
ئاماژەیەکی وەفا بۆ لاپەرەیەکی تەمەنم
صلاح الدين محمد بهاء الدين
ئازیزان .. سڵاوی خواتان لەسەر بێ .
ئێستا کە تەمەنم لە ٦٢ ساڵدایە و لە ھەموو پۆست و کارێکی فەرمیدا نیم , دەمەوێ بە کورتی و خێرا ئاماژە بکەم بۆ ئەوەی چۆن و چی لەبواری خێزانی و شەخصیدا ھاوکارم بوون لە ژیانمدا بۆ گەیشتن بە ئامانج و کەناری ئاسودەیی و سەرکەوتن ..
لە قۆناغی منداڵی و پێش ھاوسەرگیریدا :
پەروەردەی خانەوادەیی خۆم کە لە ماڵی مەلایەکی ناودار و بنەماڵەیەکی ناسراوو خانەوادەیەکی ھاوسەنگ و تەبای ناو باوک و دایک گەورە بووم , سوپاس بۆ خوا کە ھەمیشە گیانی تەبایی و خۆشەویستی و بەخشندەیی و خزمەت و بڕوا بە خۆ بوون و تەوازوع و دوری لە گوناح و ھاورێی خراپ و فیعلی خراپ باڵی کێشابوو بەسەر خانەوادەکەماندا , کە ئەمە لە کەسایەتی بەھێز و بەخشندەیی باوکمدا , ھەروەھا خواناسی و سالاری و گەورەیی دایکمدا , رەنگی دابویەوە , ھەمیشە خەمەکانیان گەورە بوون و , لە بازنەی خەمی رەوشت بەرزی و کەڵک گەیاندن بە خەڵک و خزمەت بە خەڵکدا بوو .
لەبەر ئەوە لە بواری پەروەردەیی سلوکی و ڕەوشتەوە زۆر ماندو نەبووم بە پەروەردەی ئیکتسابی خۆمەوە , بۆ نمونە بە فەزڵی خواوە ھەرگیز لە ژیانمدا جگەرەم نەکێشاوە , یان لە ھەموو ژیانمدا جنێوم نەزانیوە و جنێوم بە دەمدا نەھاتووە و ھاورێی خراپم نەبووە , لە درێژایی تەمەنمدا چاوی خیانەتم بۆ ھیچ ئافرەتێک نەخستووە و تەنیا پیتێکم لە ژیانمدا لەو بارەوە نەوتووە لەگەڵ ھیچ بەرانبەرێکی نامەحرەمدا .. لەژیانمدا حەزم لەبێ فیزی بووە و ھەرگیز قاچم لەسەر قاچ دانەناوە ، بەردەوام لەسەر حەڵاڵ خواردن و حەڵاڵ وتن و شەرع ڕەوی پەروەردە بووم ، لە ژیانمدا توشی ھیچ خوو , کارێکی حەرام نەبووم و , لەسەرەتای منداڵیەوە نوێژ و رۆژو فەرزەکانم بەجێ ھێناوە ( و الفصل للە اولا و اخرا) ..
مەبەست ئەوەیە کاتم بە تەرک کردنی شتی خراپ و گۆڕینەوەی بە فێربونی شتی باش زۆر نەڕۆیشتووە , و کاتم بۆ گەڕاوەتەوە بۆ شتی تر , بۆیە پەروەردەی خانەوادەیی بۆ مرۆڤ جگە لەوەی بایەخی ڕەسەنایەتی و مەحکەمی ھەیە , کات و جوھدیش پاشەکەوت ئەکات بۆ بواری تری ژیان .. ( رب ارحمھما کما ربیانی صغیرا ) .
