ئارام ئەحمەد: زۆرێک لەوانەی نەوشیروان مستەفا ڕاوێژیان پێدەکات، بە قەدەر مەلا بەختیار ئاگایی سیاسیان نییە
ئەگەر سەرانی کۆنی یەکێتی داڕێژەری سیاسەتەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بن فاتیحا بۆ مەرگی ئەم بزوتنەوەیە بخوێنن
یەکێتیەکانی ئێستا جوانتر و سەردەمیانەتر لەو بەناو گۆڕانخوازانەی ئێستا دێنە گۆو بیردەکەنەوە
نوچەنێت تایبەت
ئارام ئەحمەد بەدەر لەوەی لەبواری شعر و ئەدەبدا ئەنوسێ، زمانێکی زۆر جیاوازی رەخنەگرتنیشی هەیە، کە زمانێکی توندەو رەنگە نەچێتە خانەی زمانێکی رەخنەی سەردەمی، بەڵام ئەو خۆی پێی وایە رەخنەی سەردەمی لەدەسەڵات و عەقڵی سەردەمی دەگیرێت، نەک هەر کەس و دەسەڵاتێک. لەم رۆژانەدا. ئارام، هەم لەلایەن خۆی و هەم لەژوورەکەیدا لە پاڵتاک. ژووری دەنگی ئۆپۆزسیۆن، هێرشی رەخنەی توند رووبەڕووی بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێتەوەو ئەو بزوتنەوەیە رەخنە باران دەکرێت، کە زۆر کات هێرشەکانی سەر گۆڕان لەزمانی رەخنە دەردەچێت و دەچێتە خانەیەکی تر، ئەویش بەهۆی جێهێشتنی هۆڵی پەڕلەمانی عێراق لەلایەن کوتلەی گۆڕان لەپەڕلەمانی عێراق وەک هەڵوێستێک لەبەرانبەر قسەکانی پەڕلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسای مالیکی، لەدژی تاڵەبانی. ئارام ئەحمەد بۆ نوچەنێت، هۆکاری پشتیوانی دوێنێی لەگۆڕان و رەخنەگرتنی ئەمرۆی لەو بزوتنەوەیە باس دەکات.
نوچەنێت: ئیوە سەرەتا زۆر بەگەرمی داکۆکیتان لەبزوتنەوەی گۆڕان دەکرد و زۆرکات وەک دەرکەوتنی خۆری ئازادی، و مژدەی ئازادی باستان دەکرد، بۆچی ماوەیەکە وەک ئەو حزبانە باسی دەکەیت کە پێشتر گۆڕانت وەک بەدیلی ئەوان زەروور ئەبینی؟.
ئارام ئەحمەد: بە خوێندنەوەی من، تا لە کوردستان ڕەگی جەلالیزم و مەلایزم بونی هەبێت، نە شاهیدی هاتنی مژدەی ئازادی دەبین، نە خۆری ئازادیش خۆمان نیشان دەدات.
