پەرلەمانتارێک: دژایەتیكردنی هەرێم لەژێر پەردەی بەرگریكردن لە داواكاریی خەڵك

0

ئەسعەد مورادی

ئەندامێكی پێشووی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەوەڵامی چەند پەرلەمانتارێک رایدەگەیەنێت، واز لە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان لەژێر پەردەی بەرگریكردن لە داواكاریی خەڵك بهێنن

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەریەك لە سۆران عومەر، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان، سەركەوت شەمسەدین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و چەند كەسێكی دیكە داوایان كرد لەمەودوا كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان بكرێت.

لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئه‌شواق جاف، ئه‌ندامى خولى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق، له‌ فراكسیۆنى پارتى، لەبارەی داواکاری هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: عێراقی نوێ لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی ٢٠٠٥ دامەزراوە، كە دەوڵەتێكی فیدراڵییە و لە دەستووردا هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی لە عێراق دانی پێدانراوە، كە بەرهەمی خوێنى شه‌هیدان بووە، ”ئێستا بە لێدوانێك هەڵناوەشێتەوە، ئەوان خۆیان بانگەشەی سەروەریی یاسا دەكەن، كەچی ئەوەی داوای دەكەن لە هیچ یاسا و ماددەیەكی دەستووردا نییە“.

ئەو ئەندامەی پێشووی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، كەسانێك بە بەرنامە كار بۆ نەهێشتنی متمانە لە نێوان خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام ئەمەیان بۆ ناچێتە سەر، تەنیا هاتوهاوارێكە و لە فەیسبووك دەیكەن.

ئەشواق جاف داوای لەو پەرلەمانتارە كوردانە و هاوشێوەكانیان كرد، واز لە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان لەژێر پەردەی بەرگریكردن لە داواكاریی خەڵك بهێنن و چیتر خزمەت بە داگیركەران و نەیارانی هەرێمی كوردستان نەكەن، چونكە لەم كارە تەنها سەرشۆڕی و شەرمەزارییان بۆ دەمێنێتەوە، هەروەك ئەو كەسانەی پێشتر ئەم كارەیان كرد و شەرمەزارییان بۆ ماوەیەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com