بۆردى باڵاى پەرەپێدانى کشتوکاڵ دروست دەکرێت

0

شلێر سەعید

حکومەتى هەرێمى کوردستان گرنگیەکی تەواو بە بۆردى پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ دەدات و ئەو هەنگاوە گرنگە بەپێى کارنامەى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە، کە ئەو کارنامەیە لەچەندین خاڵ پێکهاتووە، و لەلایەکى دیکەوە تاوەکو کەرتێکى ژێرخانى ئابوورى بەگرنگییەوە کارى لەسەر بکرێت و تەنها پشت نەبەستن بە کەرتى نەوت و وزە.

گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ دەڵێت، سەقفى باجەکانمان بەرزکردەوە تا بتوانین گرنگى بەبەرهەمى ناوخۆ بدەین
حکوومەتى هەرێم بۆ یەکەمین جارە بڕیارى ئەوەى داوە بۆردێک دروستبکرێت بەناوى (بۆردى باڵاى پەرەپێدانى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان).

لە لێدوانێکى تایبەتدا، سەبارەت بە وردەکارى ئەو بۆردە حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، بە نوچە-ى ڕاگەیاند: بە مەبەستی بایەخدان بە کەرتى کشتوکاڵ و هەمەجۆرکردنى سەرچاوەکانى داهات حکوومەتى هەرێم بۆردى پەرەپێدانى کشتوکاڵى دروستکرد بۆ بەرەو پێشبردنى ئەو کەرتە. ئەو لایەنانەى کەپاڵپشتى دەکەن بریتین لە: (وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى و وەزارەتى دارایى و وەزارەتى پلان دانان و دەستەى وەبەرهێنان) و هاوکارى و هەماهەنگى تەواوى وەزارەتى کشتوکاڵ، دەکەن بۆ بەرەو پێشبردنى کەرتى کشتوکاڵ و لەهەمان کاتیشدا گرنگى دراوە بە کەرتى تایبەت تا رۆڵێکى گرنگ بگێڕێ، شانبەشانى وەزارەتى کشتوکاڵ.

حسین حەمە کەریم گوتیشى، دیارە ئەو وەزارەتانە ئەندامى ئەو بۆردەن و ئەرکى سەرەکى ئەو بۆردە بریتییە لە چارەسەرکردنى هەموو ئەو کێشەو گرفتانەى، کە دێنە بەردەمى ئەو کەرتەو چارەسەرى دەکەن و لەلایەکى دیکەیش کارەکانی کەرتەکە بەپێى یاساو رێنمایى دەبێت، تا زیاتر بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت لە رووى هەموارکردنى یاساوپێدانى رێنمایى لەهەمووى گرنگتر دابینکردنى بودجەیە بۆ ئەو بۆردە و پرۆژە گرنگ و ستراتیژیەکان و هاندانى کەرتى تایبەت.

گوتەبێژەکەى وەزارەتى کشتوکاڵ ڕونیشى کردەوە، کە بەبازاڕکردنى بە پیشەسازیکردنى بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ئەوانە ئەو خاڵانەبوون، کە کارى لەسەر دەکەین بۆ ئەو بۆردە و لاى هەمووانیش ئاشکرایە، کە کەرتى کشتوکاڵ کەرتێکى فراوانە، بۆیە پێویستى بەکارکردن و پاڵپشتى تەواو و بەدواداچوونى بەردەوام هەیە تا بەکەمترین رۆتین و بەپێى یاساو رێنمایى کارى لەسەر بکرێت.

سەبارەت بە پلانەکانیان، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ گوتی: ئێمە وەکو وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو پلانێکى فراوان و تۆکمەو داڕێژراومان پێشکەش بە ئەنجومەنى وەزیران کرد، کە بریتین لە سێکتەرى ئاو و کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى وپەرەپێدانى بەنداوەکان، تا بەپێى ساڵەکان لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە کارى لەسەر بکرێت، بەڵام لە ئێستادا بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆنا و قەدەغەى هاتوچۆوە کارەکان سستیان تێکەوت. هەروەها کارەکانى ئێمە هەر بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەش کۆمەڵێک هەنگاومان ناوە و ژمارەیەک یاساشمان پێشکەش بە سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران، کە هەموو یاساى بنەڕەتین بۆ رێکخستنەوەى بازاڕ و چارەسەرکردنى کێشەى زەوى و دابینکردنى زەوى بۆ پرۆژە کشتوکاڵیەکان و سەرپەرشتیکردنى پرۆژە کشتوکاڵیەکان.

سەبارەت بە وەبەرهێنان گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ دەڵێت، ژمارەیەک پرۆژەى زۆرمان پێشکەشى دەستەى وەبەرهێنان و وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى کرد، کە بریتین لە چەندین پرۆژەى گرنگ، دەکرێ بکرێنە ژێرخانێکى گرنگ بۆ کەرتى کشتوکاڵ، وەکو گرنگیدان بە گەنجینەى ساردکەرەوە و دروستکردنى سایلۆ و کارگەى بە پیشەسازیکردنى بەرهەمە کشتوکاڵیەکان و رێکخستنەوەى عەلوەکان، ئەوانە هەمووى ژێرخانى گرنگن بۆ کەرتى کشتوکاڵ و کاریشى لەسەر کراوە، یەکێک لەو پرۆژە گرنگانەى کەلەو ماوەیە کارمان لەسەر کردووە بۆ یەکەمینجارە و بریتییە لە کڕینەوەى گەنم لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە و پرۆژەکەمان پێشکەش کرد، بەڵام بە هۆى ڤایرۆسى کۆڕۆناو راگرتنى دەوام پرۆژەکە دواکەوت.

ژمارەیەک کۆمپانیاى ناوخۆش ئامادەیى خۆیان دەربڕیوە تا 500 هەزار تەن گەنم بکڕنەوە لەناوخۆ، لەو بڕەى دەمێنتەوە کە حکومەتى عێراق وەرى دەگرێت، ئەگەر ئەو پرۆژەیە بچێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە ئەوا دەبێتە هەنگاوێگى گرنگ لەبوارى بەبازاڕکردنى گەنم و بەپیشەسازکردنى گەنم و گرنگى تەواوى بۆ بەرهەمەکانى دیکە و دەرفەتى وەبەرهێنان زیاتر لەو بوارانە دروستدەکات. گوتیشی ”ئێمە بەسەر لیستى باجدا چووینەتەوە، سەقفى باجەکانمان بەرزکردەوە تا بتوانین گرنگى بە بەرهەمى ناوخۆ بدەین و بەرهەمى هاوردە نەتوانێ رکابەرى بەرهەمى ناوخۆ بکات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com