خێزانێكی هەولێری لە دانیماركەوە داوا لە پارێزگاری هەولێر دەكەن ژیانیان رزگار بكات
بەردەوام جانتای سەفەرەكەم بە دەستمەوەیە بۆ هەڵاتن لەم وڵات بۆ ئەو وڵات
بە هۆی ئەوەی مێردی بە كوڕێكی بێ ئیقامە كردووە، ماڵی باوكی بە دووگیانی دەریدەكەن و لەبەردەم شارەوانیدا رۆژ دەكاتەوە
رزگار رەزا چوچانی- سوێد
پیاوێكی كورد لەئەوروپا، بەهۆی بێ ئیقامەیی، وەك میوانێك لەماڵەكەی خۆیدا دەژی، بەردەوام جانتایەكی سەفەری پێیە و لەڕێگای هەڵهاتن دایە بۆ وڵاتانی دیكە، ئەو لەگەڵ ژنێكدا بەخۆشەویستی ژیانی هاوسەری پێكهێناوە، بەهۆی چارەنوسی نادیاری ئەو پیاوە، ماڵی هاوسەرەكەی، كچەكەیان دەردەكەنە سەر شەقام و لەبەر سەرمای ئەوروپا و بەحەملێكەوە شەو لەبەر دەرگای شارەوانی شارەكەیدا رۆژ دەكاتەوە.
ئەو خێزانە دوو منداڵیان هەیە و خەریكە پەرتەوازە دەبن، داوا لەسەرۆكی حكومەتی كوردستان و پارێزگاری هەولێر دەكەن، لەهەولێر پەناگەیەكیان پێبدەن تا بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و لەم كولەمەرگییەی ئەوروپا رزگاریان بكەن.
جێهێشتنی وڵات و سوكایەتی قاچاغچی
هاوڕێ، ناوی خوازراوی ئەو پیاوە كوردەیە، كە خۆی داوای كرد (سڤیل) ناوەكەی بڵاو نەكاتەوە و تەنها لەرێگای نوسین، كێشەكەی بگەیەنێتە بەرپرسانی كوردستان. هاوڕێ سەرەتا چیرۆكی جێهشتنی كوردستان، دەگێڕێتەوە و دەڵێ كاتێك كە دایكم كۆچی دوایی كرد، من تەنیا مامەوە، برایەكم هەیە، ئەویش ماڵ و خێزانی خۆی هەبوو، منیش راستی سەختبوو بۆم تەنیا بژیم، بۆیە بڕیارمدا وڵات جێبهێڵیم. كاتێك بەرەو ئەوروپا هاتم لەگەڵ قاچاغچییەك رێككەوتم، وتیان ئێمە بەبەلەمی گەشتیاری دەتبەینە یۆنان، بەڵام وانەبوو، لەڕێگا مردنم بەچاوی خۆم بینی. كاتێك گەیشتینە رۆخی ئاوەكە، چوپێكیان هێنا پڕ لەهەوایان كرد، وتم كاكە ئەگەر بەمە ئێمە دەبەن، ئەمە بەلەمی سیاحی نییە، ئێمە لەسەر ئەمە رێك نەكەوتبووین، وتیان دێی ئەوەیە، نایەی تەسلیمی پۆلیست دەكەین.
ئەو كوڕە كوردە دەڵێ، لەناو ئاوەكە بەو چوپەوە مردنم بینی، چەند جارێك خەریكبوو نوقم بین، بەلەمەكانی پۆلیسی یۆنان پێیان زانین، نزیك بوونەوە لێمان و بانگیان دەكرد بگەڕێینەوە، بەڵام ئێمە نەدەگەڕاینەوە، ئەوان بەمەكینەیەك شەپۆلیان دروستدەكرد، تا شەپۆلەكان ناچارمان بكەن بگەڕێینەوە، شەپۆلەكان دەیدا لەچوپەكەی ئێمە، خەریكبوو نوقم دەبووین، بەڵام هەر دەڕۆشتینە پێشەوە، دواجار ئێمەیان دەسگیركرد و بردینیانە جەزیرەیەك، هەر بەپێی رێككەوتنم لەگەڵ قاچاغچییەكان دەبوو لەجێگایەك من دابنێن لەیۆنان كە نەگیرێم، پەنجەمۆر نەكرێم تا بەڕێدەكرێم، بەڵام دەستگیركرام و پەنجەمۆریان پێكردم، لەوێوە سەرەتای كێشە گەورەكە دەستیپێكرد، دوای پەنجەمۆر ئێمەیان لەیۆنان بەردا، بەڵام دیسان چووینەوە لای قاچاغچییەكان، چونكە هەر لەگەڵ ئەوان رێككەوتبووین كە لەوێشەوە دەرمانبكەن، ئەوان ئێمەیان بردە شوقەیەك، لەوێ لەكورد بوونی خۆم پەشیمان بووم، زانیم كورد هەموو شت بۆ پارە دەكات.
