رزگار رەزا چوچانی: نێچیرڤان بارزانی ده‌توانێت ناره‌زایه‌تیه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، له‌ وجودی ئۆبۆزسیۆن تێده‌گات و بروای به‌فره‌یی و كاری هاوبه‌ش هه‌یه‌

0

سه‌رنووسه‌ری سایتی نوچه‌ نێت: کاتێک پارتی حکومەتی وەرگرتەوە راگەیاندن و سیاسەتی یەکێتی لەهەمبەری پارتی جیاوازی نابێت لەراگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن
نێچیرڤان بارزانی لەو سیاسیانە نییە کە بەچاویلکەی تەڵخی حزب لەمەسەلەکان بڕوانێت
ئۆپۆزسیۆن مەبەستی ئۆپۆزسیۆن بونێکی ساغڵەم و رەخنەگربێت، نەک راپەڕین ئامانج، نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت سەرۆکایەتی حکومەت بکات بەرانبەری ئەگەر سەد هێندە بەهێزیش بێت
لەوڵاتی دوای جەنگ و یەکتر سڕینەوە دەچێتە خانەی چاوەڕوانی ناواقیعی کە پێت وابێت بەیەک بڕیار و بەدەرکردنی یەک یاسا، ئەتوانی دەستی قارەمانە جەنگاوەرەکان ببڕیت لە دەستێوەردانی حکومەت

رەنگە دوای ئەم قسانە یەکسەر هەوییەی حزبێک بخرێتە گیرفانم یان ناوی رۆژنامەوانی سێبەرو کۆمەڵێک قسەی لابەلا بکرێت، بەڵام لەوەتەی کاری رۆژنامەوانی دەکەم کێشەم نەبووە و نییە لەو جۆرە ناسنامانەو قسەی خۆم دەکەم
ناسیح عەبدولڕەحیم
رزگار رەزا چوچانی سەرنوسەری ماڵپەڕی نوچەنێت، وەک خۆی دەڵێت.، زیاتر لە ١١ ساڵە کاری رۆژنامەوانی دەکات، و ماوەی ١٢ ساڵیش لەناو پارتیدا کاری کردووە تا ئەو رۆژی توشی گرفت و دەستگیرکردن دەبێت لەلایەن کۆمەڵێک بەرپرسی پارتی یەوە، بۆ گۆاڤاری ڕێگا وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە لەمەڕ پارتی و کێشەکانی ناو پارتی و کێشەکانی ئەمرۆی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەکوردستان، بەڵام وەک خۆی وتی”کە من قسە لەسەر کێشەکانی پارتی یان هەرشتێک تایبەت بەپارتی دەکەم، رای شەخسی خۆمەو هیچ پەیوەندیم بەپارتییەوە نییە، بەڵام بە حکومی ئەوەی ١٢ ساڵی تەمەنم لەناو پارتی بووم و دواتریش وەک رۆژنامەوانێک خوێندنەوەم بۆ کێشەکان هەیە”. مانیشێتەکانی ئەم پرسیارە وەڵامە نوچەنێت دەریهێناوە، نەک رۆژنامەوانی ئامادەکار.