هیچ کاتێکیش پێم وانەبوە، بزوتنەوەی گۆڕان خۆری ئازادی و مژدەی ئازادی دەهێنێت، من لەسەرەتاوە پشتیوانیم لە گۆڕان کردوەو، تا ئەو کاتەیشی لەسەر مەبادیئەکانی خۆی کار بکات، کە بۆی دروست بوە پشتیوانی دەکەم، پشتیوانی جودایەو، بون بە کادرو هەڵسوڕاوی گۆڕان جودایە، من هیچ کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان نەبوم، تەنها لە بەرامبەر، بێدادی ، گەندەڵی، پێشێلکردنی ئازادی، کوشتن، تاوان ، لە بەرامبەر پارتی و یەکێتیدا پشتیوانیم لە خاڵە باشەکانی کردوە، ئێستایش وایدەبینم هاتنی بزوتنەوەی گۆڕان، نەخشکردنی مێژویەکی نوێیە، لە کوردستان و زەرورەیەکی مێژویی بو، وەلێ گەر بکرایەو لەسەر خواستی من بوایە وەک مرۆڤێکی ئەم سەردەمە، پێم باش دەبو، ئەم زەرورەیە، بزوتنەوەیەکی تر، ئازادیخوازتر، جدی تر، پێداگرتر، سازشنەکردە تر، توندتر ی بهێنایەتە بون، وەلێ بە نیگەرانییەوە دەڵێـم، ئەوەی نەهێناوەتە بەرهەم ، بەڵکو ئەم بزوتنەوەی بەرهەم هێناوە بە هەمو ئەشکالێتیەکانیەوە، پێم وایە ئێستایشی لەگەڵ بێت، مانەوەی بە قازانجە، تا ئەو کاتەی خودی بزوتنەوەکەو، ئومێدی خەڵک کە بە گۆڕانیان بەستووە، نەخرێتەوە خزمەتی دەسەڵات، لە هەرجێگایەکدا لە خەت لایداو سازشی کرد، دەبێت دەستێک هەبێت زللەیەکی لێبدات، کە خەڵکیشی نائومید کرد، ئەوا کۆمەڵگا بزوتنەوەی تر‌و، ڕەنگی تر بەرهەم دەهێنێت، ئەویش دەبێت بەڕەنگێک لە مێژودا.
نوچەنێت: لەم رۆژانەدا بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ هاوپەیمانی کوردستان، هۆڵی پەڕلەمانی عێراقی جێهێشت، بەهۆی ئەوەی سوکایەتی بە تاڵەبانی کراوە، دیارە ئەوان وەک کورد ئەوەیان کردووە، بۆچی ئەمە لای تۆ کاری ناپەسەندە؟ ئایا پێت دروستە ئەوانیش وەک عەرەب دەستەجەمعی رەخنەبونایە لە تاڵەبانی؟.
ئارام ئەحمەد: ئەو سیاسەتەی بزوتنەوەی گۆڕان، لە کوردستان و لە بەغدا سرفەن دووڕوانەو دوفاقیانەیە، ناکرێت تاڵەبانی لە کوردستان ئەهریمەن بێت و لە بەغدا فریشتە، هەمو ئەمانەش بە ناوی”ئاخر هەمومان کوردین”و”دەبێت لە بەغدا یەکگرتو بین”دەخرێتە دەستوری کارەوە، خۆ بە خۆ دیارە، بەشێک لە گۆڕان باوەڕی بەو دیفاعە نییە، وەلێ لە میدیای یەکێتی و پارتی تۆقیوەو، ناوێرێت لە کوردستان هەڵوێستیان چۆنە، لە بەغداش هەر وا بن.
لەسەردەمی هەڵبژاردنەکانیشدا، ئیدعای زەبەلاحیان دەکرد، کە لە بەغدا”هەمو مەلەفەکانی سەبارەت بە یەکێتی وپارتی دەجوڵێنن و هەڵدەدەنەوە، ئەو باوکەیان مرد، لە مەولا ئێمە لە بەغدا لە قاوییان دەدەین،” وەلێ تا ئێستا بون و نەبونیان چون یەک بوەو، هیچیان پێنەکراوە، سەرەڕای ئەمەش هێشتا بچن بە ناوی”بۆ کوردەو”هەمومان کوردین و”لەبەرامبەر عەرەبەکان” شۆفێنیەکان، سونەکان، بەم پاساوانە خزمەتی سیاسەتی نەوشیروان مستەفا وتەنی” لە بەغدا تەنها پارەو کورسیان بە دەست هێناوە” بکەن.
