رێبوار رەشید خاوەنی گەورەترین پرۆژەی فەرهەنگی سویدی کوردی، بۆچی پرۆژەکەی نەبردەوە کوردستان؟؟

0

رێبوار رەشید خاوەنی گەورەترین پرۆژەی فەرهەنگی سویدی کوردی، بۆچی پرۆژەکەی نەبردەوە کوردستان؟؟

داواکاری وەها پرۆژەیەکم دایە حکومەتی کوردستان ئامادەبووم خۆبەخشانە کار بکەم هەر وەڵامیشیان نەدامەوە

ئێستایش نەمزانی لەبەرچی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەیلی بۆ پرۆژەیەکی وا گەورە نەبوو

ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتن وەکو عەرەب و فارس و تورک و لەسویدن داواکاریی زۆرتریان لە دەوڵەتی سوید هەیە، وەک لە مرۆڤی کورد کە بێ دەوڵەتە

هەتا سەنسۆری ئایینیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بە تەواویی لە سەر تاک و گرووپی کۆمەڵگا تووڕ نەدەین، زمان ناتوانێت پێش بکەوێت

ئەو کوردانەی کە لە سوێدن دوو جۆرن، یان ئەوەتا لە زۆ بواردا هەن و فریای ئەوە ناکەون داوای فەرهەنگی باشتری کوردیی و پێشخستنی بکەن، یان هەر زۆر ناسیاسیین و هەر بۆ ئەوە هاتوون لێرە بژین و گوێ بە شتی دیکە نادەن

رزگار رەزا چوچانی

نوچەنێت گۆڤاری سڤیل

بەشی یەکەم

سوید یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆر گرنگی بە فەرهەنگ “قاموس” دەدات لە سویدییەوە بۆ هەموو زمانەکانی دنیا. رێبوار رەشید وەک کوردێک لە سوید گەورەترین فەرهەنگی سویدی کوردی دروستکردووە، ئێستا زۆرێک لەکوردەکانی وڵاتی سوید کەڵک لەم فەرهەنگە وەردەگرن، بۆ خوێندن و کاری خۆیان، جیا لەوە وەک کارمەندێک لە دائیرەی کاری سوید کار دەکات، لە دیمانەیەکی گۆڤاری سڤیل لە پێویستی دروستکردنی وەها فەرهەنگێک بۆ کوردستان ئەدوێت و رایدەگەنێت ئەگەرچی ئامادەبووە خۆ بەخش ئەو کارە بکات لەکوردستان، بەڵام حکومەتی کوردستان هاوکار نەبووە، لەباری چۆنیەتی کارو بەکارخستنی بێکارەکان لەسوید ئەدوێت، پێی وایە ئەو شێوازە دامەزراندنەی لەکوردستان هەیە، شێوازی وڵاتەدواکەوتووەکانە. بەشی یەکەمی ئەم دیمانەیە تایبەتە بە پرۆژەی فەرهەنگی زمان و بەشی دووەم تایبەتە بە دائیرەی کار و دۆزینەوەی کار و دامەزراندن لەسوید بەبەراورد بە کوردستان.

رزگار رەزا چوچانی: لە سوید کاری نوسین و ئامادەکردنی فەرهەنگێکی گەورەی کوردی سویدیتان کردووە، مەبەست لەم کارە تەنها دروستکردنی کار بوو؟ یان مەبەستێکی تایبەت تر هەبوو؟

رێبوار رەشید: نا، من بۆ خۆم کارم هەبوو و وەکو کارمەند کارم دەکرد. واتە ئەو فەرهەنگەم دروست بکردایە یان نا من هەر مووچەی خۆم وەردەگرت. هیچ پارەیەکی لابەلاییشم دەست نەکەوتووە، چونکە ئەو بەرهەمە بە ڕەسمیی کار وبەرهەمی دەوڵەتە و دەوڵەت خەرجی کێشاوە. کاتێکیش دەفرۆشرێتەوە پارەکەی دەچێتەوە ناو خەزێنەی ئەو کەرتەی بەرپرسیاری بەرهەمەکەیە، کە ئێستا دامێکە بە سوێدیی پێی دەگوترێت ”Språkrådet“.

