سەرۆكی ئێستای شارەوانی كەركووك رەفیقی سەددام بووە … لە سەردەمی بەعسدا دوو مەدالیام هەبووە

0

سەرۆكی ئێستای شارەوانی كەركووك رەفیقی سەددام بووە … لە سەردەمی بەعسدا دوو مەدالیام هەبووە
گۆڤاری سڤیل: رێبوار رەزا چوچانی
بەڕێوەبەری ئێستای شارەوانی كەركووك، لەسەردەمی بەعسدا رەفیقی سەدام بووە، خۆیشی دانی پێدادەنێت، كە دوو مەدالیای هەبووەو لەپێناسەكەیشیدا نوسراوە، كە بۆی هەیە سەددام ببینێت، بەڵام دەڵێ بەعسی نەبوومەو پارێزگاری كەركووكیش رەتی دەكاتەوە، كە بەعسی بووبێت.
بەگوێرەی دوو بەڵگەنامە كە دەست (سڤیل) كەوتوون، ئەندازیار عەبدولكەریم حەسەن رەفیق كە ئێستا سەرۆكی شارەوانی كەركووكە، هەڤاڵی سەددام بووە، كە بەپێی زانییارییەكان، ئەو هەڤاڵێتییە پلەیەكی حیزبی بووەو بە هەموو كەسێك نەدراوە، بەڵام بە وتەی هەر یەكە لەعەبدولكەریم حەسەنی سەرۆكی شارەوانی و دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك رەتی دەكەنەوە، كە ئەو پلەیە پەیوەندی بە بەعسیبوونەوە هەبێت.
بەگوێرەی نووسراوی ژمارە (1939) كە لە رێكەوتی (9\8\1994) لەلایەن بەڕێوەبەری پرۆژەكانی شاری كەركووك ئاراستەی كۆمپانیایەكی سەر بە وەزارەتی ئیسكان و تەعمیر كراوە، دوو نووسراوی حزبی بەعسی لەگەڵ هاوپێچكراوە، نووسراوەكە بەرێوەبەرایەتی پرۆژەكان ئاماژە بە نووسراوەكانی بەعس دەكات، كە سوپاس و پێزانینی بۆ چەند ئەندازیارێك ناردووە، یەكێك لەو كەسانە عەبدولكەیم حەسەن رەفیقە كە ئێستا سەرۆكی شارەوانی كەركوكە.
بەگوێرەی نوسراوێكی تر، كە لەڕێكەوتی (12\1\2003) بە ژمارەی (1319) لەلایەن وەزارەتی ئیسكان و تەعمیر رەوانەی بانكی رافیدەین لقی النور كراوە، تێدا پاڵپشتی لەو كەسانە كراوە كە بە (اصدقاء صدام حسین) ناویان نراوە، بۆ پێدانی پاداشت كە بە (اكرامیە) ناوبراوە، یەكەم ناو لەو كەسانە عەبدولكەریم حەسەن رەفیقە كە ئەو كات سەرۆكی ئەندازیاران بووە.
ئەندازیار عەبدولكەریم حەسەن، كە بەر لە رووخاندنی رژێمی سەددام یەكێك بووە لەو كەسانە، كە وەك ئیمتیازێك كراوە بە هەڤاڵی سەددام، بەڵام ئەو رەتی دەكاتەوە كە بەعسی بووبێت، لە لێدوانێكدا بۆ (سڤیل)، عەبدولكەریم دەڵێت “بەر لە رووخاندنی رژێمی سەددام، هەر فەرمانبەرێك یان مامۆستایەك یان ئەندازیارێك بێت، یەك نەوتی هەبووە، ئەوەشی كاری باشی بكردایە دەبوو بە دوو نەوت و ئەو دوو نەوتەش دەیكرد بە ئەسدیقائ سەددام، منیش یەكێك بووم لەوانە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك بەعسی نەبووم”.
سەرۆكی شارەوانی كەركووك ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە بوون بە هەڤاڵی سەددام ئیمتیاز بووە، ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە لە پێناسەكەیان ئاماژە بەوە دراوە، بۆیان هەیە سەددام ببینن “هەر كەس ببوایە بە صدیق صدام، موچەكەی دەبوو بە دوو بەرانبەر و ئیكرامیەی وەردەگرت، هەروەها بۆی هەبوو سەددام ببینیت، بەڵام من نە موچەم زیادی كرد و نە سەددامیشم بینی، چونكە ئەوە موعامەلاتی دەویست و منیش فریای نەكەوتم”.
ئەندازیار عەبدولكەریم حەسەن كە لەسەر بەشە پۆستی یەكێتی پۆستی سەرۆكی شارەوانی كەركووكی وەرگرتووە، رەتیشی دەكاتەوە یەكێتی بیت، دەڵێت “من یەكێتی نیم و پێشتریش بەعسی نەبووم، یەكێتی منیان هەڵبژارد بۆ ئەو پۆستە، چونكە ئەوكات شارەوانی كێشەیان هەبوو، منیش ئەندازیارێكی بە تەمەن بووم و منیان هەڵبژارد”، بە وتەی دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك، ئەوان گومانیان نیە لەوەی كە ئەندازیار عەبدولكەریم حەسەن بەعسی بووبێت، دەڵێت “ئەو اصدیقائ صدامیشە بەهۆی كاركردنەوە ئەو ئیمتیازاتانەیان پێدراوە، ئەگینا بەعسی نەبووە، ناكرێت بەبێ هیچ بەڵگە و بنەمایەك شت لەسەر خەڵك بڵاو بكرێتەوە”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com