ناسیح عەبدولرەحم: وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌لایه‌ن نێجیر به‌رزانیه‌وه‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌؟ له‌ دوای ڕووداوه‌كانی بادینان، نێچیر به‌رزانی به‌ته‌واوی ره‌تی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێته‌وه‌؟
رزگار رەزا چوچانی: سەرەتا بەر لەوەڵامی پرسیارەکان دەبێت ئەوە بڵێم من وەک رۆژنامەوانێک بەخوێندنەوەی خۆم قسە دەکەم نەک وەک کەسێکی بەشدارو خاوەن بەش لە سیاسەتی پارتی و حزبەکانی ئەوێ، رەنگە لێرە بە خوێندنەوە بۆ قسەکانم لەلایەن لاگری حزبەکانی تر یەکسەر هەوییەی حزبێک بخرێتە گیرفانم، یان وەک وشە باوەکە ناوی رۆژنامەوانی سێبەرو راگەیاندنی سێبەرو کۆمەڵێک قسەی لابەلا بکرێت، بەڵام لەوەتەی کاری رۆژنامەوانی دەکەم من کێشەم نەبووە و نییە لەو جۆرە ناسنامانەو قسەی خۆم دەکەم، بۆ وەڵامی پرسیارەکەت ئەوەندەی من بیزانم نێچیرڤان بارزانی بڕیاری خۆی نەداوە کە کابینە وەربگرێتەوە یان نا، ئەوە تەنها سەرکردەکانی پارتی بوون ئەوەیان دەوت و دەڵێن کە کانیدی ئەوان کاک نێچیرڤانە بۆ سەرۆکایەتی حکومەت، کام لێدوانی نێچیرڤان بارزانی هەیە تا پشتی پێ ببەسترێت کە وتبێتی سەرۆکایەتی حکومەت وەردەگرمەوە، تا ئێستا بڵێن رەتیکردەوە یان پەشیمان بوەوە لەوەرگرتنی، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکان ئەگەر پارتی سەرۆکایەتی حکومەت وەربگرێتەوە من هیواخوازم نێچیرڤان بارزانی کاندیدی بێت.چونکە شیاوترین کەس دەبێت کە حکومەتی زەرورە بۆ بارودۆخی ئەمرۆی کوردستان سەرۆکایەتی بکات، ئەوەی لە کاتی سەرۆکایەتی کابینەی پێنجەم کرا، لەکۆکردنەوەی هەموو رەنگە جیاوازە سیاسیەکان لەدوای شەڕو خوێنرشتن و هەوڵی یەکتر سڕینەوە، دەکرێت ئەساسبن بۆ خوێندنەوەی ویستی ئەو پیاوە لەسەرۆکایەتیکردنی حکومەت، یان لەلایەکی تر ئەو کراوەییەی کە لەهەمبەر حزبە ئیسلامییەکان نواندی، بۆ نمونە لەکاتی هەڵبژاردنەکان تەنها هەندێ شتی نابەجێکرا لەبەرانبەر بارەگای حزبە ئیسلامییەکان لەهەولێر، کە زۆر بچوکتربوون لەوەی لەبادینان روویدا، ئامادەیی هەبوو هەمان رۆژ چووە بارەگاکانیان بۆ راگەیاندن وتی ئێمە مەسئولین لەوەو داوای لێبوردن دەکەین. یان لەبەرانبەر بزوتنەوەی گۆڕان کە هەم لەسلێمانیدا لە تەوقی هێزی یەکێتی دا بوو، هەم بەهۆی رێککەوتنی ستراتیژی پارتی و یەکێتی هەم بەهۆی بروانەبونی پارتی بە ئۆپۆزسیۆن لە هەولێرو دهۆکیش دۆخی باش نەبوو، بەڵام نێچیرڤان بارزانی تاکە سیاسی کورد بوو لەبەرەی دەسەڵاتدار کە ئاسانکاری و هاوکاری بۆ ئەو بزوتنەوەیە راگەیاند، بێگومان ئەگەر سەیری بارودۆخی ئەمرۆی کوردستانیش بکەین زۆر جیاوازی نابینرێت لەگەڵ ئەو دۆخەی کابینەی پێنجەمی تیا پێکهێنرا، هەر لەیەکتر رەتکردنەوەی نێوان حزبەکان تا هەوڵی دووبەشکردنی کوردستان، بۆیە وەک توێژەرێکی سیاسی دەڵێت، ئەم دۆخە کەسێکی بە‌هێزی گەرەکە کە بتوانی پێچەوانەی ئەو شەپۆلە بەهێزە حزبی و سیاسییەی کوردستان کار بکات و هەموو لەسەر رێگای بەڕێوەبردنی وڵات بەڕێبخات، ئەوەش نێچیرڤان بارزانییە، چونکە تۆ ئەزانی دۆخی کوردستان دۆخێکی زۆر تایبەتی هەیە، لەهەموو دنیا سیاسیەکان لەسەر ئەساسی یاساو سیستەم وڵات بەڕێوەدەبەن، لەکوردستانیش هەمانشێوە دەبێت سیاسیەکان وڵات بەڕیوە ببەن، بەڵام کێشەی