یەکەم هەڵەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە بو، لە بەغدا دەنگیان بە تاڵەبانی دا، بە بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە یەکێتی نیشتیمانی، کام سیاسەتی گرتە بەر لە هەڵبژاردنەکانداو، چۆن پشتی گۆڕانخوازانیان کردبوە جێگای شەلاقی پیاوەکانی تاڵەبانی، چۆن پاروی خەڵکیان بە بارمتە گرتبو، وەلێ یەکێتی منەتی پێینەبوو، ئەوە بو پاشان مەسعود بارزانی، تەنانەت نەیهێشت یەک وەزارەتیشیان بدەنێ، ڕووی کردە مالکی و وتی” بە بێ پرس کردن بە ئێمە ڕازیی نین یەک پۆلیس دابمەزرێنن”، هەرواشیان کرد‌و بزوتنەوەی گۆڕان بێبەشکرا. پرسیار ئەوەیە، ئەگەر “بۆ کوردەو هەمومان کوردین”بۆ یەکێتی و پارتی دوژمنانە ڕەفتاریان کرد‌و دەیکەن؟ بۆچی میدیای کوردی وخەڵکی کوردستان لەم بێڕێزیەی بەرامبەر گۆران کراو، لەم وەک دوژمن سەیر کردنە قسەیەکیان نەکرد؟ مەگەر ئەو هەشت ئەندام پەڕلەمانەی گۆران کورد نین؟.
ئەم هەڵوێستەی دوێنێشیان، هەڵوێستێکی تا سەر ئێسک هەڵە بو، قابیلی قبول نییە، گۆران نابێت مەسیح بێت، زللەی لێبدەن ئەولاکەشیان بۆ بگرێت تا زللەی تری لێبدەن، ئایە ئەگەر سبەینێ، بابایەکی تری وەک “حسین ئەسەدی”، لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، هەڵساو وتی، دەبێت مەسعود بارزانی لەسەر کارەساتی سی ویەکی ئاب دادگای بکرێت، دیسان گۆڕانخوازەکان دوای لیستی کوردستانی دەکەون؟ وەک هەمیشە خۆیان دەکەن بە مەخسرەو دەڵین، مەسعود بارزانی کوردەو نابێت بێڕێزی پێبکەن؟، دوای شیعاری “مەسعود بارزانی سیمبوڵە دەکەون؟.
یەکێتی و پارتی بیست ساڵە، سێ شار بەڕێوە دەبەن، سەرڕێژە لە وێرانەو، لە یەک وشەدا بڵێم ، ماڵی کورد خۆی پارچە پارچەو کاولە، لە بێبەختی کورد، تاڵەبانی و بارزانی قاچی خەڵکی کوردستان، دەخەنە ناو کێشە مێژوییەکانی شیعەکان و سونەکان، گوایە ناوماڵی ئەوان ڕێکدەخەن، ساڵی پاریش لە هەولێر کۆیان کردنەوەو، میدیاکانی یەکێتی و پارتی مێشکی ئێمەیان برد، گوایە” دەستپێشخەریەکی کاک مەسعود زۆر مهیم بوەو، ئەوەتا هەولێر بۆتە جێگای چارەرسەرکردنی کێشەکانی عێراق”، وەک ئێستا دەیبینن هەمویشی بڵقی سەر ئاو بو.
وەختێک حسین ئەسەدی دەڵێت، تاڵەبانی بە پێی ماددەی چوار، پێویستە بدرێت بە دادگا، لەبەر ئەوەی هاشمی داڵدەداوە، تەنها قسەی خۆی نییە، بەڵکو قسەی هەموو شیعەیە لە عێراق، وە ڕاستیش لە قسەکەیدا هەیە، دەبوو تاڵەبانی و بارزانی، خۆیان نەکردایە بەتەرەف لەو گێژاوەدا، کە بەربینی بە عێراق گرتووە، ئەگەر کێشەی هاشمی سیاسییە، با لەبەغدا چارە بکرێت، ئەگەریش یاساییە، دیسان با لە بەغدا چارە بکرێت، کوتلەی گۆڕان دەبوو هەڵوێستێکی وەسەتی بگرتایەتە بەر، هەرچەندە ئەمان پاساویان هەیەو دەڵێن، چونە دەرەوەی ئێمە، لەبەر ملهوڕی مالکی و هەنگاو نانی بەرەو دیکتاتۆریەتە، نەک لە بەرخاتری تاڵەبانی، وەلێ من وای نابینم، دەبوو کوتلەی گۆڕان، وەک یەکێتی و پارتی قاچی خۆیان لەو ئاوە نەخشاندایە، وەک وتم لە وەسەتدا بوەستانایە، واتە نە پشتیوانیان لە ئەسەدی و شیعەکان بکردایە، نە تەرەفداری لە تاڵەبانی، کە تەرەفداری لە تاڵەبانی، دەکاتە تەرەفداری لە هاشمی و لیستی عێراقییە.
