شەرقولئەوسەتى لەندەنى: نێچیرڤان بارزانی داهاتووی كوردستانە

0

“(نێچیرڤان بارزانی)، ئاسۆی داهاتووی كوردستان”

نوچەنێت . سایتی هه‌ولێر

رۆژنامەیەكی لەندەنى پاشكۆیەكی تایبەتی لەبارەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى حكوومەتى هەرێمی كوردستان تەرخان كردووە و بەئاسۆی داهاتووى كوردستانى ناو بردووە و ئاماژە دەكا كە ئەو كەسایەتییەكی بەهێزی هەیە و كلیلی دواڕۆژى گەشی كوردستانە.
رۆژنامەى “شەرقولئەوسەت”ى لەندەنى لە ژمارەى ئەمڕۆیدا لە بەشی “حەساد ئەلئسبووع” نووسیویەتی كە لاپەڕەیەكی رۆژنامەكەى بۆ تەرخان كردووە، نێچیرڤان بارزانى سیماى دواڕۆژى كوردستانە، سەرۆكى حكوومەتى هەرێمی كوردستان، سەرەتا وەك جەنگاوەرێك لە هێزەكانى پێشمەرگە كارى كردووە، پاشان لە تەمەنى 16 ساڵی كەوتووەتە ناو سیاسەت و ئەو ئێستە رووبەڕووی هەڤڕكییەكانى چاكسازی دەبێتەوە.
رۆژنامەكە لەسەر زارى هاووڵاتییەكی كورد كە شوفێری ئۆتۆمۆبێلێكی تاكسییە دەست پێ دەكا لەبارەى پێشبینیی بۆ هەرێمی كوردستان لەپاش دەستبەكاربوونى نێچیرڤان بارزانى لە پۆستی سەرۆكى حكوومەت دەڵێ “پێوەندیم بەسیاسەتەوە نییە، بەڵام من كاك نێچیرڤان دەناسم، دۆخێكی ئابووریی باش دێنێتە كایەوە، ئەو كەسایەتییەكی بەهێزە و لەلایەن حزبەكەی خۆی و بنەماڵەى بارزانییەوە پشتیوانیى لێ دەكرێ و خەڵك خۆشیان دەوێ و پێوەندیی بەهێزی لەگەڵ ئەمەریكا و توركیادا هەیە.
نووسەر دەڵێ، ئەو كەسەی كە لە شەڕی رزگاریخوازى كوردا وەك جەنگاوەرێك لە نێو ریزەكانى هێزی پێشمەرگە ناسرا، ئێستە بووەتە هیواى هەموو گەنجانی هەرێم و نەوەى تازە بۆ ئەوەى راپەڕینێك لە شۆڕشی ئابووریدا دروست بكا و هەلی كار بۆ گەنجان دابین بكا، پاش ئەوەى لاپەڕەكانى شەڕ كۆتاییان هات.
پتر دەڵێ، لەسەرجەم شارەكانى هەرێم و هەولێر بەتایبەت زۆرینەى پڕۆژەكان و دەسكەوتەكان بەناوى ئەو سەرۆك حكوومەتە لاوە لكێنراون، دیارترینیان پڕۆژەكانى نیشتەجێبوون و باڵەفڕگەى ناودەوڵەتیی هەولێر و مۆڵە گەورەكان.
نێچیرڤان بارزانى بوونى لە ریزی بەرپرسیارەتیی حكوومەتی هەرێم و پارتى دیموكراتى كوردستان بەرێكەوت نەبووە، ئەو لەو كاتەى كە لەدایك بووە كەوچكی زێری لەدەمدا نەبووە و لە ژیانێكی پڕ بژێودا پێ نەگەیشتووە، بگرە بەپێچەوانەوە ئەویش شانبەشانى ماڵباتى بارزانییەكان هەزاران كەسی لە نێزیك و خزمانى كردووەتە قوربانى كاروانى خەباتی شۆڕشی كوردایەتی بەتایبەت لە سەردەمی رێژیمی پێشوودا.
نێچیرڤان بارزانى بۆ “شەرقولئەوسەت” دەڵێ، من كارى سیاسیم لە ریزەكانى یەكەتیی قوتابییانى كوردستان لە دەرەوەى عێراق دەست پێ كرد و ئەو كات تەمەنم لە 16 ساڵ كەمتر بوو، لە ساڵی 1991ییەوە دەستم كرد بەخەباتى سیاسی لە هەرێمی كوردستان، واتە پاش راپەڕینەكەى بەهارى 1991.