رزگار رەزا چوچانی: لە سوید گرنگییەکی زۆر بە فەرهەنگ “قاموس”  دەدرێت و لەلایەن حکومەتەوە خەرجی زۆری بۆ دەکرێت، ئەم کارە چی گرنگییەکی بۆ حکومەتی ئەم وڵاتە تیایەو بۆ وا بەگرنگییەوە لێی دەڕوانێت؟، کورتر چی خزمەتێک بەسوید دەکات؟.

رێبوار رەشید: سوێد یەکێکە لە وڵاتە پیشەسازییە گەورەکانی جیهان. ئەمە گەلێک مانای هەیە. یەکێک لەوانە توانای پێشکەوتنی زمانە. لە ئاستی نزمدا عادەتەن زمان بەو چەند سەد وشەیە دادەنرێت کە ڕەنگە لە خەرمانێکی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ وشەیی زیاتر نەبێت. واتە ئەو زمانەی کە بە گشتیی کاری ڕۆژانەی پێ بەڕێوەدەبردرێت. لە کۆمەڵگای پێشکەوتوودا مرۆڤ پێویستی بە زمان لە سەر بواری جیاواز و لە سەر ئاستی جیاواز هەیە. زمانی ئابووریی و سیاسەت و فەلسەفە و هتاد، هەروەها زمانی چینایەتیی و ژنانە و پیاوانە و دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات.

لە وڵاتی وەکو سوێد لەبەرئەوەی هۆشیاریی چینایەتیی و سیاسیی زۆر بڵندە، ئەوا هەستی پێویستبوون بە خزمەتکردنی زمانیش بڵندە. هەموو تاکەکەسێک لەو ئازادیە فەراهەمکراوەی کە هەیە هەلی بۆ دەڕەخسێت ئازاد بدوێت، و کاتێک مرۆڤ ئازاد دوا پێویست بەوە ناکات خۆی سەنسۆر بکات. کاتێک زمان سەنسۆری ئایینیی و سیاسیی لە سەر نەبێت، پێش دەکەوێت. هەر بەو شێوەیە نووسەران و ڕۆژنامەوانان و بنکەکانی پەروەردە و هتاد دەتوانن لەو فەزا ئازادەدا کە هەیە زمان پێش بخەن و خۆیان لە چوارچێوەی قەتیسکراودا ناهێڵنەوە.

بەو شێوەیە حکومەت ناچار دەبێت بودجەی تایبەتیی بۆ خزمەت بە زمان تەرخان بکات. لە سوێد بێجگە لە ئینستیتوتەکانی خوێندن و پەروەردە بنکەی وەکو ”Språkrådet“ هەیە کە خەریکی کاروباری ڕوونکردنەوە و پێشخستنی زمانە. یاخود بنکەی فەرهەنگی نەتەوەیی سوێد وەکو فەرهەنگی ئەکادیمیی سوێد Svenska Akademiens ordbok “ و بە دەیان شێوەی دیکە لە بنکەی وا گەورە هەیە، کە بۆ نموونە ”فەرهەنگی ئەکادیمیی سوێد“ دەگاتە نیزیکەی نیو ملیۆن وشە. ئەمە کارێکی شایانباسە بۆ زمانی نەتەوەیەکی ٩ ملوێن کەس.

لێرە لەو ئاستە پێشکەوتووەدا کە سوێد تێیدایە دەزانن کە زمان بناخەی پێشکەوتنی مرۆڤە. بە هۆی زمانەوەیە کە مرۆڤ بە هەموو شێوە جیاوازەکانیەوە دەتوانن پێکەوە بئاخافن و لەیەک حاڵی ببن و لە پێشکەوتندا بن، ئەمە نەک هەر لە خودی سنووری وڵاتێکدا بەڵکو لە نێوان تەواوی مرۆڤەکانی جیهانیشدا هەر وایە.

