
بەرپرسی پەیوەندیەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە ئەمریكا:
لەسێدارەدانی ژنێك لەئێران لەسەر ئاستی ئەمریكا دەنگدانەوەی زیاتری دەبێت لەكێشەیەكی گەورەی نەتەوەیی كورد
هەموو حزبەكانی رۆژهەڵات حەزیان لەدروستكردنی بەرەیەكی یەكگرتووە، بەڵام كێشەی ناوخۆی حزبەكان رێگرە
٨٥%ی ئەو حزبەی بەو ئاخیرە دابڕابوون گەڕانەوە نێو كۆمەڵە
رزگار رەزا چوچانی
سەلاح بایەزیدی هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەبواری زانستە سیاسییەكان لەكەنەداو و كادری دیار و بەرپرسی پەیوەندیەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، لەئەمریكا، لەم دیمانەی (گۆڤاری سڤیل)دا، باسی كێشەی نێوخۆی حزبەكەی و كێشەی نێوان حزبەكانی رۆژهەڵات و پێگەی كورد لەسیاسەتی رۆژئاوا دەكات.
رزگار رەزا چوچانی: ئەگەر بەسەراحەت باسی بكەی، چەند بەشبوونی كۆمەڵە تاچەند كاریگەری نێگەتیڤی هەبووە لەسەرتان؟
سەلاح بایەزیدی: بەداخەوە ئەو لێكترازان و دابەشبوونە لە ئەحزابی كوردیدا تەنها كۆمەڵەی نەگرتۆتەوە، بەڵكو وەكو پەتایەك هەموو حزبە كوردییەكانی گرتۆتەوە، بۆ وەڵامی پرسیارەكەش بێگومان ئەو جیابوونەوانە هۆكارێك بوو بۆ لاوازبوونی كۆمەڵەو بۆ خەباتی كوردیش، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەدوای هاتنەدەری لەحزبی كۆمۆنسیتی ئێران و خۆڕاگەیاندنی توانی هیوایەك بەكۆمەڵانی خەڵك بدات، توانی خەڵك و جەماوەرێكی زۆر لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە، لەناوخۆی وڵات رێكخستنەكانی باشتر بكات و لەدەرەوەش توانی بەماوەیەكی زۆر كورت گەشەبكات و پەلبهاوێت، بەڵام ئەو جیابوونەوە و لێكترازانە بەگشتی زیانی بۆ هەمووان هەبوو، هۆكارێكی دروستیش نەبوو بۆ جیابوونەوەكان، ئەگەر بەراورد بكەی كاتێك كۆمەڵە لەحزبی كۆمۆنستی ئێران جیابووەوە هۆكاری خۆی هەبوو، بەڵام ئەو بەشەی كە لەكۆمەڵە جیابۆتەوە هۆكارێكی دروست و موقنیعیان نەبووە، ئەگەر بەئیدعای خۆشیان بێت كە بۆ چاكسازییە، دژی گەندەڵییە، یان هەندێ رەخنەو شتیان هەبووە، دەیانتوانی لەناو كۆمەڵە رەخنەیان هەبێت و چارەی كێشەكان بكەن، بەڵام نەیانكردو جیابوونەوە، بەو جیابوونەوەش راستە زیانیان بەكۆمەڵە گەیاند، بەڵام بەوەشەوە نەوەستان دەیان رۆڵەی كوردیان بەلەناوچوون دا، بۆیە زیانیان بەكورد و رۆڵەكانی كوردیش گەیاندووە، هەموو ئەوانەش سەلمێنەری ئەوەیە كە سەركەوتوو نەبوون لەو شتەی بانگەشەیان بۆ دەكرد، بەڵام خۆشبەختانە كۆمەڵە توانیویەتی چۆن بەسەر كۆسپ و تەنگ و چەڵەمەكان سەركەوت، ئاواش بەسەر ئەو كێشەیەدا سەركەوێت كە ئەوان دروستیانكرد، بەتایبەت لەدوای كۆنگرەی ١٣. كۆمەڵە توانی رێكخستنەكانی لەناوخۆی وڵات و لەدەرەوە بەباشی رێكبخات و جێگای ئەوان پربكاتەوەو پێشكەوتنی باش بەخۆوە ببینێت.