ئەو شانازى بەوە دەكا كە كوڕ و نەوەى سەركردە گەورەكانى شۆڕشی كوردستانە و دەڵێ “من شانازی بەو قەدەرە دەكەم تا لە شۆڕشی گەلەكەمدا بەشدار بم” ئەو كوڕی دیارترین سەركردەى كوردە “ئیدریس بارزانى”یە كە لە ساڵی 1987دا كۆچی دواییی كرد ئەو كات ئەندامى مەكتەبی سیاسیی پارتى بوو و رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە شۆڕشی رزگاریخوازى كوردستان، هەروەها نەوەى سەركردەى مێژووییی شۆڕشی كوردە مەلا مستەفا بارزانى دامەزرێنەرى پارتى دیموكراتى كوردستان، كە یەكەم حزبی سیاسییە چەكی لە دژی حكوومەتەكانى عێراقی هەڵگرتووە بۆ بەرگریكردن لە مافی كورد، هەروەها برازاى مەسعوود بارزانییە یەكەم سەرۆكى هەرێم كە توانیویەتی نیوچە سەربەخۆیییەك بۆ گەلەكەی دابین بكا لە رێگەى پێكهێنانى هەرێمی كوردستان.
نێچیرڤان لە ساڵی 1966 لە گوندى بارزان نێزیكی هەولێر لە قۆناغێكی زۆر قورسی شۆڕشی كورد لە دایك بووە، ئەو كات پێشمەرگە بەچەكی زۆر سادە دژی سووپاى عێراقی پڕ چەك و خاوەن باڵەفڕی شەڕوانی بەرگرییان لە گوند و پێگەكانى خۆیان دەكرد، پاش لەدایكبوونى بە2 ساڵ حزبی بەعس كە بەدڕندەیی بەرامبەر كورد ناسراوە دەسەڵاتى وڵاتى گرتە دەست.
نێچیرڤان لاو بوو كاتێك پێوەندیی بەریزەكانى شۆڕشی كورد كرد لە چیاكانى كوردستان شانبەشانى باوك و مامی، ئەوە زۆر چالاك بوو لە ریزەكانى رزگاریخوزاى كورد و بەهۆى لێهاتوویی پلەكانى بڕی و هاتە پێگەى پێشەوەى حزب، بۆیە ئەو سەقامگیری بۆ ماوەیەكی درێژ لە یەك ماڵدا نەبینیوە، لە تەمەنى 21 ساڵیدا باوكى كۆچی دوایی دەكا و ناچار دەبێ لەگەڵ ماڵباتەكەى و شانبەشانى هەزاران كورد لە ساڵی 1975 روو لە ئێران بكەن.
ئەو هەر لە سەرەتاى تەمەنییەوە سەرنجی دا كە باشترین شت یارمەتیى گەلەكەی بدا و پشتیوانى لە شۆڕشەكەی بكا سیاسەت و ئابوورییە بەشێوازێكی ئەكادیمی، بۆیە دەستی كرد بەخوێندنی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆى تاران، ئەو ئەزموونى جەنگاوەریی خۆى و میراتى شارەزایی باوك و مامی ئاوێتە كرد لەگەڵ وانە ئەكادیمییەكانى لە كاتى خوێندنی زانكۆی و خوێندنەوەى مێژووی سەردەم و دۆخى عێراق.
ئەو هەردەم دووپاتى دەكاتەوە و دەڵێ “من كوردێكی عێراقیم و رەگوڕیشەم بۆ 5 هەزار ساڵ لەسەر ئەم زەوییە دەگەڕێتەوە” پتر گوتى “بەدڵنیایییەوە ئێمە عێراقین و ئەوە وڵاتی ئێمەیە و ئەمەش خاكی خۆمانە و هەزاران ساڵە لەسەری دەژین”.
بارزانى لە ساڵی 1989 لە كۆنگرەی 10 ی حزب بۆ ئەندامیەتیی مەكتەبی سیاسیی پارتى كاندید كرا و توانی دەنگى پێویست بەدەست بێنێ و ببێتە ئەندامى مەكتەبی سیاسی، پاشان لە كۆنگرەكانى 1993 و 1999 متمانەى وەرگرتەوە.
