نێچرڤان بارزانی: ڕووداوەكانی زاخۆ و دهۆك شتێكی وەها نین بتوانن پارتی و یەکگرتوو لە یەک داببڕن

0

ڕووداوەكانی زاخۆ و دهۆك شتێكی وەها نین بتوانن پارتی و یەکگرتوو لە یەک داببڕن

وتاری نێچرڤان بارزانی

”ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كگرتوو“

نێچیرڤان بارزانی

هەموومان پێكەوە لە نیشتمانێكدا دەژین، هەرچەند بیروڕا و بەرنامەی جیاوازمان هەبن، لە ئەنجامدا كە دەكەوینە دووڕیانی پێشخستنی وڵات و بەردەوامی كێشەكاندا، دەبێ لەسەر بەرژەوەندیی باڵا كە پێشخستنی وڵاتەكەمانە یەك بگرینەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەیشدا تەواو بڕوام بەوەیە زوو یان درەنگ پەیوەندی نێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، بۆیەیش پێویستە هەرچی زووە باری گرژی و ئاڵۆزی ئێستا بەجێ بهێڵین.
ڕووداوەكانی زاخۆ و دهۆك شتێكی وەها نین بتوانن ئەم دوو لایەنە لە یەك داببڕن، چونكە هەردوولامان وەك حزب و لایەنەكانی دیكە لە چوارچێوەی یاسادا كار دەكەین، جگە لەوەیش ئامانجی هاوبەشی زۆر مەزن كۆمان دەكەنەوە.
ئەو ڕووداوانە بێگومان نەخوازراو بوون، بۆ هەموو لایەكمان ناخۆش بوون، جێگەی نیگەرانی گەلی كوردستان بوون بە گشتی، بەڵام ئێستا وای دەبینین كە ئاڵۆزی دۆخەكەمان بەجێ هیشتووە، ئێستا كاتی ئەوەیە بە هێمنی و مەنتیقی و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی باڵای كوردستانەوە بەرنامە بۆ چەسپاندنی پەیوەندییەكی ئاسایی و تەندروست لەسەر بنەمای لە خۆبووردن دابنێین و خۆمان بۆ قوناغە گەشەكانی ئاییندە ئامادە بكەین.
لێكۆڵینەوەی ئەو لیژنە تایبەتییەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مەبەستە بڕیاری پێكهێنانی دابوو، گەییشتووەتە چەند ئەنجامێك و كەموكوڕی لایەنەكانی دیاری كردووە.
لەلایەكی دیكەیشەوە ئەوەندەی پەیوەندی بە پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە، نە ئێستا و نە لە ئاییندەدا بە دروستی نابینین هەندی بەرپرسی حكوومی یانیش حزبی لەخۆوە ڕەفتار بكەن، هەر بۆیە بەر لە هەموو كەسێك ڕوو لە بەرپرسان و ئەندامانی پارتی دەكەم كە لە ئاڵۆزترین كات و بارودۆخەكانیشدا پابەندی یاسا بمێننەوە و هەیبەتی حكوومەت و ناووبانگی دیموكراسی و پێكەوەژیان لە كوردستاندا بە كردەوەی یاسا شكێنانە نەشێوێنرێن، بەڵكوو دەبێ بەرپرس و ئەندامانی پارتی پێش هەمووان ڕێز لە بەرژەوەندی وڵات و مافی یاسایی هاووڵاتیان و حزبەكان بگرن.
