
نامەكەی نەوشیروان مستەفا و شێوازێكی بوێرانە لە لێپرسینەوە
خالد ڕەنجدەر
تایبەت بەنوچەنێت
ئەو نامەی كە نەوشیروان مستەفای ھەڵسوڕێنەری بزوتنەوەی گۆڕان ئاڕاستەی ئەندامانی فراكسیۆنی بزوتنەوەكەی لە پەرلەمانی كوردستان كردووە، شێوازێكی بوێرانەیە لە لێپرسینەوە. ھەروەھا دەرچونە لەو داب و نەریتەی زۆربەی حیزبەكانی كوردستان باریان پێوەگرتوە كە یان لێپرسینەوە لە ئەندام و كادیرەكانیان ناكەن یان ئەگەر كردیشیان ژێر زەمینانە دەبێت و ھیچ بۆ میللەت ئاشكرا نابێت. ھەروەھا ھەوڵێكە لە لایەكەوە بۆ گرێدانی پەرلەمانتاران بە جەماوەرەوە و لە لایەكی تریشەوە پەیامێكە بۆ حیزبەكانی كوردستان، كە نابێ حیزب چاوپۆشی لەو ئەندام و كادیرانەی خۆی بكات، كە كەمتەرخەمن یان گەندەڵن. ئەمە جگەی لەوەی بیرھێنانەوەیەكی زۆر گرنگی ھەمو نوێنەرەكانی پەرلەمانە كە بۆیە لەو جێگایەن تاكو خزمەتی میللەت و نیشتمان بكەن، نەك خزمەتی خۆیان یان حیزبەكانیان بكەن.
نەوشیروان مستەفا لەو نامەیەدا وەك بە تەنگی سومعەی پەرلەمانتارەكان خۆیانەوە ھاتوە، بە تەنگ سومعەی حیزبەكەشەوە ھاتوە و نابێ حیزب قوربانی بە مێژوی خەباتی خۆی بدات لەبەرخاتری چەند پەرلەمانتارێك كە خۆیان لەبیرچۆتەوە و كەوتونەتە ناو دنیای ماددە و بەرژەوەندیە تەسكەكانەوە.
ھەروەھا ئاماژە بۆ خاڵێكی گرنگ دەكات كە من پێموایە ڕزگاركردنی داھاتی ئەو میللەتەی تێدایە، ئەویش ئەوەیە كە پەرلەمانتاران پرۆژەیەك بدەنە پەرلەمان بۆ كەمكردنەوەی موچەی ئەندامانی پەرلەمان و خانەنشینكردنیان.
ئەگەر بێتو وەك وڵاتانی دیموكراتی ھەر چوار ساڵێك ھەڵبژاردنی پەرلەمان بكرێت، گومانی تێدا نیە كە زۆربەی پەرلەمانتارەكان دەگۆڕێن. جا ھەو چوار ساڵ جارێك كۆمەلێك ئەندام پەرلەمان خانەنشتن بكرێن باشە دەبێ دوای بیست ساڵ بودجەی كوردستان چی لێبێت. من لەو باوەڕەدام ئەگەر ئاوا بڕوات ھەرێم وەك پورەیەكی ھەنگی نەخۆشی لێدێت كە ھەنگە نێرینەكان زۆر دەبن و ھیچ ئیشوكارێك ناكەن و ھەر جێگر و نانخۆر دەبن.
نەوشیروان مستەفا پەرلەمانتاران دەخاتە بەردەم خاڵێكی زۆر ترسناك و دژوار كاتێك دەڵێ: حهزم لهوهش نییهكهس لهترسی من یان لهترسی دیسپلینیحیزبی خراپهنهكا، بهڵكو ئهمهوێ لهترسی لێپێچینهوهیهاوڵاتیان و لهترسی موحاسهبهیویژدانیخۆیكارینهشیاو نهكا. ئەمە جگە لەوەی وریا كردنەوەی پەرلەمانتارانە، جورئەتدانە بەر خەڵكیشە بۆ لێپرسینەوە لە ئەندامانی پەرلەمان و كارمەندەكانی حكومەتی ھەرێمیش. ئەوەش خۆی لە خۆیدا گێڕانەوەی ھێز و متمانەیە بۆ میللەت كە دەتوانێ لە ڕێی سندوقەكانی دەنگدانەوە گەندەڵ و كارنەكەرەكان بخاتە لاوە.
بەلای منەوە نامەكەی نەوشیران مستەفا “تەحەدا”یەكی گەورەشی تێدایە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە جورئەتی لێپرسیەوەیان ھەبێت بەرامبەر بە گەندەڵەكانی خۆیان.
لە كۆتاییدا دەڵێم: ئەم نامەیە بەرنامەی كاركردنی شەفافانەیە لە گەڵ میللەت و، ئەگەر دەسەڵاتی كوردستان لەو بوارەدا پێش ئۆپۆزیسۆن نەكەوێتەوە دەبێ ئەگەر ھەڵبژاردنێكی ئازادانە كرا باجەكەی لە بونی خۆی بدات.