نوێنه‌ری میلله‌ت، یان چاوچنۆكی برسی؟.
سه‌ردار حوسێن
خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه به‌دبه‌خته به ته‌واوی پێكهاته‌كانییه‌وه چاویان له ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی كوردییه، كه به گه‌وره‌یی خۆی مه‌رحه‌مه‌ت بكات و شتێك له‌و پاره‌وپووله زه‌به‌لاحه‌ی هه‌یه، ئه‌گه‌ر به سه‌ده‌قه‌ی سه‌ریشیان بێت، بیبه‌خشێته خه‌ڵكی بێ مه‌ئواو ده‌ره‌تان، ئه‌گه‌ریش نه‌یدا، ئه‌وا موعاره‌زه هه‌یه‌و قبووڵناكات مافی بزنی بێشاخ له‌سه‌ر بزنی به‌شاخ بمێنێ و كه‌س حه‌قی به هه‌ده‌ر بڕوات، وه‌لێ واقیع شتێكی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت.
نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر سێی په‌رله‌مانتارانی كوردستان به پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و توركمان و هه‌ردوو تاقانه‌كه‌ی شیوعی و بزووتنه‌وه ئیسلامیش، داوای ئه‌و شوقانه ده‌كه‌ن، كه كه‌س نازانێ به‌هاكه‌ی خوێنی چه‌ند شه‌هید و ئه‌نفالكراوی ئه‌م وڵاته‌یه‌و ئێستا ئه‌و به‌ڕێزانه ته‌ڕاتێنی تیاده‌كه‌ن، وه‌لێ هه‌موو ده‌زانین ئه‌وان به په‌نجه‌پیسبوونی ئه‌و خه‌ڵكه به‌دبه‌خته گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و نازو نیعمه‌ته، نه‌ك به شه‌هامه‌ت و ده‌ست و قامی خۆیان، ئه‌وان هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه هه‌ندێكیان تا دوێنێ به خه‌ونیش سه‌ركه‌وتنی باڵه‌خانه‌یه‌كی پێنج نهۆمییان نه‌دیبوو، كه‌چی به ده‌ستهه‌ڵبڕینێكی ناو هۆڵی په‌رله‌مان خۆیان لێبۆته كوڕه سوڵتان و خه‌ڵكیش به ره‌عیه‌ت ده‌بینن، ئه‌رێ به‌ڕاست بیرتانه له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئێوه چه‌ند نه‌رم و حه‌لیم بوون؟! بیرتانه ئه‌م كۆڵان و ئه‌و ماڵتان ده‌كرد ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی له په‌نجه‌پیسكردندا ده‌نگتان پێبده‌ن؟! مه‌گه‌ر قه‌راربوو وه‌ها بكه‌ونه گیانی خه‌ڵك یان خزمه‌تیان بكه‌ن؟! ئه‌ی نه‌تانده‌وت ئامانجمان چاكسازی و پاكسازی و ئه‌و شتانه‌یه؟! ئاخر ئێوه له‌و رووڕه‌شییه ناترسن كه میلله‌تێكی به‌دبه‌خت ئه‌مڕۆ به چاوی سووكه‌وه سه‌یرتان ده‌كات و ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی له‌ده‌ست دێت، له‌بن لێوانه‌وه بڵێ: خودایه قبووڵی نه‌كه‌ی. ئێوه كه هێنده غه‌می منداڵه سوور‌و سپییه‌كانی خۆتانه‌و ده‌تانه‌وێ تا ئه‌به‌د به ته‌مبه‌ڵی و مده‌له‌لی بژین، بیر له منداڵه هه‌ژارو عه‌للاگه‌فرۆشه‌كانی شێخه‌ڵڵا ناكه‌نه‌وه، كه هه‌ر هه‌ناسه‌یه‌كی ساردیان، رۆحی خۆتان و مه‌قامی عالیتان دێنێت؟! ئه‌ها سه‌یرێكی خۆتان و لیستی ناوه‌كانتان بكه‌ن، چه‌نده قسه‌ی زل و دژه‌بۆچوونتان له‌سه‌ر هه‌ندێ یاسای پڕوپووچ هه‌یه، وه‌لێ بۆ ئیمتیازات و مه‌ئوای ئه‌به‌دیتان هێنده كۆك و ته‌بان، هه‌ولێری وته‌نی: موو به به‌ینتانه‌وه ناچێت، له هه‌موو ئه‌وانه‌ش سه‌یرتر كه شه‌رمه‌زارییه‌كی هه‌ره گه‌وره‌یه، نیوه‌ی ئه‌و ژماره واژووكاره‌ی په‌رله‌مانتاران، ژنن، كه ئه‌وان جیا له‌وه‌ی نوێنه‌ری گه‌لن، به‌قسه‌ی خۆیان نوێنه‌ری ئافره‌تیشن.
ئێستا له‌سه‌روبه‌ندی نووسینی ئه‌م وتاره‌مدا، دۆستێكی گۆڕانم هه‌س، كۆمێنتێكی بۆ فه‌یسبووكه‌كه‌م ناردووه‌و به‌و پێیه‌ی ئه‌و گۆڕانخواز‌و منیش پارتیم، نووسیوویه‌تی: (ئێمه گله‌ییمان له گورگه‌كانی ئێوه نییه، به‌ڵكو موته‌ئه‌سیفی شێره‌كانی خۆمانین، كه رۆڵی گورگ ده‌بینن)، ئه‌و دۆسته‌م راست ده‌فه‌رمووێ، خۆزگه هه‌ڤاڵێكی یه‌كێتی و هاوڕێیه‌كی شیوعی و برایه‌كی ئیسلامی و قارداشێكی توركمانیش وه‌ها هه‌ڵوێستێكیان ده‌بوو، تا هه‌موومان هاوڕابین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه دواجار مافی میلله‌تێكی مافوراو مولكی هه‌مووانه‌و گه‌نده‌ڵی و مشه‌خۆریش له هه‌ر كوێ بێت، دژ به ئامانج و خواستی هه‌مووانه، ئاخر حه‌یفه جارێكی تر خه‌ڵكی پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و شیوعی و ئیسلامی و توركمانیش په‌نجه بۆ چاوچنۆكی وه‌ها پیس بكه‌ن، كه ئه‌وه‌ی به‌لایانه‌وه مهیم نه‌بێت خه‌ڵكی ساده‌و هاووڵاتی ئه‌م نیشتیمانه‌یه، ئه‌وان به‌وپێیه‌ی نوێنه‌ری میلله‌تێكن، ده‌بوو له‌وه‌ها بڕیارێك ئه‌گه‌ر له‌سه‌رووی خۆیانه‌وه بهاتایه هه‌ڵوێست وه‌رگرن و ره‌تیبكه‌نه‌وه، نه‌ك خۆیان داوا بكه‌ن و له‌سه‌رووی خۆیانه‌وه ره‌تبكرێته‌وه، كه به‌ڕای من و تا ئه‌به‌دیش شایه‌دی ئه‌وه ده‌ده‌م، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ته‌نها یه‌ك كاری باشی هه‌بووبێت، ئه‌و ده‌مكوتكردنه‌ی په‌رله‌مانتاره چاوچنۆكه‌كانه به‌بێ جیاوازی له ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه، رێزیشم بۆ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی واژووی ئه‌م داواكارییه شه‌رمهێنه‌ره‌یان نه‌كردووه.
سه‌ردار حوسێن: نوێنه‌ری میلله‌ت، یان چاوچنۆكی برسی؟.
0
Share.