پیاوێکی کورد دوای جیابونەوەی لەدوو ژنی کورد: داوا ئەکەم هەرچی پیاوی کوردە کەکێشەیان هەیە ژنێکی تایلەندی بهێنن

0

ژیانی پیاوێکی کورد و ژنە تایلەندییەکەی

پیاوێکی کورد دوای جیابونەوەی لەدوو ژنی کورد: داوا ئەکەم هەرچی پیاوی کوردە کەکێشەیان هەیە ژنێکی تایلەندی بهێنن

ژنە تایلەندییەکە: بەراستی پیاوی کورد بێوێنەن منیش ئەڵێم هەر ژنێک بەدوای ژیانێکی پڕ دڵنیایی ئەگەڕێت با هاوسەری لەگەڵ پیاوێکی کورد بکات

رزگار رەزا چوچانی / سوید

نوچەنێت. گۆڤاری سڤیل

پیاوێکی تەمەن ٤٨ ساڵ بەڵام قسە خۆش و سەرو ریش قەترانی، وەک خۆی وتی لەخۆشی هاوسەرەکەی” کامل بۆیاخم” چونکە ئەو ئەوەی پێ جوانە، پێشتر دوو هاوسەری کوردی هەبووە، بەڵام لێیان جیا بۆتەوە ئێستا لەگەڵ ژنێکی تایلەندی ئەژی، مناڵێکی لەم ژنە هەیە و وەک خۆی دەڵێ خۆی بە مەلیک دەزانێ چونکە دڵخۆشە لەگەڵ هاوسەری.

ئەنتەرنێت هاوکارێکی باشی سەردەمە، بۆ دروستکردنی پەیوەندی، بەتایبەت لەنێوان پەنابەرانی ئەورپا، چونکە رێژەیەکی کەمن و بە ناو پانتایی جوگرافی و شارە گەورەکان و شارۆچکەو گوندەکانی ئەورپا پەرش و بڵاو بوون، بەو هۆیەوە یەکتر دۆزینەوەیان ئاسان نییە، بەڵام لە ئەمرۆدا نێت ئاسانکارییەکی باش دەکات، بۆ یەکتر دۆزینەوەو دروستکردنی پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر، من زۆر سودم لەم رێگایە بردووە و لەرێیەوە بەزۆر کەس ئاشنا بووم و پەیوەندیم داناوە لەگەڵیان، کە دواینیان ئەم پیاوە ٤٨ ساڵە کوردەیە.

دوای یەکتر ناسین و ماوەیەکی زۆر قسەکردن یەکترمان بینی، بینیم لەگەڵ ژنێکی روخۆش بوو، کەدەیبینی دەزانی ژنەکەی کورد نییە، بەڵام روویەکی خۆشی هەیەو بەکوردییەکی نیوە ناچڵ قسە دەکات، یەکەم قسەی لەگەڵ من ئەوەبوو کەوتی”کورد میللەتێکی باشن، خۆشم ئەوێن”.

دواتر ئەو پیاوە هاسەرەکەی پێی ناساندم، کەخێزانیەتی و خەڵکی تایلەندە، بۆمن هەندێک سەیر بوو، ئاخر لەم وڵاتانەی ئەورپا هاسەری دروستکردن لەگەڵ ژنە تایلەندییەکان لەلایەن پیاوانی ئەروپاوە زۆر ئاسان و بێ ماندووێتیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی دۆخی وڵاتەکەیان باش نییە، بۆیە زۆرێک لە پیاوە ئەرووپییەکان کاتێک لەپشووی ساڵانەیاندا سەفەری ئەو وڵاتە دەکەن، لەوێوە بەژنەوە دەگەڕێنەوە، یان ژنێک دیاری دەکەن و دواتر دەهێننە وڵاتەکانیان دەبێتە هاوسەریان، بەڵام یەکەم جاربوو پیاوێکی کورد ببینم، هاسەرەکەی خەڵکی ئەو وڵاتانەبێت، ئەوەی زیاتر جێی سەرەنج بوو ئەوەبوو، زۆرێک لەو ژن و پیاوە کوردانەی کەلەگەڵ بیانییەکاندا هاوسەرگیری دەکەن، باسی جیاوازی نەریتەکەیان دەکەن، کە کاریگەری بەسەر هەستەکانیشیانەوە هەیە، بەڵام ئەم ژن و پیاوە نەریت جیاوازە، زۆر گەرموگوڕ و دڵخۆشن لەکەگەڵ یەک.

