
گرنگ نیه حكومه‌ت بنكه فراوان بێت, گرنگه حكومه‌تی خه‌ڵك بێت
بڵند نه‌وه‌رس ره‌شید
پێكهێنانی كابینه‌ی حه‌وت له لایه‌ن كاك نێچیرڤان بارزانیه‌وه گه‌رمترین بابه‌تی ئێستای میدیاكانه, له‌م نێوه‌نده‌دا كۆمه‌ڵێك پرسیار و كۆمه‌ڵێك بۆچوون و كۆمه‌ڵێك لێكدانه‌وه هه‌یه, هه‌ندێك باس له حكومه‌تی بنكه فراوان ده‌كه‌ن, ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه پێك بێت و حكومه‌تی هه‌مه‌لایه‌ن بێت, هه‌ندێكیش پێیان وایه ئۆپۆزسیۆن به‌شدار نابێت ده‌بێت یه‌كێتی و پارتی و چه‌ند پارتێكی تری نزیك لێیانه‌وه ئه‌م حكومه‌ته پێك بهێنن.
گرنگ نییه حكومه‌ت بنكه فراوان و هه‌مه‌لایه‌ن ئه‌بێت, یان حكومه‌تی ده‌سه‌ڵات ئه‌بێت به قه‌ولی: (ئۆپۆزسیۆن), به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م حكومه‌تە و كابینه‌ی حه‌وته حكومه‌ت و كابینه‌ی خواستی خه‌ڵك بێت.
كاك نێچیرڤان و كابینه‌كه‌ی ده‌توانن متمانه‌ی ئۆپۆزسیۆن لای خه‌ڵك لاواز بكه‌ن و زۆرینه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵك بۆ خۆیان و بۆ ده‌سه‌ڵات بگه‌ڕێننه‌وه, بۆیه گرنگ نییه ئۆپۆزسیۆن رازی بكرێت به به‌شداری كردنی له حكومه‌تدا, ئه‌وا گه‌ر به‌شداریشیان كرد هه‌نگاوه‌كه تۆكمه‌ترده‌بێت, خاڵی جیاكاری له نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن ویستی خه‌ڵكه, خه‌ڵك كۆمه‌ڵێك پێداویستی سه‌ره‌كی و لاوه‌كی هه‌یه, كابینه‌ی حه‌وت گه‌ر بتوانێت كار له‌سه‌ر پێداویستیه سه‌ره‌كیه‌كانی خه‌ڵك بكات, ئه‌وا به دڵنییاییه‌وه خه‌ڵكیش متمانه‌ی زیاتری پێده‌كات و به‌م شێوه‌یه‌ش ئاراسته‌ی خه‌ڵك بۆ جارێكی تر هاوته‌ریب ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدا.
خه‌ڵك له‌م وڵاته‌دا داواكاری زۆری هه‌یه به‌ڵام هه‌ندێك داواكاری هه‌یه گشتییه و په‌یوه‌سته به ژیانی خه‌ڵكه‌وه به شێوه‌یه‌كی گشتی, وه‌ك سه‌روه‌ری یاسا, خزمه‌تگوزاری ئاو‌و كاره‌با, باشكردنی بژێوی ژیانی خه‌ڵك, گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕی…تد.
ئه‌م ویستانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ویستی خه‌ڵكه ویستی زۆرێك له كه‌وادری حیزبیشه چونكه له ئه‌نجامدا ئه‌وانیش به‌شێكی گرنگی كۆمه‌ڵگاو خه‌ڵكن.
كابینه‌ی حه‌وت پێویسته له ڕووی هه‌ڵبژاردنی وه‌زیره‌كان پشت به هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستی و مه‌عریفی و هزری و ته‌نانه‌ت لیاقه‌ت و ڕواڵه‌تیشه‌وه ببه‌ستێت و خه‌لكانێك بكرێن به وه‌زیر كه بۆ رازیكردنی لایه‌نێك یان كه‌سێك نه‌بێت به‌ڵكو بۆ رازیكردنی خه‌ڵكی كوردستان بێت, چونكه دڵشكانی به‌رپرسێك گه‌وره‌تر نییه له دڵشكانی خه‌ڵك…!
ئۆپۆزسیۆن ئێستا كه به‌م شێوه‌یه مامه‌ڵه‌و ڕه‌فتار ده‌كه‌ن له هێزی خۆیانه‌وه نیه… به‌ڵكو له بێ هێزی هه‌ندێك كاره‌كته‌ری ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه چ له ناو حیزب چ له ناو حكومه‌ت, به شێوه‌یه‌ك خه‌ڵكیان توڕه‌و بێزار كردووه كه خه‌ڵك به هه‌مان چاو سه‌یری كۆی ده‌سه‌ڵات و حیزب ده‌كات, ئه‌مه‌ش هه‌لێكی باشه بووه بۆ پته‌وبونی ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر حسابی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت…!
هه‌موو لایه‌كیشمان ده‌زانین ئه‌و ڕه‌واجه‌ی ئۆپۆزسیۆن په‌یدایكردووه له‌م ماوه‌یه‌ی پێشودا بریتی نییه له به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی به‌هێز و باش, یان به‌كارهێنانی كه‌وادر و كاره‌كته‌ری باش, یان كاركردن به ئاراسته‌یه‌كی ڕاستی بێخه‌وش و پاكدا … به‌ڵكو بریتیه له وتنه‌وه‌ی ویست و داوای خه‌ڵك به شێوه‌یه‌كی رێكخراو تا بتوانن بیكه‌ن به هێزی فشار بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات, بۆیه له كاتێكدا خه‌ڵك و حیزب و حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن ئه‌م راستیه ئه‌زانن, بۆ حكومه‌تی هه‌رێم كابینه‌ی حه‌وت كار له‌سه‌ر ویستی خه‌ڵك نه‌كات و به كردار و ڕه‌فتار بۆ خه‌ڵكی كوردستانی به‌سه‌لمێنێت كه به‌ڵی حكومه‌ت ئه‌م جاره حكومه‌تی خه‌ڵكه‌و ئۆپۆزسیۆنیش ئه‌و ده‌مه ده‌بێت به پۆڕی خوراو و ده‌ست له‌سه‌ر چۆك دائه‌مێنێت به دیار حكومه‌ته‌وه…!
خه‌ڵك له ئێستادا متمانه‌یه‌كی زۆری به كاك نیچیرڤان بارزانی هه‌یه‌و هه‌موو لایه‌ك به دڵخۆشیه‌وه چاوه‌ڕوانی كابینه‌ی حه‌وت ده‌كه‌ن و به كابینه‌ی كۆتایهێنانی خه‌م و ناسۆر و كێشه‌كانیانی ئه‌زانن, ئه‌م دڵخۆشییه‌ی خه‌ڵكیش پشت ئه‌ستووره به باكگراوه‌ندی حكومڕانی كاك نێچیرڤان له كابینه‌ی پێنج‌دا و به چاوی هیواوه سه‌یری ده‌كه‌ن.
بۆیه پێویستیه‌كی مێژووییه بۆ حكومه‌ت و بۆ خه‌ڵكیش كه ته‌واوكه‌ری یه‌ك بن و یه‌ك به‌رنامه‌ش په‌یڕه‌و بكه‌ن ئه‌ویش كاركردنه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا به ئاراسته‌ی كوردستانێكی به‌خته‌وه‌ر له ژێر سایه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و ئاڵای كوردستاندا.