رزگار رەزا چوچانی: یانی لەدوای كۆنگرەوە كۆمەڵە توانای ئەوەی هەبووە، جارێكی تر قاعیدە جیابووەوەكەی لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە؟
سەلاح بایەزیدی: ئێمە بڕوامان بەوە نییە كە كوردستان دەبێت تاك حزب بێت و هیچ حزبێك دروست نەبیت، هیچ كەسێك جیا نەبێتەوە لەحزبێك، بەڵام بەشێك لەپەیامەكانی رابەری كۆمەڵە لەكۆنگرەی ١٣ ئەوەبوو، كە پێیان خۆشە باڵ و بەشە دابڕاوەكانی كۆمەڵە بەكەسایەتی و حزبەكانەوە، بتوانن هیچ نەبێ لەدەوری هەندێ خواست و ئامانجی هاوبەشدا كۆببنەوە، ئەگەرچی بەخۆشحاڵییەوە لەم دواییانەدا ٨٥%ی ئەو حزبەی بەو ئاخیرە دابڕابوون گەڕانەوە نێو كۆمەڵەو هەنگاوێكی باشیان نا، بەڵام هێشتاش قۆناغی ئەمڕۆ پێویستی بەكۆبوونەوەی زیاترە لەدەوری یەك، بەتایبەت دوای ئەو جموجۆڵەی كە لەناوچەكەدا دروستبووەو ناوی بەهاری عەرەبییەو پێشتریش لەئێراندا سەریهەڵدا، هاوتەریب لەگەڵ ئەو زەخت و فشارە نێودەوڵەتیەی كە لەسەر ئێران هەیە، ئەگەری ئەوەی هەیە كە دیسان زەمینەی راپەڕینی ناوخۆیی خۆش بكاتەوە، پێویست دەكات كە دیسان لەدەوری یەك كۆبینەوەو ئامادەیی هەر گۆڕانكاری و پێشهاتێكمان هەبێت، بەگەشبینیش لەوە دەڕوانم كە بەدیدێت.
رزگار رەزا چوچانی: ئێوە بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەن لەئەمریكا، لەم كاتەدا ئەمریكا بەتایبەت و هاوپەیمانەكانی باسی گۆڕینی دەسەڵات یان رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران دەكەن، لەو سەروبەندەداو لەناو سیاسەتی ئەمریكا چ باسێكی كوردی رۆژهەڵات هەیە؟.
سەلاح بایەزیدی: بەداخەوە وێڕای ئەو هەموو سەركوتكردن و رێگرییە لەئازادی لەناوخۆی ئێراندا، لۆبی كورد ئەوەندە بەهێز نەبووە لەدەرەوە كە بتوانێت كەشوهەوای پشتیوانی لەمافە نەتەوەییەكانی دروستبكات، بێگومان ئەگەر كوردیش بیەوێ ئەو پشتیوانییە بەدەستبهێنێت، دەبێت یەكگرتوویەكی هەبێ لەناوخۆیدا، بەڵام ئەو یەكگرتوویەی نییە، بۆیە كاتێك ژنێك بەهۆی رووداوێكی كۆمەڵایەتی ئیعدام دەكرێت لەئێران یان سەنگسار دەكرێت، دەنگدانەوەی زۆر گەورەتری دەبێت لەسەر ئاستی رەسمی و بەرپرسە باڵاكانی ئەمریكا و ئەوروپاو رۆژئاوا، وەك ئەوەی بۆ پرسێكی سیاسی یان كێشەیەكی نەتەوەیی كورد هەیانبێت. ئەویش هۆكارەكە ئەوەیە كە ئێمە وەكو كورد نەمانتوانیوە ئەم پشتیوانییە بەدەستبهێنین، بۆ بەدەستهێنانی ئەو پێگەش كوردانی رۆژهەڵات دەبێت خەباتێكی جەماوەری گەورەتر بەیەكگرتووی بەرپا بكەین، چونكە بەیەك زمان و خەبات و ئامانج دەتوانین ئەو پشتیوانیە بۆلای خۆمان راكێشین. لەهەمانكات هەستیاری ناوچەكەش رۆڵی خۆی دەبینێت، وەك دەبینین كێشەی كورد لەسوریا بەخۆشحاڵییەوە توانیویەتی دەنگدانەوەیەكی باشی هەبێت و كێشەی كورد لەباكوریش بەباشی دەچێتە پێش، كە ئێستا ناڕەزایی نێودەوڵەتیش بەرانبەر ئێران لەزیادبووندایە، هیوادارم حزب و لایەنەكوردییەكان بتوانن بەیەكڕیزی خزمەت بەدۆخ و سەنگی كورد بكەن.
