، ئاگرەکە تەنیا زیانی ماڵیی زۆری بە وێستگەکە گەیاندووە و هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە. لە کاتێکدا گۆڤاری نیویۆرکی ئەمریکی نووسیویەتی، زیانە ماددییەکانی وێستگەکە زۆرن و بۆ چەندین مانگ و ساڵ پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران پەکدەخات. بەرپرسێکی هەواڵگری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاندبوو، ئیسرائیل ئەو هێرشەی ئەنجامداوە.

دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز کە دەکەوێتە 320 کیلۆمەتر باشووری تاران و بەشێکی لە ژێر زەویدایە، رۆژی 02-07-2020 ئاگرێکی گەورەی تێدا کەوتەوە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، بەوردی دەزانن هۆکاری رووداوەکە چییە، بەڵام لەبەر هۆکاری ئەمنی رایناگەیێنن کە چیبووە، دواتر هەردوو گوتەبێژی حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیان هێشتا روون نییە کە دەستی دەرەکی لە پشت رووداوەکەوە بێت.

عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، “وڵاتەکەی وەڵامی یەکلاکەرەوە و تووندی دەبێت ئەگەر بگاتە ئەو ئەنجامەی تەقینەوەکانی نەتەنز و رووداوەکانی دیکەی هاوشێوە دەستیان لەپشتەوەیە”.

ئەڤگیدۆر لیبەرمان، سیاسەتڤانی ئیسرائیلی، یوسی کۆهین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی (مۆساد) بەیەکێک لەو سەرچاوانە دادەنێت کە ئەو زانیارییەیان بۆ رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاشکراکردبوو، ئامانجیش لە دزەپێکردنی زانیارییەکان بەبەشێک لە هەڵمەتی کۆهین دەزانێت بۆ جێگەگرتنەوەی بنیامین نەتەنیاهو بۆ سەرۆکایەتیی پارتی لیکۆد.

پێدەچێت تەنیا کۆهین نەبێت ئەو زانیارییانەی دزەپێکردبێت، بەرپرسێکی پێشووی هێزی بەرگریی ئیسرائیل بە ماڵپەڕی ئینسایدەری راگەیاندووە، بەشێوەیەکی گشتی لە دامەزراوەکانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلدا ئەوە زانراوە کە هەندێک لە رووداوەکان دەستی مۆسادیان لەپشتە.

هەر ئەو کات، بینی گانتسی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، پەیوەست بە هەمان رووداو ئاماژەی بەوە دا، مەرج نییە هەموو تەقینەوەیەک کە لە ئێران روودەدات ئیسرائیلی لەپشتەوە بێت.

بەرپرسێکی هەواڵگریی یەکێتی ئەوروپاش ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردوونەتەوە و بەهەڵمەتێک بۆ لەکارخستنی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران دایناون.

گۆڤاری نیویۆرک باسی ئەوەیکردووە، تەنیا ئیسرائیل نییە ئەو کارەی ئەنجامدابێت، گرووپێکی جیابووەوە لە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئێران کە ناوی خۆیان ناوە “پڵنگەکانی نیشتمان” هێرشیان بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز ئەنجامداوە، ئەو گرووپە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە دوای ماوەیەکی کەم لە رووداوەکە و پێش ئەوەی لە میدیا جیهانییەکان بڵاوببێتەوە نامەیەکیان ناردووە بۆ کەناڵی بی بی سی بەریتانی. جەختیلەوەکردووەتەوە کە هێرشەکە بەشێکە لە هەڵمەتێکی بەردەوام دژی پێگە ستراتیژییەکانی ئێران. بەپێی راپۆرتی گۆڤارەکە، زانیارییەکانی ناو نامەی گرووپە ئێرانییەکە لەگەڵ راستییەکانی رووداوی تەقینەوەکە یەکیان گرتووەتەوە، ئەوانەی نامەکەیان نووسیوە، پێشتر زانیارییان لەسەر هێرشەکە هەبووە. ئەوەش جاری یەکەم نییە ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ کەسانی دژبەری ئێران لەناوخۆی ئەو وڵاتە ئەنجامبدات.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، زانیارییە دزەپێکراوەکان لە دەزگای هەواڵگری سەربازی ئیسرائیلەوە ئەوەش پشتڕاستدەکەنەوە کە بەڵێ دەکرێ ئیسرائیل ئەو هێرشانەی ئەنجامدابێت، بەشێوەیەکی گشتیش تەنیا ئیسرائیل کە دووژمنی هەرێمیی ئێرانە ئەو توانا هەواڵگرییەی هەیە هێرشی لەو جۆرە بۆ سەر دەزگا هەستیارەکانی ئێران ئەنجامبدات.