نوچەنێت: تۆ لەژوورەکەی باسی سەرکردەکانی گۆڕانت کرد، وتت ئەوان گۆڕانیان پێناکرێت، وتت مام رۆستەم عومەری سەید عەلی نەوشیروان مستەفا و تادوایی بۆچی ئەوان گۆڕانیان پێ ناکرێت؟. ئەی سەرەتا ئەمەت نە ئەزانی کە پشتیوانتان کردن؟.
ئارام ئەحمەد: هەڵبەتە بەڕێزت هەدەفمەندانە، ناوی “نەوشیروان مستەفات ” تێهەڵکێش کردوە، من پێم وایە گۆڕان بە نەوشیروان دەکرێت، وەلێ مەرج نییە گۆڕانێک بێت کە هەمومان تێر بکات، لەمەش بەدەر ، نەوشیروان هەمو شتێک نییە، تەسەوری تر هەیە، دنیا بینی تر هەیە، فشاری ناوەکی و دەرەکی و زاڵبونی ئەقڵی جەلالی بەسەر کۆنە یەکێتیەکانی ناو گۆڕاندا هەیە، ئەمە قسەی ئێستام نییە،” ئاوێنەو مۆرانەی بزوتنەروەی گۆڕان” ناونیشانی بابەتێکمە، کە مێژوەکەی بۆ 31/08/2010 ، دەگەڕیتەوە، لەوێدا هەمو ئەو شتانەم باسکردوە، کە ئەم بەشەی نەقڵ دەکەم، تاهەم بەڕێزتان و هەم خوینەرانی بەڕێز بزانن، کە هەمیشە قسەمان هەبوەو لە سەرەتای هاتنی گۆڕانەوە، هەستمان بەخەتەرەکان کردوە.
باڵی ڕیفۆرم مۆرانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن
( له‌و ڕۆژه‌وه‌ی به‌شێک له‌وانه‌ی به ناوی “ڕیفۆرم’ وه، خۆیان خزانده ناو ڕیزه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فاش به‌بۆنه‌ی هاوڕێیه‌تی کۆنه‌وه مه‌یدانه‌که‌ی دانه ده‌ست، ڕۆژ به ڕۆژ، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه شتی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی لێده‌ر ده‌که‌وێت، بیرکردنه‌وه‌ی ته‌یفێک له‌مانه، به قه‌ده‌ر سه‌ره ده‌رزیه‌ک جیاوازی نییه، له‌گه‌ڵ بیری جه‌لال و مه‌سعود، ئه‌وان به هه‌موو مانایه‌ک، ده‌یانه‌وێت ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بخه‌نه ژێر ڕکێف و هه‌یمه‌نه‌ی خۆیان، ده‌یانه‌وێت چۆن له ناو ڕیزه‌کانی یه‌کێتیدا، پێیان ده‌وتن سه‌رکرده، لێره‌ش ده‌یانه‌وێت هه‌ر سه‌رکرده بن، ئه‌گه‌ر پێداگری نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌بوایه‌و “نازانم تا کوێ بڕده‌کات” وه‌ک چۆن یه‌کێتیان ڕسواو زه‌لیلکرد، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیشیان ڕسواو زه‌لیل ده‌کرد، به‌ره‌و ئه‌وه کاریان ده‌کرد و ده‌یکه‌ن، چۆن بتوانن ئه‌گه‌ر به‌پاڵیش بێت، نزیکایه‌تیه‌ک و هه‌مئاهه‌نگیه‌ک له به‌ینی گۆڕان و جه‌لالیه‌کاندا درووست بکه‌ن، شه‌رم ناکه‌ن تا ئه‌و جێگایه‌ی ساحه‌که‌یان بۆ چۆڵ بێت، گۆڕان بکه‌نه‌وه به ناو ڕیزه‌کانی جه‌لالیداو هه‌مووی بفرۆشن به قازانجه‌کانی خۆیان، به‌شێک له‌مانه که مێژوویه‌ک بوو، تێهه‌ڵدراوی قاچی جه‌لال تاڵه‌بانی بوون، ئه‌وه‌ی که له ناو یه‌کێتیدا، خوازیاری بوون و نه‌یانتوانی به ده‌ستی بێنن و، گوێیان لێنه‌گیرا،(دیاره مه‌سه‌له‌ی ئیمتیازات ته‌نها پاره نییه، ئه‌مانه نه‌خۆشی عه‌زه‌مه‌ت ته‌ڵه‌بی و له سه‌ره‌وه دانیشتنیان هه‌یه، چونکه وه‌ک کۆکردنه‌وه‌ی سامان به ڕێگای نامه‌شروع به‌شێکیان زۆریان خواردوه‌و بردوه)، ئێستا ده‌یانه‌وێت له‌ناو گۆڕاندا به ده‌ستی بێنن، ئه‌و که‌سانه له ناو یه‌کێتی یان پارتی یان گۆڕان بن، هه‌رسێکی چون یه‌که، ئه‌وان دژایه‌تی هه‌رکه‌س ده‌که‌ن، وه‌ک خۆیان بیر نه‌کاته‌وه، بینین و چوونی هه‌رکه‌سێکی به‌هێز بۆ ناو گۆڕان، به‌وه ده‌زانن که شوێن پێی ئه‌وان له‌ق ده‌بێ ، گه‌نجێکیان ده‌وێت سه‌ریان بۆ بله‌قێنێت و خه‌سیوو بێت، بۆیه له‌ناو گۆڕانیشدا هه‌رخه‌ریکی کوتله‌و کوتله‌کارین، ئه‌وان جه‌لال تاڵه‌بانی و پیاوه‌کانی حسابیان بۆ نه‌ده‌کردن، ئه‌وه‌نده‌یان ده‌ویستن وه‌ک مه‌لا به‌ختیار شتی قبوڵ بێت، بۆیه ده‌یانه‌وێت گۆڕان بکه‌نه په‌یژه‌و پێیدا سه‌رکه‌ون، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های خۆیان، ده‌یانه‌وێت له پێگه‌یه‌کی به‌هێزه‌وه ده‌ست له ناوده‌ستی تاڵه‌بانی و بارزانی له ڕیزێکدا دانیشن و نانی بێشه‌رمی و ڕووزه‌ردی بخۆن، دیاره نه‌وشیروان مسته‌فاش گۆچانێکی پێنییه تا ئه‌مانه له‌قاو بدا‌و به ته‌واوی به خه‌ڵكیان بناسێنێت که چ کائینێکن.