رزگار رەزا چوچانی: جیا لەلاوازی لۆبی كورد، چی تر وا دەكات باسی كوردی رۆژهەڵات، لەچەقی سیاسەتی ئەمریكا نەبێت بەرانبەر بەئێران؟
سەلاح بایەزیدی: ئەوە كۆمەڵێك هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی هەیە، تۆ دۆخی كوردی باشوور لەبەرچاو مەگرە، كە دۆخێكی بۆ هاتە پێش، خۆ ئەگەر ئەو دۆخە نەهاتایەتە پێش، ئەمریكا دڵی ئەو هەموو وڵاتە عەرەبییەی بەكورد نەدەدا، ئەو تۆزە پێشكەوتنەش لەدۆخی كوردی توركیا بەهۆی هەوڵی توركیایە بۆ هاتنە نێو یەكێتی ئەوروپا، ئەگەرنا توركیا هاوپەیمانی ئەمریكایە لەشەڕی دژە تیرۆرو زۆر بواری تر، ئەمریكا پشتی بەرنادا بۆ كورد، بەتایبەت لەم كاتەشدا كە شۆڕشەكانی ناوچەكەو وڵاتانی عەرەبی، بەداخەوە لەجێی دروستكردنی دەوڵەتی ئازاد، ئیسلامییەكانی هێناوەتە سەردەسەڵات، كە نزیك لەپارتی دەسەڵاتداری توركیان، ئەوەش دیسان پێگەی توركیای بەهێزتر كردووە لەناوچەكە، بێگومان توركیاش بەربەستێكی گەورەیە لەبەردەم پێشەوەچونی كێشەی كورد لەهەموو پارچەكانی كوردستان، لەئێرانیشدا كورد ١٥% پێكدەهێنێت، بەڵام وێڕای ئەو هۆكارانەش ئێستا كە بەملیۆن كورد لەدەرەوەی وڵات هەیە، دەكرا كەمپەینی بەردەوام هەبێت، چالاكی مەدەنی گەورە هەبێت، تا پرسی كورد لەو وڵاتانە وەك پرسێكی گەورە بە تەواوی وڵاتانی دنیا بناسرێت، دیارە ئەوەش نەكراوە، تەنها كاتێك شتێك روو دەدا، ئێران تاوانێك دەكات، توركیا هەروا، كوردەكان بەشێوەیەكی كاتی كۆدەبنەوە و چالاكیەك دەكەن، لەلایەكی تر رەنگدانەوەی كێشەی ناوخۆیی حزبەكان، تۆ دەبینی تەنانەت لەباشوریش كێشەی نێوان حزبەكان كۆتایی پێهاتووە، بەڵام لەناو كوردانی دەرەوەی وڵات كێشەكان گەرموگوڕی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، بۆیە هەم پێگەی ئەو وڵاتانەی كە كوردیان بەسەردا دابەشكراوە وەك باسم كرد، هەم نەبوونی چالاكی مەدەنی و بەردەوامی گەورە، هەم كێشەی نێوان حزبەكان، هەموو ئەو كێشانە دەستیان لەدەستی یەك ناوەو رێگرن لەدروستبوونی گرنگی سیاسەتی دنیا بەرانبەر بەكورد.
