
عەبدولڕەحمان مونشید: بۆ رۆژێکیش دوژمنی گەلی کورد نەبووم
کوردەکان ویژدانی مزگەوتە هەڵگەراوەکانیان کڕی بۆ شێواندنی ئارامی کەرکوک
عەرەبەکان لەکەرکوک پاڵپشتی پۆلیس و سوپا ئەکەن و بونی پێشمەرگە ئاسایش قبوڵ ناکەن
نوچەنێت . کەرکوک ناو
عەبدولڕەحمان مونشید عاسی ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لەکەرکوک دەڵێت هەندێک لەسیاسەتمەدارە مایەپوچەکان لەدەزگاکانی راگەیاندنەوە تۆمەتباری دەکەن و بەوە وێنای دەکەن دوژمنی گەلی کوردە، وتى: “نکۆڵی سەرلەبەری ئەوە دەکەم و بەرپەرچی دەدەمەوە”.
لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ (کەرکوک ناو) عەبدولڕەحمان عاسی وتى: “من بۆ رۆژێکیش دوژمنی گەلی کورد نەبووم، ئەمە تۆمەتبارکردنێکی بێ بنەماو بێ بەهایەو رازی نابم، ئامادەم لەبەردەم دادگادا رابووەستم ئەگەر بەڵگەیەک یان تۆمەتێک هەبێت پێچەوانەی ئەم قسانەم بن”.
چاوپێکەوتنەکە لەماڵی عاسی600 مەتر لەدووری پارێزگای کەرکوک و لەهۆڵی میواندارییەکەیدا کە 15 پانزە مەتر درێژە سازدرا.
لەبەردەم مەقڵییە پڕ لەئاگرییەکەیدا کە جزوەیەکی لەسەربوو بۆنی قاوەی عەرەبی لێ بەرزدەبۆوە.
ئەندامەکەی ئەنجومەنى سیاسیی عەرەبى روونیکردەوە ئەو خۆزگەى دەخواست ئەوانەى کە تازە هاتوونەتە کەرکوکەوە سیاسەتیان جیاوازتر بوایە لەسیاسەتى حکومەتەکانى پێشوو، داواى لەسیاسییە تازەکانى شارەکەش کرد پشت بەسیاسەتى لێبووردیەیی و وەلانانى روحى تۆڵەسەندنەوە ببەستن لەبەرئەوەى “گەلى کەرکوک هیچ پێشێلکاریی و کارێکى نادروستیان دژى رۆڵەکانى پێکهاتەى کورد لەشارەکەدا ئەنجام نەداوە”.
دەربارەی ئەو گۆڕانکارییانەو زیادەڕۆییانەى لەسەر دەستى رژێمى پێشوودا لەموڵکدارێتى زەویوزاردا لەشارەکە کراوە، عاسی دەڵێت ئەنجومەنەکەى لەگەڵ گەڕانەوەى مافە زەوتکراوەکاندایە بۆ هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازى، بەڵام بەیاسایی و دوور لەبەکارهێنانى هێز”.
ئاماژەى بەوەشدا بەکارهێنانى چەک بەرپەرچدانەوەیەکى پێچەوانەیی دەبێت و روونیکردەوە: “حیزبە کوردییەکان هەڵەى وایان کردووە تائێستا دەرئەنجامەکانى کاریگەرى خراپیان لەسەر ئاستى پەیوەندیی پێکهاتەکان لەگەڵ برایانى کورد هەیە”.
عاسی وایدەبینێت عەرەب دوانەکەوتوون لەچوونە ناو کارى سیاسییەوە لەکەرکوک هەرچەندە ئەوان “بێبەشکران لەبەشداریکردن و بوونە قوربانى پلانێکى داڕێژراو کە بەچەند قۆناغێک لەسەرمان جێبەجێکرا لەوانە هەڕەشەکردن و کەنارخستنمان”.
هاوکات عاسی وتى: “بەکارهێنانی ئایین بەفەتواى حساب بۆکراو کە رێنماییان دەردەکردو داوایان دەکرد عەرەبەکان بایکۆتى هەڵبژاردن بکەن، بەپاساوی ئەوەى بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکاندا هەڵگەڕانەوەیە لەئایین و خودا” بەوتەی ئەو گرنگترین پاڵنەربووە کە یارمەتى دوورخستنەوەیانیدا لەگۆڕەپانى سیاسی.