پاشان نووسەری رۆژنامەكە باسی قۆناغی چوونە ناو حكوومەت دەكا لە ساڵی 1996 وەك جێگری سەرۆكى حكوومەتی هەرێم، دواتر باسی یەكەم كابینەى یەكگرتوو دەكا لە ساڵی 1996 و لەوبارەیەوە نێچیرڤان بارزانى دەڵێ “ئەمە سەختترین قۆناغ بوو، چونكە بێ متمانەیەكی زۆر هەبوو لە نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانـ منیش بەشانازییەوە رۆڵی دروستكردنەوەى ئەو متمانەیەم گرتە ئەستۆ، بەراشكاوى دەڵێم ئەگەر بەپشتیوانى مام جەلال “جەلال تاڵەبانى سەركۆمارى عێراق” نەبوایە سەركەوتوو نەدەبووم، بۆ مێژوو دەڵێم لەو كابینەیەدا وەك یەك تیم كارمان دەكرد و لە كۆبوونەوەكانى ئەنجوومەنى وەزیراندا هەستم نەدەكرد كامە وەزیر هى “پارتیی، یەكێتی، یەكگرتووى ئیسلامى، شیوعی و كۆمەڵی ئیسلامییە” بگرە هەستم دەكرد هەموومان بەیەك تیم كارمان دەكرد لە پێناو بەرژەوەندیی هەرێم.
رۆژنامەكە نووسیویەتی، هەرێمی كوردستان لەو كاتەدا بوونى وەك قەوارەیەكی سیاسیی كاریگەر گەڵاڵە كرابوو نەك هەر لەسەر ئاستی عێراق، بگرە لەسەر ئاستی دەوورووبەری عێراق و لەسەر ئاستی ناودەوڵەتی، ئەمەش وای كرد كە بەرپرسیارەتیی سەرۆكى حكوومەتى هەرێم تەنیا برێتی نەبێ لە مامەڵەكردن لەگەڵ حزبەكانى تر و حكوومەتى بەغدا، بگرە پێویست بوو مامەڵە لەگەڵ تاران و ئەنقەرە و وڵاتانى كەنداو و ئوردن و سووریا تا دەگاتە ئەوروپا و ئەمەریكا بكا.
بەر لەوەش نێچیرڤان بارزانى هەستی كرد كە پێشینەى كارەكانى برێتی دەبێ لە سەرخستنی بەرنامەى ئابوورییی بنیاتنەر لەسەر وەبەرهێنان، چونكە رزگاربوونى كورد تەنیا بەشەڕ نابێ، بگرە بەئابوورییەكی بەهێز دەبێ كە پشت بەسامانە سروشتییەكان ببەستێ لە پێشی هەمووشیان نەوت، بەرنامەیەك كە ئامانجى گەشەكردنى شارەكانى هەرێم و خۆشگوزەرانى گەلی كورد بێ، كە ماوەى چەند سەدەیە رووبەڕووی مەینەتی و ستەم و پشتگوێخستن بووە.
بۆیە ئەو كارە بەچەند هەنگاوێكی پلان داڕێژراو دەستی پێ كرا، لەوانە چەسپاندنى رێژەی 17% لە بودجەى عێراق بۆ هەرێم و پەسندكردنى یاساى وەبەرهێنان كە هانى وەبەرهێنەرانى بیانی و ناوەخۆیی و عەرەبی بدا لە هەموو دنیا بۆ ئەوەى وەبەرهێنان لە هەرێم بكەن، ئەمەش بەخێرایی دەستی پێ كرد و تەلاری بەرزی شارەكانى هەرێم شایەتیی ئەو هەنگاوە خێرایە دەدەن، بەتایبەت لە هەولێری پایەتەخت، وەك چۆن دار لە زەوییەكی بەپیتدا گەشەی خێرا دەكا.
ئەو وەسفەى “عومەر”ی شوفێری تاكسی كردی لەبارەى سەرۆكى حكوومەتى هەرێم “گەنجێكی بەهێز و ژیرە و پێوەندیی لەگەڵ رۆئاوا و توركیا بەهێزە” نێزكترین وەسفە لەبارەى ئەو، نێچیرڤان لەلایەن سەرۆكى هەرێم و حزبەوە پشتیوانیى لێ دەكرێ و ساڵی رابردوو بەزۆرینەى دەنگ بەجێگری سەرۆكى پارتى هاتە هەڵبژاردن.
