رێبوار رەشید: ئەو شێوەیە لە دامەزراندن کە لەکوردستان هەیە هی وڵاتانی ناپێشکەوتووە، شتی وا لەدونیای پێشکەوتوودا نەبووەو نابێت

0

رێبوار رەشید: ئەو شێوەیە لە دامەزراندن کە لەکوردستان هەیە هی وڵاتانی ناپێشکەوتووە، شتی وا لە دونیای پێشکەوتوودا نەبووە و ناشبێت

نەرویژ لە سەر دەریایەک لە نەوت راکشاوە ناچێت پارەکەی پەخشان و تەخشان بکات

لە وڵاتانی دواکەوتو حیزب پارەی نەوت وەک مووچەی مانگانە بە ناوی دامەزراندنەوە بە سەدان هەزار کەس دەدات و وابەستە بە هیچ نەکردنیان دەکات

لە ئوروپا خۆراکی تورکیی لە جۆرە خراپەکان دادەنرێت، کەچی لە کوردستان بازرگانیی ناجیددی کورد بە ریکلام دەیکات بە باشترین بەرهەم

رزگار رەزا چوچانی

نوچەنێت گۆڤاری سڤیل

بەشی دووەم

سوید یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆر گرنگی بە فەرهەنگ “قاموس” دەدات لە سویدییەوە بۆ هەموو زمانەکانی دنیا. رێبوار رەشید وەک کوردێک لە سوید گەورەترین فەرهەنگی سویدی کوردی دروستکردووە، ئێستا زۆرێک لەکوردەکانی وڵاتی سوید کەڵک لەم فەرهەنگە وەردەگرن، بۆ خوێندن و کاری خۆیان، جیا لەوە وەک کارمەندێک لە دائیرەی کاری سوید کار دەکات، لە دیمانەیەکی گۆڤاری سڤیل لە پێویستی دروستکردنی وەها فەرهەنگێک بۆ کوردستان ئەدوێت و رایدەگەنێت ئەگەرچی ئامادەبووە خۆ بەخش ئەو کارە بکات لەکوردستان، بەڵام حکومەتی کوردستان هاوکار نەبووە، لەباری چۆنیەتی کارو بەکارخستنی بێکارەکان لەسوید ئەدوێت، پێی وایە ئەو شێوازە دامەزراندنەی لەکوردستان هەیە، شێوازی وڵاتەدواکەوتووەکانە.

رزگار رەزا چوچانی: ئێوە لە دائیرەی کاری سوید کار دەکەن، ئەم وڵاتە پیلان و کاری چۆنە بۆ کەمکردنەوەی بێکاری، دواین شێوازی مۆدێرن کە لە دائیرەکەی ئێوە بە ئاراستەی نەهێشتنی بێ کاری، کاری پێبکەن چییە؟ چۆنە؟.

ڕێبوار رەشید: پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، ئەوە گرینگە خوێنەر بزانێت کە من وەکو نوێنەری” بنکەی دیتنەوەی کار Arbetsförmedlingen “ لێرەدا قسە ناکەم، بەڵکو وەکو کارمەندێکی کورد دەدوێم کە هەندێک زانیاریی بە خوێنەر بگەیەنم. پرسیارەکەیش زۆر بەرفراوانە و ئیمکانی وەڵامدانەوەی هەر زۆر کەمە. لە سوێد هەموو خاوەنکارێک، جا لە کەرتی تایبەتیدا بێت یان لە کەرتی گشتییدا هەوڵی ساخکردنەوە و فرۆشتنی تا زیاتری بەرهەمی خۆی دەدات. ئەمەیش بە گشتیی دەتوانێت بە مانای پێویست بوون بە زیاتر لە هێزیکار دێت. حکومەت و پارلەمان لە سەرئەنجامی ئەو پێشنیارانەی کۆدەبنەوە بڕیار لە سەرگەلێک پرۆژەی جیاواز دەدەن و بودجەی بۆ تەرخان دەکەن، بۆ نموونە لە کەرتی ئینفراسترکتور، تەندروستیی، خوێندنگا لە هەموو ئاستەکاندا، خانووبەرە و هتاد. هەموو ئەمانە لە کورتخایان و درێژخایاندا دەبن بە کار.

