مالیکی لە کەرکوکی ئارام کۆبوەوە، سەرکردایەتی کورد لە هەولێری نا ئارام
کورد و هیچ
رزگار رەزا چوچانی
ئەمرۆ مالیکی لەگەڵ برا وەزیرەکانی، لەکەرکوک و لەجەوێکی ئارام کۆ بونەوە، تەئکیدی لە عێراقی بوونی کەرکوک کردەوە، رایگەیاند کە ئێرە عێراقێکی بچووکە و هەرواش دەمێنێتەوە.
هەر ئەمرۆ سەرکردایەتی کوردیش لە مەکتەبی پەیوەندییە نیشتیمانییەکانی پارتی، لە هەولێری نا ئارام و لە جەوێکی نا ئارام کۆبونەوە، تەئکیدیان لە ئارامکردنەوەی دۆخی هەولێر کردەوە، گومانیان راگەیاند کە دەستێکی دەرەکی یان تێکدەر لەپشتی نا ئارامییەکانی هەولێرە، هیوایان خواست رێز لە پەڕلەمانی کوردستان بگرێت، قۆنەرە یان بەرد باران نەکرێت.
ئەمە چی دەگەیەنێت؟
جیا لەوەی کە نەخێر نابێ خۆمان خەڵەتێنین ئارامی کوردستان هەرگیز ئەو جێ شانازییە نییە کەباسی دەکەن و یەک چەقەنە بەسە بۆ تەقینەوەی دۆخەکە، جیا لەوەی کە هەتا کورد مابێت ناتوانێ لەپەنای دۆخی ئارامی خۆیەوە وەڵامی تەحەداکانی دەرەوەی بداتەوە.
لە پیرەمەگروون لای دووکان، حکومەت تاسەی دروستکردووە، خاوەن ماڵێک هاتۆتە دەرەوە لە حکومەت بەچەکەکەی هاتۆتە دەست، هەرچی پۆلیسە بەتەقە هەڵیفڕاندووەو سەرۆکی شارەوانی شارەکەشی بریندار کردووە، لە چەمچەماڵ لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی پێنج کەس دەکوژرێت، لە دێگەڵە شەش کەس دەکوژرێت،. لە دارەەتوو شەشی تر.
ئەمە چی دەگەیەنێت؟
جیا لەبێقیمەتی خوێنی مرۆڤ لەوێندەر. جیالەوەی ئەوە خەونی حوشتری و کوردو خەڵک و دنیا خەڵەتاندنە، کە لەکوردستان باسی سەروەری یاسا دەکرێت.
کوردستان بەبەرواورد بە وڵاتانی دەوروبەری وەک دەڵێن بەهەشتی ژنانە، ژن دەگاتە مافەکانی و رێز لە بەشداری و توانای دەگیرێت، حکومەت خۆی بە سەرمەشقی ئازادی ئینسان لە ناوچەکە ناو دەبات، بەڵام کابینەیەکی دوو دەرزەن وەزیری را ئەگەیەنێت، یەک ژنی تێدایە.
ئەمە چی ئەگەیەنێت؟.
جیا لە بەتاڵکردنەوەی سحری قسەو شیعاراتەکانی حکومەت لای خودی خۆیەوە.
لە فەیسبووک هەموو کورد بە ئارەزووی خۆی جنێو دەدات، قسە دەکات، شیعارات دەنوسێت، بەڵام ئەگەر بەرانبەرەکەی قسەی کرد، ئەڵێ تیرۆرستە، جاهیلە، نەزانە.
ئەمە چی دەگەیەنێت؟
جیا لە نەزاندووی عەقڵی کورد، جیا لەوەی دەیسەلمێنن ئەوە ئەو رۆحە دیکتاتۆریەتەیە لە ناخی هەرکەس گەورە دەبێت لەو وڵاتە، کە هەموو شت خۆیەتی و خەڵکی تر هیچ.
لە کوردستان زەمەنێکە رووداوو روو دەدات، کێشە دەخولقێت ئارامی دەشێوێنرێت، شار تێکدەدرێت، خەڵک دەکوژرێت، بەڵام، هەموو ئەوانە یان دەستی دەرەکی بووە یان سیناریۆی دەسەڵات.
ئەمە چی دەگەیەنێت؟.
جیا لە دەبەنگی خەڵک جیا لە بە مێگەلکردنی کۆمەڵ و بە مێگەل بوونی کۆمەڵگە. ئاخر ئەگەر لەکۆمەڵگەیەکی مێگەل ئاسا نەبێت، چۆن دەبێت دەسەڵات پاساوی هەموو شت بە دەستی دەرەوە ناو ببات خەڵک ئەشهەدووی بۆ بکات، بەرانبەرەکەی دەسەڵات، بە سیناریۆی دەسەڵاتی ناو ببات خەڵک ئەشهەدووی بۆ بڵێت.
ئاخردەسەڵات ئەوە چی نەزانینیکە، لەناخۆدا وێران بووبێ وڵاتت لەبێ بروایی بەیەک، لە تێکشکانی پیرۆزی نیشتیمان بروا بەنەتەوە، بەڵام هەرچی کاردانەوەی ئەو وێران بوون و تێكشکانەی ناوەوە بە دەستی دەرەکی ناو ببەی.
ئەوە چی دەبەنگییەکە ئۆپۆزسیۆن، رۆشنبیر، بە ئاشکرا هەموو دەرورت تەحەدات بکەن هەرەشە بۆ سەر وڵاتت بکەن، بەڵام هەموو ئەوانە بە سیناریۆی دەسەڵات ناو ببەیت و میللەتێک لە رۆحیەتی داکۆکی لەوڵاتی داماڵیت.
هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن، کە خەڵکی کورد دەبێت بڵێت بای بای ئایندەی خۆ بەڕێوەبردنی کورد، ئایندەی وجودی دەوڵەت، یان هەرێمی کوردی.