وڵاتی ئێمە ئەوەیە ئەو سکە سیستەمەی نییە سیاسیەکان لەسەری کار بکەن کە لەدنیای دیموکراسیدا هەیە، بەڵکو لەسەر سکەی حزب دەرۆن بەعەقڵی حزب و لەچوارچێوەی مەساڵحی حزبی بیر دەکەنەوەو بڕیاردەدەن، ئەم شێوازەش کێشەی گەورە دەخاتە بەردەم بەڕێوەبردنی وڵات، بۆیە لەبەرژەوەندی پارتەکانی دەسەڵاتە، لەبەرژەوەندی ئۆپۆزیسیۆنە لەبەرژەوەندی گشتی کوردە. کەسایەتیەک وڵات بەڕێوە ببات کە هێزی بەرەنگاری ئەم عەقڵیەتەی هەبێت، ئاخر کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەی دوای جەنگە، تاکو ئەمرۆش تاکە ئەزمونی هاوبەش لەدەسەڵاتکردندا کە لەوڵاتەی ئێمە بونی هەبووبێت، سەردەمی کابینەی پێنجەم بووە، پێش ١٩٩١ ئەوەی بکوژ و ببڕی دەسەڵات بوو بەعس بوو، دوای ئەوە کورد توانای یەکترقبوڵکردنی نەبوو، شەڕی ناوخۆ روویداو وڵات دابەشکرا، لەو ماوە درێژەی شەڕی ناوخۆدا ئەولەویەتی حزبەکان کە ئەمرۆ بڕیارە وڵات ببەنەڕێوە، بۆ جەنگاوەرەکانی حزب بووە، نەک ئیداری و عەقڵی ئیداری، بەمەنتقی سەردەمی جەنگیش ناهەقیان نەبووە، چونکە ئەوەی بڕیاری مانەوەی حزبی دەدا، ئەوەی گەرەنتی مانەوەی حزبەکانی دەکرد، توانای جەنگاوەرەکان بوو، نەک عەقڵی ئیداری ئیدارییەکان، نەک بڕوانامەی بڕوانامەدارەکان، ئەمەش وایکردووە قارەمانەکانی شەڕ نەک ئیدارییە بەتواناکان، ئەولەویەتی هەرکام لەحزبەکان بۆلای خۆیان ببەن، لەحزبەکاندا رەگ داکوتن، لەهەموو کایەکانیدا پێ گیر بکەن و دەست بەسەر هەموو کایەکانی حزبدا بگرن، بێگومان عەقڵی سەرکردەی شەڕکەرو قارەمانیش بۆ ئێستای کوردستان و ئیدارەدانی وڵات بەدەرد ناخوات، بەڵام ئەوەش واقیعە کە سیاسەتی وڵات دەبێت حزب بیکات، حکومەتی هەروڵاتێکیش حزبییەکان یان کاندیدەکانی حزب رابەرایەتی دەکەن، دەی ئەگەر حزب رابەرایەتی حکومەت بکات واقیعی حزبی کوردیش ئەوەبێت، کە لەماوەی رابردووی خۆیدا جەنگاوەرەکان دەستیان بەسەر هەموو کایەکانیدا گرتبێت، بێگومان ئاسان نابێت وازبێنن لەدەستێوەردان و پێشێلکردنی هەموو ئەو یاسایانەی بەویستی ئەوان نییە.
بۆیە لەوەها دۆخێکدا کوردستان پێویستی بە کەسێکە توانای وەستانەوەی بەڕووی جەنگاوەرەکان و دەستێوەردانی جەنگاوەرەکان هەبێت، تا ئەوکاتی وڵات دەکەوێتە سەرسکەی سیستەم، نێچیرڤان بارزانیش تاکە کەسە لەسایەیدا حکومەتی فرەرەنگ و هاوبەش کاری خۆی کردبێت و وڵاتی بردبێتەڕێوە، کام حزب هەیە لەکابینەی پێنجەم لەدەرەوەی بازنەی بەڕێوەبردنی وڵات بوبێت؟، بێگومان نییە، و هەر ئەویشە دەتوانێت هەمبەری ئەو جەنگاوەرانەبێت، کە قۆناغی شەڕ فەڕزی کردوون و کردونیەتە سەرکردە لەحزبەکان، ئێستاش وەک لەقسەو لێدوانەکانی دەبینرێت، خەونی ئەوەی هەیە هەمان حکومەتی بنکە فرەوان پێکبێت لەکوردستاندا، بێگومان رووداوەکانی بادینانیش تا ئاستێک ئاستەنگی دروستکردووە لەبەردەم دروستکردنی ئەو حکومەتەدا و ئاسان نییە بتوانرێت حکومەتێکی وادروست بکرێت، وەک دەریشدەکەوێت تموحی نێچیرڤان بارزانی لەوە گەورەترە کە حکومەتێکی یەکرەنگ بەڕێوەببات و دەنگ و حزبەکانی تریش پشت گوێ بخات، بەڵام وەک وتم من لێدوانی خۆیم نەدیووە کەبڵێ حکومەت پێک دەهێنم، تا ئێستا بڵێ ئەکشێمەوە، خۆ ئەگەر واشی وتبێت هۆکارەکەی ئەوەیە کە تموحی حکومەتی فرەڕەنگی هەیە و رووداوەکانی بادینانیش کاریگەریان هەیە لەسەر کارکردن بەو ئاراستەیە..