نەک هەر سوێد، بەڵکو هەموو دەوڵەتێکی پێشکەوتوو هەوڵ دەدات تا دەتوانێت بەرهەم بفرۆشێت (کە دیارە دەبێت وەبەرهەمی بهێنێت) و تا دەشتوانێت کەمتر بەرهەم بکڕێتەوە. هەر وڵاتێک کە کەمتر وەبەرهەم بهێنێت و زیاتر بکڕێت و کەمتر بفرۆشێتەوە، وڵاتێکی ناپێشکەوتووە و عادەتەن رادەی بێکاریی تیادا بڵندە.

ئەوە گرینگە خوێنەر تێبگات کە مەبەستم لە بەرهەمهێنان، ئەوە نییە کە لە باشووری کوردستان پێی دەگوترێت ”وەبەرهێنان“ و کە مەبەست لە دەرهێنانی کانزا و سامانی سرووشتیی ژێرزەمینییە وەکو نەوت، چونکە وەبەرهێنانی نەوت باسێکە تەواو جیاوازە.

رزگار رەزا چوچانی: کەوایە، لەم وەڵامەوە کوردستان چۆن دەبینی؟ پێویستی بە دابینکردنی کارە بۆ بێکاران و تا ئێستاش شتی دیار کەبیفرۆشێت نەوتەو بەس، دەبێت چی بکات؟.

رێبوار رەشید: کوردستانیش وەکو هەر وڵاتێکی دیکە هەر دەبێت تا دەتوانێت بەرهەمبهێنێت و بیفرۆشێتەوە، ئەوە تەنها شێوەیەکی پەیداکردنی کارە بۆ هاووڵاتیان، ئەڵبەت لە بواری خزمەتگوزارییشدا هێزی کار پێویست دەبێت، بۆ نموونە لە هەموو کاروبارەکانی بیروکراسیی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، هەر لە خاوێنکردنەوە تا بە دامودەستگا باڵاکان دەگات،

کاتێک باسی کوردستان دەکەین دەبێت ئەوە تێبگەین کە کوردستان وەکو وڵاتێکی تازە ئازادکراو ناتوانێت بکەوێتە ناو بەرهەمهێنانەوە، چون خۆی پێویستی بە خۆچاککردنەوە و خۆسازکردن هەیە. ئەمە کات دەخایەنێت، بەلام ئەوە گرینگە کە هەر لە ئێستاوە هەوڵی بۆ بدەین. هەر وڵاتێک نەتوانێت کەلوپەل و کەرەستە و ئامراز لە سەر ئاستی جیاواز دروست بکات، کە لە لایەکەوە پێویستیی ناوخۆی پی دابین بکات و لەلایەکی دیکەوە بیفرۆشێتەوە، هەمیشە هەر ڕوو لە دەرەوە دەبێت و لە پێوەندیی وابەستەیی و ناسەربەخۆییدا دەژی و پارەکانی بەوە سەرف دەکات کە شت لە دەرەوە بکڕێتەوە.

لە هەندێک وڵات بەتایبەتی ئەوانەی دواکەوتوون و پارەی بۆ نموونە نەوت یان ئەڵماس و زێڕیان هەیە، حیزبێک دێت و مووچەی مانگانە بە ناوی دامەزراندنەوە بە سەدان هەزار کەس دەدات (لە ڕاستییدا مووچەی کار نییە، بەڵکو پارەکە دەبەخشێتەوە). بەو شێوەیە سەدان هەزار کەس وابەستە بە هیچ نەکردن دەکات، لە ڕاستییدا تەنها یەک هۆ لە پشت ئەو جۆرە کارەوەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەو حیزبە دەیەوێت دەنگی ئەو کەسانە و خانەوادەکانیان بکڕێتەوە، واتە حیزبێک دێت و مانگانە لەو پەڕییدا ٣٠٠ دۆلارێک بە کەسێک دەدات. واتە بە مانگی ٣٠ ملوێن دۆلار دەنگی ١٠٠ هەزار کەس بۆ هەڵبژاردن دەباتەوە. ئەو کارە لە ساڵێکدا نزیکەی ٣٦٠ ملوێن دۆلاری لە سەر دەکەوێت، بەڵام ئەوە کاسبیەکە کە قازانجی زۆر گەورەی سیاسیی و دارایی بۆ ئەو حیزبە تێدایە. روو بە خەڵکیش پێ دادەگرێت کە گوایا خەڵکی دامەزراندووە.

