
عارف قوربانی، قوربانی کێشەکانی نێوان بەرهەم ساڵح و نەجمەدین کەریم بوو یان هەڵوێستی نەتەوەیی
چاودێرێک
ماوەیەکە راگەیاندنەکان و بەشێک لەسیاسیەکان خۆیان مەشغولی ئەوە کردووە، کە گوایە بڕیاری دەرکردنی عارف قوربانی لەیەکێتی لەلایەن تاڵەبانییەوە، بەهۆی هەڵوێستی نەتەوەیی ئەو نوسەرە بووە، بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیەش تەنها بۆ بزرکردنی ئەسڵی کێشەیەکە، کە لەمێژە لەنێوان خاوەنی دەزگاکەی عارف قوربانی و د. نەجمەدین کەریمدا هەیە.
کێشەی د. نەجمەدین پارێزگاری کەرکوک و د. بەرهەم ساڵح جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، کێشەیەکی لەمێژینەیە، بۆیە لەیەکەم کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەکاتی باسکردن لە رادەستکردنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی، تەنها کەسێک لەسەرکردایەتی ئەو حزبە دژایەتی مانەوەی، د.بەرهەمی کرد، د. نەجمەدین کەریم بوو، هەر ئەوکاتیش پەیجەکانی نزیک لەبەرهەم ساڵح و ئەو پەیجانی کە لەلایەن گەنجانی ئەو حزبەوە سەرپەرشتی دەکرێت، هێرشی توندیان کردە سەر نەجمەدین کەریم و رایانگەیاند”د. نەجمەدین خۆی پێش دکتۆر بەرهەم کاندید بوو، بۆ سەرۆکایەتی حکومەت، بۆیە ووتی دکتۆر بەرهەم نابێت ببێتەوە سەرۆک حکومەت و دەبێت بدرێتەوە پارتی”،. ئەم کێشەیە هەتاکو ئەمرۆش بەردەوامی هەیە، ئەگەر سەیری ماڵپەڕی دەزگای خەندان بکەیت و بەسەرجەم ئەرشیفەکەشیدا بگەڕێی، تەنها کەسێک کە ساسنۆری هەواڵ و چالاکییەکانیان کردووە، مەگەر بۆ رێ بزرکردن نەبێت، نەجمەدین کەریمە. لەو ماڵپەڕە تاکە هەواڵێکیت بەرچاو ناکەوێت، ئەو هەواڵانە نەبێت کە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەبەرژەوەندی پارێزگاری کەرکوکدا نییە.
ماڵپەری خەندانیش ماڵپەڕی دەزگای خەندانە، کە عارف قوربانی سەرۆکیەتی و خاوەنی دەزگاکەش، خودی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵحە، بۆیە بەگشتی و بەشێوەیەکی هۆشیارانە لەوڕێیەوە درێژە بەشەڕی نێوان نەجمەدین و ساڵح دەدرێت، تەنانەت خودی قوربانیش جارو بار وتارەکانی دژی بەرپرسانی کورد لەو شارە، لە راگەیاندنەکانی تر وەشان دەکات، کە ئەنجام لەخزمەتی لایەنەکەی خۆیەتی لەجەنگەکە.
ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی، د. نەجمەدین کەریم بێ هەڵوێست و بێدەنگ نەبێت و سکاڵای خۆی بگەیەنێتە لای تاڵەبانی و تاڵەبانیش بگاتە ئەو بریارەی کە قوربانی لە کارەکەی دوور بخاتەوە.
بێ دەنگی بەرهەم ساڵح، کە نەک وەک خاوەن دەزگاکەی عارف قوربانی مامەڵەی لەگەڵ دەکات. بەڵکو وەک برا و هاوڕێ وان، لەبەر یەک هۆکار بووە، ئەویش دوور خستنەوەی قوربانییە لە سانسۆرەکانی حزبەکەی لە کارەکانی و ئامادەکردنە بۆ ئەوەی لەکاتی دامەزراندنی ئەو دەزگای کە باس دەکرێت، لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە، قوربانی دەسکراوەتر بێت، بۆ ئەوەی کە دەبێت ئەوان بیڵێن و بیکەن، تەنانەت بەرانبەر ئەو کەسانەش کە لەناو یەکێتی مەبەستیانە.
خۆ ئەگەر دڵنیانەبوون لەوەی دەتوانن، کە قوربانی دەتوانێ ئەو دەستکراوەیە بێ کە دەیانەوێ و یەکێتی رێگری لەوە کرد، یان دڵنیابوو رێگری لەوە دەکرێت، دوور نییە قوربانی بەرەو مەنزڵێکی تر بڕوات، و لەوێوە بۆردوومانەکانی ئاراستە بکات، چونکە قوربانی و بەرهەم، توانیویانە خاڵی لاوازی یەکێتی بدۆزنەوە بۆ هێرشکردن، کە ئەویش لاوازی پرسی نەتەوەییە لەلایان.
بەڵام، لەهەموو سەیرتر تێکەوتنی حزبی بەرانبەرە بەم گەمەیە، کە لەلایەن کەسێکی دیاری حزبی بەرانبەر هەر لەسەرەتای بریارەکەی تاڵەبانی، بێ خوێندنەوەی هۆکارو وردەکارییەکان، بانگهێشتی قوربانی کرد بۆ ناو حزبەکەی، بێ ئاگا لەوەی کە هەرگیز یەکێتی لەسەر وەها وتارێک کەس لەخۆی دوورناخاتەوە، بەبەڵگەی ئەوەی کە وێڕای هەبوونی رێکەوتنی ستراتیژی لەنێوان پارتی و یەکێتی، چەندین بەرپرسی ئەو حزبە هێرشی زۆر توندیان کردووتە سەر پارتی، کە دیارترینیان، حەملەی پەڕلەمانتارەکانی بوو بۆ دژایەتی وتارەکەی بارزانی، یان دژایەتی پەڕلەمانتارەکانی یەکێتی بوو، بۆ کاندیدی پارتی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە کاتی متمانە پێدانی و دواتریش، بەڵام یەکێتی ئەوەی وەک ئازادی کەسی ناوبردو هیچ کەسیشی نەک دوور نەخستەوە بەڵکو بێ دەنگیشی نەکردن.
ئەمە راو خوێندنەوەی منە، بەڵام بەمانای ئەوە نییە، کە لەهەڵوێست و بابەتەکانی عارف قوربانی کەمبکرێتەوە، بەڵکو قوربانی هەندێ کات لەجێی خۆیدا راو سەرەنج و بابەتی خۆی هەبووە، جیا لەوەی چەندین کتێبی چاپکراوی هەیەو خزمەتی زۆری بە پرسی ئەنفالیش کردووە، کە ئەوەش وا دەکات شایەنی رێزبێت.