ناسیح عەبدولرەحیم: باڵی مه‌سرور به‌رزانی واته‌ باڵه‌ زاله‌كه‌ی ناوپارتی كه‌ باوك و كوڕ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن ئاماده‌نین پشتگیری نێچیربه‌رزانی بكه‌ن ئه‌وه‌ تا چه‌نده‌ ڕاسته‌ ؟.
رزگار رەزا چوچانی: وەک وتم من لەناو ناخی پارتی نیم تا ئاگام لە وردەکاری هەبێت، بەڵام ماوەیەک کارم لەناو پارتیدا کردووەو بەشی ئەوە خوێندنەوەو ئاگاییم هەیە، ئەمە تەنها قسەی راگەیاندنە، ئەگەرنا لەئەرزی واقیع و لەناو ئەو بنەماڵەدا پێم وانیە شتێکی لەو شێوە هەبێت، قسەی راگەیاندنە بەڵام لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە و بۆچی دەگاتە ئەوەی خەڵک بە کێشەی نێوان بنەماڵەی بارزانی بزانێت؟. ئەوە پرسیارە دەبێت بزانرێت بۆ؟ من پێم وایە، ئەو شێوازی دوو بەرەکی و چەند بەرەکییە لەخوارەوەی پارتی لەسەر ئاستی لقەکان و ناوەندە سەربازییەکانی بونی هەیە، ئەویش کۆمەڵێ بەپرسی مشەخۆرن و گەندەڵ و عەقڵ دیکتاتۆر و جێگرن، کە بۆ مانەوەی خۆیان خەریکی گروپبەندی و کاری گروپین، خەریکی پشتیوانی لەگروپەکەی خۆیان و دژایەتی لەگروپەکەی ترن، ئەو گروپەندییەش دەبێت لەسەر ئەساسی ناوی ناوەندەکانی سەرەوە دروستبکرێن، کە گوایە ئەوان سەربە فڵان ناوەندن و ئەوانی تریش بە فڵان ناوەند، ئاخر لەکوردستان حزبایەتی لەسەر ئەساسی پەیڕەو پرۆگرام ناکرێت، بەڵکو لەسەر ئەساسی عاتیفە و سۆز بۆ شەخس دەکرێت، ئەم عاتیفەو سۆزەش بۆ شەخس لەناو رێکخستنەکانی پارتیشدا وەک هەر رێکخستنێکی تر بوونی هەیەو خەڵک هەیە لەبەر فڵان شەخس ئەو حزبەی قبوڵەو خەڵکی تریش لەبەر شەخسێکی تریان، سەیری دواین حزبی کوردی بکە کە بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەوەندەی خەڵک لاگری نەوشیروان مستەفایە، ئەوەندە لاگری بزوتنەوەکەنین، لەناو پارتیش ئەوە هەیە، بۆیە مشەخۆرەکان لەتەنیشتیەوە بازرگانی پێوەدەکەن بۆ دەستکەوتی زاتی خۆیان، بەڵام ماڵی بارزانیش بێدەنگی لەو هەڵەی ئەوان دەکەن، بۆیە گومانی خەڵک دروست دەبێت کەبەڵێ ئەم دوو بەرەکییە لەسەرەوەی پارتیش بونی هەیە، کە ئاگایان لەو جۆرە ئاکارەی خوارەوەی رێکخستنەکان هەیە و بێدەنگن. هەر ئەو بێ دەنگیەشە لەهەڵەی مەسئولە گەندەڵ و نەزانەکان و تێنگەشتووەکانی پارتی کە بۆ هەموو شت دەست ئەدەن بۆ مەسئولیەت نەبێت، وادەکات بنەماڵەی بارزانی پەلکێشی ناو باسکردنی هەڵەو گەندەڵییەکانی ئەوان بکات.