کاتێک بەم دوو هاسەرە ئاشنا بووم ویستی خۆمم پێ وتن، کە بەدڵ حەزم بەوەیە بۆ سڤیل هەندێک لەژیانی خۆیان بدوێن، ئەوان رازی بوون بەوە، بەڵام مەرجی پیاوەکە ئەوەبوو ناوی ئەو نەنوسین، ئەویش وەک دەڵێت “بۆ ئەوەنا ژنەکەم کورد نەبێت یان چی، بەڵکو من خۆم ئەزانم کورد چۆنن بۆیە وام پێ باشە”.

پیاوەکە لەباسکردنی چۆنیەتی درستکردنی ژیانی هاوسەری لەگەڵ ئەم ژنە، دەگەڕێتەوە سەرەتاکانی ژیانی خۆی و دەڵێت”من دەردەدار بووم بەدەست ژنی کوردەوە، ژنی کورد هەموو لەشت بکە هەنگوین بیکە بەدەمیا، وەک دەڵێن کە دەرهێنایەوە گازێکت لێ دەگرێت، من ژیانی هاوسەریم لەگەڵ یەکەم خێزانم پێکهێنا بەرەزامەندی خۆی و زۆریشی پێ خۆش بوو، بەڵام دوای ساڵی یەکەمی ژیانی کردبوومە دۆزەخ، نە سەرجێ نە رێگا و جێگا نەهیچی لەژن ئەچوو، من رۆژ تا ئێوارە کارم دەکرد لەکوردستان، کە ئێوارە دەگەڕامەوە، هەر ئەوەی دەکرد کە خواردنێک ئامادە بکات، رۆژێک بێ خوێ رۆژێک سوێر، بشتوتایە بۆ، ئەیکرد بەرۆژی خۆی، شەو لەکاتی مافی ژن و پیاوی، مەمنون بووم بە هەفتانە یەک جار نزیک بینەوە، هەرچیم دەوت ئەو هەر دەیوت ماندووم، ماڵ پاککردنەوەو خواردن دروستکردن و مناڵ بەخێوکردن، ئێمە تەنها مناڵکیشمان هەبوو، بەکورتی، ژیانم نەبوو، ئاخری خوا کردی و کێشەکەی گەورەتر کرد، لەخوا بەزیاد بێت جیابوەوە لێم و رۆشت”.