وەكوو لە كاتی ڕووداوەكاندا گوتم و ئێستایش دووبارەی دەكەمەوە، سووتاندنی بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە كردەوەیەكی نادروست و نایاسایی دەزانین، ئەوەیش سیاسەتی پارتی نەبووە و نییە. بە خۆشحاڵیشەوە لەكاتی خۆیشیدا هەندێ لە بەرپرسانی یەكگرتوو لە پارێزگای دهۆك ئاماژەیان بەو ڕاستییەدا كە دڵنیان ئەوە سیاسەتی پارتی نییە.
بەداخەوە ئەو ڕووداوانە بە پەلاماردانی ماڵ و موڵكی كۆمەڵێك هاووڵاتی دەستیان پێكرد، ئەوەیش بەناڕەوا دەزانین، ئیتر ئەو هاووڵاتیانە سەر بە هەر بڕوا و پێكهاتەیەكی گەلی كوردستان بن.
حكوومەت بەرپرسە لە پاراستنی ئاساییش و ماڵ و موڵكی تایبەتی هاووڵاتیان و موڵكی گشتی و حكوومەت، هەروەها دەبێ پارێزەری فرەحزبی بێت كە بنەمایەكی بنچینەیی ئەزموونی هەرێمی كوردستانە لە یەكەم ڕۆژی دامەزراندنییەوە. هەر لەو چوارچێوەیەیشدا هەموو حزبە مۆڵەتدراوەكانیش دەبێ پابەندی یاساكان بن، وەكوو حزبی مەدەنی. هەر لەو ڕوانگەیەیشەوە دەڵێین كە دەبێ ڕێز لە بەهاكانی گەلەكەمان بگرین و هەستی هیچ لایەنێك بریندار نەكەین.
وابزانم تاوەكوو ئێرە گرفتەكان ڕوون و ئاشكران، ئێستایش نامانەوێت ڕێگە بدەین ئاسەواری ڕووداوی بەوشێوەیە هەتا هەتایە، تەنانەت ماوەیەكی درێژیش باڵ بەسەر باری سیاسی هەرێمی كوردستاندا بكێشن
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لایەنێكی سیاسی مۆڵەتداری یاسایی كوردستانە، چەندین ساڵە بەشدارە لە پەرلەمانی كوردستاندا، بەشداری لە حكوومەتی كوردستاندا كردووە، چەندین جار بە لیستی هاوبەش لە تەك پارتی و یەكێتی و حزبەكانی دیكەدا بەشداریی هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراقی كردووە.
هەروەها لەكاتی پێكهێنان و بەڕێوەبردنی كابینەی چوارەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا لە هەلومەرجێكی سەخیدا بەشداری لە حكوومەتدا كرد و بەو شێوەیەیش تاوەكوو ڕادەیەكی زۆر بەشداربوو لە كەمكردنەوەی ئاسەواری پارچەبوونی ئیداری و سیاسی هەرێمی كوردستاندا، من خۆم وەكوو سەرۆكی ئەو كاتی حكوومەت هەمیشە ئەوەم لە یادە و داوا لە ئەندامانی پارتی و یەكگرتوویش دەكەم كە ئەو وێستگە هاوبەشانەی نێوانمان لە بیر نەكەن، كە ئەو وێستگانە زۆر زیاترن لە ناكۆكییەكان.
كەوابێ یەكگرتوو هاوكار و هاوخەباتی پارتی و حزبە كوردستانییەكان بووە و با كەسمان ئەوە لەبیر نەكەین. ئێستایش ئێمە ئامادەین پەیوەندی دۆستانە و هاوپەیمانی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەرەوپێش ببەین و شان بە شانی لایەنە نیشتمانپەرەوەرەكانی دیكە خزمەتی ئاوەدانی و گەشەپێدانی وڵاتەكەمان بكەین.