لێرەش پرسیار ئەوەیە بۆ بێدەنگن. من پێموایە دیسان بێدەنگی ئەوانیش بۆ ئەو منافەسە ناشەریفانە حزبییە دەگەڕێتەوە کە لەکوردستاندا هەیە، وەک ئەوەی گەندەڵترین کەس لە حزبی ئەمبەر ئەگەر حزبەکەی خۆی جێهێشت لە حزبی ئەوبەر دەکرێتە قارەمان و ناوی قبوڵنەکەری دیکتاتۆر و رەنگە گۆڕانخوازیشی لێ بنرێت، دەکرێتە مانشێتی راگەیاندنەکان و وزەی چەواشەکردنی خەڵک، کە فڵان حزبی قبوڵ نەبوو بۆیە جێی هێشت، بێ ئەوەی بوترێت زەمینەی گەندەڵی لێتێکدرا دەستکەوتی زاتی کەمبووەوە، بۆیە جێی هێشت، یان دەرکرا، ئەو منافەسە وایکردوە نەک پارتی بێدەنگ کردووە لەزۆر شتێکی نابەجێ و هەڵەی کوشندەی مەسئولەکانی لەناو رێکخستنەکانیدا. بەڵکو هەموو حزبەکانی تریشی ترشاندووە لەناو خۆیانداو نابینایکردوون لەئاست بەرپرس و رێکخستنەکانیان، چاوپۆشی دەکەن لەهەر خراپەیەک، بەدەر لەم چاوپۆشییە کەمن بە کارێکی کوشندەی دەبینم، دڵنیام لەوە هیچ جۆرە ململانێیەک لەنێوان ماڵی بارزانیدا نییەو ئەوەی زۆریش وردبێتەوە لێیان تێدەگات لەوە تۆکمەترن کە ئەو جۆرە ململانێیانە دروستبێت لەنێوانیان، بەڵام وەک وتم بەڵێ لەخوارەوەی پارتی لەئاستی لق و ناوچەو ناوەندە سەربازییەکانیان ئەو جۆرە ململانێ و گروپ بەندییە لەلایەن بەرپرسە گەندەڵەکانەوە دەبینرێت، و منیش بینومە لەناو پارتیدا. تەنها بێ دەنگ بونی بارزانیەکانیشە لەوە ئەو گومانە دروست دەکات، کە بەڵێ ئەو کێشەیە لەنێوان بنەماڵەی بارزانیدا بونی هەیە، نەک راستی کێشەکە لەنێوان ئەوان، هەر ئەو بێدەنگییەشە هەمان زەمینەی ئەو گەمە ئامانجدارە راگەیاندنەش خۆش دەکات کە لەمێژە بونی هەیە بەرانبەریان..
ناسیح عەبدولڕەحیم: ده‌نگۆی ئه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی یه‌كیتی خۆیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ ڕه‌خنه‌ كردنی له‌ كابینه‌كه‌ی پارتی؟.
رزگار رەزا چوچانی: پارتی خۆی ئەوە ناڵێت، نازانم هۆکارەکەشی ترسە؟ یان خاترانەیە؟ یان چییە؟، ئەگەرنا بەڵێ ئەو خۆ ئامادەکردنە دەبینرێت، سەیری لێدوانی بەرپرسەکانی یەکێتی بکە لەبەرانبەر مقابەلەیەکی فازل میرانی، بزانە جیا لە وەڵامی رەسمی مەکتەبی سیاسی، چەند ئەندام سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی تریان بەوەڵام هاتن، سەیری نوسینی کۆمەڵێک کەس بکە کە سەربەیەکێتی و بەرپرسن لەناو یەکێتی، بزانە چۆن بەئاشکرا رەخنە دەکەن و هێرش دەکەن، بروانە قسەکانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی راستەوخۆ دەڵێت تا مام جەلال نەهاتە خەت، راگەیاندنی یەکێتی وەک راگەیاندنی یەکگرتوو بووە بەرانبەر پارتی، ئاخر ئەگەر یەکگرتوو هەق بەقسە بێت کە بارەگای سوتێنراوە، یەکێتی هاوبەشی کەمتەرخەمییەکانی پارتییە، چۆن پارتی لەسلێمانی هێرشیش کرایە سەربارەگاکانی بەهۆی کەمتەرخەمی یەکێتی، بەدەر لە گلەیی لەژێر لێوەوە پارتی هەوڵی نەئەدا ئەوە بکاتە رەخنەیەکی گەورەو زەقی لەیەکێتی، بەڵام یەکێتی لەمەی بادینان ئەوەی کرد، بۆیە بەخوێندنەوەی خۆم بۆ هەندێ لە راگەیاندنەکانی یەکێتی و بۆ قسەی هەندێ لەبەرپرسەکانی یەکێتی، پێم وایە کاتێک پارتی حکومەتی وەرگرتەوە راگەیاندن و سیاسەتی یەکێتی لەهەمبەری پارتی، جیاوازی نابێت لەراگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن، ئەگەر بە ئاشکراش نەیکات، لەڕێگاکانی ترەوە کاری بۆ دەکات.