ئێمە بەرامبەری دانیشتبووین و هاوڕێ بەردەوامی دایەوە قسەكانی و گوتی قاچاغچییەكان داوایان دەكرد ئەو پارە بنێرنە مەكتەبێكی دیكە، كە لەسەری رێك كەوتبووین، لەم مەكتەب بۆ ئەو مەكتەبیان دەكرد، من وتم ئێمە رێككەوتین بەبەلەمی سیاحی بێین نەبوو، پەنجەمۆر نەكرێین كراین، بۆ ئەو پارەیە بدەین؟ ئیدی سوكایەتی و قسەی زۆر ناخۆشیان پێدەگوتین. دوای ئەو هەموو سوكایەتی و لێدانە، بەڕێیان كردین و خستینیانە جێیەكی دروستكراو لەشاحینەیەكدا كە وەك تەنكی بەنزین دروستكرابوو، بەڵام كونی بچوك بچوكیان لێ دروستكردبوو بۆ هەوا، لەوێوە چووینە ئیتالیا، لەوێوە بەرەو فینلاندا هاتم، پۆلیس لەوێ وتیان تۆ پەنجەمۆرت هەیە لەیۆنان و دەبێ بگەڕێیتەوە یۆنان، تەلەفۆنم بۆ قاچاغچییەكە كرد، وتم ئەوە دەمنێرنەوە یۆنان، چونكە پەنجەمۆری ئەوێم هەیە، دەستی بەهەڕەشەكرد گوتی بەس بێیتەوە یۆنان لەناوت دەبەم، دەشمزانی دەیكەن، چونكە شتی ناشیرینم زۆر لێ دیبوون، ئەشیانزانی بەس من بچمەوە یۆنان خەڵك سیقەی بەكارەكەیان نامێنێ، كە باسی گەرەنتی دەكەن، بۆیە دڵنیا بووم لەوەی توشی كێشەی گەورەم دەكەن، لەوێ هەڵهاتم، چوومە دانیمارك لەوێ خۆم تەسلیم كرد.
ژیانی هاوسەری و پەرتەوازەیی خێزانی
هاوڕێ لەوڵاتی دانیمارك ژیانی هاوسەری پێكدەهێنێ، وەك خۆی دەڵێ بەهیوای ئەوەی تۆزێك لەژیانی خۆم بحەسێمەوە، بەڵام كێشەی زیاتری بۆ دروست دەبێت. ئەو چۆنیەتی پێكهێنانی ژیانی هاوسەری بۆ (سڤیل) ئاوا گێڕایەوە “لەدانیمارك هەر بێ جواب بووم، لەوێ كچێكم ناسی خۆشمویست و خێزانمان پێكهێنا، ئەو كچە لەمێژە لەم وڵاتە دەژی و كێشەی ئیقامەی نییە، ئێستا پێكەوە دوو منداڵمان هەیە، لەدانیمارك پۆلیس وەڵامی رەفزیان پێدام، وتیان تەنانەت ناشتوانی هیچ محامیەك بگریت و دەبێت بچیتەوە كوردستان، سێ جێگایان دیاری كرد، كە دەبێت یەكیان هەڵبژێرم بۆ رۆیشتنەوە، سلێمانی، هەولێر، بەغدا، وتم من لێرە خێزانم هەیە، دوو منداڵم هەیە، گوتیان دەبێت ئەم وڵاتە جێبهێڵیت و بگەڕێیتەوە، ئەوە كێشەی خۆتە”.
بۆیە وەك هاوڕێ گوتی بەناچاری جانتاكەم پێچایەوە و هەڵهاتم چوومە ئەڵمانیا، لەوێش دەستگیر كرام، رەسمی منداڵەكانم پێ بوو، تەحقیقیان لەرەسمەكان كردو گوتیان لێرە چیدەكەی؟ نەمتوانی راستی نەڵێم، وتم ئەوانە منداڵی منن و لەدانیماركن، ئەوانیش یەك شەویان بۆ دانام، دیسان هێنامیانەوە دانیمارك، دیسانەوە لەدانیمارك دڵنیا بووم دەمنێرنەوە، بۆیە هەڵهاتمەوە بەرەو فینلاندا، لەوێش وتیان تۆ ژن و منداڵت هەیە لەدانیمارك، هیچ قانونێك نییە بتنێرێتەوە بۆ وڵاتی خۆت، رەوانەی دانیماركیان كردمەوە، لەوێش فڕێیاندامە كەمپێك كە ٨ سەعات لەمنداڵەكانم دوورە، رەزامەندی كەمپی نزیك جێگای مناڵەكانم هەیە، بچمە ئەوێ نزیك بم لەمنداڵەكانم، بەڵام پۆلیس نەقڵم ناكەن و وەڵامم نادەنەوە، بەڵام ئیتر رەنگە دیسان بەشم هەڵهاتن بێت.
