رۆشنبیران نزیک بونەوەو حیواری لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەپێویست دەزانن
نوچەنێت. تایبەت
دوای ئەوەی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی، سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتیان کردوو کۆبونەوە لەنێوان هەردوولادا ئەنجامدرا، خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئەو کۆبونەوەیە کرا، لەلایەن هەندێک لە راگەیاندنەکانەوە والێکدرایەوە کە کۆبونەوەیەکی نا پێویست بوو، بەشێکی زۆریش لەرۆشنبیران لێک‌نزیک بونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەپێویستییەکی هەنووکەیی بۆ بەرژوەندی کوردستان ناو دەبن و سەردان و کۆبونەوەکانی نێوان پارتی کۆمەڵی ئیسلامی بەهەنگاوێکی ئیجابی باس دەکەن.
سەعید کاکەیی شارەزا لە زانسته سیاسیه‌کان و ڕاوێژکار و پسپۆری دانوستان و مامۆستای دانوستان له‌ئه‌کادیمیای په‌ره‌پێدانی سه‌رکرده‌یی له‌ویلایه‌تی کالیفۆرنیا، بۆ نوچەنێت دەڵێت”دەبێت گرنگی بەکۆبونەوەو دیالۆگ بدرێت و تەنها رێگەشە بۆ چارەسەکردنی قەیرانەکان، هەموو کێشەیەک چارەسەری هەیە و چارەسەرەکەش تەنها بەدیالۆگە، بەمەرجێک لایەنەکانی کێشەکە بڕوایان بەچارەسەر هەبێت. ئەگەر بروا بەچارەسەرو مەبەست چارەسەریش نەبێت، ئەوە دەبێت دیالۆگ نەبێت”.
لەبارەی بڕیاری لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ بایکۆتکردنی دانیشتنەکانیان لەگەڵ دەسەڵات، کاکەیی دەڵێت”بایکۆتکردنی دانیشتنەکان و بایکۆتی حیوار لەخزمەتی هیچ کام لەلایەنەکانی کوردستاندا نییەو لەخزمەتی وڵاتەکشەدا نییە، لەمەنتقی سیاسی‌دا لەگەڵ داپڵۆسێنەرترین دەسەڵاتیشدا دانیشتن و دیالۆگ رێگادروستەکەیە”.
بۆ دانیشتنەکانی کۆمەڵ و پارتیش دەڵێت”قۆناغی ئەمرۆی کوردستان پیویستی بەو دیالۆگکردنە هەیە، با بەشداری حکومەت نەکەن بەڵام با گرژیش دروست نەبێت لەنێوان لایەنەکاندا، دەبێت ئۆپۆزسیۆن بە رێگا دروستەکە ئۆپۆزسیۆن بونی خۆی بکات، کە ئۆپۆزسیۆن بونیش مانای دوژمنایەتی و دژایەتی نییە، بۆیە ئەم جۆرە دانیشتنانە جێی خۆیەتی و دەبێت بەردەوامی بەم شێوازە لە حیوار بدرێت”.
هەر لەبارەی دانیشتنەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و پارتی، سەلاح سالار، رۆژنامەنوس لە راگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامی، دەڵێت”كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان كۆمه‌ڵ و پارتی ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم و به‌دوایدا چووم، زیاتر وه‌ك ره‌دی زیاره‌ت و پاشانیش به‌خێرهێنانه‌وه‌ی كاك نێچیره‌وان بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كۆبوونه‌وه‌ی نێوان دوو حزبی كوردستانی دۆست و ئاشنا هیچ نه‌نگی نییه و به‌ڵكو باشتر وایه هه‌موو هێزه‌كان سه‌ردانی یه‌كتر بكه‌ن و گرنگی به په‌یوه‌ندییه‌كانیان بده‌ن، ئه‌مه هیچ له بایه‌خی ئۆپۆزیسیۆنبوون و دسه‌ڵاتدارێتی كه‌سیان كه‌م ناكاته‌وه پاشان ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانیش رۆڵی گرنگ له ته‌فسیری هه‌واڵه‌كه‌دا ده‌بینێت، من وه‌كو خۆم پێم باشه كۆمه‌ڵ به‌شداری كابینه‌ی حه‌وته‌میش نه‌كا و به‌ڵكو له ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆیدا كاراتر بێت. به‌س خۆ ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه هه‌ر كه‌س بوو به ئۆپۆزیسیۆن قسه له‌گه‌ل ده‌سته‌ڵات نه‌كات”.