غوڵام حوسێن گیبتی، راوێژکاری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران وەڵامی هەواڵەکەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی دابوویەوە و بە “جەنگی دەروونی” ناوی بردبوو.

رۆژنامە ئەمریکییەکە گوتبووی ئەوەی لە نەتەنز روویداوە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەرنامەی بۆ دادەڕێژرێت و ئەگەر هەیە ئاگرەکە بەهۆی دانانی بۆمبی کۆککراو یان هێرشی ئەلیکترۆنییەوە کرابێت.

بەهۆی لێکەوتەکانی کۆرۆنا و سزاکانی ئەمریکاوە، ئێران بە دۆخێکی ئابووری دژواردا تێپەڕدەبێت، بەهای دراوەکەی بەرامبەر دۆلار بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ئیسرائیلیش ئەم دۆخە بەهەل دەزانێت ئێران لە خواستە ئەتۆمیی و سەربازییەکانی پاشگەزببێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 21-07-2020 لە بازاڕەکاندا 100 دۆلاری ئەمریکی بە یەک ملیۆن و 900 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکراوە.
بەڵام راوێژکاری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، “ئەو دەنگۆیانەی باس لە تێکدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکەمان و تیرۆرکردنی سەرکردەکانی سوپای پاسداران دەکەن هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر سیاسەتە بەردەوامەکانی ئێران نابێت”.

سیاسەتی ئێستای ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران بە “هەڵمەتی نێوان شەڕەکان” ناوی دێت، هەوڵدەدات سنوورێک دابنێت بۆ توانای ئێران لەسەر هەڕەشە و ئەو مەترسیانەی لەڕێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیکییەوە لە سووریا و لوبنان و عێراق لەسەر تەلئەبیب دروستیان دەکات، هەروەها بەپێی گۆڤارە ئەمریکییەکە، ئامانجی ئیسرائیل لەم رێکارانە ئەوەیە پێش ماوەیەکی کەم لە هەڵگیرسانی جەنگ، رێگەبگرێت لە ئێران پێگەی ستراتیژیی دروستبکات لەکاتێکدا ئەگەر شەڕی راستەوخۆ کە ئیسرائیل پێشبینی دەکات رووبدات.

ئەو هەڵمەتە بەدرێژایی چەند ساڵی کەمی رابردوو و بەپشتگیری سەرۆکی ئەمریکا فراوان بووە، کە نەتەنیاهوش لە گرنگیدان و پێویستی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئێران لەگەڵ ترەمپ هاوبەشە، بەڵام وا بەباش دەزانێت ئەمریکا لەو پرۆژەیەدا نەکەوێتە شەڕی راستەوخۆوە. چاودێران پێیانوایە ئەم ماوەیە زۆر گرنگە بۆ ئیسرائیل، بەتایبەت پێشئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا سوپرایز رووبدات، سیاسەتی ئەمریکا بگۆڕێت، لەبەرئەوە ئیسرائیل هەوڵدەدات تاوەکو پێی بکرێت گەورەترین زیان بەتاران بگەیێنێت.

گۆڤارەکە روونیکردووەتەوە، ئەو جۆرە هێرشانە دەکرێت سەربکێشن بۆ جەنگێکی سەرتاسەری، وەکو راپۆرتە پشتڕاست نەبووەوەکان باسیدەکەن، ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی دژی ئێران و ئەمریکا وەکو تۆڵەسەندنەوەی هێرشەکانی ئەم دواییە.

