ستراتیژی نوێی ئێران لە ناوچەکە چیە؟

0

نوچە

لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە لایەن ئەمریکاوە، تاران بەرەبەرە بەرەو ستراتیژیەکی ئامانجدار لە ناوچەکە هەنگاو دەنێت و لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە تاکتیکی هاوبەشی  لە وڵاتانی لوبنان، سوریا و عێراق هەبووە. ستراتیژییەک، کە دەکرێ دەرهاویشتەکەی ببێتە کەم بوونەوەی گوشارەکانی سەر ئێران بە تایبەت لە سەردەمێک بە سەردەمی قەیرانی کۆرۆنا دەناسرێتەوە و ئێران زیاتر لە ژێر گوشاری ناوخۆیی و دەرەکی دایە.

واشنتۆن و تاران بە بێ هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی، لەم مانگانەی دوایی هەوڵی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان داوە. تاران لە ئێستادا لە هەر یەک لە وڵاتانی لوبنان، سوریا و عێراق، تەنگەتاوە و ڕۆژە دژوارەکانی خۆی دەژمێرێت.

لە لوبنان، حزبوڵڵای لوبنان خەریکی خۆرێکخستنەوەی سیاسی خۆیەتی لە ناوخۆ. حەسەن دیاب، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، لەگەڵ قەیرانێکی گەورەی ئابوری بەرەوڕوویە و پلانێکی ٥ ساڵەی خستۆتەڕوو، کە بۆ سەرخستنی پێویستی بە هاوکاری و یارمەتی سندوقی نێودەوڵەتی دراو هەیە. ئەگەر چی جێگری حزبوڵڵای لوبنان گوتبووی ئەوان هیچ کات لەبەرانبەر ئەمپریالیزمی ڕۆژئاوایی خۆیان بە دەستەوە نادەن،بەڵام دواترگفتوگۆکان لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتی دراو لە ریکەوتی ١٣-ی مەی دەستی پێکرد. ئەم سازان و خۆبەدەستەوەدانەی حزبوڵڵای لوبنان تەنها گرێدراوی دۆخی ناوخۆیی ئەم وڵاتە نییە، بەڵکوو پەیوەستە بەو ستراتیژییە نوێیەی، کە ئێران گرتوویەتیەبەر. ئەمەش بە واتای کاڵبوونەوەی کاریگەری ئێران دێ لە لوبنان.

سازان و لێبڕاو نەبوونی ئێران لە عێراق، مژارێکی دیکەی جێی سەرنجی چاودێرانی سیاسییە. لە دوای کوژرانی فەرماندەی سوپای قودس، سەردار ئیسمائیل قائانی، وەک جێگرەوەی دیاری کراوە، کە بە بەراورد لەگەڵ قاسم سولەیمانی، پێگەیەکی ئەوتۆی لە عێراق و لای ئیلیتی سیاسی ئەم وڵاتە نییە. سەردانەکەی ئەم دواییانەی فەرماندەی سوپای قودس بۆ عێراق، دەستکەوتێکی ئەوتۆی بۆ تاران بە دواوە نەبوو، هەر چەند لە رووی سەربازییەوە جێی سەرنج بوو. هێرشە موشەکیە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندی و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق سەلمێنەری ئەم ڕاستیەیە. تا ئەو جێگایە، کە دیپلۆماتکارێکی ئەمریکا گوتوویەتی: کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق گرێدراوە بەو ڕادەیە لە مەترسی و تیچووی سەربازی، کە سەرۆکی ئەمریکا لای پەسەندە. کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، کە فەرماندەکەیان لەگەڵ قاسم سولەیمانی کوژرا، دەستێکی باڵای هەیە بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکا.