هاوسەری هاوڕێ و دەركردنی لەماڵی باوكی
دوای ئەوەی ژیانی هاوسەری لەگەڵ هاوڕێدا پێك دەهێنێت، هاوسەرەكەی هاوڕێ توشی گرفت دەبێت، لەگەڵ ماڵی باوكیدا، لەپەیوەندییەكدا لەگەڵ (سڤیل) ئەو ژنە كە ئێستا دایكی دوو منداڵە بەدڵتەنگییەوە باسی بێزاری خۆی لەچۆنیەتی ژیانكردنیان دەكات و ئەو كاتانەی بۆ ئێمە گێڕایەوە كە بەسكێكی چەند مانگییەوە لەماڵی باوكی دەركراوە و دەڵێ “بەهۆی ئەوەی شووم بەهاوڕێ كردووە كە ئیقامەی نەبوو، ماڵی باوكم كردیانە موشكیلە لەگەڵم، منیش حامیلە بووم و دۆخم زۆر خراپبوو، هاوڕێش لەكەمپ بوو، گوتیان دەتوانی بچیتە دەرەوە، شەو سەعات ٩ی شەوێ بوو لەماڵی باوكم دەركرام، ئەو شەوە هەتا بەیانی لەبەر دەرگای “شارەوانی” بەو سەرمایە و بەحەملەوە مامەوە، بەیانی كە شارەوانی هاتنە دەوام، بردمیانە كەمپێك تا دواجار ئەم جێگایان پێدام كە ئێستا لێی دەژیم”.
داوا لەپارێزگاری هەولێر دەكەن رزگاریان بكات
ئەو ژن و پیاوە گەنجەی كورد كە دایك و باوكی دوو منداڵن و وەك خۆیان دەڵێن خەڵكی هەولێرن و تاكو ئیستا لەم وڵاتە پڕ لەئارامیانەی ئەوروپا، نەیانتوانیەوە ئارام بژین، داوا لەسەرۆكی حكومەتی كوردستان و پارێزگاری هەولێر دەكەن، بیانگێڕنەوە وڵاتەكەی خۆیان و ژیانیان لەم كێشەیە رزگاربكەن. هاوسەری هاوڕێ بەدڵتەنگییەوە روو لەسەرۆكی حكومەت و پارێزگاری هەولێر دەكات و دەڵێت “سەرۆكی حكومەتی كوردستان و پارێزگاری هەولێر، داواتان لێدەكەم، خۆتان بەخاوەنمان بزانن ژیانمان رزگار بكەن، ژیانمان بۆ بگێڕنەوە، نەجاتمان بدەن لەم كێشە، لەهەولێر جێیەكی بچوكمان بدەنێ تێدا بژین، ئێمە خەڵكی ئەو وڵاتەین و مافمان هەیە لەوڵاتی خۆمان، ئەگەر بەتەنها ژوورێكی بچوكیش بێت، نە پارەمان دەوێت لێتان و نە كار و نە هیچ، بەنان و ئاویش بێت دەژین”.
لای خۆشیەوە هاوسەری ئەو ژنە كە لەوپەڕی بێزاریدایە دەڵێت “هەر رۆژێكی جێهێشتنی منداڵەكانم و هەر راكردنم بۆ وڵاتێك و دووركەوتنەوەم لێیان مردنێكە بۆ من، بەدڵ حەزم كردووە بمرم، ئەوەشی وای دەكرد بیر لەمردن نەكەمەوە، هیوام بوو كە بگەمەوە بەمنداڵەكانم، خێزانیشم تەواو بێزار بووە، هەرجارێك من جانتا كۆ دەكەمەوە خێزانم دەگاتە ئەوپەڕی بێزاری، ئاخر من بەشم بۆتە جانتا كۆكردنەوە و هەڵهاتن، من منداڵێكم ٤٠ رۆژبوو دەستگیریان كردم، تكام لێكردن وتم بابە لێگەڕێن با چەند رۆژێك لەگەڵ منداڵەكەم بم، هەر گوێشیان پێ نەدام، ئاخر كامەیە مافی مرۆڤ لەم وڵاتە؟ بۆیە داوا دەكەم لەسەرۆكی حكومەتی كوردستان و پارێزگاری هەولێر، ژیانی من و خێزان و منداڵەكانم رزگار بكەن، با بگەڕێینەوە لەوڵاتی خۆمان بژین و لەناو ئەم خەڵكە بێ رەحمە نەجاتمان بدەن”.
ئەم بابەتە لە ژمارە ١٢٧ ی گۆڤاری سڤیل چاپکراوە