کردنەوەى سنوری تورکیا دەرفەتێکی باشە بۆ کۆچکردنی گەنجانی هەرێم؟

0

سۆران رەشید 

دوای ئەوەى پێنجشەممەى ڕابردوو حکومەتی تورکیا سنورە ئاوی و وشکانییەکانی کردەوە بۆ کۆچبەران تاوەکو بەرەو ئەروپا کۆچ بکەن، بارودۆخی سنورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ یۆنان چووە دۆخێکی نالەبار و گرژییەکی زۆرەوە، بەڵام پرسیاری سەرەکی بۆ گەنجان و خەڵکی هەرێم ئەوەیە، کە ئایا ئێستا کاتی کۆچکردنە؟

وەڵامی پرسیارە “نەخێرە” بەڵام لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم بە شیکردنەوەى و بەڵگە و هۆکاری ورد و باوەڕپێکراو بە خەڵک و گەنجانی ئەم هەرێمە، بڵێم بۆچی ناکرێت لەئێستادا کۆچ بکەن.

سەرەتا پێویستە ئەو کەسانەى بیر لە کۆچی نائاسایی دەکەنەوە لەوە تێبگەن، کە بڕیاری تورکیا بۆ کردنەوەى سنورەکانی بڕیارێکی سیاسییە و کارتێکی فشارە بۆسەر وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، تاوەکو هاوکاری بکەن لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئیدلیب لە سوریا، بۆیە لە هەر کات و ساتێکدا دەشێ تورکیا بڕیارەکەى ڕابگرێت و جارێکی تر سنورەکانی دابخاتەوە و کۆچبەرێکی زۆر لەنیوەى ڕێگادا گیر بخۆن.

هەرچەندە حکومەتی تورکیا بۆ بەدیهێنانی مەرامەکان بەزۆر پاڵ بە کۆچبەرانەوە دەنێت، تاوەکو کۆچ بکەن و پاس و ئۆتۆمبێلیان بۆ دەگرێت تا بیانگوازنەوە، ئەوەتا بەپێی ئاماری فەرمی حکومەتى تورکیا، تاوەکو ئێوارەى رۆژی سێشەممە (٣-٣-٢٠٢٠)، زیاتر لە ١٣٤ هەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە سنورەکانی تورکیا لەگەڵ یۆنان، ئەم ئامارە دەکرێت زیادەڕەوی تێدا کرابێت بۆ ڕاکێشانی زیاتری ڕای جیهان.

بەڵام ئەوەى دۆخەکەى زیاتر ئاڵۆز کردووە، وەڵامی و پەرچەکرداری حکومەتى یۆنانە لە بەرانبەر قەیرانەکە، یۆنان بە پشتگیری وڵاتانی تری ئەوروپا و ئەمریکا، بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادات کۆچبەر بە سنورەکانیدا تێپەڕ ببێت.

حکومەتى یۆنان، بەپەلە بەشێکی زۆر لە هێزە دەریایی و وشکانییەکی ناردووەتە ئەو سنورانە و بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە کۆچبەران دەکەن دەربازی سنورەکانی ببن، تا نوسینی ئەم بابەتەش کۆچبەران بە بەرد و خۆپیشاندان هەوڵ دەدەن سنورەکان تێبپەڕێنن، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی یۆنان بە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلە ڕێگری دەکەن، بەپێی ئاماری فەرمی، تاوەکو ئێوارەى رۆژی دووشەممە ٢-ی مانگ، ڕێگری لە ٢٤ هەزار کۆچبەر کراوە و ڕێگە نەدراوە هیچ کامیان دەربازی سنورەکانی یۆنان بن و چەندین کۆچبەر بریندار بوون.

دۆخەکە لە ڕێگا دەریاییەکانەوە ئاڵۆزترە، زۆرێک لە کۆچبەران هەوڵ دەدەن بە بەلەمی بچوکی نەشیاو خۆیان بدەنە دەستی ئەو دەریا مەزنە، بەداخەوە ڕۆژی دووشەممە منداڵێک بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمەکەیان لە نزیکی دورگەی لیسبۆسی یۆنانی کە ٤٢ کۆچبەری تێدا بووە گیانی لەدەستدا، دوو منداڵی تریش بە بێهۆشی گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.

بەداخەوە ئەمڕۆ چوارشەممە و بەپێی هەواڵی میدیا تورکییەکان، کۆچبەرێکی تر لە سنورەکاندا و بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنورییەکانی یۆنان کوژراوە، پێنجی تریش بریندار بوون.