– پاش پێکھێنانی خێزان و ژیانی ھاوسەرگیری :
دایکی ئوسامە ( شەوجوان خان) کە لە ساڵی ١٩٧٥ دا ھاوسەرگیریمان کردو خێزانمان پێک ھێنا , نھێنییەکی گەورەی تری ژیانمە تا ئێستا کە ٣٧ ساڵە پێکەوەین ، گەورەترین ھاوکار وپشتیوان و ھاوسەنگەرم ئەو بووە , خوای گەورە جەزای بداتەوە , لە بون و نەبون , لە ئاوارەیی و دەربەردەری , لە خۆشی و ناخۆشی پشتی گرتووم , نەک بچوکترین سەرقاڵی و گرفتی بۆ دروست نەکردووم بەڵکو گرفتەکانی بۆ بچوک کردومەتەوە , ھەمیشە دڵی داومەتەوە و , نمونەی ( لتسکنوا الیھا ) بووە , بە مانگ و چەند مانگ ماڵم بەسەریەوە بەجێ ھێشتووە , لە ئاوارەییدا بەردەوام ماڵمان کراوە بووە بۆ میوان و دۆستان .
پێنج کچ و دوو کوڕمان ھەیە کە زۆرترین خەمیان بەسەر دایکیانەوە بووە , تا ئێستایش خۆی خواردن و خزمەتی ماڵ ئەکات , بەڵکو خۆی ئەچێـت بۆ بازاڕ و شت و مەک ئەکڕێت بۆ ڕۆژانەی ماڵ ، ھەمیشە دوور بووە لە چاولێگەری و راکەراکەی مودیلات ، لەگەڵ ئەوەی نەوەی شێخ حسام الدینی نەقشبەندییە و بنەماڵەیان ناسراوە , بەڵام نەک فیز و لوت بەرزی بەسەر کەسدا ناکات , بەڵکو ھیچ کات خۆی ھەڵنەکێشاوە , نەبەبنەماڵەی باوکی و نە بەخێزانی ئەمینداریی وماڵی خەزورانیەوە , مناڵەکانی لەسەر پاکی و تەوازوع و شوکرانەی خوا و ڕەوشتی جوان پەروەردە کردووە .
مناڵەکانیشمان بە کوڕ و کچەوە بەیەکسانی خۆشەویستمانن , ریز لە یەکترگرتن وخوشەویستی وئازادی بیرورا باڵادەستە لەماڵماندا ، کوڕەکانمان و کچەکانمان و ھاوسەرەکانیشیان حەزیان لە خزمەتکاری و سوودبەخشینە و خاوەنی خەسڵەتی بێ فیزی و بڕوا بە خۆبونن , و عوقدەی خۆ بەزلزانی و شعور بە کەمییان نیە و کەس ھەستی نەکردووە کە مناڵی کێن ..
ئەم خێزانەی ئێمە بەو شێوەیەی وەسفم کرد , ھەمیشە باوەشێکی گەرم بووە بۆم و نیعمەتەکانی ( لتسکنوا الیھا و جعل بینکم مودە و رحمە ) , ( المرءة الصالحە ) , ( الذریە الصالحە ) لای ئێمە بە فەزڵی خواوە بوونی ھەیە و خۆشەویستی و تەبایی زاڵە بەسەر ژیانی خێزانیماندا .
ئەم دوو لایەنەی کە باسم کرد بونەتە پشتیوان و پاشخانی کەسایەتی من و ھەردوکیشیان لە فەزڵی خوایە و دەستی خۆمی تێدا نیە , بۆیە وەک باسی نیعمەتی خوا و وەک شوکرانەی خوا باسی ئەکەم .
بەئومیدی ئەوەی جێگای سودی ئێوەی بەرێزیش بێ.
رَبِّ أَوْزِعْنِي أَنْ أَشْكُرَ نِعْمَتَكَ الَّتِي أَنْعَمْتَ عَلَيَّ وَعَلَى وَالِدَيَّ وَأَنْ أَعْمَلَ صَالِحًا تَرْضَاهُ وَأَصْلِحْ لِي فِي ذُرِّيَّتِي إِنِّي تُبْتُ إِلَيْكَ وَإِنِّي مِنَ الْمُسْلِمِينَ – 65 / الاحقاف