عاسی لەدرێژەى قسەکانیدا وتى”هێزە سیاسییە کوردییەکان توانییان سەرنجەکان وا ئاراستە بکات کە عەرەبەکان هەموو تیرۆرست و داگیرکەرن بەم ئاراستەیەش کاریان لەسەر چەواشەکردنى ئەمریکییەکان کرد بۆ شێواندنى وێنەى ناوچە عەرەبییەکان”.
زیاتر قسەى کرد “کوردەکان تەنیا بەمەوە نەوەستان، بەڵکو لەم ناوچانەدا بەدواى دۆزینەوەى رێگاو ئامرازى ترەوە بوون کە خۆى لەکڕینى ویژدان و کۆمەکى دارایی مزگەوتە هەڵگەڕاوەکاندا دەبینییەوە کە کارى توندوتیژیان پێ ئەنجامدەدا بۆ شێواندنى ئارامى شارەکە لەپێناوى جێبەجێکردنى پیلانەکەیان بۆ بێبەشکردنى پێکهاتەى عەرەب لەبەشداریکردنى هەڵبژاردندا”.
عاسی کە تەمەن (60ساڵ)ە وتى: “هێزەکانى ئاسایشى کورد لەشارەکە مایەى قبوڵکردن نییە”. ئەو دەڵێت عەرەبەکان پاڵپشتى سوپاو پۆلیس دەکەن چونکە بوونیان دەستووریی و یاساییە، بەڵام ئەوانەى بەئاسایش و پێشمەرگە ناسراون بوونیان قبوڵ نییە.
هەروەها داوى لەحکومەتى ناوەندى کرد ئاسایش دووربخاتەوەو پاڵپشتى سوپاو پۆلیس بن، “دەزگایەکى ئەمنى نیشتیمانى دابمەزرێنێت هەموو لایەنەکانى کەرکوک بگرێتەخۆی”.
لەمیانەى قسەکانیدا ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی ئەوەشى درکاند کە سەرۆک وەزیران لەزیاتر لەبۆنەیەکدا نکوڵى لەوە کردووە کە رەزامەند بێت لەسەر بوونیان لەکەرکوک. ئەو وتى: “ئەوان هیچ بەڵگەیەکى فەرمیان نەدۆزیوەتەوە لەحکومەتەوە دەرچوبێت و رێگاى دابێت ئەوان لەناو پارێزگاکەدا کار بکەن”.
دەربارەى هەڵوێست وەرنەگرتنى ئەنجومەنى پارێزگاش لەبوونى ئاسایش عاسی واى روونکردەوە کە کورد بەخاوەندارێتى (26) کورسى لەئەنجومەندا باڵادەستن، بۆیە ئاساییە ئەنجومەن رێگە لە هەبوونیان نەگرێت.
ئەو کە یەکێکە لەو کەسانەى زۆرترین رەخنە لەبوونی ئاسایشی یەکێتی و پارتی دەگرێت لەکەرکوک، وتى: “ئەو هیچ رۆژێک بەبێ بەڵگە ئاسایشى بەوە تۆمەتبار نەکردەوە کە عەرەبیان کردۆتە ئامانج، هەمووش شاهیدى ئەو کوشتارو راگوێزانانەن کە پێى هەڵساون، بەڵگەى تەواویشمان لایە قسەکانمان بسەلمێنین، بەڵام کێشەى گەورە فراوانبوونى ململانێی نێوان دوو حیزبەکەیە (یەکێتیء پارتی)، چونکە دەرئەنجامی ململانێیکانیان گواستووەتەوە بۆ سەر هاوڵاتیان بەتایبەتیش عەرەب”.
لەبارەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاش روونیکردەوە: “عەرەب لەوە زیاتر تواناى بەرگەگرتنى نەماوە چونکە ئەوان وونء نائامادەن لەئەنجومەن و فەرمانگەکانى پارێزگاکەدا”. هەروەها وتى: “ئێمە هەڵبژاردنمان دەوێت تا نوێنەرانمان هەبێت و بوون و قەبارەى راستەقینەى خۆیان لەشارەکەدا بسەلمێنن”.
دەربارەى تۆمەتەکانى هەندێک کەس لەسەر سەرکردە عەرەبەکان و بەتایبەتیش خودی عەبدولڕەحمان عاسی لەوەرگرتنى پارە لەپارتە کوردییەکان بۆ بەگەڕخستنى چالاکییە سیاسییەکانیان، عاسی وتى: “حەمد بۆ خودا من پارەدارم و پێویستیم بە بەرماوەى حیزبەکان نییە”.
یاسین سەبعاوی ـ کەرکوک ناو
ا.ج/ ش ـ خ