دەوڵەتی كوردی بروایە یان ریاكسیون؟
بێستون بەرواری
تایبەت بەنوچەنێت
بێگومان سەرخوەبوون و دەوڵەتی كوردی خواست و ئارەزووی ھەر كوردێكە و تا گەیشتن بەو ئامانجە پیروزە خەبات و گیانفیدایی ھەر بەردەوام دەبێت. بۆیە رزگاری كوردستان ودامەزراندنی دەوڵەتی كوردی ئارمانجی سەرەكی ھەمو شورش و راپەرینەكانی كوردان بووە، تاكو نیوەی سەدەی رابردوو، بەڵام بەداخەوە حیزبە سەرەكیەكان لەو كاتەوە دروشمە سەرەكیەكەیان لە ئۆتۆنۆمی و فیدرالیزم تێنەپەریووە..چەندین ساڵ ئۆتۆنۆمی چەندین ساڵیش ئۆتۆنۆمی راستەقینە و دەورانێكی درێژیشە بە فیدەراڵی وئێستاش فیدراڵی راستەقینە!! بەو دروشم و تاكتیكانەش بە بوچوونی من سەركردایەتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردی نەخشە رێگای ئازادكردنی كوردستانیان شێواندووە و نە لەگەڵ گەلی كورد و دۆستەكانی و نەلەگەڵ دوژمنەكان راستگۆ نەبوون و لە ئاستی نێودەوڵەتیش زیانیان بە دۆزی گەلی كورد گەیاندووە.
لەبارەی دەستھەلاتی كوردی لە باشوری كوردستان، ھەر لە دوای شۆرشی شێخ مەحمودی نەمرەوە ئارمانجە پیروزەكەی جەماوەری كوردستان بەرچاونەگیراوە و دروشمەكان زور بە ترسنۆكی بەرزكراونەوە و بە شێوەیەكی ھەلپەرستانە دروشمەكان گۆردراون. دروشمەكانی پارتی و یەكێتی و ھەڵوێستەكانیان چەندین گۆرانی بەسەرا ھاتووە و زیاتر لە ریاكسیون ئەچێت تا وەكو پلان و ستراتیج. ھەڵویستی پارتە سەرەكیەكان بە پێی بەرژەوەندی حیزبی وەردەگیرێت لە ئاستی ناوەخوودەرەكیش. سەردەمێك یەكێتی نیشتمانی باسی مافی چارەنوسی بو كورد دەكرد، پارتی دیموكراتی كوردستان پابەندی ئۆتۆنۆمی بوو، جار جار كە بەرێز بارزانی داوای دەولەتی كوردی بەرەوا دەزانێ، بەرێز مام جەلال دەوڵەتی كوردی بە خەونی شاعیران دەبینێ! سەردەمێك یەكێتی دژی بەرزكردنی ئاڵای عیراق بوو لە ناو پەرلەمانی كوردستان و پارتی داوای بەرزكردنەوەی دەكرد، دوای ماوەیەكی كەم ھەر ھەمان ئاڵا لە دەڤەرەكانی ژێر دەستھەلاتی یەكێتی بەرزكرا و لە ھەرێمی ژێر دەستھەلاتی پارتی قەدەغە كرا!
پێش بیست ساڵ ئەم پارچەی كوردستانی باشور كەوتە ژێر دەستھەڵاتی كوردی، ئەو كاتە ھەموو جیھان لە دژی رژیمی بەغدا بوو و دۆزی كوردی لە ئاستی جیھانی دا لە پلەیەكی بەرزدا بوو، كوردستان بە كردەوە ئازاد بوو، لەوكاتە سەركردایەتی كورد بیری لە سەربەخۆبوون و دەوڵەتی كوردی نەكرد. لەساڵی 2003 ھێزەكانی ئەمریكا رژیمی بەغدای روخاند و ھەمو دامودەزگا چەكدارەكانی لەناوبرد، لە كوردستان دەھسال ئەزمونی ئیداری و سەدان ھزار پێشمەرگە و ھێزی چەكدارمان ھەبوو، گەلی كورد و دۆستە راستەقینەكانی داوای راگەیاندنی دەوڵەتی كوردییان دەكرد، بەڵام سەركردایەتی پارتی و یەكێتی بەپێچەوانەوە زیاتر بە ئاوەدانكردنەوەی عیراق و ناوبژیوانی لە نێوان سوننە و شیعەوە خەریكبوون. ئەم لەشكرەی ئێستای بەغدا كە سەركردەكانمان ھۆشداری پرچەككردنیان دەدەن، ھەر ئەو سەركردانە پێشمەرگەی كوردستانیان كردە ھەوێنی دامەزراندنی یەكەمین یەكەكانی ئەو لەشكرە لە دوای روخاندنی بەدەستی ئەمریكا!! لە سالی 2005 بزوتنەوەیەك بە ناوی رێفراندووم زیاتر لە دوو ملیۆن دەنگی بۆ سەربەخۆبونی كوردستانی باشور كۆ كردەوە، سەركردایەتی كورد ئەو دەنگانەی بە فلسێكی سور نەكری.ئەو گرنگیەی سەركردایەتی پارتی و یەكێتی بە پلەو پۆستی بەغدایان داوە نیوئەوەندەی بە گرفتە چارەسازەكانی كورد و كوردستانیان نەداوە! كێشە بنەرەتیەكانی كوردستان ھەروەكو خۆیان ماون و ھەنگاوی پێویست بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی نەنراون. ئەو دو حزبە ئەندامەكانیان و جەماوەریان بەوە پەروەردە كردووە كە ئەمریكا رێگای جیابوونەوە لە عیراق نادات و كورد ستان لە ھەر چوار لاوە كەوتووتە ناو دوژمنانی دەوڵەتی كوردی و یان كوردستان سنوری ئاویی نیە و ھتد..ئەی چون لەپر رەوشێكی نوێ پەیابوو؟.
ئیستاش كە دەنگۆی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی لەلایەن سەركردایەتی كوردستانەوە دەكرێت، بە بروای من لەلایێك راكردنە لە گرفتەكانی ناوخۆی كوردستان و لەلایێكیتریش ریاكسیون و ھەڵچوونێكی كاتی و لەپرە، كە برواناكەم لە بەرژەوەندی سەربەخوویی كوردستان بێت لەم كاتەدا. چونكە دەوڵەتی كوردی دەبێ بە كۆ دەنگی داوا بكرێت و بە پشتیوانی جەماوەر و لە رێگای پەرلەمانی كوردستانەوە رابگەیەندرێت، ھەڵبەت لەدوای ئامادەگی پێویست و وەكو برواپێبوون نەك وەك ریاكسیون. ناكرێ كورد وا بیر بكا ئەگەر حكومەتی بەغدا پابەندی دەستوری عیراق بێت ئێمە بەشێكین لە عیراق ولەگەل عەرەب براین! و ئەگەر گرفتمان لەگەل بەغدا ھەبوو ئەوە لە عیراق جیادەبینەوە و دەوڵەتی كوردی رادەگەیێنین!! دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی دەبێت وەك بروا و ئامانج بە روون و ئاشكرا داوابكرێ و خەباتی بو بكرێ.
سوید 20120414
Biston.berwari@hotmail.com