
کەیفی عەبدوڵڵا
وەفایەک بۆ کەیفی عەبدوڵا
رزگار رەزا چوچانی
سەرنوسەری نوچەنێت
بە کەیفی عەبدوڵام وت: کاکە من ئەمەوێ بنوسم و هیچیشی لێنازانم، ئەمەوێ واز بهێنم لەم حەزەو ناشتوانم.
پێکەنی و وتی: کێ ئەڵێ تۆ هیچ نازانی؟.
وتم: خۆم ئەڵێم.
وتی : دەی ئەمە زانینە، کە خۆت ئەزانی نازانی.
….
دنیای نوسین و راگەیاندن بوارێکە لێورێژە لەخۆ پەرستی و خۆ ویستی، لەماوەی ١٢ ساڵ لەکارکردنم تێیدا، دەزانم ئەم بوارە چی دنیایەکی سیخناخە بە رق و بە خۆ پەرستی و بە قسەو باس و تانەدان لەتوانای ئەویتر، چ یەکتر رەتکردنەوەو دان نەنانێکە بەتوانای یەکتردا، زۆر کەمن ئەوانەی لەو بوارە کار دەکەن حەز بەدەرکەوتن و بەدروستبونی کەسێکی تر بکەن، بۆیە جوانترین کاری راگەیاندنیش بنێرە راگەیاندنیک ئەگەر سەربەخۆیان نەبیت، یان هاوڕێیەکت نەبێ لەوێ، بێگومان بە، نەچاپی دەکەن و نەپەخشی دەکەن.
خۆ ئەگەر ئەگەر کەسێک لەوێ و لەو دنیایەدا هەبێت، بەجیاواز لەوانی تر کار بکات، دەستی کەسێکی تر بگرێت و فێری بکات، یان حەز بەدەرکەوتنی کەسێکی تر بکات، بێ ئەوەی بزانێ کێیە خەڵکی کوێیە، دەبێتە دیاردەیەکی شاز و جێ سەرەنج.
ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر، من زۆر حەزم بەم بوارە ئەکرد، حەزم ئەکرد بنوسم تێیدا، قسەی تیا بکەم، ناوم هەبێت، زۆرم حەز دەکرد لە سوچی رۆژنامەیەکدا بابەتێکم هەبێت، رەسمیکی منی پیاهەڵواسرابێت و نوسرابێت کە من نوسیومە، ئایی چەند خەونم بەوەوە دەبینی، هەوڵم بۆ ئەدا، بەم حەزەوە نەک دەیان، چەندین دەیان شەوم رۆژ دەکردەوە، بەدیار چرا فانۆسێکەوە کە زۆر کات نەوتی تیا نەدەماو دەکوژایەوە، زۆرم دەنوسی، شەوی وا هەبوو لەسەر پرسێک دەیان جار ئەم نوسی و ئەمدڕاند، ئەوکات کۆمپیوتەر نەبوو، بشبوایە زۆر کەم بوو، دەبوو بۆخۆت بە قەڵەمێکەوە دەست پێ بکەیت، شەوی واهەبوو لەتاو ئازاری پەنجەکانم ئارامم لێ ئەبرا، ئەوەندە شتی هەڵیت و پڵیت و بێ مانام ئەنووسی، بەحسابی خۆشم باشترین وتارم نوسیووە، سبەی دەمبردە رۆژنامەیەک، ئەوکات بەس رۆژنامە حزبییەکان هەبوون، هەر وەڵامیشیان نە ئەدایەوە، بەڵام ماندوو نە ئەبووم، تێ گەشتم کەمن ماومە بنوسم.
بەسودفە تەعاروفم لەگەڵ کەسێک کرد کەلەو بوارە کاری دەکرد، کەسێکی بەڕێز رووخۆش و پیاوێکی بەمانای وشە رۆشنبیر و ئاگا، ئەویش بەڕێز کاک “کەیفی عەبدوڵڵا” بوو، شەرمم نەکرد.
وتم: کاکە من ئەمەوێ بنوسم و هیچیشی لێنازانم، ئەمەوێ واز بهێنم لەم حەزەو ناشتوانم.
پێکەنی و وتی: کێ ئەڵێ تۆ هیچ نازانی؟.
وتم: خۆم ئەڵێم.
وتی : دەی ئەمە زانینە، کە خۆت ئەزانی نازانی.
رەنگە کاک کەیفی بۆخۆی ئەم حیوارەی بیرمابێت، کە لەیەکێک لەژوورەکانی دەزگایەکی راگەیاندنی پارتیدا بوو، یان رەنگە بەهۆی کۆنی ئەم باسەوە بیری نەمابێت و ئێستا بیری بێتەوە، یان رەنگە چۆن من بیرم ناچێت ئەو هەر بیریشی نەکەوێتەوە، چونکە بۆ من شتێکە لەبیر نەکراو، رەنگە بۆ ئەو ئەومانای نەبێت بەهۆی ئەوەی کە رەنگە سەدان رزگاری لەسەرەتادا بەوشێوە ناسیبێت.