سەڵاح سالار زیاترش وتی”کۆمه‌ڵ و پارتی و هه‌ر حزبێكی دیكەش ده‌بێت خاڵی له‌یه‌ك گه‌یتشنیان هه‌بێت، نێچیره‌وان بارزانییش حه‌قوایه له‌گه‌ڵ دوو حزبه‌كه‌ی تریش لە ئۆپۆزسیۆن كۆببێته به‌ر له ته‌شكیله‌ی کابینەکەی تا رای ئه‌وانیش وه‌ربگرێت، هه‌رچه‌ند هه‌رسێ حزبی ئۆزسیۆن به‌شداریی حكومه‌ت ناكه‌ن، به‌ڵام رایانوه‌ربگیرێت كابینه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتووتر ده‌بێت”.
ئەو رۆژنامەنوسە جیاوازی لەنێوان سەرۆکی کابینەی شەشەم و سەرۆکی چاوەڕوانکراوی کابینەی حەوتەمی کوردستان ، بەئاراستەی کارکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن واباس دەکات کە”خاڵی به‌هێزی نیچریره‌وان بارزانی كراوه‌یی و گوی له‌خه‌ڵک گرتنه، دكتۆر به‌رهه‌میش ئه‌مه‌ی هه‌بوو به‌س وابزانم كاك نێچیر تا راده‌یه‌ك مه‌به‌ستیه‌تی سوودی لێ وه‌ربگرێت و به قسه‌یان بكات، به‌ڵام كاك به‌رهه‌م به‌قسه‌ی كه‌سی نه‌كرد، ئیدی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو یان نه‌یبوو ئه‌وه‌یان شتێكی ترە”.
هەر لە بارەی دۆخی کوردستان و نێوانی لایەنەسیاسیەکان، غەفوور هیرانی رۆژنامەنوس، بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردی دانوستاندن بەدواین رێگە ناو دەبات و پێی وایە”لەناو كۆمەڵێكی وەكو ئەوەی ئێمەدا، كە پرەنسیپەكانی دیموكراسی باش شۆڕنەبۆتەوەو هەمیشە جەنگ ئەلتەرنایڤی دیالۆگ بووە، هیچ رێگەیەكی دیكەمان لەبەردەستدا نییە جگە لەوەی كە دەبێت دوای ئەو هەموو نارەحەتیەی چەشتمان و ئەزموونی گەورەمان بەدەستهێنا، ئیدی كاتی دانووستانە، گرنگ ئەوەیە لەمەدای قووڵكردنەوەی گیانی دیموكراسی شەفافیەت دەرنەچین”.
هیرانی وای دەبیننێت کە”كوردستان لەسەر شارێیەكی گەورەتری ململا نێیە و ئەوەمان لێدەخوازێت تۆزێك نەرمونیانتربین و ئەم دۆخە بە جیددی وەربگرین، ئیدی كاتی ئەوەیە دەسەڵات بزانێت كە پێشمەرجی سەركەوتن قبووڵكردنی جیاوازی و شەفافیەتە، ئۆپۆزسیۆنیش نابێت لەم دۆخەدا واقیع نەبینێت و لەپێناو مسۆگەركردنی دەنگی خەڵكە توڕەو نیگەرانەكاندا دەستكەوتە ستراتیژیەكان فەرامۆش بكات، چونکە رووداوەكان ئەو ئاماژانەمان پێدەڵێن کە رووداوی گەورە بەرێگەوەیە”.
خالد رەنجدەر، وەک رۆشنبیر‌و نوسەرێکی ئیسلامی، لەبارەی دەستپێشخەری و هەنگاوەکانی کۆمەڵی ئیسلامی، بەئاراستەی هێورکردنەوەی دۆخی کوردستان، بۆ نوچەنێت دەڵێت”كۆمەڵی ئیسلامی لەم ماوەیەدا دوو ھەنگاوی زۆر سەیری نا، یەكەمیان كەوتنە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتوی ئیسلامی بۆ ناوبژی كردن و چارەسەركردنی ڕوداوەكانی بادینان. بەڵام نەچونی یەكگرتوی ئیسلامی بۆ كۆبونەوەكە كۆمەلی ئیسلامی توڕە كرد چونكە ھەوڵەكەی شكستی ھێنا. ئەوەش وای كرد كە خودی ئەمیری كۆمەلی ئیسلامی بڵێ كە جارێكی‌تر كاری واناكات تا پارتی و یەكگرتووش پێی نەڵێن. ھەنگاوی دووەم لە بەخێرھاتنەوەی نێچیر بەرزانیدا بوو لە لایەن خودی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیەوە و ڕاگەیاندنی سەردانی شاندێكی كۆمەڵ بو بۆ لای. میوانداریەكەش لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی بوو، من پێموایە ئەمە درزێكە كەوتۆە نێوان لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن و ئەگەر نێچیروان بارزانی بتوانێ دڵی یەكگرتوی ئیسلامی لە مەسەلەی ڕوداوەكانی بادیناندا چاك بكاتەوە، ئەوا دور نیە یەكگرتوش ھەمان ھەنگاوی كۆمەلی ئیسلامی نەنێ”.
رۆشنبیران نزیک بونەوەو حیواری لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەپێویست دەزانن
0
Share.