
ئایا هەرێمی کوردستان دەبێتە قوربانی ململانێی تائیفی؟
ئیبراهیم مەلازادە
ماوەیەکە بارگرژیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەهەڵکشان و بگرە و بێنە دان. تا لەپڕ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێدەنگی شکاند و بەچەند ڕستەیەکی توندەوە بێسەبری خۆی لەو بارودۆخەی کە لەبەغدا دەگوزەرێت ڕاگەیاند. دەبێت چ لەبەغدا بگوزەرێت؟ مالیکی دەیەوێت بەرەو کوێ هەنگاو هەڵبگرێت، بەتایبەتیش کە سەرکێشیەکی توندی لەسەر هەردوو ئاستی سوننە عەرەبەکان و کوردەکانیش دەست پێکردووە. ئایا هەڵویستی سەرۆکی هەرێم لەسەر داوای تورکیا بوو بەهۆی هاشمی لە بەغدا و هەڵوێستە سیاسیەکانی لەدژی سوننە عەرەبەکان، یا جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان لیستی کوردستانی و دەوڵەتی قانون بوو؟
هەڵبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق و هەڵکشانی دەستەڵاتی ئێران لە عێراق، جۆرێك لە نائارامی و بێمتمانەیی هەموو هەرێمی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، بەتایبەتیش لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و قۆستنەوەی ئەو بەهارە لەلایەن ڕەوتی ئیسلامی سوننەمەزهەبی بەئایدیۆلۆژیکراوی ڕێکخراوی پشتیوانیـلێکراو لەلایەن شێخەکانی خەلیج و جەماوەری عەرەبەوە. ئەوەی کە لە دیسێمبەری ٢٠٠٤ دا شای ئەردەن لە سەردانێکیدا بۆ واشەنتن ڕایگەیاند و گوتی؛ بەهاتنی حکومەتێکی شیعە مەزهەب بۆ عێراق و هاوکاریکردنی لەگەڵ تاران و دیمەشق و درێژبوونەوەی بۆ لوبنان و دروستبوونی “هیلالی شیعی”، بۆی هەیە ببێتە هۆی ناسەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر حیسابی سوننەکان*. دەکرێت ئەم ڕاگەیاندنە هەم وەکو گوزەرێک و هەمیش وەکو بنەمایەکی گرنگ تەماشای بکرێت بۆ تیربوونی ململانێی نێوان شیعە و سوننە لە عێراق و ناوچەکەدا. بۆیە ناکرێت تەواوی ئەو ململانێیەی ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت لەو ململانێ تائیفیەدا بەرجەستە نەکرێت. ئەوەش کە لەسوریا دەگوزەرێت، کە هاوڵاتیانی سوریا باجەکەی دەدەن، بەشێکە لەو ململانێ تائیفیە، کە تورکیا و سعودیە و ئێران ڕۆژانە ئاگرەکەی خۆش دەکەن.
دوای دووبارە هاتنەوەی مالیکی بۆ دەستەڵات لەسەر حیسابی لیستی براوەی عێراقیە و بەپشتیوانی لیستە شیعیەکانی دیکە و لیستی کوردستانی، هەڵبەت بەپێی ڕێککەوتنێكی نێوان لیستی دەوڵەتی قانون و کوردستانی، دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا، مالیکی نەك هەر بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردن، بەڵکو زۆرێك لە ڕەفتارەکانی ئەو پیاوە بوونە جێگای گومان و نیگەرانی لایەنەکانی دیکە، بەتایبەتی سوننە عەرەبەکان. لەو نێوەندەشدا، سەرکێشیەکانی مالیکی سەرەتا لە سەرانی سوننە مەزهەبەوە دەستی پێکرد، کە دواهەمینیان لە ئێستادا تاریق هاشمی بوو، دوای ئەوەی بەهەر هۆکارێک بێت ڕێگای پێدرا بگاتە هەرێمی کوردستان و پاشان داواکرانی لەلایەن دادگای عێراقیەوە، سەرۆکایەتی هەرێمی خستە بەردەم دووڕیانێکی هەستیارەوە. ئەم پەرەسەندنە تەنها ڕووە دیارەکەی بوویەرەکانە، دەبێت چەندین هۆکاری دیکە هەبن، لەوانەش جێبەجێنەکردنی هیچێك لە بڕگەکانی ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی قانون و کوردستانی. هەروەها هەندێك پێیان وایە کە ئەردۆگان فشارێکی زۆری خستۆتە سەر سەرۆکی هەریم بۆ پاراستنی پێگەی تاریق هاشمی و نەچوونە ژێر ئیرادەی مالیکی، هەڵبەت هەموو ئەمەش بە باکگراوندێکی تائیفیەوە، چونکە ئەردۆگان بە باکگراوندی ئیسلامیزمیەوە خۆی بە دەمڕاستی عوسمانیزم دەزانێت و دەبێت سەرپەرشتی برا سوننیەکانی بکات. ئەم بوویەرانە بەگشتی دەکرێت وەکو هۆکارێك تەماشایان بکرێت بۆ هەڵویستەکەی سەرۆکی هەرێم و هەڕەشەکردنی لەوەی کە بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان.