رۆژنامەنووسەكە پرسیار دەكا و دەڵێ ئاخۆ پاسەوانە كۆنەكان پێی رازی دەبن، نێچیرڤان بارزانى لەو بارەیەوە دەڵێ “ئەوانەى كە بەناوى پاسەوانە كۆنەكان ناو دەبرێن پێشتر وەك ئێمە گەنج بوونە و لە رۆژانى زۆر سەختدا تێكۆشاون بۆ خزمەتكردنی گەلەكەمان، قوربانی و ماندووبوونیان كێشاوە و شەڕیان لە شاخەكان كردووە، ئێمە نەوەى تازە وەك مامۆستای گەورە سەیریان دەكەین و سوودى زۆر لە ئەزموون و شارەزایی و ژیرمەندی ئەوانەوە فێر دەبین”.
سەرۆكى هەرێمی كوردستان پشتیوانى لە كاندیدكردنى نێچیرڤان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حزب كرد و گوتى “بێ گومان بوونى نێچیرڤان لەو پێگەیە یارمەتیدەرى من دەبێ، من ناتوانم كاتەكانم بۆ بۆ هەردوو بەرپرسیاریەتی سەرۆكایەتیی هەرێم و حزب بەیەكەوە تەرخان بكەم، بۆیە نێچیرڤانی بەرپرسیاریەتی گەورەى دەبێ لە حزب، ئەو لێهاتووە لە حكوومەت یا لە حزب بەگشتی”.
“كاكە نێچیرڤان پیاوێكی بەهێزە و كلیلی دواڕۆژى كوردستانە” ئەم دەستەواژەیە زۆرینەى كورد دووبارەى دەكەنەوە، مەبەستیان لە بەهێز جێبەجێكردنى بەڵینەكان و بەكارهێنانى دەستەڕۆیی خۆى لە پێناو بنیاتنان و هاتنەكایەی بەرنامەیەكی ئابووری و تەندروستی و فێركردن، بەبێ ئەوەى رێگە بەهیچ دەستوەردانێكی حزبی و حكوومەتی بدا.
نێچیرڤان لەوبارەیەوە دەڵێ “ئەو پرسە بەردەوام دەورووژێنرێ، حزب دەست لەكارەكانى وەردەدا، لەو باوەڕەدام حزب لە قۆناغە سەختەكانى مێژوودا لە پێناو گەلی كوردا خەباتى كردووە، ئەوەى لە حكوومەتدا كار دەكەن ئەندامى ئەو دوو حزبەن، من لەگەڵ ئەو رایەدا نیم كە دەڵێ حزب بەربەست لە بەردەم كارى حكوومەتدا دروست دەكا، دەكرێ كاریگەری لەسەر شێوازى كاردا هەبێ، من سەرۆك وەزیرانم و بەرپرسیارەتیی باڵام هەیە لە پارتى دیموكراتى كوردستان، بۆیە دەكرێ بۆ كادیرانى خۆم رۆڵی حزب لە پرۆسەی سیاسی روون بكەمەوە”.
ئەوەى كەسایەتی و سیاسەتی نێچیرڤان بارزانى جیا دەكاتەوە، رۆڵی سەرنجڕاكێشی لەسەر ئاستی ناوەخۆیی و دەرەوەدا، هەروەها پێوەندیی قووڵی لەگەڵ وڵاتانى دراوسێی وەك توركیا و ئێراندا هەیە، پێوەندیی بەهێزی لەگەڵ وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكادا هەیە، ئەو سوودی لەو پێوەندییانە وەرگرتووە بۆ جێبەجێكردنى پڕۆژەكانى “گەشەیی، وەبەرهێنان، تەناهی و خزمەتگوزار.
پێوەندیی ئەو لەگەڵ توركیا كە گرینگترین هاوبەشی ئابوورییە لەگەڵ هەرێم هاندەر بووە كە حكوومەتى توركیا گرێبەستی راكێشانى لوولەی نەوت لە خاكى كوردستانەوە بۆ توركیا و لەوێشەوە بەهێڵی باكۆ لە ئۆكرانیا ببەستێتەوە بۆ هەناردەكردنى نەوت و غاز، ئیمزا بكا.
ئەوەى گرینگە كە دەبێ باس بكرێ، فایلی نەوتى هەرێمی كوردستان بەندە بەنێچیرڤان بارزانى، كە سوور بووە لەسەر راكێشانى گەورە كۆمپانیا بەناوبانگەكانى دنیا بۆ گەڕان و دەرهێنانى نەوت بۆ هەرێم لە پێش هەمووشیانەوە كۆمپانیاى ئەكسۆن مۆبیلی ئەمەریكایی.