رزگار رەزا چوچانی: ئەی وەها کارێک بۆ لەکوردستان چەند گرنگە؟، بەرای تۆ تاچەند بیری لێکراوەتەوە؟ ئەگەر بیری لێ کراوەتەوە چی دەبینی کرابێت؟ ئەگەر بیری نەکراوەتەوە بۆچی؟.

رێبوار رەشید: کارێکی وا لە کوردستانیش هەر زۆر گرینگە. ڕاستیەکەی خزمەت بە زمان لە کوردستان زۆر گرینگە، چون ساڵەهایەک نەک هەر خزمەت نەکراوە، بەڵکو لێشی دراوە و هەوڵی تواندنەوەی دراوە.

لە کوردستان ئێمە ئەو کێشەیەمان هەیە کە داگیرکراوین، ئەمە بە زۆر مانا دێت. یەکێک لە کارەکانی داگیرکەر ئەوەیە کە هەوڵ دەدات لە درێژخایاندا نەتەوەی بندەست خاوەنی زمانی خۆی نەبێت و نەتوانێت زمانێکی پێشکەوتووی هەبێت، چون پاش کوشتنی زمان ئەو نەتەوەیە هەرگیز ناتوانێت خۆی دەرببڕێت. نەتەوەی داگیرکراو کە ناتوانێت خزمەتی زمانی خۆی بکات، وەکو بەندێک وایە کە بۆی نییە دەم بکاتەوە و بئاخفێت. ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ نەتەوە داگیرکراو بەکارهێنانی زمانی نەتەوەی سەردەستە کە لە درێژخایاندا دەیکات بە زمانی خۆی، واتە دەکەوێتە ناو پرۆسەی تواندنەوەوە. بۆ نموونە زۆر نەتەوەی غەیرە عەرەب هەن کە نەیانتوانی زمانی خۆیان بپارێزن و زمانی قورئان کە عەرەبییە بوو بە زمانیان و ئێستا بە عەرەب دادەنرێن، هەموو باکووری ئەفەریقا و سودان و سۆمالیا نموونەی بەرچاون.

من پێموایە لە کوردستان زۆر کەس هەن، هەروەها لە سەر ئاستی سیاسییش، کە بیر لە خزمەت بە زمانی کوردیی دەکەنەوە، بەڵام کێشە زۆرن. یەکێکیان ئەوەیە کە لە ڕووی سیاسییەوە یەکگرتوویی بۆ بەستانداردکردنی زمانی کوردیی نییە، حیزبێک دەنووسێت ژن و یەکێکی دیکە دەنووسێت ئافرەت. دابەشکردنە سیاسییەکە هەروەها زمانیشی گرتووەتەوە. زمان پێویستی بە هاوستراتیژیی نەتەوەیی هەیە، هەروەها ناتوانن بڕیار بدەن کە پیتی لاتینیی یان ئارامیی (ئەوی ئێستا) بچەسپێنرێت و پاشان ڕێگا بۆ بە ستانداردکردنی زمانی کوردیی بۆ نووسین بدرێت، ئەم کارە ویستێکی سیاسیی پێویستە، کە من تا ئێستا لە کوردستان نەمدیوە. دووهەمیان ئەوەیە کە لە کورددا لینگویستیک و زمانناسی بەئەژماری تێدا نییە، کە لە ڕووی نەتەوەیی و سیاسییەوە بتوانن هاوسترایژ بڕیار بدەن و ئاییندەی دوور لە بەرچاو بگرن. بۆ نموونە من سەرنجی زۆر لەو کتێبانەم داوە کە بۆ فێرکردنی زمان یان بۆ خوێندن لە باشووری کوردستان بەکار دەبردرێن. بە داخەوە ئەو کتێبانە پڕن لە هەڵەی سیستەماتیک. ستانداریزەکردن نابینرێت، هەمان وشە لە شوێنی جیاوازدا بە تەواوی بە شێوەی جیاواز دەنووسرێت و ڕستەکانیش بە هەمان شێوە هەر یەکەی بە شێوەی خۆی ڕستەیەک دادەرێژێت. لە تەلەڤیزیۆن و لە ژێرنووسی فیلمەکان و شوێنی دیکەیش ئەمە دەبینرێت. ئەم هەڵەیە کە بەشێکی کەمترخەمییە، زۆر ترسناکە ئەگەرچی چارەسەری هەر زۆر هاسانە.