درێژە بەگێڕانەوەی ژیانی خۆی دەدات و دەڵێت”کاتێک رۆشت مناڵەکەشی نەبرد، وتی نامەوێ بۆخۆت، ئەوەنە داخی کردبوو بەدڵما، تۆبەم کرد لە ژن هێنان، دەستی مناڵەکەم گرت کەچەند ساڵێک تەمەنی بوو لەباوەشمکردوو کوردستانم بەجێهێشت، هاتینە دەرەوە، ئیقامەم وەرگرت و لەگەڵ مناڵەکەم ئەژیام، لەبەرخاتری مناڵەکەم نەک بێتەوە لای خۆم بەڵکو کە بەجیا بێت، سەدان جار پەیوەندیم کردووە، کە ئەتوانێ بەهۆی مناڵەکەیەوە بێتە ئێرە، ئەیوت من پێویستم بەتۆ نییە و نامەوێ ئەموت مناڵەکە گوناحە پێویستی بەدایکە، با ساڵانە بێتەوە بت بینێ، ئەیوت نامەوێ مناڵی ترم هەیە، دوای ماوەیەک هاوسەرگیری کرد، ئەوکاتیش چەند جار تەلەفۆنم بۆ کرد، وتم خۆ ئەکرێ ساڵی مانگێک مناڵەکە بنێرمەوە لات، بەس ئەوەنە بزانێ ئەویش دایکی هەیە، بەڵام ئاخر جار خۆی تورەکرد و وتی پێم وتی نامەوێ ، وای لێهات مێردەکەی تری هەرەشەی کرد کە پەیوەندی نەکەمەوە، منیش راستیەکەم لەمناڵەکەم گەیاند وتم پیاوی تری هەیەو رێگای نادا و وازمهێنا، ئیدی مناڵەکەشم تێگەشت لەوە، دواتر ژنێکی کوردم لێرە دۆزییەوە ژیانی هاوسەریمان پێکهێنا، سوبحانەڵا هەمان کێشەی هەبوو، کە ئەچوو بۆ بازار خۆی پاکەتی ئەکرد، بەڵام کە ئەهاتە ماڵەوە گوێی بەهیچ نە ئەدا، کاکە پیاو پێیویستی بەسەرجێیە، خۆ عەیب نییە، بەڵام ئەم خانمەش بە دەگمەن نەبێ ئەوەی نە ئەکرد، زۆر کەم، بەردەوام بێزار بەردەوام ناڕەزایی، بەرەدەوام بە گلەیی، گلەیی لەخواش هەبوو، لەهەموو شت، بەڵام من لەخۆم خۆش ببووم تەنها خزمەتی مناڵەکەم بکات، ماوەیەک هەستم ئەکرد مناڵەکەم نەخۆشەو بێتاقەتە، هیچیشی بەمن نە ئەوت، بردمە نەخۆشخانە، وتیان نەفسیەن ماندووە، بێزارتان نەکردووە؟ وتم نەوەڵا، دواتر وتم نەوەک لە مەکتەب بێزاریان کردبێت، رۆژی دواتر کە بردمە مەکتەب چوومە ژوورەوە لەگەڵ مامۆستاکەی قسەم کرد، وتم کەس بێزاری نەکردووە لێرە؟، وتی نا منیش هەست ئەکەم بێزارو بێتاقەتە و قسەمان لەگەڵ کەسی تایبەت بەو گرفتانە کردووە لە قوتابخانە، ئەڵێ ماندووە، وتم مامۆستا دەستم دامێنت، بەڵکو وەکو دایکی لێی دەرکێشی بزانی کێشەی چییە، ئەترسم بیری دایکی بکات، ناچارم بچمەوە کوردستان ئەگەر وابێت، بەڵام ئەگەر وابوو تەنها بەخۆم بڵێ، دوای چەند رۆژ مامۆستاکانی پەیوەندیان کرد وتیان وەرە مەکتەب، کەچووم، وتیان کورەکەت باسی کردووە، کە دایکی لێی دەدات، وتم چۆن شتی وا ئەبێت؟، بۆ بەمنی نەوتووە، وتیان گریاوە وتویەتی باباوکم نەزانێت، ئەگەر ئێوە ئەوە بکەن لەگەڵ ئەو مناڵە ئێمە وەک مامۆستا بە ئەرکی خۆمان هەڵدەستین لایەنی پەیوەندار ئاگادار دەکەین، چونکە ئەو مناڵە ئەوەندە پیشی خواردۆتەوە نەخۆشکەوتووە”.