زیاتر لەوەش، ئەوەتا چەندین گرتە ڤیدیۆیی لە میدیا جیهانییەکان بڵاوکراونەتەوە کە چۆن هێزە دەریاییەکانی یۆنان بە ئەنقەست دەیانەوێت بەلەمەکانی کۆچبەران وەرگەڕێنن و نوقمی بکەن بۆئەوەى نەهێڵن بگەنە سنورە وشکانییەکانی یۆنان، لە دیمەنێکدا (لێرەوە تەماشای بکە) دەردەکەوێت کە سەربازانی یۆنان بەسەر کەشتییەکەوە هەوڵ دەدەن بە سەوڵ و گولـلە بەلەمێکی کۆچبەران وەرگەڕێنن.

لە گرتە ڤیدیۆییەکی تردا دەردەکەوێت کە کەشتییە سەربازییەکان بە خیراییەکی زۆر بەلای بەلەمی کۆچبەراندا تێپەڕ دەبن بۆئەوەى شەپۆلێکی گەورە دروستبکەن تاوەکو بەلەمەکان وەرگەڕێن (لێرە تەماشای بکە).

کەواتە زۆر گرنگە گەنجانی هەرێمی کوردستان بزانن، کە کردنەوەى سنور لەلایەن تورکیاوە مانای ڕێگەدان بە کۆچکردن نایەت، لەم ڕووەوە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا پشتگیری یۆنان دەکەن، ئەوە رۆژی سێشەممە سەرۆکى کۆمسیۆنی ئەوروپا خۆی گەیاندە یۆنان و پشتگیری یەکێتییەکەی بۆ هەوڵەکانی یۆنان بۆ ڕێگری لە کۆچبەران دەربڕی.

ئورسولا ڤۆن دەر لەین، سەرۆکى کۆمسیۆنی ئەوروپا وتی، “کاری هەر لە پێشینەمان گەرەنتیکردنی ئاسایشی سنورەکانی یۆنانە، کە سنوری یەکێتی ئەوروپاشە”.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندی بە کیریاکوس میتسوتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنانەوە کرد و پشتگیری خۆی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى شەپۆلەکە دەربڕی.

با بێینە سەر دۆخی کەمپەکانی یۆنان، لەئێستادا زیاتر لە ٤٢ هەزار کۆچبەر لە کەمپەکانی یۆناندا لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین، بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو کەمپانە، کە لە پێنج دورگەی ئەو وڵاتە دروستکراون تەنها توانای لەخۆگرتنی شەش هەزار و ٢٠٠ کۆچبەری هەیە و بە بەردەوامی کۆچبەران خۆپیشاندان دەکەن لەدژی خراپی بارودۆخ و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

لە بەرانبەردا، هاوڵاتیانی ڕەسەنی یۆنانی چەندینجار خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە لەدژی کۆچبەران و زۆری کۆچبەر لە وڵاتاکانیان، زۆرجاریش کۆچبەران و خەڵکی ناوچەکە بە شەڕ هاتوون.

حکومەتی یۆنان بە هەموو شێوەیەک یاساکانی توندتر کردووەتەوە، لەدوای کردنەوەى سنور لەلایەن تورکیاوە، یۆنان دەستبەجێ وەرگرتنی داواکاری مافی پەنابەری بۆ ماوەى یەک مانگ وەستاند، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵدا و بۆ ڕێگری تەواوەتی لە کۆچبەران، وەزارەتێکی سەربەخۆی بە کۆچ دامەزراند کە پێشتر ئەو وەزارەتە لە یۆنان نەبووە.

لەئێستادا کۆرۆنا لە زیاتر لە ٧٠ وڵاتی جیهان بڵاوبووەتەوە و ڕوبەڕوبوونەوەشی بووەتە کاری لەپێشینەى زۆربەی وڵاتان، گرنگترین خۆپاراستنیش قەدەغەکردنی کۆبوونەوە و گردبوونەوەى بەکۆمەڵی خەڵکییە، بۆیە بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لەوناو ئەو ژمارە زۆربەى کۆچبەراندا کە لە چەند وڵاتێکەوە هاتوون زۆر ئەستەم نییە، خوانەخواستە ئەگەر بێتوو نەخۆشییەکە بڵاوبێتەوە، بەهۆی نەبوونی تیمی پزیشکی لەسەر سنور و فەرامۆشکردنی کۆچبەران لەلایەن هەردوو وڵاتەوە، کارەساتێکی مرۆیی ڕوودەدات.

جیا لەوەش، کەشوهەوا بە هیچ شێوەیەک لە سودی کۆچبەران نییە، لەم کاتەدا کە وەرزی سەرما و باران بارینە، کۆچبەران لە کەشوهەوایەکی نالەباردا دەژین و ئاستی ئاو و شەپۆلی دەریا زۆر بەرزە کە ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانی کۆچبەران دروست دەکات.

بۆیە لەم کاتەدا زۆر گرنگە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاگاداری تەواوی وردەکاریی دۆخەکە بێت و بە زانیاری ساختەى پەیج و ماڵپەڕە نافەرمییەکان تێنەکەوێت و ملی ڕێگایەک بگرێت کە خوانەخواستە توشی کارەساتێکی دڵتەزێن بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com