بەو شێوەیە ئێمە لە باشووری ئازاددا هێشتا خاوەنی ڕێنووسێکی ستاندەرد نیین. من کەسم بینیووە کە لە رووانگەی ”پیرۆزیی“ قورئانەوە لە زمانی کوردی ڕووانیووە، نەک لە ڕووانگەی پێویستیی نەتەوەییەوە بۆ زمان.

دیارە کە ماسمیدیای کوردیی کۆبوونەوە و هاوکاریی و دیالۆگ لە سەر زمان ناکەن، بەرنامەی تەلەڤیزیۆنیی دەبینیت وردیەکی زۆر باشی ستاندارد بەکار دەبات و یەکێکی دیکە کە بە ئارەزووی خۆی ئاوەڵناو و ئاوەڵکردار و کردار و ڕاناو لەمسەر بۆ ئەو سەر فڕێ دەدات. بەرنامەکانی رادیۆش بە داخەوە بە هەمان شێوەن.

لەوەدا دەردەکەوێت کە هەندێک جار یان زۆر جار بۆ نموونە توانای زمان (یان خەسڵەتی دیکە) نییە کە کەسێک دەخرێتە سەر کار و فەرمانێک و ئەرکێکی پێ دەسپێرێت، بەڵکو سەر بە حیزببوون و سەر بە پلەیەکی دەسەڵاتە ئەو کارە دەکات. لەوێدا زمان، هەروەکو زۆر شتی دیکە، دەبێت بە قوربانیی.

سێهەمیان دەتوانێت خودی ڕادەی پێنەگەیشتنی ئێمەی کورد بێت لە بواری جیاوازدا، هەتا موزیک پێشنەکەوێت، هەتا تەکنیک و زانستە جۆراوجۆرەکانی دیکە پێشنەکەون چۆن دەتوانین زمانی ئەو بوارانەمان هەبێت؟ هەتا سەنسۆری ئایینیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بە تەواویی لە سەر تاک و گرووپی کۆمەڵگا تووڕ نەدەین، زمان ناتوانێت پێش بکەوێت، بە ڕای من کێشەکان فرەن.

رزگار رەزا چوچانی: تۆ ئامادە بویت لەسوید ئەم کارە بکەیت، چۆنە بیرت لە کارو پرۆژەیەکی وا نەکردۆتەوە بۆ کوردستان و لەوێ بیکەیت، کە ئەوەنە گرنگە لات؟.