دوای ماوەیەک وەستان و یاری کردن بە جگەرەیەک کە بەدەستیەوە بوو، بێ ئەوەی دایگرسێنێت، زوو زوو سەیرێکی خێزانە تایلەندییەکەی دەکردو خێزانەکەشی، ئاماژەی ئەدایە کە بەردەوام بێت لەگێڕانەوە، دەستی کردەوە بەقسەکانی و وتی”هاتمەوە بەژنەکەم وت، ئێرە کوردستان نییە تا لاسایی باوەژن بکەیتەوە، ئێرە ئەوروپایە، نەمن نەتۆ بۆمان نییە مناڵ ئازار بدەین، حاشای کرد، بەڵام کەزانی دڵنیام لەوەی کردویەتی، وتی بەڵێ ئازارم داوە، چونکە بەقسەم ناکات، وتم قسەی چی؟ چیت ئەوێ بۆت بکات؟، وتی دەبێ قاپ بشوات، وتم ئەوە مناڵە هی کارکردن نییە، خۆم هەموو رۆژ هەرچی ئیشە ئەکەم، سودی نەبوو، ئاخر جار کار گەشتە ئەوەی مامۆستاکانی لەبەرخاتری مناڵەکە بێ گەرانەوە بۆ من پێمخۆشە یان نا لایەنی پەیوەندداریان تێگەیاند، ئەوان لەگەڵمان دانیشتن، ژنەکە نەیشاردەوە لای ئەوان وتی زیندانیشم بکەن مناڵم ناوێ مناڵی من نییە، منیش لەوێ وتم کەوایە منیش ئەم خانمەم ناوێ و هی من نییە، ئەڵێن سۆسیال خێزان تێک ئەدات بەڵام وانییە ئەوان زۆریان هەوڵ لەگەڵداین بگەینە حەل بەڵام ئەنجام نەگەشتین و جیا بوینەوە، ئاخر ژنێک خۆ رازاندنەوەی بۆ دەرەوە بێت و پرچ هەڵچونی بۆمن، ژنێک سەرجێ سارد بێت و دەمی شیرینی بۆ خەڵک بێت و هاتوهاواری بۆ من، لەگەڵ مناڵەکەشم نەژی. بۆچیمە کاکە؟، وەڵا نامەوێ، جیابوینەوە و ئەو بەڕێی خۆی من بەڕێی خۆم”.

بەدەستەکانی ئاماژەی بۆ ژنە تایلەندییەکەی کردوو وتی” پێشتر گلەیم لەخوا هەبوو کە ئەو ژنانەی کردبوو بە نسیبی من و بەشم جیابوەنەوە بوو لێیان، بەڵام نەمزانی نیسبی منی بۆ ئەم فریشتە هەڵگرتووە، خوایە شوکوربۆتۆ”.

گەشتە سەر گێرانەوەی چۆنیەتی هاسەریکردن لەگەڵ ژنە تایلەندییەکەی، بەڵام وتی حەز ئەکەم خۆی باسی بکات، ژنەکەش بە پێکەنین وتی کوردی باش نازانێ، پیاوەکەی وتی خۆم هاوکاریت ئەکەم قسە بکە.

ژنەکە دەستی کرد بەگێڕانەوە وتی”من چەند ساڵێکی زۆر پێش ناسینی ئەم پیاوە هاتمە ئەورپا، هاوسەرەکەم ئەورپی بوو، ناچاربووم بێم، ژیان ناچاری کردم، بەر لەوەی بێم لەوڵاتی خۆم هاسەرم هەبوو، بەڵام بەرووداوی ئۆتۆمبێل مرد، لەگەڵ هاوسەرە ئەورپییەکەم ژیانم زۆر ناخۆش بوو، ناچاربووم لەگەڵی بمێنمەوە، وەک خزمەتکاری باڕەکان سەیری ئەکردم، زوو زووش بیری ئەهێنامەوە ئەو وەک ئینسان مامەڵە لەگەڵ من ئەکا، وەک ئینسانێک منی هێناوە، یانی ئەیویست بەزەیی خۆی باس بکات کە بەزەیی بەمن دێتەوە، رقاستە هەرگیز ئازاری نەداوم قسەی پێ نەوتووم بەڵام تەعامولی وابوو، مناڵێکم لێی هەبوو، زۆر هەوڵمدا بگونجێم، بەڵام ئەنجام خۆی جیابوەوە، مناڵەکەش بریار درا لای هەردووکمان بێت، من بەردەوامیم بەکاری خۆم دەدا کارم دەکرد، ئەم پیاوە کوردەم ناسی”.

