په‌رله‌مانتار له نێوان نوینه‌رایه‌تی خه‌ڵك و موزایه‌ده‌دا
كامه‌ران محمد
هه‌ر په‌رله‌مانتارێكی په‌رله‌مانی كوردستان، نوێنه‌رایه‌تی نزیكه‌ی 17 هه‌زار ده‌نگده‌ر ده‌كات. ئه‌و حه‌ڤده هه‌زاره، له‌سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان پێكدێت، له سه‌رمایه‌دارێكی گه‌وره، تا بۆیاخ چییه‌كی سه‌ر شه‌قام، له پرۆفیسۆرێكی زانكۆ، تا نه‌خوێنده‌وارێكی بواری نوسین. بۆیه كاتێك په‌رله‌مانتار له ناوهۆڵدا قسه ده‌كات، ده‌بێت زمانی خه‌ڵك له ده‌می خۆیدا به‌رجه‌سته بكات و به‌رگریكردن له به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان، وه‌ك پره‌نسیپێك كاری پێبكات، چونكه ئه‌و نوسه‌رێكی ئه‌ده‌بی، یان چیرۆك نوسێك یان شاعیرێك نییه، تا بۆچوونه‌كه‌ی( ڕۆلان بارد)ی به‌سه‌ردا بسه‌پێت، كه خۆی وه‌ك تاك، بخه‌ینه ده‌ره‌وه‌ی قسه‌كانی.
ئه‌گه‌ر بیناكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه‌كان له‌سه‌ر پشتی به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان، بۆ هه‌موو كه‌سێك كارێكی قێزه‌وه‌ن بێت، ئه‌وا بۆ په‌رله‌مانتارێك، كه ئه‌م كاره بكات، مایه‌ی شه‌رمه‌زارییه‌كی گه‌وره‌یه، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی، له‌ڕێگه‌ی میدیاوه وێنه‌یه‌كی وایان له بیر و هۆشی خه‌ڵكی ساده‌ی دادپه‌روه‌رخواز دروسكردبێت، كه له خه‌نده‌ی مۆنالیزا بچێت. چونكه خه‌ڵكی ده‌نگده‌ر هه‌میشه چاوی له‌وه‌یه، نوێنه‌ره‌كه‌ی، خه‌نده‌كه بگوازێته‌وه بۆ سه‌ر لێوی ئه‌و.
چ ئیحراجییه‌كی گه‌وره‌یه، به‌ده‌نگی خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت (كه زۆریه‌نه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ن) موچه‌كه‌ت بگه‌یه‌نرێته نزیكه‌ی 8 ملیۆن دینار و له گرانبه‌هاترین شوقه‌و ڤیلا بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ بژیت، كه‌چی چاوەی له‌وه‌بێت به‌ده‌یان ده‌فته‌ر دۆلار قازانج بكه‌یت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، نوێنه‌رایه‌تییه‌كه به‌كاربێنی. ئه‌مه له كاتێكدا، به‌هه‌زاران كه‌سی ئه‌م وڵاته له كرێچییاتی ده‌ژین و یه‌كێك له كێشه گه‌وره‌كانی مه‌سه‌له‌ی نیشته‌جێبوونه و هه‌ندێك جار به قه‌یرانی نیشته‌جێبوون ناو ده‌برێت. باشه بۆ نابێت، په‌رله‌مانتار له گه‌ڕه‌كیكی هه‌ژار نشیندا له خانووێكی ساده‌دا بژیت؟ مه‌گه‌ر به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی خه‌لكی هه‌ژاری ناو گه‌ڕه‌كه هه‌ژاره‌كان نه‌چۆته ئه‌و شوێنه؟ مه‌گه‌ر هه‌ندێكتان له به‌رده‌م كامیرا و له دیداره‌كانتان، به‌ڵێنی شه‌ڕی ناعه‌ده‌له‌تی و گێرانه‌وه‌ی مافی خه‌ڵكتان نه‌دا؟ . ده‌نگده‌رانتان هه‌قی ئه‌وه‌یان هه‌یه به‌ئێوه‌ش بڵین كردار شه‌رته.
نوێنه‌رایه‌تی كردنی خه‌ڵك، وه‌رگرتنی ئیمتیازات نییه، به‌ڵكو به‌رپرسیارییه‌تێكی گه‌وره‌ی ئه‌خلاقییه. ده‌نگ به‌رزكردنه‌وه‌و لێدوانی به‌رده‌م كامیرا، پێویستی به له‌خۆبووردن هه‌یه، پێویستی به‌وه هه‌یه، له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆت به‌لاوه بنێی. په‌رله‌مانتار ده‌بێت ئاماده‌ی ئه‌وه‌ی تێدا بێت، خۆی بكاته پرد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌ره‌كانی به داخوازییه‌كانی خۆیان بگه‌ن، نه‌وه‌ه‌ك ده‌نگده‌ران بكاته پرد، بۆ گه‌یشتن به به‌رژوه‌ندییه‌كانی خۆی.
ده‌مێكه قه‌ناعه‌تمان به‌وه هاتووه، كه دروشمی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌باره‌ی كوردایه‌تییه‌وه كاڵبۆته‌وه، خه‌ڵك ئێستا داوای عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات، كه ئۆپۆزسیۆن ته‌به‌نی كردبوو، ئیستا بۆمان ده‌ركه‌وت به‌شێك له په‌رله‌مانتارانی ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ش ده‌یانه‌وێت له دوو لا مه‌ست و حه‌یران بن. جێگه‌ی خۆیه‌تی له‌مه‌سه‌له‌ی بازرگانی كردن به خانووی په‌رله‌مانتاران، ده‌ستخۆشی له‌و فراكسیۆنانه بكه‌ین، كه ئاماده‌ی واژوو كردنی داواكارییه‌كی له‌و شێوه‌یه نه‌بوون، ده‌ستخۆشی له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ش، كه سه‌ر به لیستی ده‌سه‌ڵات یان ئۆپۆزسیۆنن و دژی ئه‌و حاڵه‌ته‌ن. له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی حزبه سیاسییه‌كانیشه (ئه‌و حزبانه‌ی جورئه‌تی ئه‌وه ده‌كه‌ن، سنوور بۆ ئه‌ندامه به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌كانیان دابنێن)، لێپێچینه‌وه‌ی توند و ئاشكرا له‌و په‌رله‌مانتارانه بكه‌ن، كه ده‌یانه‌وێت یاری به هه‌ست و سۆزی خه‌ڵكه‌وه بكه‌ن و پێیان بڵێن، كاری په‌رله‌مانتاری بریتییه له نوێنه‌رایه‌تیكردنی خه‌ڵك، نه‌ك موزایه‌ده و هاتوهاواری بێكردار.
kameranmhamad@yahoo.com