لە کورت خایاندا هەندێک خەڵک لەو سەد هەزار کەسە ڕۆژگاری خۆیان بە سەر دەبەن، بەڵام لە درێژخایاندا زەرەری زۆر گەورە بە کولتوری کار و بە کولتوری بەرهەم لەو وڵاتە دەگەیەنێت.

ڕەنگە کەسێک پرسیار بکات و بڵێت: ئەدی پارەی نەوت چی لێ بکەین؟

یەکەم، بێ لە خزمەتگوزاریی و ئینفراستروکتور و ئاوەدانیی، ئەو پارەیە دەبێت بۆ بەرهەمهێنان و پیشەسازیی خەرج بکرێت و بەشێکیشی بۆ ئاییندە هەڵبگیرێت و پاشەکەوت بکرێت، بۆ نموونە نەرویژ لە سەر دەریایەک لە نەوت راکشاوە و ناجێت پارەکەی پەخشان و تەخشان بکات، ئەو پارەیە هەر هی من و تۆیەک نییە کە ئێستا دەژین، بەڵکو هی هەموو ئەو نەوانەی ئاییندەشن کە دێن، هەر لەبەرئەوە هیچ تاکەکەس و حکومەتێک نابێت بۆی هەبێت بە ئارەزووی خۆی بیبەخشێتەوە.

رزگار رەزا چوچانی: لە سوید زۆر پشت بەشێوازی پراکتیک “راهێنان”ی کار دەبەسترێت، دائیرەی کار چی دەکات بۆ ئەوەی هەم پراکتیک کارو هەم جێی پراکتیک رازی بکات و ئەنجام بەسودی وڵات بەکاریان ببات؟.

رێبوار رەشید: پراکتیک، بە کوردی شاگردیی، زیاتر بۆ ئەوەیە کە کەسێک تا ئەو کاتەی دەتوانێت کارێکی خۆبژیو پەیدا بکات، لە شوێنێکی کار بمێنێتەوە بۆ ئەوەی فێری ئەزموونی کار و دیسپلین و ڕەووشتی کار بێت و هەروەها بەو هیوایەی خاوەنکار دایبمەزرێنێت. دیارە شاگردیی لە زۆر حاڵەتدا باشترە وەکو لەوەی مرۆڤ لە ماڵەوە دابنیشێت و هیچ نەکات.

بەڵێ ”بنکەی دیتنەوەی کارArbetsförmedlingen “ پرۆگرامی خۆی سەبارەت بە گەڵێک شت هەیە، لەوانە تێگەیاندنی خاوەنکار و بێکار کە پێکەوە لە سەر شێوەیەک لە شاگردیی ڕێبکەون، بەو هیوایەی کە سەرئەنجام بە دامەزراندنی ئەو کەسە بگات کە بێکارە. لە زۆرینەی حاڵەتی پراکتیککردندا حکومەت مووچە یان قەرەبووی مانگانە بە پێی بارودۆخی بێکاریی ئەو کەسە دەدات.

رزگار رەزا چوچانی: زۆر کات لەپێناوی کەمکردنەوەی بێکاری و فێرکردنی کار، ئێوە خولی فێرکردنی کار دەکڕن بۆ کەسێک کەباشتر فێری کارەکەی ببێت، ئەمە سودی چییە بۆ سوید؟ تاچەند کاریگەری هەبووە لەکەمکردنەوەی بێکاری و گرنگییەکەی چۆن باس دەکەیت؟.