بە لەبەرچاوگرتنی ئامانجە گەورەكانی گەلەكەمان هیچ هۆكارێك یان پاساوێك نابینین بۆ بەردەوامبوونی كەشوهەوای گرژی و ئاڵۆزی، بەڵكوو دەبێ هەموو لایەك هەوڵ بدەین زوو بە زوو ئەم هەڵومەرجە نائاساییە چارە بكەین و تێپەڕێنین، چونكە ئەركی زۆر گەورەترمان لەپێشە، بۆ ئەو مەبەستەیش گەلی كوردستان چاوەڕوانی یەكڕیزی و تەبایی هێزە سیاسییەكانییەتی.
پارتی ڕێز لە ماف و ئازادی كاری هەر لایەنێكی سیاسیی نیشتمانی خاوەن مۆڵەت و یاسایی دەگرێ، چ لە كابینەكانی حكوومەت بەشدارببن، یاخود لە ڕیزی ئۆپۆزسیۆندا بن.
پێویستە یەكتر قبووڵ بكەین، بە پێی توانا باری یەكتر هەڵبگرین و پشوو درێژ و لە خۆبردوو بمێنینەوە، ئەوەیش بەتایبەتی لەو قۆناغەدا لە هەموو كات پێویستترە، بۆیەیش وەك ئەركێكی نیشتمانی نابێ هیچ لایەكمان خۆمان لەوە دوور بگرین.
كێشە نیشتمانی و نەتەوەیی كوردستان هێشتا ماوە و نەبڕاوەتەوە، هەموو نەتەوەی كورد چاوی لە ئەزموونی هەرێمی كوردستانە، هەموو كورد هێز لە بەهێزی هەرێمی كوردستان وەردەگرێ. ڕووداوگەلی تووند و خێرای وڵاتانی دوور و دەوروبەرمان، بارێكی تازەیان هێناوەتە پێشەوە، كە بە گشتی ئیجابین و لە بەرژەوەندیی داهاتووی مەسەلەی گەلەكەماندان.
ئێستا لەو سەردەمەی بووژاندنەوەی هێزی جەماوەری گەلانی وڵاتانی عەرەبی ناوچەكەدا لە پێناو ئازادی و دیموكراسیدا، دەرفەتێكی زۆر گونجاو ڕەخساوە بۆ بەرەوپێشچوونی خەباتی گەلەكەمان لە پێناو ئازادی و گەییشتن بە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی. ئەوە دەرفەتێكی تازەیە بۆ گەلەكەمان، دەبێ بە شێوەیەك كار لەسەر ئەو دەرفەتە بكەین كە نەوەی داهاتوو گلەییمان لێ نەكات، دەبێ هەموو هەوڵێك بدەین بۆ دانەبەزاندنی ورەی گەلەكەمان كە هەرێمی كوردستان چەقی ورەبەرزی هەموو كوردە.
ئێمە چ وەك پارتی، یان وەك كابینەی نوێی حكوومەت، چاوەڕوانی گەڕانەوەی باری تەبیعی پەیوەندی هەردوولاین، ئومێدەوارین ئیتر بەرەو دۆخێكی كراوەتر و گەشتر بڕۆین. بێگومان ئەوەیش بەندە بە خواست و ئیرادەی هەموولایەك، گرنگیش ئەوەیە یەكتر قبووڵ بكەین، جیا لە پێگە و قەوارە و بیروڕای هەر لایەنێك. ئێمە گەشبینین كە بەرەو قۆناغێكی بەرزتر دەڕۆین و، كوردیش دەگاتە ئاستێكی باشتر.
هەربۆیەیش دووبارەی دەكەینەوە كە لە چوارچێوەی گیانی پێكەوەژیانی ئاشتیانە، پاراستنی یاسا و ڕەچاوكردنی بەرژەوەندییە بەرزەكانی گەل، ئامادەی گفتوگۆ و هاوكاری هەموو لایەنێكین. سەرئەنجام كوردستان وڵاتی هەموومانە، كێشەی كوردیش پەیوەستە بە هەموو لایەكمانەوە، بە تاكە حزبێك یان تاكە كەسێك بەڕێوە ناچێت، پێویستی بە پشتگیریی و هاوكاری جەماوەری گەلی كوردستان و هەموو هێز و لایەنە نیشتمانییەكانە. ئەمڕۆیش لە هەموو ڕۆژ زیاتر ڕۆژی ئەو هاوكارییەیە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com