ناسیح عەبدولڕەحیم: به‌رپرسێكی پارتی ده‌ڵێت ئیمه‌ مغامه‌ره‌ به‌ كاك نێچیر به‌رزانیه‌وه‌ ناكه‌ین تۆ وه‌ك ڕۆژنامه‌نووسێك وه‌ڵامت چییه‌ بۆ ئه‌و لێدوانه‌؟.
رزگار رەزا چوچانی: بەبڕوای من نەک پارتی موغامەرە ناکات بە نێچیرڤان بارزانی، بەڵکو نێچیرڤان بارزانیش خاوەنی قسەو ڕای تایبەتی خۆیەتی، وەک توێژەرێکی سیاسی لەدیدارێکی رۆژنامەوانی مندا باسی دەکات، و رەنگە زۆرێک لەراکانی ئەویش لەم قسانەی من رەنگی دابێتەوە کەلای من رای دروستن، نێچیرڤانیش خاوەنی کۆمەڵێک کەسی شارەزایە کە راوێژیان پێدەکات، ئەگەر دڵنیا نەبێت لەکارێک نایکات، خۆشی موغامەرە بەخۆی ناکات، ئەوەندەی من سەیری ئەداو کارو قسەی نێچیرڤان بارزانی م کردووە لەو سیاسیانە نییە کە بەچاویلکەیەکی تەڵغی حزبی لەمەسەلەکان بڕوانێت، بۆیە ئەگەر توانی هەموو لایەک رازی بکات بەوەی لەیەك حکومەتدا کۆببنەوە بۆ خزمەتکردنی ئەو وڵاتە، رەنگە قبوڵی بکات و حکومەت وەربگرێت، بەڵام ئەگەر حکومەتێک بێت بۆ دژایەتی ئۆپۆزسیۆن یان بۆ وەڵامی دژایەتی ئۆپۆزسیۆن، ئەوە بێگومان قبوڵی ناکات، خۆ راستە حکومەتی هەموو دنیا دەبێت وەڵام و وەڵام کاری لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن هەبێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی هیچ وڵاتێک کە هەڵبژاردنی تیا هەبێت، کاری ئەوە نییە کە خۆپیشاندان بۆ بێ ئاویی یان نەبونی خزمەتگوزاری، بە ئاراستەی راپەڕیندا ببات.