رزگار رەزا چوچانی: جیا لەنەبوونی چالاكی مەدەنی لەسەر ئاستی چالاكی سیاسی و دیبلۆماتی بۆچی حزبەكوردییەكان نەیانتوانیوە ئۆپۆزسیۆنێكی زیندوو و یەكگرتوو بن و لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەكی وڵاتان تا وەك بەشێك لەبەدیل بۆ ئێران بناسرێن؟
سەلاح بایەزیدی: لەلایەن ئێمەوە وەك حزبی ئێمە، چەندین هەوڵ دراوە، لەدوای جیابوونەوە لەحزبی كۆمۆنیستی ئێران هەوڵدرا، كە بەرەیەكی كوردستانی پێكبهێنرێت، بەڵام دواتر لێكترازان لەنێوخۆی حزبی دیموكرات و حزبی ئێمەدا دروست بوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی تا ئەندازەیەك ئەو هەوڵانە دوا بخات، هەروەها لەدوای پلنیۆمی دووەمی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە هەمان ئەو پەیامە راگەیەنراو هەوڵیشی بۆدراوە.. بەڵام لەراستیدا هەموو حزبەكان كێشەناوخۆییەكانیان وایكردووە لەو مەسەلە بەدواكەون، ئەگەرنا هەموو حزبەكان هەوڵ دەدەن بۆ ئەو یەكگرتنە، وەك ئەوەی لەم دواییەو لەسەرەتای مانگی جانیوەری كۆنفرانسێك لە ئەڵمان بەبەشداری زۆربەی هەرەزۆری حزبەكانی رۆژهەڵات و لایەنە ئێرانییەكان بەستراو هەوڵدرا پلاتفۆرمێكی هاوبەش لەنێوان كوردو نەتەوەكانی تری ئێران دروستبێت، بەڵام بەگشتی كورد كۆدەنگی و یەكگرتوویمان پێویستە، وەك گوتیشم رەنگە كێشە ناوخۆییەكان دوایخستبێت، ئەگەرنا هەوڵ هەیە.
رزگار رەزا چوچانی: بەبڕوای تۆ ئەگەر حزبەكانی رۆژهەڵات لەسەر كەمپە بچوكەكانی جێی ژیانكردنیان، رێكنەكەون و نێوانیان بگاتە ئاستی چەك بەرزكردنەوە رووبەڕووی یەك، سبەی رۆژهەڵات رزگار بێ لەسەر شار و وڵاتێك چۆن رێكدەكەون؟
سەلاح بایەزیدی: بەداخەوە ناو بەناو دەنگۆی دروستبوونی شەڕی ناوخۆی حزبەكانی رۆژهەڵات و ئەگەری سەرهەڵدانی بڵاو دەكرێتەوە، كە هەموو بڵاوكردنەوەكان بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبییە، ئەگەرنا من پێموایە ئەو ئاڵوگۆڕانەی كە لەرۆژهەڵاتی كوردستان پێكهاتووە، چ لەئاستی جەماوەری، چی لەئاستی رۆشنبیری، رێگانادا هیچ حزبێك بیر لەڕووبەڕووبوونەوەو چەك بكاتەوە، دەكرێت رووبەڕووبوونەوەی سیاسی روو بدات، بەڵام پێموانییە بگاتە ئاستی چەكداری، چونكە جیا لەگۆڕانكاری لەباری رۆشنبیری جەماوەری، حزبەكانیش سودیان لەئەزمونی شەڕی ناوخۆی حزبەكانی باشوور وەرگرتووە، كە زیانێكی گەورەی مرۆیی و سیاسی و نەتەوەیی بەكوردستان گەیاندو ئێستاش كاریگەری خۆی بەجێهێشتووە.
راستە ئێستا ئەو گرفتانە هەن، ئەو كێشانە هەن، یەكتر نەخوێندنەوە هەیەو گەورەكردنی كێشەكانیش لەڕێی نوسینەوە هەیە، بەڵام كاتێك دەچیتەوە سەر وڵات و ئێران بەرەو گۆڕانكاری بڕوا، مەساڵحە گەورەكە رێگە بەو كێشانە نادا، بەڵام ئێستا ئەو گرفتانە دەبینرێت، لەپێناو مەساڵحی حزبیدا هەندێ رەخنەی توندیش لەیەكتر دەگیرێت، تەنانەت ئەگەر دوو حزبیش پێكەوە هەوڵی كاری هاوبەش بدەن، لایەنی تر لەجێی بەشداریكردن لەكارە هاوبەشەكە، هەوڵی لەباربردنی دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش من پێموانییە هەموو ئەو گرفتانە بگاتە ئاستی شەڕی ناوخۆ لەبەر ئەو هۆكارانەی پێشتر باسمكرد.
ئەم دیمانە لە ژمارە ١٢٢ی گۆڤاری سڤیل چاپکراوە