ئالان عومەر لەچەند شارێکی نەرویج نەورۆز پیرۆز دەکات
هونەرمەند ئالان عومەر رایگەیاند، لەرۆژانی 3/27_26_25 لە وڵاتی نەرویج چەند ئاهەنگێک بەبۆنەی سەری ساڵی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە ساز دەکات، پیرۆزبای لەسەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات و ئاشکرای کرد، سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ بەرهەمێکی نیشتیمانی.
لەبارەی دواین کارو چالاکی هونەری خۆی، هونەرمەند ئالان عومەر رایگەیاند، لە وڵاتی نەرویج و لە هەریەک لە شارەکانی Oslo , Bergen, Trondheim چەند ئاهەنگێک ساز دەکات و وتی” رۆژانی 2011/3/27_26_25 بەهاوکاری کۆمەڵەی کلتوری کوردستان چەند ئاهەنگێک سازدەکەین وبەهیوام بتوانین چەند بەرهەمێکی جوان و شایەن بەجەژنی سەری ساڵی کوردی پێشەکەش بکەین”.
ئالان وتیشی” نەورۆز رۆژێکی پیرۆزەو زۆر تایبەتمەندی لای من هەیە، چونکە داگیرکەرانی وڵاتەکەم، توانیان لەنێوان هەر پرسێکی کورد ناکۆکی دروست بکەن و کێشەو ڕاڕایی بخولقێنن، بەڵام نەیانتوانی ئەم یادە لەدڵی خەڵکی کورددا کاڵ بکەنەوە، هەرچەند ئەوان سانسۆریان لەسەر یادی نەورۆزی کورد دروستکردبێ، ئەو جەژنە لەدڵی هەرتاکێکی کورددا پرشنگدار تربووە، بەهیوام ئێمەش بتوانین لەو ئاهەنگانەدا بەشێوەیەک بەرهەمەکانمان پێشەکەشی ئامادەبوان بکەین، کە لەئاستی جوانی پیرۆزی جەژنی نەورۆزی کورددا بێت. بەدەرفەتی دەزانم لێرەوە جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی کوردی، لەهەرتاکێکی کورد پیرۆز بکەم لەهەرکوێیەکی ئەم دنیایەدا بن، هیوا خوازم ساڵی نوێی کوردی ساڵی پڕ سەرکەوتنی خەباتی کورستان و ساڵی ئاشتی و تەبایی بێت”.
ئالان عومەر کەئێستا خۆی بۆ ئاهەنگەکانی نەورۆز لەوڵاتی نەرویج ئامادە دەکات، چەند رۆژێک لەمەوبەر بەشێوەی دوێت لەگەڵ سریل، بەرهەمێکی پێشەکەشی خەڵکی کوردستان ولایەنە سیاسیەکان کرد و داوای ئاشتی لێکردن، ئەوەشی راگەیاند خەریکی بەرهەمێکی تری نیشتیمانیە و هیواخوازە لەداهاتوویەکی نزیکدا پێشەکەشی کوردستانی بکات.