رێبوار رەشید: من لە سوێد لە بنکەی کاروباری خوێندن کە بە سوێدیی پێی دەڵێن ”سکولڤیرکێت Skolverket“ فەرمانبەر بووم، ئەم باسە دوورودرێژە. لە سەرەتادا فەرهەنگی لێکسین بڕیارێکی پارلەمان بوو، بۆ خزمەتکردنی زمانەکانی بێگانە بوو کە لە سوێد هەن، بۆ ئەوەی بێگانەکان زووتر فێری سوێدیی ببن، لەو بەرنامەیەدا لە سەرەتادا فەرهەنگێکی ٥ هەزار وشەیی هەبوو کە کوردیشی تێدا بوو. لە پێشخستنەکەیدا کاتێک گەورە کرا، زمانی کوردیی، نە کرمانجیی خواروو و نە ژوورووی، تێدا نەبوو. پاش هەوڵێکی زۆر من ئەو کارەم ئەنجام دا، بە داخەوە ئەو کوردانەیەش کە لە سوێد هەن دوو جۆرن، یان ئەوەتا هەر زۆر چالاکن و لە زۆرێک لە بوارەکاندا هەن و فریای ئەوە ناکەون لە هەموو شوێنێک هەبن، کە دیارە خەتای خۆیان نییە، بۆ نموونە داوای فەرهەنگی باشتری کوردیی و پێشخستنی بکەن، یان هەر زۆر ناسیاسیین و هەر بۆ ئەوە هاتوون لێرە بژین و گوێ بە شتی دیکە نادەن.

مرۆڤ کاتێک وەکو فەرمانبەر لێرە کاری کرد، دەزانێت کە ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتن وەکو عەرەب و فارس و تورک داواکاریی زۆرتریان لە دەوڵەتی سوید هەیە، وەک لە مرۆڤی کورد کە بێ دەوڵەتە. بۆ نموونە داوای فەرهەنگی خۆیان و وەرگێر دەکەن و بەدوایدا دەچن و کۆڵ نادەن، بەڵام زۆرێک لە کوردەکان دەڵێن ”ئێمە فارسیی و عەرەبیی و تورکیی حاڵی دەبین“. ناڕاستەوخۆ ئەوە بەو مانایە دێت، یان سوێد وای لێ تێ دەگات، کە ئیتر کورد پێویستی بە فەرهەنگێکی تایبەتی بە زمانی کوردیی یان بە وەرگێڕی کوردیی نییە.

سوێد ئەمەی پێ ناخۆش نییە، چون ئیتر پێویست ناکات پارە بۆ خزمەتی فەرهەنگ و وەرگێڕی کوردیی خەرج بکات. کەواتە بۆ نا، با کوردەکان لە ڕێگای ئەو زمانانەی دیکەوە خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت.

لە ڕاستییشدا ژمارەی ئەو کوردانەی کە بە ڕاستیی زمانی عەرەبیی و فارسیی و تورکیی تێ دەگەن کەمن و زۆر نیین، چون زمان وەکو دەریایەکە و مەحاڵە تاکەکەسی نەتەوەی بندەست، بێ لە ژمارەیەکی کەمی بەرچاو نەبێت، بتوانێت زمانی داگیرکەر بە باشیی بزانێت. هەندێک کەس هەن وا دەزانن کە ئەگەر چەند سەد وشەیەکی زمانێک دەزانن، ئیتر زمانزانن.

سەبارەت بەوەی کە هەوڵم دابێت لە کوردستانیش کارێکی وا بکرێت، بەڵێ کردوومە. من لە ڕێگای نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە سوێد بە مێژووی ٢٥/٣/٢٠٠٤ نامەیەکم بۆ پارلەمانی کوردستان بەڕێ کرد، کە هەر وەڵامیشی نەبوو، ئەڵبەت دۆخی ئەو کاتەی کوردستان ئاسایی نەبوو، کوردستان گۆڕەپانێک بوو بۆ ساختە و بەڵگەنامەی درۆزنە و شێوەکانی ساختەچێتی و شتی لەو جۆرە، هەروەها چەندین جار لە ڕێگای هەمان نوێنەرایەتیەوە لە سەر جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە لە کوردستان قسەم کردووە، کە نە هەر بە تەنها زمانی کوردیی بەڵکو زمانەکانی دیکەیش بگرێتە خۆی و بێ لە مەسرەفی ئاسایی کە لەوێ لە سەر کوردستان بکەوێت، هیچ خەرجیەکی دیکە هەڵنەگرێت، لە هەموو ئەو دانیشتنانەدا من دووپاتم کردووەتەوە کە چاوەڕێی پارە و مووچە وەرگرتن نییم و تەنها وەکو کوردستانییەک دەمەوێت لەو پرۆسەیەدا ئەو کارە ئەنجام بدەم، من دڵنیام کە لە کوردستان دەزانن کە من یەکێکم لەوانەی بە دەیان کاری دیکەم کردووە کە لە سەداسەد خۆبەخشانە و دڵخوازانە بووە.

