
چیرۆكی ئافره‌تێك دوای له ده‌ستدانی مێردەکەی
كاروان سه‌باح – دهۆك
له‌چكێكی درێژی ڕه‌ش، ماكسیه‌كی ڕه‌ش و بلوزێكی ڕه‌شی له‌به‌ردابوو. هه‌ر چوار كچه‌كه‌ی جلی ڕه‌نگاوڕه‌نگیان له‌به‌ردابوو: زه‌رد سه‌وز، شین و سوور. ڕه‌شپۆشییه‌كه‌ی له نێو ئه‌و چوار ڕه‌نگه‌دا باشتر دیار ده‌كه‌وت. ده‌ستێكی به‌سه‌ر منداڵه‌كانیدا هێنا و گوتی: “ژیانمان زۆر ناخۆشه چونكه پیاوه‌كه‌م نه‌ماوه و له‌به‌ر قسه‌ی خه‌ڵكیش نه‌شێم كار بكه‌م.”
زه‌كیا ئه‌حمه‌د محمد ته‌مه‌ن (40 ساڵ) له گوندی نسرا- ناحیه‌ی ئه‌تروش (كه ده‌كه‌وێته رۆژهه‌ڵاتی باژێڕی دهۆك) له دایك بووه. ئه‌و باسی ئه‌وه‌ی كرد كه ئه‌گه‌ر كار بكا ده‌شێت بژێوی خۆی و چوار زارۆكه‌كه‌ی دابین بكات، “به‌ڵام نوكه چاوم له ده‌ستی خه‌ڵكه رۆژانه بمانژینن.”
زه‌كیا له ته‌مه‌نی (14) ساڵیدا شووی كرد. تا ساڵی (2000) ئه‌ركی به‌خێوكردنی زارۆكه‌كانی له ئه‌ستۆی پیاوه‌كه‌ی (حسێن عه‌لی) بوو، به‌ڵام له هه‌مان ساڵ به نه‌خۆشی شێرپه‌نچه گیانی له ده‌ست دا و ماڵئاوایی له زه‌كیا و منداڵه‌كانی كرد.
ئەو ژنە و زارۆكه‌كانی تا ئه‌مساڵیش له یه‌ك ژووردا ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد، بێ ئه‌وه‌ی گه‌رما و ده‌ستاویان هه‌بێ. وه‌ك خۆی دبێژی: “ئه‌گه‌ر هاوكاریی خه‌ڵك نه‌بوایه تا ئێسته‌ش هه‌ر ده‌بوایه له ده‌ره‌وه له ژێر ئاسمان خۆمان بشۆین.” ویستی به‌رده‌وام بێ له قسه‌كردن به‌ڵام چاوه‌كانی پڕ بوون له فرمێسك و دواتر دای له پرمه‌ی گریان.
بێ له هاوكاریی خه‌ڵك، ده‌زگای خێرخوازیی چاودێریی (30000) سی هه‌زار دینار هه‌یڤانه به‌م خێزانه ده‌به‌خشێت، به‌ڵام زه‌كیا ده‌لێت “سێ هه‌یڤه ئه‌م پاره‌یه‌م وه‌رنه‌گرتووه، گوایه ده‌بێژن بۆمان ده‌كه‌نه (150000) سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار.
زه‌كیا پاره‌یه‌كی زۆریش قه‌رزداره له‌به‌رئه‌وه‌ی دوای نه‌مانی مێرده‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك زۆر پاره‌یان قه‌رز كردووه و بژێوی ژیانیان پێ دابین كردووه. وه‌ك خۆی دبێژی: “ماوه‌یه‌ك به قه‌رز ده‌ژیاین، ویستم كار بكه‌م به‌ڵام من بێوه‌ژنم و له‌به‌ر قسه‌ی خه‌ڵكی نه‌متوانی كار بكه‌م، هه‌رچه‌نده كار هه‌بوو بیكه‌م.”
به پێی داتای رێكخراوی سابات بۆ بێوه‌ژنانی كوردستان زیاتر له (600) هه‌زار بێوه‌ژن هه‌یه له كوردستان، هۆكاره‌كانی بێوه‌ژنكه‌وتنه‌وه ئه‌مانه‌ن: شه‌ڕ، تووندوتیژیی خێزانی، هه‌ژاری و ناسه‌قامگیریی باری ئابووری و سیاسی له عێراقدا.
له ژووره نیمچه تاریكه‌كه‌یدا چاوی بڕیبووه ده‌ره‌وه و دواتر درێژه‌ی به قسه‌كانیدا و گوتی: ” ژیانی بێوه‌ژنی ناخۆشترین ژیانه بۆ ئافره‌ت،” چونكه له ناو ئێمه‌دا ئه‌گه‌ر پیاوت نه‌ما ئه‌وا خه‌ڵكی به چاوێكی تر ته‌ماشات ده‌كه‌ن.
