عه‌بدوڵڵای مه‌لا نوری بۆ نوچه‌نێت: سه‌رۆكی په‌رله‌مان گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه له‌سه‌ر ئه‌ندامانی په‌رله‌مان
“ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم شه‌رعییه‌تیان نه‌ماوه”
نوچه‌نێت: تایبه‌ت
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان، به نوچه‌نێتی راگه‌یاند، “سه‌رۆكی په‌رله‌مان گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه له‌سه‌ر ئه‌ندامانی په‌رله‌مان”، به وته‌ی ئه‌و “سیسته‌می سیاسی هه‌رێم فه‌شه‌لی هێناوه و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم هیچ شه‌رعییه‌تێكییان نه‌ماوه”.
عه‌بدوڵًڵا مه‌لا نوری ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، به نوچه‌نێتی راگه‌یاند، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان “مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ئه‌ندامانی په‌رله‌مان”، چونكه وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه‌سێكی بێلایه‌ن نیه، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتییه‌و و هه‌ر شتێك نه‌چێته خزمه‌تی حیزبه‌كه‌ی و یه‌كێتی ناهێڵێت تێپه‌ڕێت”، وتیشی “سه‌رۆكی په‌رله‌مان خۆی هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌رگای له‌سه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی ئۆپۆزسیۆن داخست و فه‌رمانی كرد به به‌رپرسی پاسه‌وانی په‌رله‌مان، كه بچێت ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی ئه‌و دانیشتووه بیكاته خواره‌وه، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت كه پاسه‌وانه‌كانی په‌رله‌مانی به‌رداوه‌ته‌وه گیانی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان، له كاتێكدا پاسه‌وانه‌كانی په‌رله‌مان هێزێكی پارتییه و بوونی ئه‌و هێزه‌ی حیزبیش نایاساییه”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، كه پێشتر باسی ئه‌وه‌ی كردبوو، له دوای ئه‌وه‌ی كه سه‌رۆكی په‌رله‌مانی به دیكتاتۆر ناو برد هه‌ڕه‌شه‌ی زۆری لێكراوه، به‌ڵام به نوچه‌نێتی راگه‌یاند “هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك به قه‌د ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه قورس نه‌بوو به‌لامه‌وه، كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان به سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕانی وتبوو، با ماوه‌یه‌ك عه‌بدوڵڵای مه‌لا نوری نه‌یه‌ته په‌رله‌مان، چونكه ده‌بوایه سه‌رۆكی په‌رله‌مان كاتێك زانی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێك هه‌یه، هه‌ردوو وه‌زیری ناوخۆ و كاروباری پێشمه‌رگه‌ی بانگ بكردایه، پێیبوتنایه پاراستنی گیانی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه له ئه‌ستۆی ئێوه‌یه و ده‌بێت بیپارێزن”، ئه‌وه‌شی راگه‌یاند “كه هه‌رچه‌نده مه‌ترسیشی له‌سه‌ر بێت، به‌ڵام ده‌وامی ئاسایی خۆیی ده‌كات له په‌رله‌مانی كوردستان”.
سه‌باره‌ت به‌هۆكاری “هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌كه‌ی له باره‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان”یشه‌وه وتی “سه‌رۆكی په‌رله‌مان بیه‌وێت مافی قسه كردنم لێ وه‌رگرێته‌وه، ئه‌ندام په‌له‌مانیم ناوێت و ئه‌چمه سه‌ر شه‌قام، چونكه مافی قسه كردن ئه‌و پێی نه‌داوم، ویستی مافی قسه كردنم لێوه‌رگرێته‌وه بۆیه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌م نواند به‌رانبه‌ری، كاتێك ببینم سوكایه‌تی به خه‌ڵكی شاره‌كه‌م بكرێت، چۆن بێده‌نگ ده‌بم”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، هێور بوونه‌وه‌ی بارودۆخی ئێستای هه‌رێم ده‌به‌ستێته‌وه به وه‌ڵامی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، وه‌ك ئه‌و وتی “ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات گۆڕانكاری نه‌كات، گه‌ل خۆی بڕیاری گۆڕانكاری ده‌دات، ئه‌و كات ره‌نگه گه‌ل ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیش به یه‌كه‌وه راماڵێت”، پێشبینی ئه‌وه‌شی كرد، به‌رده‌وامی بارودۆخی ئێستای كوردستان، ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه‌ش نزیك ده‌كاته‌وه، له باره‌ی كشانه‌وه‌ی فراكسیۆنی گۆڕانیش له په‌رله‌مانی كوردستان وتی “ئێمه تا ئێستا بڕیاری كشانه‌وه‌مان نیه، چونكه پێمانوایه كاركردنمان له په‌رله‌مان كاریگه‌ری ده‌بێت به‌سه‌ر باشتر بوونی ژیانی خه‌ڵكییه‌وه، به‌ڵام كشانه‌وه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، یه‌كێكه له ئه‌گه‌ره‌كان”، باسی ئه‌وه‌شی كرد، كه به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی كوردستان، گله‌ییان له سیسته‌می سیاسی هه‌رێم هه‌یه، كه به وته‌ی ئه‌و “خه‌ڵك گله‌ییان هه‌یه له‌وه‌ی كه سیسته‌می سیاسی كوردستان، سیسته‌مێكی چه‌قبه‌ستووه، عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێمی كوردستاندا نیه، حكومه‌ت وه‌ك پێویست ناتوانێت له ئاست پێداویستییه‌كانی خه‌ڵكدا بێت، په‌رله‌مان ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بكات، واته به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی كوردستان له قه‌یراندایه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بتوانن گۆڕانكارییه‌كی بنچینه‌یی بكه‌ن، ئه‌وا بارودۆخه‌كه به‌ره‌و هێور بوونه‌وه ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانی ئه‌وا بارودۆخه‌كه به دووری نازانم ئه‌وه‌ی له تونس و میسر و له چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی روویاندا، لێره‌ش روو بدات”.
به وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، “حكومه‌ت شه‌رعییه‌تی نه‌ماوه و ئه‌وه‌ی كه ئێستا له كوردستان حوكمڕانی ده‌كات، شه‌رعه‌تییان نه‌ماوه”، بۆ به‌ڵگه هێنانه‌وه‌ش له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانی خۆی وتی “ئێستا ته‌نها هێزێك هه‌یه، هێزیش جیاوازه له حوكمێكی یاسایی، چونكه سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی كوردستان و به تایبه‌تی حكومه‌ت، شه‌رعییه‌تی له ده‌ست داوه، كاتێك خوێنی خه‌ڵك به ناحه‌ق بڕژێت، كاتێك له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوور نه‌بێت، هه‌ڵبژارد بێگه‌رد نه‌بێت، پێداویستییه‌كانی خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ر نه‌كرێت، ئاسایشی ده‌ره‌وه پارێزراو نه‌بێت و هه‌میشه له‌لایه‌ن وڵاتی ده‌وروبه‌ره‌وه تۆپباران بكرێین، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان و به‌شێك له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئاسایش و پۆلیس بوونه‌ته مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك، واته ئه‌مانه‌ش له هه‌رێمی كوردستاندا بوونییان نیه”.
ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان، ره‌خنه له لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێت، به‌وه‌ی كه ئه‌و لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتدارانه، ده‌یانه‌وێت داواكارییه‌كانی خه‌ڵك بچوك بكه‌نه‌وه، بۆ ململانێی سیاسی نێوان حیزبه‌كان، وتی “ئه‌گه‌ر هه‌ندێك لایه‌ن بیانه‌وێت وا باس بكه‌ن، كه لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان داخوازییه‌كانی خه‌ڵك به سیاسی ده‌كه‌ن، ئه‌مه جگه له تۆمه‌تێك هیچی تر نیه، ئه‌مه تۆمه‌تێكه بۆ درووست كردنی دوژمنێكی وه‌همی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌وه ده‌سه‌ڵاتداران داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی پشتگوێ بخه‌ن”، له هه‌مانكاتیشدا ئۆپۆزسیۆن و خه‌ڵك به ته‌واوكه‌ری یه‌ك ناو ده‌بات، وتی “به دیوه‌كه‌ی ترشدا له بیرمان نه‌چێت ئۆپۆزسیۆن به‌شێكه له جه‌ماوه‌ر، ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن شان به شانی خه‌ڵك بچێته سه‌ر جاده و پشتیوانی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك بكات، ئه‌مه تاوانێك نیه، له هه‌موو وڵاتێكی دیموكراسیدا، ئۆپۆزسیۆن كار له‌سه‌ر گرفته‌كانی خه‌ڵك و كه‌موكورتییه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌و رێگه‌یه‌وه، به ده‌سه‌ڵات بگات”.
عه‌بدوڵڵای مه‌لا نوری، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، كه متمانه دانه‌وه به كابینه‌ی شه‌شه‌م له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه پارتی و یه‌كێتی نایانه‌وێت ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندییه حیزبییه‌كانی خۆیان ببن، وتی “سه‌رۆكی حكومه‌ت هاته په‌رله‌مان، سه‌ر له‌به‌ری قسه‌كانی باسكردن بوو له گه‌نده‌ڵی و داننان بوو به پێشێل كردنی یاسا و ده‌ستێوه‌ردانی حیزب له حكومه‌ت، به‌رده‌وامی دۆخی دوو ئیداره‌یی، سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی ئیعتراف له‌سه‌ر یه‌كه به یه‌كه‌ی ئه‌م شتانه ده‌كات، به‌ڵام كاتێك په‌رله‌مان متمانه‌ی پێده‌داته‌وه، ئیتر هیچ ئومێدێك نامێنێته‌وه بۆ گۆڕانكاری”، وتیشی “ئێمه له‌سه‌ره‌تاوه پێمانوابوو ئه‌م كابینه‌یه كابینه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو نابێت، چونكه كابینیه‌ك بوو له‌سه‌ر شه‌راكه‌تی پارتی و یه‌كێتی دانرابوو، كۆمه‌ڵێك وه‌زیر مانه‌وه كه فاشیلترین وه‌زیر بوون و پێشتر فه‌شه‌لیان هێنابوو له به‌ڕێوه‌بردندا، هه‌موو كه‌سیش ده‌زانێت ئه‌و وه‌زیرانه كێن، كه هێنده‌ی كار بۆ حیزب ده‌كه‌ن، هێنده كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتییان ناكه‌ن”.