ڕێبوار رەشید: لە وڵاتی پێشکەوتوودا زانیاریی و وردەکاریەکانی پیشە زوو کۆن دەبن یان بە تازەیی نامێننەوە، لەبەرئەوە خاوەنکار لە شوێنی کار هەمیشە وردەکارییە نوێیەکان بە شێوەی جیاواز ڕادەگەیەنێت. کاتێک کەسێک بێکار بێت، هەرچەندە خاوەنی پیشە و زانیاریی باشیش بێت، لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا ئەو وردەکاریی و زانیاریانەی لەبیردەچێتەوە، هەندێک کەسی بێکار لە بەر هۆی جیاواز شایەد پیشەیەکی نەبێت. لەبەرئەوە  ”بنکەی دیتنەوەی کار Arbetsförmedlingen “ هەمیشە هەوڵ دەدات بەو شێوەیەی کە پسپۆڕان لە پێویستیی هەنووکەیی و ئاییندەیی بازاڕ بۆ هێزیکار حاڵی دەبن، کۆرسی فێرکردن فەراهەم بکەن.

دیارە ئەو شێوەیە لە چارەسەر کاریگەریی پۆزەتیڤی خۆی هەبووە و هەیە، حەتمەن ئاماری ورد لەو ڕووەوە هەیە ئەگەر کەسێک بیەوێت زۆر بە وردیی پەیدای بکات.

رزگار رەزا چوچانی: بەڵام لە سوید کاتێک کەسێک بێکار دەبێت، و خولی راهێنانی کار وەردەگرێت پێویستی بەخەرجکردنی خۆی نیە، هەم دائیرەی کار هاوکاری وەرگرتنی خولەکەی ئەدات، هەم پارە وەردەگرێت بۆ ژیانی خۆی، رێکخستنی ئەو شێوازە چۆنە؟.

ڕێبوار رەشید: شێوەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی لێرە بەو شێوەیەیە، کە دیارە شێوەیەکی دروستە، ڕاستە کەسێک کە دەچێتە دەورەیەکەوە بۆ خۆی دەچێت، بەڵام هاوکاتیش خۆی دەژیەنێت و کۆمەڵگاش سوودی لێوەردەگرێت، هەر لەبەرئەوە لە سیستەمی دیموکراتییدا ئەو شێوانە لە میکانیزم هەن کە کۆمەڵگا بەرپرسایەتی بەرامبەر بە تاک هەڵدەگرێت و تاکیش هەم مافی هەیە و هەم ئەرک. ئەوە باسێکە پێوەندیی بە ماف و ئازادیی و مەسەلەی باجەوە هەیە کە لێرەدا ناکرێت زۆر تیایدا قووڵ ببینەوە.

رزگار رەزا چوچانی: پەنابەران تاچەند کێشەیان لەگەڵ کارکردن هەیە؟، چۆن رادەهێنرێن لەگەڵ کار؟ تاچەند خۆیان لەکارکردن دەشارنەوە، و تاچەند ئامادەی کارن؟.

رێبوار رەشید: بە گشتیی هەموو پەنابەرێک کێشەی لەگەڵ بێکاریی زۆرە، لەلایەکەوە مرۆڤ زمان نازانێت و لە لایەکی دیکەوە بە کولتور و فەرهەنگی کار و بە شێوەی دیتنەوەی کار و دیسپلینی کار نامۆیە، ئەوەیش زۆر باوە کە پەنابەر بەتایبەتی کە لە دونیای دەرەوەی ئوروپای خۆرئاوا بێت، زانست و خوێندنی لە هەمان ئاستدا نییە و دەبێت بە شێوەیەک بخوێنێتەوە و دووبارە فێربێتەوە. پەنابەر هەروەها کێشەگەلی دیکەی هەیە کە دیارە کاریگەریی نێگەتیڤیان لە سەر پەیداکردنی کار دەبێت.

من پێموانییە پەنابەر خۆی لە کار دەدزێتەوە. پێموایە هەموو کەسێک حەز دەکات کار بکات و خۆی بژیەنێت، بەڵام پەنابەر لە دۆخی دیکەی ناسکدا دەژی. بۆ نموونە لە خۆشەویست و کەسوکاری خۆی دوورە، زمان نازانێت و بە کولتور و فەرهەنگ ئاشنا نییە، غەریبە و خۆی بە بێکەس و تەنها دادەنێت، شایەد نەخۆش و ناساخ بێت و گرفت دیکەی هەبێت، هەروەها پیشە و پسپۆڕییەکەی لەو ئاستەدا نەبێت کە پێویستە و هتاد. هەموو ئەمانە وا دەکەن کە پەنابەر بکەوێتە ئەو دیو سنووری کار و کارکردنەوە، ئەزموون نیشانیداوە کە زۆرینەی پەنابەران لەگەڵ فێربوونی زمان و پێشکەوتنیاندا دەتوانن چالاکانە لە کار و لە ژیانی کۆمەڵگادا بەشدار بن.

