عەدالەت عەبدوڵا: یەکێتی بۆ دیاریکردنی جێگری حکومەت پەلەی کرد، دیاریکردنی کاندید لەناو یەکێتی دا بەشێوەی دیموکراسی نییە

0

عەدالەت عەبدوڵا: یەکێتی بۆ دیاریکردنی جێگری حکومەت پەلەی کرد، دیاریکردنی کاندید لەناو یەکێتی دا بەشێوەی دیموکراسی نییە

نوچەنێت

عەدالەت عەبدوڵا چاودێری سیاسی و ئەندامی ئەنجوومەنی دەزگای واڵا بۆ راگه‌یاندن و بڵاوكردنه‌وه و سەرنووسەری گۆڤاری واڵاپرێس لەلێدوانێکدا رایدەگەیەنێت، یەکێتی پەلەی کردووە لە دیاریکردنی کانددیدی جێگری سەرۆکی حکومەت. پێشی وایە دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستەباڵاکانی حکومەت لەناو یەکێتیدا بەشێوەی دیموکراسی نییە.

ئەو چاو دێرە سیاسییە لەلێدوانەکەیدا دەڵێت”دەبوایە یەكێتی پێش ئەوەی بڕیار لە دیاریكردنی جێگری سەرۆكی حكومەتی كابینەی حەوتەم بدات، ئەو راستییەی لەبەرچاو بگرتایە كە ئەو پۆستە بۆ كەسێكی شاری سلێمانی بێت باشترە، چونكە لەلایەك ئەم شارە سەنتەرێكی گەورەی ململانێی یەكێتییە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا، لەلایەكی ترەوە تۆمەتێك دراوەتە پاڵ ئەم هێزە كە سلێمانی پشتگوێخستووە”.

عەدالەت عەبدوڵا رەتی دەکاتەوە مەبەستی رەخنەکەی رەچاوکردنی ناوچەگەرێتی بێت پێی وایە”مەسەلەكە رەچاوكردنی ئیعتیباراتی سیاسییە زیاتر لەوەی ناوچەیی بێت. بێگومان بۆخۆم لە بنەڕەتدا خەڵكی شاری خانەقینم، ئەگەر بە عەقڵیەتی ناوچەریی بیر بكرێتەوە دەبێ بەلاتەوە باش بێت كە عیماد ئەحمەد بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردراوە، بەڵام حساباتی سیاسی بۆ ئەم هێزە لەسەرو هەموو ئیعتیبارێكی ترەوەیە. عیماد ئەحمەد سەركردەیەكی لێهاتووەو دەتوانێت ئەركەكانی سەرشانی لە زۆر بواردا جێبەجێ بكات، بەڵام ئەو پۆستە بۆ سەركردەیەكی شاری سلێمانی گونجاوتربوو، بۆیە یەكێتی لەم مەسەلەیەدا پەلەی كرد”.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی دەزگای واڵا بۆ راگەیاندن و بڵاوکردنەوە، راشیدەگەیەنێت “پرۆسەی دیاریكردنی كاندید بۆ پۆستە باڵاكانی حكومەت لەم حزبەدا هێشتا پرۆسەیەكی تەواو دیموكراتی نییە و لەسەر بنەمای كاری دامەزراوەیی نییە، ئەمەش زیانی لەم حزبە داوە”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com