بۆیە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی کوردستان بەراستی لەخەمی دروستکردنی حکومەتێکی ئەکتیڤ و کارادا بن حکومەتێک کەتوانای گۆڕانکاری هەبێت، ئەوە دەبێت خۆیان بەدوای کەسێکی وەک نێچیرڤاندا بگەڕێن لەبەرەی دەسەڵات، چونکە وەک پێشتر وتم خاوەنی پێگەی بەهێزە لەناو بەرەی دەسەڵات و خاوەنی تێگەشتنیشە بۆ بۆچون و وجودو قورسیەتی ئۆپۆزسیۆن، ئەزانی لەوڵاتی دوای جەنگ و لەکاتی مانەوەی ئاسەوارەکانی شەڕ و یەکتر سڕینەوە، دەچێتە خانەی چاوەڕوانی ناواقیعی کە پێت وابێت بەیەک بڕیار و بەدەرکردنی یەک یاسا، ئەتوانی دەستی ئەو هەموو قارەمانە جەنگاوەرە ناتێگەشتووە ببڕیت لە دەستێوەردانی حکومەت، کە بارودۆخی شەڕ فەڕزی کردوون و کردونیەتە سیاسەتمەداری گەورەی گەلەکەمان و سەرکردەی دیاری کوردو زۆر ناوی تر، بەڵکو دەبێت هێزێک هەبێت کەتوانای بەرەنگاری یان رەتکردنەوەی دەستێوەردانەکانی ئەوانی هەبێت، خۆ ئەگەر مەبەستیشیان پێکهێنانی حکومەتێکی کاراو خزمەتکارو پێویست بەم بارودۆخەی کوردستان نەبێت، وەک ئەو برادەرە لەدیدارەکەی مندا دەڵێت ئەوە مەسەلە دیارە کە دیسان هەمان بەزمی سەردەمی کابینەی شەشەم دەستپێدەکاتەوە. کەوایە فیعلەن موغامەرەیە نێچیرڤان بارزانی کە دیارترین سەرکردەی بەرەی دەسەڵاتە تێگەشتنی بۆ داواو رەوایەتی هەندێ داخوازیی ئۆپۆزسیۆن هەبێت و تاکە کەسی ناو دەسەڵاتە وەک خۆی تێگەشتنی بۆ رەخنەو رای خەڵکی دەرەوەی حزبەکان هەبێت، بیخەیتە بەر هێرشی ئۆپۆزسیۆن و بەزۆر بیکەیتە سەرمەشقی بەرەیەکی رووبەڕووی شەڕ، نەک منافسی مەنتقی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، ئەو پردەش بپچڕێنی کە لەتێگەشتن بۆ ئەوان هەیە لەناو دەسەڵات، بەڵام لەو حاڵەتەش من لەتوانای نێچیرڤان بارزانی رادەبینم کە دژی ئاراستەی شەپۆلەکان مەلەبکات و سەپۆلی ناڕەزاییەکان پێچەوانە بکاتەوە، یانی دڵنیام ئەو دڵنیابێت لەوەی ئۆپۆزسیۆن مەبەستی ئۆپۆزسیۆن بونێکی ساغڵەم و رەخنەگرە، نەک راپەڕین ئامانج، ئەوە دەتوانێت سەرۆکایەتی حکومەت بکات بەرانبەر ئۆپۆزسیۆنێکی سەد هێندە بەهێزیش چونکە توانای ئەوەی دەبێت، بە مەنتق هەم بروا بە خەڵک بهێنێت هەم بە ئۆپۆزسیۆنی بهێنێت، بەڵام ئەگەر مەسەلەکە شەڕ بێت و راپەڕین و وەڵامدانەوەی راپەڕین بێت، بەهیوام نێچیرڤان بارزانی موغامەرە نەکات، کەناشیکات، چونکە وەک وتم تاکە پردی بەهێزی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە تێگەشتن لەیەک و پرۆژەی یەک خودی ئەوە.
ناسیح عەبدولڕەحیم: ئۆپۆزسیۆن به‌ مه‌رجی پاكێجه‌كانی ,یه‌كیتی ده‌ڵێت كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌ باش بڵین باش و به‌خراب بڵین خراپ ,پارتی به‌ڕوداوه‌كانی بادینان وه‌ڵامی نێچیری دایه‌وه‌ به‌بڕوای تۆ نێچیر به‌رزانی یان هه‌ركه‌سیكیتر سه‌رۆككایه‌تی حوكومه‌ت وه‌ربگرێت چاره‌نووسی كابینه‌كه‌ی چۆن ده‌بینی وه‌ك چاودێریك و ڕۆژنامه‌نوسێك ؟