دەستی بە پێکەنین کرد و لەپیاوەکەی پرسی باسی بکەم؟ ئەویش وتی باسی بکە، بەردەوامی پێدا”ئەم پیاوە زۆر سەیر سەیری ئەکردم، هەستم ئەکرد شتێکی سەیرە لام، بەچاوو خەریک بوو پەلاماری ئەدام، منیش پێم سەیر بوو، لەوڵاتی ئێمەش ئەوە هەیە، لە ئەورپاش ئەوە هەیە، پیاو سەیری ژنی سەرەنج راکێش بکات، بەڵام شتی وەک ئەمم نەبینی بوو، زۆۆر بەوردی سەری جوڵەی ئەکردم، سەیری لێومی ئەکرد بۆ هەر وشەیەک کە ئەموت، زۆر کەمیش قسەی ئەکرد، بەڵام رێزگرتنی هەمیشەیی بۆ من جێی رێز بوو لام، داوەتی کافێم کرد، لێم پرسی هەست ناکەی بەشێوەیەک سەیر ئەکەی، کە هەموو هاوڕێکانی کار هەستیان کردووە؟ وتی با هەست ئەکەم،. وتم بۆ وا ئەکەی؟ وتی ناتوانم سەیرت نەکەم، دەستی کرد بە قسە، هەر وەک گەنجێک وەک گەنجێک قسەی ئەکرد، باسی خۆشەویستی کرد وتی منیش تەنیام، ئەکرێ باسی پێکەوە ژیان بکەین؟، منیش وتم ئەکرێ بۆ ناکرێ، وتی بەڵام من وەک هاسەر ئەڵێم، نەک بەو شێوە کاتییەی کە لێرە هەیە، منیش پێم خۆش بوو، بەڵام وتی ئەبێت بێیتە سەر دینم، ئەوەم پێ سەخت بوو، دواجار کەزانیم بەرێزە و رێزم ئەگرێت بەوەش رازی بووم”.

ئەو پیاوە کورد قسەکانی بەژنەکەی بری و بە پێکەنینەوە وتی”بۆیە ئەڵێ وەک گەنجێک سەیری ئەکردم چونکە ئەوکات ئاوا کامل بۆیاخ نەبووم، کە ئێستا لەخۆشی ئەو ئاوا قەترانیم کردووە، سەرو ریشم سپی ببوو، لەخەمی ژنی کورد، بەڵام ئەم ژنە ئیسراحەتی پێدام، وەک کوردی خۆمان ئەڵێن خوا ئیسراحەتی پێدات، بووە دایکێکی میهرەبان بۆ کورەکەم، بووە ژنێکی جوان و نەرم و نیان لەگەڵ من، ئێستا هەست ئەکەم تازە گەنجبوومەتەوە، ئەوەتەی ئەم ژنەم هێناوە ژیان دەستی پێکردووە، ئێواران وەک و جاران بەترس و حەزەری دەنگە دەنگەوە ناچمەوە ماڵ، ئەچمەوە ماڵێکی هێمن، پڕ پڕ لەرووخۆشی ژن، ئەڵڵا !!! چەند خۆشە پیاو ژنێکی رووخۆشی هەبێت، تۆ نازانی مانای چییە کاکە ، ئەگەر ژنێکی رووگرژت هەبێت، هەندێ تاڵاوی بچێژی و دواتر چێژی رووی خۆشی ژنێکی تر بکەیت، ئەوکات ئەزانی باسی چی ئەکەم، لەخوام ئەوێ بەیانییەک پێش ئەم ژنە هەستم من خواردنی بەیانی بۆ ئامادە بکەم بەڵام پێشم ئەکەوێ، لەخوام ئەوێ رۆژێک من شتێکی زیاتر لە ئەو بکەم، بەس بۆ مورتاحکردنی خۆم، بەڵام پێشبرکێی باشییەکانی ئەوم پێ ناکرێت، ئێستا کورەکەم ببینە چەند مورتاحە، من بە مورتاحی دڵی خۆم لەگەڵ ئەم ژنە، بە مورتاحی کورەکەم لەگەڵ ئەم ژنە، هەتا مردن قەرزاری ئەم ژنەین داوای چاوم بکات پێی ئەدەم بەخوا، بەداخەوە نازانم بۆچی خێزانی کوردی بەردەوام کێشەی تیایە بەڵام لەو رۆژەوەی من ئەم ژنەم هێناوە، وەڵاهی وەڵاهی، بە سوعبەتیش کێشە نەکەوتۆتە بەینمان، بۆیە داوا ئەکەم هەرچی پیاوی کوردە ئەگەر کێشەیان هەیە بۆ چارەسەری برینی دڵیان ژنێکی تایلەندی بهێنن وەڵاهی ئیسراحەت ئەکەن لەژیان و لە ئارامیا نغرۆ ئەبن، کاکە من دۆخی مادیم باش بوو بەڵام مادەم بۆ چییە دڵم ئارام نەبێ؟”.