رزگار رەزا چوچانی: پێت وایە پەنابەرانی کورد لەم وڵاتە لەبواری کاردا توانبێتیان پسۆرییەکی وا وەربگرن کە حکومەتی کوردستان ئەگەر بیەوێت سود لە شارەزایی و ئەزمونیان ببینێت، بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری؟.

ڕێبوار رەشید: لەبەرئەوەی کە ئامارێک سەبارەت بەوەی کە چەند کەس خوێندنی باڵا و پیشەییان تەواو کردووە و لە چیدا پسپۆڕن لەبەردەستدا نییە، مرۆڤ ناتوانێت بە تایبەتیی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە. بە ڕای من کوردستان هەم دەتوانێت سوود لەوانە وەربگرێت کە خوێندنی باڵایان تەواو کردووە و لە دامودەزگا بیروکراسیی و زانستیەکانی ئەماندا کار دەکەن، و هەم لەوانەیەش کە بەگشتیی هەر کرێکارن و لە کەرتی جیاوازی خزمەتگوزارییدا کار دەکەن.

لە وڵاتانی پیشەسازییدا پرینسیپ و دیسپلینێکی کار هەیە کە هەرگیز لە جیهانی سێدا نییە، ڕێزگرتن لە کاتی کار، تێگەیشتن لە ناوەڕۆک و کرۆکی کار، بەدەستوبردوویی و لێهاتوویی و شارەزایی و دەستپێشکاریی لە سەر کار، کولتورێکی تایبەت بە دونیای پیشەسازییە. نەبوونی خزموخزمگەریی و ناوچەگەریی و بە گشتیی کەمیی هەڵاواردن و بەرابەرڕووانین لە ئافرەتان و هەبوونی دەرفەتی کاربە گشتیی بۆ هەمووان، هەموو کولتوری تایبەت بە دونیای پیشەسازیین. بێگومان وڵاتانی دیکە دەتوانن سوودی لێوەربگرن.

لێرە مرۆڤ فێری زانست دەبێت، واتە دەتوانێت لە بواری سیاسەت و ئابووریی و تەندروستیی و شتی دیکەدا کار بکات. مرۆڤ فێری دروستکردن و بەرهەمهێنان دەبێت، واتە دەتوانێت لە زانستی دروستکردن و بەرهەمهێنان و شێوەی کوالیتی و چەندایەتیی و لایەنەکانی دیکە حاڵیی بێت. لێرە خەڵک دەتوانێت لە بواری خزمەتگوزارییدا کار بکات، واتە دەتوانێت فێری شێوەی بەرخوردی دروست و ڕێز و بەرابەریی و پێویستیی مرۆڤ تێ بگات. هەروەها ئەوەیش حاڵی بێت کە تۆیەکی فرۆشیار پێویستت بە کڕیارە. بۆ ئەوەی کڕیار پەیدا بکەیت و بهێڵیتەوە دەبێت ڕاستگۆ و بە ئەمەک و کۆنسیست و کۆنکرێت و ڕاشکاو بیت، دەبێت حاڵیی بیت کە کەسێکی دیکە شایەد زوو بتوانێت بەرهەمێکی لەوەی تۆ باشتر و هەرزانتریش بخاتە بازاڕەوە.

ئەمەی من باسی دەکەم ئەلفبێی ئابووریی سیاسییە و ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگای پیشەسازییە.

کاتێک حکومەتی کوردستان سوود لە سامانی وا گەورەی نابەرجەستە وەربگرێت بێگومان کاریگەریی لە سەر ڕێژەی بێکاریی و لە سەر بەرهەم و لە سەر ساخکردنەوە و فرۆشتن و شتی دیکە دەبێت.