ئاخر من قسەی زلی حزبیم ئەزانی، من ئەمزانی وەک کادرە تەقلیدییەکانی حزبەکان باسی سەروەری حزب و شۆڕش و بەرخودان و نەبەردی و دەستکەوت و ئازادییەکان و لەسەر ئەوشتانە قسە بکەم. بەڵام بەزمانی نوسین وەکو بابەت بۆ بڵاوکردنەوە لەراگەیاندن نەمئەزانی، رەنگە سەدان بابەتیشم نوسی بێت ئەم ناردە راگەیاندنەکانی حزب و فڕێ دەدرایە تەنەکەی خۆڵەکانیان، هەندێکیان بۆ ئەوەی نابابەت بوون، هەندێکیشی بۆ بوغزو سیخناخی راگەیاندنەکان لەخۆپەرستی کادرەکانیان.
ئەو رۆژە کاک “کەیفی” دڵی خۆشکردم، وتی وەرە بادەست پێ بکەین، من هاوکاری تۆ ئەبم، هەر بابەتێکت نوسی من رایخۆمی لەسەر دەدەم، شتێکی لێ ئەزانم و پێت ئەڵێم کوێی بەخراپ ئەزانم، هەتا بەرلەوەی وڵات جێ بهێڵم هەندێ لەو بابەتانەم مابوو، کە ئەوکات دەمبردە لای کاک کەیفی، تا پێکەوە قسەی لەسەر بکەین، ئەوکات کاک کەیفی پێی دەوتم “بڵاوی مەکەوە، بەڵام بەراستی ئافەرین بۆ ئەم نوسینە جوانە، بەڵام ئاواو ئاوا چەند جارێکی تر پێدا بچۆرەوە”. دوای ئەوەی دەستم بەکاری راگەیاندن کرد، ئەو بابەتانەم ئەخوێندەوە کە کاک کەیفی بەبابەتی باشی ناو دەبردن، بەراستی پێکەنینم بەخۆم ئەهات، کە بەچ قەناعەتێکەوە ئەوانەم خستۆتە بەردەم ئەو هاوڕێیەم، بۆ مناقەشە، لەکاتێکدا بابەت نەبوون، هەمان کاتیش تێئەگەشتم کە “کەیفی عەبدوڵا” چی تاقەت و گەورەییەکی هەبووە، دانیشتووە لەگەڵ من دێڕ بەدێری ئەم نوسینە نانوسینانەی مناقەشەکردووە، رای خۆی وتووە، دەستخۆشی لەمن کردووە، تێ گەشتم چەند مەبەستی بووە من دروست بم، چەند هانی داوم و چەند لەگەڵم ماندووبووە.
کەیفی عەبدوڵا، لەدەزگایەکی راگەیاندنی حزب بوو، با لەوێ بەرپرسیارەتیەکیشی هەبووبێت، بەڵام هیچ بەرپرسێکیش ناتوانێت، بەردەوام میوانێکی بچێتە دەزگاکەو لەوێ کاتی خۆی پێبدات و هاوکاری بکات و ملاحەزەو محازەرەی پێبدات، تەنانەت دوای دەوامیش لەگەڵ ئەو خۆی ماندوو بکات، بەڵام ئەو لەگەڵ من دەیکرد، لەو پیاوەوە زۆر شت فێر بووم، پەلەنەکردن لە خستنەرووی رای خۆم، ئینفیعال نەکردن لە نوسین، سود وەرگرتن لەدواین شێوازەکانی نوسین، چونیەتی گەیاندنی مەبەستی خۆت بە سەلیمترین زمان، دوورکەوتنەوە لە تەشهیرو ناوزڕاندن، ئەخلاق لەنوسیندا، ئارامگرتن و بیرکردنەوەی زیاتر بەر لەنوسین و پەخش کردن، زۆر شتی تر.
من دوای ماوەی زیاتر لە ٦ مانگ ئەوە پیشەم بوو، زوو زوو بەکۆڵێک کاغەزو مەحفەزەیەکەوە خۆم دەکرد بەلای کەیفی عەبدوڵادا لەکارو لەئەرکی خۆیم دەکرد و بەخۆم و ئینشاکانمەوە سەرقاڵم دەکرد، دواجار و دوای ماوەیەکی زۆر، وتی، کاتی ئەوەیە بنوسی و بڵاو بکەیتەوە، ئەمجار من مناقەشەی ناکەم کەبڵاو کرایەوە دەیخوێنمەوە و رای خۆم وەک خوێنەرێک دەڵێم، یەکەم وتارم بلاو کرایەوە، کەیفی عەبدوڵا، پێی وتم ئیدی ئەمە یەکەم هەنگاوت نا. بەڵام هاتیتە ناو بوارێک، هەموو تەمەنت لەم بوارەدا ئەبێ بەرەو لوتکە برۆیت و رەنگە هەرگیز نەشیگەیتێ، گرنگ کۆڵ نەدانتە، دەستخۆشی لێکردم، هانی دام، بەهاوڕێکانی ناساندم، باسی بەردەوامی منی لەهەوڵی خۆمدا دەکرد بۆ ئەوان، کەیفی عەبدوڵا، دڵخۆشی کردم و وەک مامۆستایەک وەک پەیمانگایەک دروستیکردم.