لەگەڵ ئەوەی کە ئەو پیاوە کوردە زۆر بە باڵای ژنی تایلەندی وت، کە لەهەموو بارەکانەوە دڵنیایی و ئارامی ئەدەن بەپیاو، ژنەکەشی هەمان رای هەیە لەسەر پیاوی کورد و دەڵێت” لای ئێمە خۆش نییە کە کەسێک باسی باشەی تۆ بکات، تۆش لەوجێگا باسی بکەی، لەناو ئێمە ئەوە دەبێتە گۆرینەوەی قسە، بەڵام راستی ئەوەیە منیش پێم وایە پیاوی کورد بێوێنەن لەجیهاندا، لەرێزگرتن لەژن، لە جوان سەیرکردنی ژن، لەهەموو گرنگتر لەهەستکردن بە مەسئولیەت بەرانبەر ژن، من پیاوم هەبووە لە نەتەوەکەی خۆم، لە ئەورپاش، ئەوان لەباری کارەوە بەخەممەوە نەبوون، بەڵام ئەم پیاوە کوردە بەردەوام بەمن ئەڵێ تکایە ئەگەر ماندووبووی لەکار کارمەکە، موچەکەی من ئەخۆین با فەقیریش بین، گرنگ ئەوەیە مورتاح ئەژین، ئەم قسەیە بۆمن زۆۆر جێی دڵخۆشییە، کە هەرگیز لەژیانم نەمبیستووە، لەکورد نەبێت، زۆر دڵخۆش ئەبم بەم قسە، ئەگەرچی کاریش دەکەم و واز لەکار ناهێنم، بەڵام دڵخۆشم چونکە ئەزانم لەدڵەوە ئەیڵێت، دواتر پیاوی کورد ماڵی باوکی ژنەکەی وەک ماڵی خۆی سەیر ئەکات، ئەم پیاوەی من بێ ئەوەی من داوای لێبکەم، خۆی داوای لێکردووم بابچینەوە سەردانی ماڵی باوکت بکەین، هاتووە لەگەڵم بۆ ئەوێ دووجار چوین پێکەوە، کە پیاوەکانی ترم ئەوەم لێ نەدیون. ئارامم لەگەڵی دڵنیام لەژیانم، کچێکم لەم پیاوە هەیە هەست ئەکەم باوکێکی بەهێزی هەیە، کە هەتا هەتایە باوکیەتی، بەراستی پیاوی کورد بێوێنەن منیش ئەڵێم هەر ژنێک بەدوای ژیانێکی پڕ دڵنیایی ئەگەڕێت با هاوسەری لەگەڵ پیاوێکی کورد بکات”.

ئەو ژنە ئەوەش باس دەکات، کەلەگەڵ هاوسەرەکەی سەردانی کوردستانی کردووە و دەڵێت” چوومەتە کوردستان، لای من زۆر خۆشە، خەڵکێکی سادەو بەڕێزیان هەیە، هەموو خەڵکەکەی کە ئەزانن بێگانەی رێزت زیاتر دەگرن لەخەڵکی خۆیان، لەهیچ جێیەک ئەوە نییە، هاوسەرەکەم هەموو جار رەخنە لەکورد دەگرێت، دەڵێت بێگانە دۆستن، بەڵام من لەوەتەی کوردستانم دیوە، وەڵامی ئەدەمەوە ئەڵێم ئەوە ئەو شتە جوانەیە کە لەهیچ جێیەکی دنیا بوونی نییە”.