رزگار رەزا چوچانی: لە کوردستان رێژەی بێکاری لەئاستێکی بەرزدایە، حکومەت لە کابینەی پێشوودا دەیان هەزار کەسی دامەزراند، بەڵام پیلانی بەکار خستنیان وەک پێویست نابینرێت، تۆ ئەو شێوازی دامەزراندنی بەکۆمەڵە چۆن دەبینی؟ سودی چی یە؟ زیانی چی؟.

ڕێبوار رەشید: هێندەی من ئاگاداربم هیچ حکومەتێک لە جیهانی پێشکەوتوودا نییە کە خەڵک بە تاک یان بە کۆمەڵ دابمەزرێنێت. شتی وا لە دونیای پێشەسازییدا نەبووە و ناشبێت. ئەو جۆرە شێوەیە لە دامەزراندن هی وڵاتانی ناپێشکەوتووە. لە دونیای پیشەسازیی و ئابووریی پێشکەوتوودا خاوەنکار کەسێک دادەمەزرێنێت لەبەرئەوەی پێویستی بە هێزیکاری ئەو کەسەیە، لەبەرئەوەی پێویستی بە توانا و لیاقەت و زانست و پیشەی ئەو کەسە هەیە.

لە پێشدا دەبێت کارێک هەبێت کە دەبێت بکردرێت تا هێزیکاری بۆ ببینرێتەوە. واتە هێزیکار بۆ کارێک نییە کە لە ئەسڵدا نییە.

کوردستان وەکو لەوەپێش عەرزم کردیت وڵاتێکی داگیرکراو بووە (ئێستایش بەشێکی زۆری ئازاد نەکراوە). ئەوە بەو مانایە دێت کە ئاستی پیشە و پیشەسازیی زۆر لە خوارەوەیە. بۆ نموونە تورکیا و ئێران هەموو هەوڵێک دەدەن کە کورد نەبێت بە خاوەنی پیشەسازیی خۆی، کە تەنانەت سەوزە و میوەشیان لێ بکڕێتەوە. بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕووی سیاسییەوە کورد لە ژێر دەستی خۆیاندا بهێڵنەوە، بەو شێوەیە خۆیان کار دەکەن و بەرهەم دەهێنن و بەرهەمەکە بە کورد دەفرۆشنەوە و پارەکەی لێ دەستێنن. هەندێک جاریش هەر بە ئاشکرا بەرهەمێکی پێدەفرۆشنەوە کە لە هیچ شوێنێکی دیکە بۆیان ساخ ناکرێتەوە.

کورد دەبێت دەست بە بەرهەمهێنان بکات، واتە خەریکی دروستکردنی شت بێت، دروستکردن هەر لە گۆزەیەکی خۆماڵییەوە تا بە دروستکردنی فڕۆکە و سەتالایت دەگات. لە هەنگاوەکانی یەکەمدا دیارە لە بەرنەبوونی ئینێرژی ئەلەتریک/ کارەبا و نەبوونی ئینفراستروکتوری باش و پێشکەوتوو و نەبوونی زانست و پیشەگەریی، ئەوا دیارە کورد ناتوانێت شتی زۆر تایبەتیی دروست بکات. چۆن بیکات؟.

لەبەرئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە توندیی لە سەر پێشخستنی کوردستان بەردەوام بێت. کورد بنکەی گەورەی وەبەرهەمهێنانی کارەبای پێویستە، دەنا ناتوانێت کارخانە بخاتە کار، هەر بۆیە بۆ نموونە، تورکیا و ئێران هەوڵ دەدەن کورد نەبیت بە خاوەنی کارەبای خۆی و بڕووات موەلیدەی هەرزانبەهای بچووک بچووکیان لێ بکڕێتەوە تا هەتاهەتایە نەتوانێت ببێت بە خاوەنی ئینێرژی خۆی. هەندێک قاچاخچی کورد بەو قازانجە دەبن بە ملوێنێر و ئێران و تورکیاش دەبن بە خێوی کورد، لەو ناوەدا هەر خەڵکی کوردستان زەرەر دەکەن.

