
عەدالەت عەبدوڵا: نەوشیروان مستەفا دزو گەندەڵ نییە، بەڵام لەسیاسەتدا سەرکەوتوو نییە
نوخبەی هەڵسوڕێنەری گۆڕان زۆر گەورەتر لەو پەرلەمانتارانە لە تەماحی سیاسی و ئیمتیازات گلاون
خەسڵەتی نەوشیروان مستەفا زیاتر لە خەسڵەتی رووناكبیر و زاهیدەكانەوە نزیكە نەك سیاسی
سەركردایەتی یەكێتی و پارتی ئەوەندە خاڵی لاوازییان هەیە كە نەتوانن لە پەرلەمانتارانیان بپرسنەوە
نوچەنێت . تایبەت
عەدالەت عەبدوڵا بەرپرسی دهزگای واڵا بۆ راگهیاندن و بڵاوكردنهوه. رایدەگەیەنێت، خاڵی سەرەنج راکێشی نەوشیروان مستەفا ئەوەیە کە پیاوێکی دزو گەندەڵ نییە، بەڵام پێشی وایە، لەسیاسەتکردندا کەسێکی سەرکەوتوو نییە، هەو لەو لێدوانەدا رای دەگەیەنێت، کە نامەکەی نەوشیروان مستەفا بۆ فراکسیۆنی گۆڕان، رای خۆی و راویژکارەکانیەتی، چونکە نوخبەی هەڵسوڕێنەرانی گۆڕان زۆریان، زۆر گەورەتر لەو پەرلەمانتارانە لە تەماحی سیاسی و ئیمتیازات گلاون، بگرە خۆیان مەرجی بەخشش و ئیمتیازات و تەماحكاری بوون لەناو یەكێتیدا.
عەدالەت عەبدوڵا چاودێری سیاسی و بەرپرسی دەزگای واڵا، لە نامەکەیەوە کەبۆ فرکسیۆنەکەی ناردبوو خوێندنەوە بۆ هەڵوێست و کەسایەتی نەوشیروان مستەفا دەکات و، بۆ نوچەنێت دەڵێت”خاڵێكی سەرنجڕاكێش لە نەوشیروان مستەفادا ئەوەیە، كە پیاوێكی دز و گەندەڵ نییە. زۆر كەس لە یەكێتیدا كە دوای نەكەوتن لەبەر ئەوە نییە پیاوێكی خراپە، بەڵكو لەبەر ئەوەبوو كە خیاری سیاسیی ئەو بۆ گۆڕانكاری لە دەرەوەی یەكێتی دەبووە هۆی لاوازكردنی ئەم هێزەو خۆیشی ناتوانێت هێزێكی سەرەكی بێت، هەرواش دەرچوو، دەنا نەوشیروان مستەفا هەندێ خەسڵەتی تیایە كە زیاتر لە خەسڵەتی رووناكبیر و زاهیدەكانەوە نزیكە نەك سیاسی. سیاسسەكان لە دنیادا، بە رێژەی جیاواز، شەڕی گەورەیان لەسەر سامان و دەسەڵاتە، نەوشیروان لەم هاوكێشەیە بەدەر نیە، بەڵام دوا سیاسییە كە بایەخ بەم بابەتە بدات، هەر بۆیە دەبینی زۆرجار لە سیاسەتكردندا، كە پڕە لە تەكتیك و فێڵ و دەستەگەری و بێ وەفایی و زۆرجاریش درۆ، كەسێكی سەركەتوو نییە. نامەكەیشی بۆ فراكسیۆنەكەی هێزەكەی لەو چوارچێوەیەدا دەخوێنرێتەوە.”.
عەدالەت عەبدوڵا، پێی وایە، نامەکەی نەوشیروان مستەفا رای خۆیەتی چونکە نوخبەی هەڵسوڕێنەری گۆڕان، لەو پەڕلەمانتارانە زیاتریان کردووە، لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت وا رایدەگەیەنێت”ئەو نامەیە تەعبیر لە كەسایەتیی نەوشیروان و هەندێ لە راوێژكارە نزیكەكانی دەكات! نەك نوخبەی هەڵسوڕێنەری بزووتنەوەی گۆڕان، چونكە ئەو نوخبەیە لە كۆندا، زۆریان، زۆر گەورەتر لەو پەرلەمانتارانە لە تەماحی سیاسی و ئیمتیازات گلاون، بگرە خۆیان مەرجی بەخشش و ئیمتیازات و تەماحكاری بوون لەناو یەكێتیدا”.
ئەو چاودێرە سیاسیە بۆ نوچەنێت، پێی وایە یەکێتی و پارتی ناتوانن لەپەڕلەمانتارەکانیان بپرسنەوە چونکە خاڵی لاوازیان زۆرە و دەڵێت”سەبارەت بەوەی یەكێتی و پارتیش لاسایی نەوشیروان مستەفا بكەنەوە، باوەڕ ناكەم پێیان بكرێت، چونكە سەركردایەتی یەكێتی و پارتی ئەوەندە خاڵی لاوازییان هەیە كە نەتوانن لە پەرلەمانتارانیان بپرسنەوە لەسەر ئەوەی ئیمتیازاتیان داوا كردووە”.