ئەو ژنە دڵ پڕ حەسرەتە سێ كچی به شوو داوه و جار جاریش زاواكانی یارمه‌تی ده‌ده‌ن. وه‌ك خۆی دبێژی: “زاواكانم به‌پێی توانای خۆیان هاوكاریم ده‌كه‌ن، ئه‌وان و خه‌ڵكی تریش نه‌بوایه ده‌مردین له برسان.” ئێسته كچێكی ماوه كه ته‌مه‌نی 14 ساڵه و له قۆناغی هه‌شتی بنه‌ڕه‌تییه. بەڵام وەک ئاماژه‌ی پێدا مه‌سره‌فی كچه‌كه‌شی زۆر گرانه له قوتابخانه و “كڕینی جل و به‌رگ و پێداویستیی قوتابخانه به من ناكرێ.”
زه‌كیا هه‌ستی نه‌بوونی و نه‌داری و بێكاری پێ په‌سه‌ند ده‌كرێ و به‌ڵام وه‌ك خۆی دبێژی “هه‌ستی نه‌بوونی پیاو و بێوه‌ژنێتی زۆر ناخۆشه، چونكه ناتوانم هیچ بكه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵك دبێژن ئه‌ها پیاوی نییه چۆن به‌ڕه‌لا بووه.”
ئەو ژنە کە جیا لە دایکایەتی و هەم باوکایەتش بۆ مناڵەکانی ئەرکی خێوكردنی باوك و دایكیشی له ئه‌ستۆ دایه. له قسه‌كردن به‌رده‌وام بوو و گوتی “باوكم به رووداوی ئۆتۆمبیل له ساڵی (2001) هه‌ردوو چاوه‌كانی له ده‌ست ده‌دات له ناو جێگا ده‌كه‌وێت”.
سه‌ری به‌رز كرده‌وه و ته‌ماشای وێنه‌ی مێرده‌كه‌ی كرد كه له‌سه‌ر دیواره كۆنه‌كه‌دا هه‌ڵواسرا بوو. گه‌شبینانه لەقسەکردن بەردەوام بوو”هه‌ر باشه به قه‌رز، زه‌كات و هه‌ندێ پاره‌ی خه‌ڵك توانیمان ئه‌م زه‌ویه سه‌ت مه‌ترییه بكڕین،” و ژوورێكی له‌سه‌ر دروست بكه‌ین و دواتریش به هاوكاریی خه‌ڵك گه‌رما و ده‌ستاومان بۆ دروست كرد. دواتر به هه‌ناسه‌یه‌كی سارد سه‌ری دادایه‌وه و هاته‌وه سه‌ر باسی مێرده‌كه‌ی: “مێرده‌كه‌م مامۆستای سه‌رتایی بوو، تازه دامه‌زرا بوو كاتێ تووشی نه‌خۆشی بوو، زۆر دڵی به‌وه خۆش بوو چونكه یه‌كه‌م ساڵی دامه‌زراندنی بوو.”
ئه‌وه‌شی باسكرد كه مووچه‌ی خانه‌نشینی مێرده‌كه‌ی ده‌داته‌وه قه‌رز و به هاوكاریی زاواكانی و زه‌كات ده‌ژیت. دوای ئه‌وه‌ی تۆزێك ئاوی هێنا دانیشت و درێژه‌ی به چیڕۆكه‌كه‌ی دا: “بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه تا كه‌ی به زه‌كات و به هاوكاریی خه‌ڵك بژیم، ئه‌گه‌ر كارێك بكه‌م له‌وانه‌یه تۆزێك هه‌ستی بێ پیاوییه‌كه‌م بڕه‌وێته‌وه.”
ژووره‌كه‌یان له گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازییه كه ده‌كه‌وێته رۆژهه‌ڵاتی باژێری دهۆك له بن چیا. له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا چه‌ند خانوێكی سه‌ر به‌كاریته‌ی به قورگیراوی چین چین ده‌بینرێ. شه‌قامێكی خۆڵ تا دوا ماڵ ده‌ڕوا. چوار ماڵ پێش كۆتایی رێگاكه، ده‌رگایه‌كی ره‌نگ قاوه‌یی ده‌بینرێ، ئێستا له‌م خانووه دا زه‌كیا بێ پیاو و بێ كار له‌گه‌ڵ كچی و باوكه كوێره‌كه‌یی و دایكی ده‌ژی و دبێژی: “من ده‌توانم به‌رگه‌ی ناخۆشییه‌كان بگرم به‌ڵام هه‌ستی وه‌رگرتنی پاره له كه‌سانی تر زۆر بێزارم ده‌كا.”