کەیفی عەبدوڵا، وایکرد لە نوسینی ئینشکانی بەر چرا فانۆسکەوە، بتوانم لە زۆربەی هەرەزۆری رۆژنامەو گۆڤارەکانی کوردستاندا بنوسم، لە رادیۆو لە تەلەفزیۆندا زیاتر لە ٢ ساڵ ئامادەکارو پێشکەشکاری بەرنامە بم، کردمیە راگەیاندن کارێک کارەکەی خۆمم زۆر لەو حەزە لا گرنگتر بێت کە دەمویست، دەرکەوم و بەس دەرکەوتن، کەیفی بە هاندانەکانی وایکرد، من ببمە نیمچە مامۆستایەک لەدەرەوەی پەیمانگاکەیان بۆ چەندین قوتابی پەیمانگای راگەیاندن، داڕشتنەوەی راپۆرتەکانیان بۆ بکەم، فکرەی کاری راگەیاندنیان بدەمێ، فێری بەدواداچونی راگەیاندن و دیدارو راپۆرتیان بکەم. هاوکاریان بم بۆ هەنگاوی پراکتیکی خوێندنەکەیان.
کەیفی عەبدوڵا مامۆستا و هاوکار و هاوڕێ و رێنێشاندەری هەم نەزەری و هەم عەمەلی من بوو، ئەو ئەو مامۆستایە لای من، کە هەگیز ئەو رۆژانەم بیر ناچێت لەکاتەکانی خۆی پێ ئەدام، لەکاتەکانی خۆی تەرخان دەکرد بۆ من، ئەوەم بیر ناچێت لەناو ئەو دنیا پڕ لەخۆ پەرستییەی راگەیاندندا کە کەس ئامادە نیە هاوکاری شارەزاکانی راگەیاندنیش بکات بۆکارێک، بەڵام ئەو هاوکاری منێکی دەکرد، کە نەک رۆژنامەوان نەبووم، بەڵکو لەسەرەتای حەزکردن لەکاری راگەیاندندابووم، کەیفی کەسێکی جیاواز لەراگەیاندنکارەکان، کەسێک کە بەهەموو توانا هەوڵی ئەدا کەسێکی تر فێر بکات، کەسێکی تر دروستبکات، بەبێ ئەوەی کاری ئەوبێت و هیچ مەساڵحێکی لەم باسەدا هەبیت.
بۆیە پیا هەڵدان نیە، کە بڵێم بەنسبەت منەوە، کەیفی عەبدوڵا پەیمانگاو زانکۆو مامۆستای فێرکردنی من بوو، ئاواتمە رۆژێک بێت کە جێبەجێکاری ئەو هەموو شتە جوانەبم کە لێیەوە فێر بووم.
تێبینی وەک فێرکردن کەیفی عەبدوڵا مامۆستام بووە، بەڵام هاندان و پشتگیری و هاوکاریشت دوای ئەوە گرنگ بوو لەدنیای راگەیاندن، چونکە راگەیاندنکار بەردەوام لەسەرەتادا ئەوکات، بەهۆی کەمی راگەیاندنەکان توشی گرفی حساب بۆ نەکردن و گرنگی نەدان بەنوسین و کارەکانی دەبوەوە، بەشێوەیەک کە تاقەتی لەبەر دەبڕی کار بکات، بەڵام لەوکات کەسێکی تر زۆر هاوکاری من بوو، ئەویش کاک “میقداد شاسواریی”ە و بێگومان وەفا نامەیەکیشم بۆ ئەو دەبێت و لەکاتێکی تر بڵاوی دەکەمەوە.
ئیستا رەوش جیاوازە کەسێک تواناو حەزی بۆ ئەو بوارە هەبێت زۆر ئاسانە فێر بوون. بەهۆی ئەو هەموو گۆڤار و رۆژنامەو تەلەفزیۆن و رادیۆو ماڵپەڕەی کە هەیە، بەڵام ئەوکات تەنها راگەیاندنی حزبەکان هەموو لەوانیش گرپ بەندی هەبوو کەئەگەر لەو گروپە نەبویتایە ئەیانخستیتە دەرەوەی بازنە.