هه‌میشه منه‌ت ده‌که‌ن وده‌ڵێن”ئێمه وازمان له‌هه‌موو ئیمتیازاتێکی خۆمان هێناوه، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی بووین، سه‌رکرده بووین” ئیتر ناپرسن کێ لێتان پاڕاوه‌ته‌وه، بێنه ده‌ره‌وه له ناو ڕیزه‌کانی یه‌کێتی؟ کێ لێتان پاڕاوه‌ته‌وه واز له‌ئیمتیازاتی خۆتان بێنن؟ ئێوه ساڵانێکی دورو درێژ ئیمتیازاتتان هه‌بووه‌و خواردوتانه، ئه‌م خه‌ڵكه هه‌ر نه‌یان بووه، ئێوه ڕابردویه‌کی خراپتان هە‌یه ئه‌م خه‌ڵكه نیه‌تی، له‌ناو یه‌کێتیدا چه‌نده ڕیفۆرمتان کرد، لێره‌ش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌تان بۆ ده‌کرێت، چه‌نتان خێر بۆ یه‌کێتی هه‌بوو ، بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هه‌ر ئه‌وه‌نده، بیست دانه ساڵه به‌شداری به‌رچاوتان کردووه له‌هه‌موو ئه‌و ناشیرینیانه‌ی یه‌کێتیدا، به‌شدار بوون له‌و هه‌موو، ته‌عدا، پاره‌خواردن، گه‌نده‌ڵی، کوشتن، ڕفاندن، که‌واته خۆتانمان لێمه‌که‌ن به ئه‌شره‌فی شه‌ریف.
ده‌زانم ئێوه هه‌قی خۆتانه گۆڕان بن و بگۆڕێن، هه‌قیشتانه ڕێزتان بگیرێت، به‌ڵام هه‌قتان نییه ببنه که‌ڵه‌گا له ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، ئێوه ده‌بێ بزانن که هاتنه ناو گۆڕان یه‌که‌م هه‌نگاو به قازانجی خۆتانه، توانیوتانه ئابڕو بۆ خۆتان بکڕنه‌وه و وه‌ک ڕه‌فیقه به‌جێماوه‌کانتان له‌ناو یه‌کێتیدا نه‌مرن، که‌واته تکایه منه‌ت به‌سه‌ر که‌سدا مه‌که‌ن، خه‌ڵكی به دوای ئێوه ناکه‌وێت، ئه‌گه‌ر ڕابه‌رایه‌تی ئه‌م بزووتنه‌وه بدرێ به ئێوه،پێوویسته ته‌وای گۆڕانخوازان، به‌تایبه‌ت لاوه‌کان، هه‌ڵوێستی توندیان هه‌بێت، له‌م کاته‌دا ئێوه له‌ناو یه‌کێتیدا چی بوون هه‌ر ده‌بنه‌وه به‌وه، نه زیاد ده‌که‌ن نه‌که‌م، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی گۆڕاون فه‌رمون به‌کردار بیسه‌لمێنن).
وەک دەبینن لێرەوەیە کە پێم وایە گۆڕان بەمانە ناکرێت، ئەمانە ئیکسپایەر بون، سەردەمیان بەسەرچوە، فێر نابن، ناخوێننەوە، چەقیان بەستوە،بەهەمان ڕێگادا دەڕۆن کە دەیان ساڵە پێیدا دەڕۆن و هیچیان بەرهەم نەهێناوە،زۆر جاران چومەتە کۆڕ‌و سیمیناری هەڵسوڕاوەکانی گۆڕانی ئێستا‌و پێشتری یەکێتی، یەک سانتیمەتر فەرقیان نەکردوە، هیچ جۆرە گۆڕانێک لە مەزەبیانا نەبوە،لێرەو لەوێش،زۆر جاران یەکێتیەکانی ئێستا جوانتر و سەردەمیانەتر لەو بەناو گۆڕانخوازانەی ئێستا دێنە گۆو بیردەکەنەوە.
نوچەنێت: بەڵام نەوشیروان مستەفا دەڵێت وەک ئەرکێکی ئەخلاقی، راوێژ و بڕیارەکان دەگەڕێتەوە لای ئێمە، واتە ئەوانەی لەسەرکردایەتی یەکێتی جیابونەوە، ئەگەر بڕیار لای ئەوان بێت کەوایە رابەرایەتی بزوتنەوەکە دەکەن؟.