پیاوە کوردەکە، کە دیار بوو بەقسەکانی ژنەکەی زۆر دڵخۆش بوو، باسی سەردانی ماڵی باوکی ژنەکەی دەکات لەتایلەند و دەڵێت”من سەرەتا بەژنەکەم وت ئایا خەتەر نییە، بۆ ئەو شووی بە پیاوێکی بێگانەکردووە؟، وتی کە بۆ ئەوان ئاسایی بێت بە ئەورپیم کرد، بۆچی نا ئاسایی یە بۆتۆ؟، چووین هەر وەکو کوردەواری خۆمان کۆڵێ دیاریم بۆ بردن، بەڵام بە دزییەوە بە ژنەکەم وت هەر خواردنێک خۆی ئامادەی نەکات من نایخۆم، چونکە ئەوان وابزانم گوێ بەخواردنی سەگ و پشیلەش نادەن و پیس نییە لایان کرم و ئەو شتانەش ئەخۆن، ماوەی هەفتەیەک لەوێ بووم چەند کیلۆ کەممکردبوو لەترسی خواردن، بەڵام ئێستا ژنەکەی منیش خواردنی کوردەواری ئەخوات، کچەکەشم کە کە فێری قسە بووە کوردی قسە ئەکات، بەدایکی ئەڵێم فێری تایلەندشی بکە، ئەڵێ نا با کورد بێت و وەکو کورد بەڕێز و باش بێت”.

ژنی ئەو پیاوە دواین قسەی بۆ سڤیل ئەوە بوو کەوتی” ئەوەی ئازاری من ئەدا ئەوەیە کە جارو بار کورەکەم واتە کوری پیاوەکەم، ئەگێڕێتەوە دایکەکەی پێش منی لێی داوە، من جێی لێدانەکانی بۆ ماچ ئەکەم، پێی ئەڵێم لەدڵی مەگرە، رەنگە کێشەی تری هەبووبێت دایکەکەی ترت، ئەوەندە ئازاری ئەو مناڵەی داوە پێی ناخۆشە من ئەڵێم دایکەکەی ترت، ئەڵێ من یەک دایکم هەیە ئەویش تۆیت، منیش ماچێکی ئەکەم، من وا بەکورەکەم ئەڵێم، بەڵام چۆن دەبێت ژن دەستی بچێتە مناڵێک لێی بدات، کە ئەزانی لەدایکی دوورە، من ئەزانم هەرچی بکەم بۆ ئەوکورە هەر دڵی لای دایکیەتی، ئەی بۆچی لەجێی ئەوەی لەخەمی دووری دایکی رزگاری بکەم، خەمی تریشی بدەمێ، خۆزگە کورد ئەوەیان نەبوایە، هەرچەند پیاوەکەی من وا نییە، هەرکات مناڵەکەی ترم کاتی ئەوەی دێت بێتە لای من، تەلەفۆن بۆ باوکی دەکات ئیزنی لێوەردەگرێت، ئەیبا دیاری و زۆرشتی بۆ ئەکرێت، وەک مناڵەکەی خۆی سەیری ئەکات، چی تەختێکی خەوی بۆ کورەکەی خۆی کریوە ئەوەشی بۆ ئەو کریوە، ئەشڵی کەس بۆیی نییە دەسکاری شتەکانی بکات، خۆی نەبێت، تا مناڵەکەی من نەیەت کەس ناتوانێ لەسەر جێگەکەشی دابنیشێ، دایم پیاوەکەم چاوی لەوەیە، ئەڵێ با کەهات دڵخۆش بێت، خۆزگە ژنەکانیش وابن”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com