ئه‌گه‌ر نێچیرڤان بارزانی هاته‌وه!
ئاسۆ حاجی
ئه‌گه‌ر نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی وه‌رگرته‌وه، پێیده‌ڵێم:
قوربان ئه‌گه‌رچی سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی تۆ حكومه‌ت له سه‌رده‌می زێڕینی دابوو و خه‌ڵك دوعای خێریان بۆ ده‌كردی، وه‌بیرم دێ كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار حاجیانی كوردستان به‌فڕۆكه چونه حه‌ج و تۆ هاریكاری گه‌وره‌ت كردن، بینیم حاجیه‌كان چه‌ند له ده‌وری كه‌عبه سوڕان و چه‌ند دوعایان بۆ كردی، به‌ڵام ئه‌وجاره‌یان ئه‌گه‌ر نیه‌تی وات هه‌بوو تكایه به ناوی هه‌موو موسلمانانی كوردستان حه‌ج له كوردستان بكه‌و پاره‌كه بۆ یارمه‌تی خه‌ڵكی وان یان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گه‌رمیان ته‌رخان بكه، چونكه دوعای خه‌ڵكی ده‌ربه‌ده‌ر و دایكانی ئه‌نفال كاریگه‌ریان زۆرتره و له لای خوای مه‌زنیش شیرنترن.
قوربان ئه‌گه‌ر ئه‌و جاره سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تت وه‌رگرته‌وه ئه‌وه‌نده راوێژكاره له ده‌وری خۆت كۆ مه‌كه‌وه كه شایه‌نی راوێژ پێكردن نین و به ناوی هونه‌ر و پڕۆژه‌ی یه‌كسانی و رۆشنبیری و هتد ، گۆل له حكومه‌ت و میلله‌ت بكه‌ن.
قوربان با هه‌ر ئه‌وانه‌ی له ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێنه‌وه نیعمه‌تی پۆست و ئیمتیازات نه‌یانگرێته‌وه هیچ نه‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی مردن ئه‌وه‌نده‌ی جلكی له‌نگه له به‌ر بكه‌ن و به پاسی شه‌ست مه‌تری بسوڕێنه‌وه كه‌م شتێكیان بده‌نێ، با هه‌ر ئه‌وانه‌ی له بن سێبه‌ری به‌رپرسه‌كان قه‌ڵه‌و ده‌بن به وه‌كیل وه‌زیر و مدیرعام و راوێژكار و …..هتد خانه‌نشین نه‌كرێن. با ئه‌وانه‌ی جارێك ئه‌گه‌ر به هه‌له‌ش بوبێت به به‌رپرسه‌كه‌یان گوتوه( نا)، با له هه‌موو ژیانیان باجی ئه‌و( نا )یه نه‌ده‌ن و ناویان له هیچ لیستێك نه‌بێت ته‌نها له لیستی ده‌ركردن نه‌بێت، خۆ به‌ڕێزت بڕوات به هه‌بوونی بۆچوونی جیاواز هه‌یه ئه‌وه نیه یه‌كێك له مه‌رجه‌كانت بۆ وه‌رگرتنی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت به‌شداری پێكردنی ئۆپۆزسیۆنه.
قوربان ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تت وه‌رگرته‌وه من دڵنیام هه‌ولێر سه‌رله‌نوێ روحی وه‌به‌ر دێته‌وه جاده‌ی زیاتر و باله‌خانه‌ی جوانتر و بڵندتر و هه‌موو شته‌كان بێگومانم له ئێستا جوانتر ده‌بن، به‌ڵام توخوا ئاوڕێكیش له هه‌ولێریه‌كان بده‌وه مه‌به‌ستم مرۆڤه‌كانه، چونكه ده‌زانی تا باله‌خانه‌كان بڵندتر بن مرۆڤه‌كان بچوكتر دیار ده‌بن، له‌وه‌ته‌ی منیش وه‌بیرم دێت وه‌ك داكم ده‌ڵێ چ هه‌وره و چ باران له به‌فرێ ده‌بات، ده‌با چیدیكه هه‌ولێری به‌فر نه‌بن له شاری خۆیان.
قوربان خه‌ڵك زۆر به باشی باسی مه‌رجه‌كانت ده‌كات و له هه‌مووشیان زیاتر به‌شداری پێكردنی پارته سییاسیه‌كانی دیكه، به‌ڵام توخوا له ناو ئه‌و پارتانه‌ش با كه‌سانێك وه‌زاره‌ته‌كان وه‌ربگرن كه هه‌ندێك سه‌ره‌ده‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌ركی خۆیاندا بكه‌ن، بۆ نمونه وه‌زیری رۆشنبیری با تۆزێك په‌یوه‌ندی به رۆشنبیریه‌وه هه‌بێت! ئه‌گه‌ر بویه‌وه سه‌رۆكی حكومه‌ت و چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانیان له‌گه‌ڵ كردی، توخوا با به‌رپرسی ده‌زگاكان نه‌بن چونكه ئیشی ئه‌وان پرسیاركردن نیه به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی ئیشیان گوێگرتنه.
به‌ڕێزم كاك نێچیرڤان له كوردستان ئێستا دوو دونیا و دوو كۆمه‌ڵگا و دوو شێوه مرۆڤ و دوو ولات هه‌یه، یه‌كێكیان منداڵه‌كانیان له شوه‌یفات و زانكۆی ئه‌مریكی ده‌خوێنن و ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان هێشتا منداڵه‌كانیان له قوتابخانه‌ی سێ ده‌وامی ده‌خوێنن، یه‌كێكیان بۆ ژانه‌سه‌رێك یان په‌سیوێك ده‌چنه توركیا و نه‌مسا و ئه‌لمانیا و ولاتانی دیكه، ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش له پایته‌ختی كوردستان و شاره‌كانی دیكه له باشترین حاله‌تدا ده‌چنه كن پزیشكێك كه له یه‌ك سه‌عاتدا (10) نه‌خۆش ده‌بینێت، یه‌كێكیان شه‌وانه له‌و شوێنانه كات به‌سه‌ر ده‌به‌ن كه ئه‌وانه‌ی دیكه موچه‌ی مانگێكیان به‌شی یه‌ك دانیشتن ناكات، بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تت وه‌رگرته‌وه بڵندكردنی هێلی گوزه‌رانی ئه‌وانی دیكه با له به‌رنامه‌ی كار دابێت.
ئه‌گه‌ر نێچیرڤان بارزانی هاته‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت له دڵه‌وه پیرۆزبایی لێده‌كه‌م چونكه ده‌زانم بیر له هه‌موو كوردستان ده‌كاته‌وه و به یه‌ك چاو ته‌ماشای هه‌موو ولات ده‌كات، ئه‌وه‌ش پێی بكرێت و له ده‌ستی بێت خزمه‌تی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش لابارێكی له‌گه‌ڵ بگرن.
ئاسۆ حاجی: ئه‌گه‌ر نێچیرڤان بارزانی هاته‌وه !
0
Share.