کورد دەبێت کەوچک و دەوری و لەگەن و کورسی و مێز و لەمپا و هەموو ئەو شتانەی خۆی دروست بکات کە وەکو مرۆڤ پێویستیەتی. دەبێت بەرهەمی شەکر و سابوون و دۆشاو و شەربەت و خواردەمەنیی و کەرەستەی دیکەی هەبێت. ئەمە بە پلان و بە خوێندن و بە تێگەیشتن دەکرێت، بەڵام هەروەها دەبێت ئاسایش و ئاشتییش هەبێت، چون کەس ناتوانێت لە فەزای شەڕ و پێکداداندا بخوێنێت و پێش بکەوێت.

لە فەزای شەڕ و ئاژاوەدا پیشەسازیی دروست نابێت و کرێکار ناتوانن بە سەدان و هەزاران بچنە سەر کار، کولتوری پیشەسازیی پێشمەرجی هەیە، وەکو تاکەکەسی هۆشیار، دیموکراتیی و ئازادیی، هەبوونی ئامرازی هاتنوچوون، نەخۆشخانە و خاوێنی باش و هتاد. کاتێک کورد پلانی ستراتیژیی بۆ دروستکردنی بەرهەم هەبوو، ئەوا کاری جیددی پەیدا دەبێت. کاری جیددی پسپۆڕیی دروست دەکات و حکومەت و خەڵک ناچار دەکات لە پێداویستیەکاندا قووڵ ببنەوە و بیری لێ بکەنەوە و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.

ئەم دیاردەی شت لە دەرەوە کڕینە لە کوردستان زۆر خەتەرە. ئەسڵەن یەکێکە لە هەرە خراپرتین ئەو شتانەی تووشی نەتەوەیەک ببێت. ڕەنگە لە سەرەتادا ناچار بین شت بکڕین و زۆریش بکڕین، چونکە وڵاتمان داگیرکراو بووە و خاوەنی کارگە و پیشەسازیی نەبووین، بەڵام ئیتر دەبێت وردەوردە هەموو ئەوانە چارەسەر بکەین.

ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پارەی نەوت خەڵکان بۆ کارێک دادەمەزرێنێت کە لە ڕاستییدا نییە، ئەوە کارێکی باش نییە، چارەسەری دروست ئەوەیە کە پارەی بێکاریی قەرەبووی بێکاریی بە خەڵکی بێکار بدرێت تا وردەوردە کارگە دروست دەکرێن و کرێکار بە ڕاستیی پێویست دەبێت.

لە سیستەمی پێشکەوتوودا تاکەکەس و حکومەت دەبێت لە یەک حاڵیی بن.

حکومەت نابێت ڕۆژگار بە سەر ببات و خەڵک چاوبەست بکات. خەلکیش دەبێت بپرسن: ئایا بۆچی من ئەم پارەیە وەردەگرم، چی دەکەم و چیم کردووە؟.

پارەی نەوت نابێت بۆ مووچەی درۆزنەی کارکردن بەکاربهێنرێت، ئەوە بە هیچ جۆرێک چارەسەر نییە. ئەوە خۆهەڵخەڵەتاندنە و تووشی قەیرانی زۆر گەورەمان دەکات. ئەگەر سەد هەزار کەس مووچەی قەرەبووی بێکاریی وەبگرن و چاوەڕێی پەیدابوونی کاری ڕاستیی بن، باشترە، وەکو لەوەی مووچە بۆ کارێک وەربگرن کە نییە و کە نایکەن و کە بەرهەمێکی جیددی نییە، ئەوەی یەکەمیان کولتورێکی سیاسییە فێرمان دەکات کە دەبێت بەرهەمێکمان هەبێت تا مووچە وەربگرین. هەروەها نیشانی دەدات کە کۆمەڵگا بەپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە تاک هەڵدەگرێت و چاوەڕێی ئەوە دەکات تاک ئەرکدار و بەرپرسیار بێت. ئەوی دووهەمیان کولتورێکی سیاسییە پێمان دەڵێت ئەگەر هیچیش نەکەیت هەر دەتوانیت پارە وەربگریت (تا ئەو دەمەی پارەی نەوت و دارستان هتاد هەبێت).