لە بارەی سیاسیدا، دوای ٥ مانگ لە بۆشایی سیاسی و هێز لە عێراق، فاکتەری بڵاوبووونەوەی پەتای کۆرۆنا یارمەتیدەر بوو لە پێکهێنانی کابینەی نوێ بە سەرپەرەستی مستەفا کازمی، بەڵام ئەمە بەو مانا نییە، کە کازمی گرفت و کێشەکانی بەردەمی کەمتر بووبێتەوە. لەمیانی ئەزمەی ئابوری عێراق، کە دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، خۆپیشاندەرانی عێراقیش جاڕیکی دیکە هاتنەوە سەر شەقام و داوای چاکسازی دەکەن. هاوکات لەگەڵ ئەم هاوکێشەیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت دەکاتەوە، کە وڵاتەکەی نابێتە مەیدانی پاکانە حیسابی وڵاتان و شەڕی بەوەکالەتی ئەوان، لەگەڵ ئەمەشدا هۆشداری دەدات، کە ڕێگە نادەن عێراق ببێتە سەکۆیەک بۆ هێرشکردنی وڵاتان بۆ سەر یەکتر.

لەگەڵ ئەمەشدا هاوپەیمانیەتییەکانی سەربە ئێران، تاکوو ئێستا نەیانتوانیوە کارتێکی بەهێز بۆ دەرکردنی هێزە بیانیەکان و یەک لەوان ئەمریکا دروست بکەن و لەم بارەوە نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتن. دەبێ چاوەڕوان بین، کە ئایا کازمی دەتوانێ هاوپەیمانی شیعە لەم داوایە پاشکگەز بکاتەوە یان نا. لە ئێستادا بڕیارەکانی کابینەی نوێ  دەریدەخات، کە تاران و واشنتۆن ئامادەی رێککەوتنن لە عێراق.

لە سوریا، قەیرانی توندی ئابوری و بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا، ڕکابەرایەتی نێوان ئێران و ڕوسیای توندتر کردۆتەوە. ئەمەش هەلێکی گونجاوی بۆ ئیسرائیل ڕەخساندووە، کە لە هێرشەکانی بۆ سەر بەرژەوەندی و بارەگا سەربازییەکانی ئێران لە سوریا بەرەدوام بێت و بە دەستکراوەیی و بێ باکانە هەر کات بیهەوێت گورزێکی سەربازی لە ئێران بوەشێنێت.

دەزگای دیپلۆماسی ئیسرائیل، پێداگری لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئێران لە سوریا دەکاتەوە، ئەگەر چی چاوەڕوانییەکی دووردەستە، کە ئێران بیهەوێ واز لە گۆڕەپانی سیاسی سوریا بهێنێ، بەڵام نیشانەکانی پێداچوونەوەی ئێران لە بابەتی وەبەرهێنانی سەربازی لە سوریا بەرچاو دەکەوێت.

تێکهەڵکێشێک لەم هۆکارانەی سەرەوە وای کردووە، کە ئێران بکەوێتە حاڵەتی بەرگرییەوە. قەیرانی ئابوری لە وڵاتانی سوریا، لوبنان و عێراق، گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا، کاریگەریەکانی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان. ئێران ئەگەر چی بەرەدوام بیر لە پەرەپێدان بە توانا و هێزەی خۆی لەم وڵاتانە دەکاتەوە، بەڵام نە دەتوانێ ڕێگە لە داڕمانی ئابوری ئەم وڵاتانە بگرێت و نە دەشتوانێ بە شێوەی ڕابردوودا پێداویستییەکانی هاوپەیمانانی خۆی لەم وڵاتانە دابین بکات. ئەم لاوازییەی ئێران لە پێکهێنانی کابینەکانی حکومت لە لوبنان و عێراق بە ڕوونی  دیارە. وەک ئەم رۆژانە بەرپرسانی ئێرانی بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن، کە پاشەکشەکردنیان لە ناوچەکە بە مانای لاوازی نییە.

پرسیارەکە لێرەدایە، کە بەم هەلومەرجەوە، کە بە گشتی باس کرا، ئایا ئێران، عێراق و سوریا و لوبنان ڕاست دەکاتەوە یان تەنها دۆخێکی کاتییە و ستراتیژییە نوێکەی ئێران جێی بایەخ نییە؟

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com