رزگار رەزا چوچانی: یەکەم ئۆپۆزسیۆن دەبێت داوای هەبێت کە پرۆژەی حکومەت پێک بێت لە داواو پرۆژەی هەموو لایەنێک کەبەشداری حکومەت دەکەن، نەک فەرڕزی داوای خۆیان بکەن، ئەوە لەهیچ جێیەکی دنیا نیە یەکێک بیەوێت بەشداری حکومەت بکات، بڵێ ئیلا دەبێت ئەو بەرنامەی من وەک خۆی بێ لادانی یەک فاریزەش جێبەجێبکرێت، ئەوکات خۆی لەخۆیدا کار کردنە لەسەر سڕینەوەی ئەو شەرعیەتەی کە هەڵبژاردنەکان داویەتی بە لایەنی زۆرینە، قسە لەوە نیە هەڵبژاردن تەزویر کراوە دەنگکڕدراوە هەرەشەکراوە، نانبڕاوە، هەرچی تر. بەڵکو چاوی دنیا لەسەر ئەوەیە ئایا مونافس هەبووە کاتی هەڵبژاردن؟، بەڵێ هەبووە، ئەی بەبەرچاوی دنیاوە ئەنجامەکانیان قبوڵکرد؟، یان رەتیان کردەوە؟ بەڵێ قبوڵیان کرد، ئەوەش شەرعیەت دانە. بۆ قسەکەی یەکێتیش. نەک یەکێتی پارتیش وا دەڵێت کەکاتی ئەوە هاتووە بەخراپ بڵێین خراپ، یانی ئەوە قسەیەکی تازە نییە، کە یەکێتی ئێستا دەیکات، خۆ لەمێژە پارتی ویەکێتی دەڵێن گەندەڵی هەیە، بەڵام هیچیان  پێ نەبووە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و بگرە گەندەڵیش لەسایەی حکومی ئەواندا گەشتۆتە لوتکە و خەریکە دەبێتە مۆدێلی ژیانکردنیش، ئەگەرچی ئەو قسەیە قسەیەکی کۆنە. بەڵام وتنی ئەوە لەلایەن یەکێتی یەوە ئەگەر وتبێتیان لەم کاتەدا، ماناو دەلالەتی تری هەیە، واتای ئەوە دەدات کە لەسەرەوە وتمان ئەوانیش شەریکی حکومەت دەبن، بەڵام شەریکێکی موعارز و چاو دێرو رەخنەکار، و شت زەقکەرەوە، بۆ ئەو بەشەی پرسیارەکەت، کە دەڵێی بەرووداوەکانی بادینان پارتی شتێکی بە نێچیرڤان وت، ئەوە رەنگە رای تۆ بێت، من هیچ بەڵگەیەکم لا نییە کە بڵێ ئەوەی روویدا سیاسەتی پارتی بوو، چونکە رۆژنامەوان دەبێت پشت بەبەڵگە ببەستێت ئەو بەڵگە یاساییەی کە هەیە قسەی لیژنەیەی لێکۆڵینەوەیە، لیژنە دەڵێت کەمتەرخەمی پارتی تیا بووە و یەکگرتوو هاندەر بووە، ئەگەر ئەم لیژنە راست ناکات، یەکگرتوو دەتوانێت یاسای لێبگرێت، بۆیە ئەگەر باز نەدرێت بەسەر ئەم جۆرە بیرکردنەوانە، ئۆپۆزسیۆن کەمینەبێت بیەوێت بەهۆی باردۆخی ناوچەکە رای خۆی بەسەر زۆرینە بسەپێنێت، یەکێتی شەریکی حکومەت بێت، بیەوێت ئۆپۆزسیۆنێکی رانەگەیەنراو بێت، پارتیش جیا لەنێچرڤان بارزانی کەسێکی تر بکاتە سەرۆکی حکومەت کە توانای رووبەڕووبونەوەی قارەمانەکانە شەڕەکەرەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری نەبێت، لە دەستێوەردانیان و خۆشی لەپەنای دۆخی نادۆخی کوردستان دروست بوبێت نەک توانا، راگەیاندنیش بەدوای تەقاندنەوەی کێشەکاندا بێت، ئەوە دۆخی حکومەتی داهاتوو لەمەی ئێستا زۆر زۆر خراپتر دەبێت و ئەوکات هەموو کوردیش زیان دەکات.
چونکە هەموو خەریکی خۆمان دەبین و لەوکاروانە جێ دەمێنین کە میللەتانی ناوچەکە بەڕێیاخستووە، کوردستانیش دەبێتە مەیدانی ململانێی دەزگا جاسوسییەکانی دەوروبەرو شەڕی بەوەکالەتی وڵاتانی دراوسێ و ناکۆک لەگەڵ یەک و کۆک لەدژی کورد.
تێبینی: ئەم پرسیارو وەڵامە بەشێکی لە راپۆرتێکی گۆڤاری رێگا مەگەزین بڵاو کراوەتەوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com