تەنها ڕێگەی جیددی بۆ کەمکردنەوەی بێکاریی بەرهەمهێنان و ساخکردنەوەیەتی، جا ئەو بەرهەمە هەم خەڵک لە ناو وڵاتدا دەیکڕێت و هەم بە دەرەوەیشی دەفرۆشیتەوە. ئەگەر کورد بە پلەی یەکەم بە دەرەوەیشی نەفرۆشێتەوە، ئێستا خۆی پێویستیەتی، هەموو نەتەوەیەک هەمیشە و ڕۆژانە بەرهەمی پێویستە. کوردستان وەکو هەر وڵاتێکی دیکە پێویستی بە سەدان هەزار بەرهەمە، هەر لە ماڵەکەی خۆت بڕووانە بزانە چەند جۆرە بەرهەمی تێدایە. لە کوردستان لە سەرەتادا دەتوانین زۆرێک لەو بەرهەمانە جا خۆراک بن یان کەرەستەی دیکە، وەبەرهەم بهێنین. پاشان وردەوردە دەبێت ئاست و شێوەی بەرهەم پێش بخەین. ئەوە بە هیچ شێوەیەک چارەسەر نییە کە هەزاران کەس مووچەی کارکردنیان پێ بدرێت بێ ئەوەی کار بکەن و لەبەرهەمهێناندا بەشدار بن.

لە تورکیا بڕووانن، تورکەکان ٣٠ ساڵ لەمەوبەر وەکو وڵات خاوەنی بەرهەمی تایبەتیی نەبوون. ئێستا خاوەنی سەوزە و میوە و پیشەسازیی خۆراکن بە هەموو شێوەکانیەوە، لەوانە شیرەمەنیی، خاوەنی پیشەسازیی لاستیک و پلاستیک و تەختەن، پیشەسازیی توتن و چەرم و پێست و گۆشت، خاوەنی پیشەسازیی فیلم و زنجیرەی سینەمایی و تەلەڤیزیۆنین، خاوەنی پیشەسازیی ئاسنگەریی و پیشەسازیی قورستری ئاسن و پیشەسازیی چەک و تەقەمەنیی و شتی لەو شێوەیەن. ئێرانیش هەر بە هەمان شێوە. وەکو باسم کرد ئەوانە ئەم بەرهەمانە لە ڕووی کورددا وەکو چەک بەکاردەهێنن تا وابەستەی بکەن و بە خۆیانەوە گرێی بدەن. بۆ ئەوەی کورد هەمیشە کریار بێت و خۆشیان بەرهەمهێن و فرۆشیار بن.

بە گشتیش هەر پارە پەیدا دەکەن و وڵاتی خۆیانی پێ خۆش دەکەن.

کوردیش دەبێت ببێت بە خاوەنی بەرهەم و هەوڵیش بدات کوالیتیەکی زۆر باش ئەنجام بدات تا بتوانێت بەرگەی کێبڕکێ و ڕقابەت بگرێت، چون هەر بە تەنها بەرهەمهێنان بەس ناکات، دەبێت کوالیتیەکەیشی لە سەرەوە بێت. بۆ نموونە لە ئوروپا خۆراکی تورکیی لە جۆرە خراپەکان دادەنرێت، کەچی لە کوردستان بازرگانیی ناجیددی کورد بە ریکلام دەیکات بە باشترین بەرهەم.

کاتێک بەرهەمت هەبوو کارت هەیە. کە بەرهەمیشت هەبوو دەبێت بتوانیت بیشیفرپشیەوە.

لێرەدا من تەنها لە سەر بەرهەم و ساخکردنەوە سەبارەت بە بێکاریی دەدوێم و ناچمە ناو وردەکاریی ئابووریەوە بۆ مەسەلەی کار و بێکاریی.

لە کوردستان ئێمە دەبێت هەموومان پێکەوە زەمینێکی ئاشتیی و ئاساییش بخولقێنین کە بتوانین خوێندن و فێربوون فەراهەم بکەین و بەو شێوەیە بەرهەم وەبەربهێنین، دونیای ئێستا دونیای کێبڕکێی بەرهەمهێنان و ساخکردنەوەیەتی.

بەشی یەکەمی ئەم دیمانە لەم لینکەدا بخوێنەوە… کلیک بکە…

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com