دوای ئەو هەڵوێستەی سەرۆکی هەرێم، هەڵوێستی مالیکی بە ئاڕاستەیەکی زۆر مەترسیداردا دەڕوات. پاش ئەوەی سەرانی سوونە مەزهەبی بە ئامانج گرت، دەستی بە لێدانی ئەو کوردانە کردووە کە پێگەیەکی گرنگ و کاریگەریان لەناوەندە هەستیارەکانی دەولەتی عێراقدا هەیە، بەتایبەتیش بەر لە دوو هەفتە سەرۆکی دەزگای ”هێزە نەگریسەکان”ی لە شوێنی خۆی لادا، کە لەسەر لیستی پارتی لەو شوێنەدا کاربەدەستبوو و کاریگەریەکی زۆری هەبووە لە پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، دوێنێکەش ١٢ی ئەپریل فەرەج حەیدەری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی نزیك لە پارتی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کرد. لەم دووڕیانەشەوە ئەوەی لە ڕەفتارەکانی مالیکیدا دەیخوێنینەوە پرۆسەیەکی دوو لایەنەیە، یەکێکیان لەسەروە بۆ خوارەوە، ئەوی دیکەشیان لەخوارەوە بۆ سەرەوە.
سەبارەت بە سوننە عەرەبەکان، مالیکی هەوڵ دەدات تەواوی سەرکردە سوننە عەرەبەکان بەهەر تۆمەتێکی سیاسی یا قانونی بێت لێیان بدات و لەگەڵ جەماوەری سوننی عەرەب یەکلا بێتەوە لەپێناو بەشیعەکردنیان یا بێ ئیرادەکردنیان، بۆ ئەوەی نەتوانن ببنە بەربەست لەبەردەم فراوانخوازیەکانی مالیکی و پشتیوانەکانی، ئەم شێوە کارکردنە زۆر نزیکە لە ڕەفتاری سەددام حوسێن لەگەڵ شیعەکان، کە چەندین سەرکردەی شیعەکانی لەسێدارەدان و زۆرینەی شیعە مەزهەبی لەعێراقدا بێ ئیرادە کردبوو. سەبارەت بە کوردەکان پرۆسەکە واپێدەچێت پێچەوانە بێت، لەئێستادا ئەستەمە بۆ مالیکی بتوانێت سەرکردە کوردەکان بەئامانج بگرێت، بەڵام دەتوانێت لە بەغدا پەڕوباڵیان بکات، ئەویش بە لێدان و لادان و دەرکردنی بەرپرسە سەربازی و سیاسیەکانە لە ناوەندە ئیداریەکان، ئەگەر پرۆسەکەش بەو ئاڕاستەیەدا بڕوات بەدوور نازانرێت تۆمەتهەڵبەستن بۆ کوردەکانیش پێڕەوی لێ بکرێت. سەیر لەوەدایە کە تا ئێستاش مالیکی چەندین ڕاوێژکار و فەرمانبەری کوردی لەبەر دەست دان، پرسیاریش ئەوەیە دەبێت ئەو بەڕێزانە چ جۆرە ڕاوێژ و ئامۆژگاریەك پێشکەش بەو پیاوە بکەن.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا تێوەگلانی هەرێمی کوردستان لەو ململانێ تائیفیەدا نزیکە؟ زۆربەی ئەگەرەکان ئەوەن کە ئەوەی لە دەوری کورە بێت ئەگەر وریا نەبێت پڕوشکیشی وێ دەپەڕن. عەرەبە سوننەکان بە تاریق هاشمیشەوە ڕۆژانە بە شان و باڵی سەرۆکی هەرێم و کورددا هەڵدەدەن، بەڵام ئەمانە تەنها قسەن و تا ئەو ساتەوەختەش هیچ دەستپێشخەریەکی بەکردەوەیان بەرامبەر بە کورد پێشکەش نەکردووە، بۆیە مەخابنە سەرکردە کوردەکان متمانە بەهیچێك لەو سەرکردانە بکەن و بچنە ناو ئەو گەمە تائیفیە قێزەونەوە کە بێجگە لە قوربانی بۆ گەلانی سەردەست ئەنجامێکی دیکەی لێ شین نابێت.