ئەو گرینگی بەپێوەندیی دیپلۆماتیی رەسمیی نێوان هەرێم و وڵاتانى دنیا داوە لەرێگەى كردنەوەى كونسوڵگە و نووسینگەى بارزگانى و نوێنەرایەتی لە هەولێر لەو بارەیەوە بارزانى دەڵێ “شتێكی ئاساییە ئەو وڵاتانەى كە باڵوێزگەیان لە بەغدا هەیە، كونسوڵگە و نوێنەرایەتیی لە شارەكانى ترى عێراقدا بكەنەوە، هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لە ناوچەكانى عێراق، بەدڵنیاییەوە سەقامگیریی تەناهی لێرە هەلی ئابووریی دروست كردووە، سەرەڕِاى رۆڵی هەرێم لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بەگشتی، ئەمانە هۆیە سەرەكییەكانن كە هانى وڵاتانى عەرەبی و رۆئاواى دەدا بێنە هەولێر، كاریش بۆ هاندانى وڵاتانى تر دەكەین تا بێن نوێنەرایەتی و كونسوڵگە بكەنەوە”.
نێچیرڤان بارزانى رۆڵێكی سەرنجڕاكیشی هەبووە لە گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتى ناوەند بۆ چاسەرەكردنى كێشە هەڵپەسێردراوەكان، ئەمڕۆش رۆڵی هەیە بۆ چارەسەركردنى ئەو تەنگژە سیاسییەى كە ئێستە عێراق تێی كەوتووە، هەنگاوەكەى بۆ بانگهێشتنكردنى موقتەدا سەدر بۆ سەردانى هەرێم كە یەكەم سەردانى سەركردەى رەوتى سەدر بوو بۆ هەرێم رووداوێكی گرینگی سیاسی بوو كە تەواوكەری كۆبوونەوەكانى هەولێر بوو.
نێچیرڤان لەوبارەیەوە دەڵێ “سەرۆك بارزانى و ئێمە وەك 2 وڵات سەیری عێراق ناكەین، بگرە وەك یەك وڵات سەیری دەكەین و هەمووان بەشدارین لەو وڵاتە، هەموومان هاوبەشین لە عێراق كەسمان لە دەرەوە نین، بۆیە كارى رژد دەكەین بۆ سەقامگیریی دۆخى وڵات و دابینكردنى ژیانێكی خۆشگوزەران بۆ هەموو گەلی عێراق، سەرۆكى هەرێمیش بەخەم ئەو بابەتەوەیە و هەوڵەكانى ئەویش پێكهێنانى حكوومەتى عێراقی لێ كەوتەوە، ئێستەش دەیەوێ راو بۆچوونەكان نێزیك بكاتەوە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانى نێوان ئێرە و بەغدا چارەسەر بكا، ئەوانەى كە باسی كورد دەكەن وەك جووداخواز ئەوانە دەیانەوێ كارتى كورد بۆ پاڵەپەستۆى سیاسی بەكار بێنن”.
روونى كردەوە “ئَمە بەئاشكرا بڕیارمان داوە لە چوارچێوەى عێراقدا بمێنینەوە، سەربەخۆیی شتێك نییە لێ بترسین، ئێمە بڕیارمان داوە باپەند بین بەدەستوور و كارى پێ دەكەین، ئەگەر عێراق پابەندی دەستوور بوو ئەوە كورد لەگەڵ عێراقدا دەمێنێتەوە، ئەو دەستوورەش جیاكەرەوەى نێوانمانە، كورد وەك گەلێك مافی خۆیەتی داواى چارەى خۆنووسین بكا، ئێمە عەرەب و فرس و تورك نین، ئێمە كوردی عێراقین و بەپێی دەستوور بڕیارمان داوە لەو وڵاتەدا بژین”.
رۆژنامەكە دەڵێ، دوور لە بەرپرسیارەتیی نێچیرڤان بارزانى وەك سەركردەیەكی حزب و سەرۆكى حكوومەتى هەرێمی كوردستان، ئەو هاوسەریەتیی لەگەڵ كچە مامەكەیدا كردووە و 2 كوڕ و 3 كچی هەیە، لەبارەى بەسەربردنى كاتەكانى دەڵێ پاش سەرقاڵبوونم بەكارى حكوومەت و كۆبوونەوەى حزبی، كاتەكانى ترم بەخێزان و وەرزشكردن بەسەردەبم، بەتایبەت سوارچاكی و گەشت ئەگەر دەرفەتم هەبێ، زۆریش دەخوێنمەوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com