لە ڕۆژی ١٠/٤/٢٠٠٧ کە ڕۆژی ئاهەنگی ڕاگەیاندنی فەرهەنگەکە بوو نێزیکەی ١٢٠ میوان بەشدار بوون، لەوانە بەڕێز ئەو کاتە سەفیری ئێراق کاک ئەحمەد بامەڕنیی و هاوسەرەکەی و هەروەها بەڕێز ئەو کاتە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند کەسێکی دیکە لە ستافی ئەوێ، لە تەواوی بۆنەکەدا بەشدار بوون. مەبەستم ئەوەیە ئەم کارە شتێک نەبووە نهێنی بووبێت، یان لەبەرچاو نەبووبێت، بەڵکو لە ئاستی بڵنددا لەبەر چاو بوو. بە داخەوە ئێستایش نەمزانی لەبەرچی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەیلی بۆ پرۆژەیەکی وا گەورەی خۆڕایی نەبوو، ئەڵبەت تازە ئەو دەرفەتە لە دەست چوو، چون ئێستا من لەو بنکەیە کار ناکەم و پرۆژەی لێکسینیش تەسلیم بە بنکەی”Språkrådet“ کراوە.

رزگار رەزا چوچانی: بەپێی قسەکانت کارکردن بۆ ئەو بەمەبەستە خانەی، دارشتنی بنەماکانی دەوڵەتداری، ئایا ئەبێت بڵێین نەهاتن بەدەم ئەو داوای تۆ خەمنەخواردنە لە بنەماکانی دەوڵەتداری. لەکوردستان؟.

رێبوار رەشید: نا، ئەو وەڵامە زیدەڕۆیی تێدایە، بەڵام هەمیشە کەس هەن کە شایەد دڵسۆز نەبن، شایەد بە شتی دیکەوە مەشغوڵ بن، یان شایەد پێیان وا بێت شتی دیکە هەن کە دەبێت زووتر بکرێن و بەو شێوەیە، لە حاڵەتی فەرهەنگەکەدا هیچ لە سەر کورد، بە خۆی و حکومەتیەوە، نەدەکەوت.

 رزگار رەزا چوچانی: تۆ ئامادەبوویت بچیتەوە کوردستان ئەو کارە بکەی بە خۆ بەخش. حکومەت وەڵامی نەدایتەوە، ئەگەر ئێستا حکومەت ئەم کارەی تۆ بکات کە تۆ دەڵێی ئێستا بەتۆ ناکرێ، چەند کات و خەرجی دەوێت؟.

رێبوار رەشید: پێویستیشی بەوە نەبوو من بچمەوە کوردستان، هەر کاتێک سەفەری پێویست بووایە، هەر خۆم دەمکرد، بۆ ئەو پرۆژەیە بە زمانی جیاواز هەر ئەو خەرجیەی دەویست کە لەوێ لە شێوەی کاری ئاسایی و کۆمپیوتەر و سێرڤەر و شتی وادا پێویست بوو، پێموانییە بگاتە هیچی وای شایانباس.

نازانم ئێستا کێ ئەوە دەکات و کێ پێ دەکرێت و ئەو لایەنە ئەو زانست و بەرهەمە بە چەند دەفرۆشێتەوە، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەک لەو بارەوە نییە، بەڵام هەموو زانست و پیشەفێربوونێک بێگومان بە پارەیە و بە پارە دەفرۆشرێتەوە، لە دونیای پیشەسازییدا هیچ شتێک بە خۆڕایی نییە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com