بەرپرسێکی ئەوروپی بە ماڵپەڕی ئینسایدەری راگەیاندووە، پلانەکەی ئیسرائیل بۆ ئەوەیە، تاوەکو ترەمپ لەدەسەڵات ماوە، ئێران بووروژێنێت و کاردانەوەی هەبێت، ئاستی گرژییە سەربازییەکان بەرزبکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە لاوازەی ئێران تێیدایەتی هەندێک لە پسپۆڕان بەگومانن لەوەی ئێران بتوانێت کاردانەوەی سەربازیی بنوێنێت.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەداوە، لە رووی سیاسییەوە نەتەنیاهو پێیوایە شەڕ لەگەڵ ئێران ئامرازێکە دەتوانێت لەنێوخۆ بەکاری بهێنێت، لەبەرامبەردا فەرماندە سەربازییەکان پێیانوایە جەنگ لەگەڵ ئێران هەنگاوێکە بۆ لەمپەڕدروستکردن لەبەردەم پێشخستنی پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی ئێران.

لەکۆتاییدا باسی ئەوەشیکردووە، ئەگەرهاتوو لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا ئیسرائیل بەردەوامبوو لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران، ئەوا ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی جەنگ زیاتر دەبن، بەدووریش نازانرێت مانگی 10ی ئەمساڵ سوپرایزێکی کوشندە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبدات.(https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/21072020)

دوای تێپەڕینی نزیکەی شەش مانگ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی (دەستە ئاسنینەکەی ئێران لە ناوچەکەدا)، ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا چەکدارییانەی سولەیمانی لە عێراق، سووریا و لوبناندا سەرپەرشتی و ئاراستەی دەکردن، دووچاری جۆرێک لە پەرتبوون و تەنگژەی ناوخۆیی هاتن. ئێستا حکومەتی تاران کار بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی میلیشیاکان دەکات.

هەروەها ئێرانیش ناتوانێت بە ئاسانی خاکی هەرێم بەکاربهێنێت ئەگەر حیزبەکانی هەرێم یارمەتی نەدەن، هەربۆیە ئەگەری بەهێز ئەوەیە خاکی هەرێمی کوردستان لە حاڵەتی هەرڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئێران ئارامترین شوێنی عێراق بێت.

بەڵام ئەم جەنگە لە دوو ڕووەوە کاریگەری لەسەر هەرێم دەبێت، یەکەم لەو ڕووەوە کە سنوورەکانی ئێران دادەخرێن، پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئێران نامێنێت، ئەمەش لە کورتدا ماوەدا کاریگەری لەسەر بازاڕ دادەنێت تا ئەو کاتەی بازرگانانی هەرێم بتوانن لە تورکیا یان وڵاتێکی دیکەوە قەرەبووی کاڵای ئێرانی لەناو بازاڕەکانی کوردستاندا بکەنەوە، ئەمەش پێناچێت مەترسییەکی ئەوتۆ دروست بکات، چونکە سنووری دیکە و وڵاتی دیکە هەن کە دەیانەوێت ئەم شەڕە وەک هەلێک بقۆزنەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لەناو هەرێم و عێراقدا، بە تایبەتیش تورکیا و ئۆردون.

کاریگەری دووەمی جەنگی ئەمریکا و ئێران لەسەر هەرێم ئەوە دەبێت کە پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی گەورەی ئاوارە روو لە هەرێم بکەن، هێشتا هیچ ڕووینەداوە دەوترێت رۆژانە لەنێوان ٨٠٠ بۆ ١٠٠٠ کەس بۆ کارکردن دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە کە زۆرترین رێژەشیان ئێرانین جا کوردی رۆژهەڵات یان خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێرانن، ئەم ژمارە زۆرە ئاوارە بێ گومان کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە لەوانەیە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کەمێک قورساییەکە لەسەر شانی حکومەتی هەرێم کەم بکەنەوە

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com