ئارام ئەحمەد: ئەسڵی کێشەکە ئەوەیە،نەوشیروان مستەفا دەبێت راوێژ بکات،کەواتە ڕاوێژ بە کێ دەکات؟گرێکە لیرەدایە، زۆرێک لەوانەی کە ئێستا لەدەوری نەوشیروان مستەفادان،گوایە گۆڕاون و گۆرانخوازن و نەوشیروان مستەفا ڕاوێژیان پێدەکات،ڕاستیەکی تاڵ هەیە کە لێرەدا پێویستە بڵێم، بەقەدەر مەلا بەختیار ئاگایی سیاسیان نییە، کە لە خوار تاڵەبانی و هێرۆخانی خێزانییەوە دانیشتوە، کەوابێت تەسەوری زۆرێک لەوانەی کە نەوشیروان ڕاوێژیان پێدەکات، ناتوانی بەدیهێنەری بچوکترین گۆڕانکاری بێت.
نوچەنێت: دوێنێ لەژوورەکەی تۆدالەپاڵتاک تا ئاستی سوکایەتی و تەشهیر بەنەوشیروان مستەفا کرا، دواتریش قبوڵکرا، چونکە وترا ئەوەی ئەوە دەکات خۆی بەردەوام لە گردەکە کاک نەوشیروان دەبینێت، ئەمە تاچەند بەڕاست دەبینی؟. ئەم زمانی قسە و رێدانە بە تەشهیر؟.
ئارام ئەحمەد: بەڵی هاوڕێیەکمان بەناوی سەباحی علی قارەمان،کەتوندیەکی جوانی هەیەو، قوربانی بۆ ئەم بزوتنەوەیە داوەو، خوێنی خۆی لەکاسەکردوە، هەرگیز بازرگانی سیاسیی نەبوەو هەوڵی ڕفاندن و ترۆرکردنی دراوە، دوو برای شەهیدەو خاوەنی پانزە کەسی ئەنفالکراوە، لەهەرە کەسە نزیکەکانی، توڕە بوە لە هەڵوێستی کوتلەی گۆڕان لە بەغداو گردەکەیشی چۆڵکردووە، بۆ کۆنە جەلالیەکان، هەقێکی بێ ئەملاو ئەولای خۆیەتی، بەدەر لەوەی کەلەگەڵ تەشهیرکردنەکەیدا نەبوم، کە کۆمەڵێک قسەی زۆر توندی بە نەوشیروان مستەفا ووتوە، وەلێ ئەمە ناکاتە ئەوەی، کە لێرەش دەمی بەستین و نەهێڵین داخی دڵی خۆی، هەستکردن بەوەی کە ڕەنجەکانی بە فیڕۆ ڕۆیشتوە بڕێژێت، واتە سوری بکەین و دایبگرین، حاڵەتی هەڵچون و تەقینەوەی ناخی مرۆڤ دەبێت لەبەر چاو بگیرێت، لەکاتێکدا ئەو کەسە لەسەر هەق بێت، هەرچەندە هێرشەکانی، هێرشی ئەخلاقی نەبوون، بەڵکو سیاسی بون.
نوچەنێت: ئەنجامی بزوتنەوەکە بەگشتی چۆن ئەبینی؟.
ئارام ئەحمەد: ڕاستیەکەی هێشتا زۆر زوە، تا بتوانین خوێندنەوەیەکی دروست و واقعی هەمە لایەنەمان هەبێت و ئەنجامگیری لەسەر ئایندەی ئەم بزوتنەوەیە بدەین بەدەستەوە.
وەلێ وەک بۆچونی خۆم، لە ناخی دڵمەوە دەیڵێم،ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان،سەرانی کۆنی یەکێتی داڕێژەری ئەقڵەکەی بن،ئەگەر ئەوان داڕێژەری سیاسەتەکانی بن،ئەگەر ئەوان خاوەنی بن،با لە ئێستاوە خەڵکی کوردستان و گۆڕانخوازان،بە مەودا هەرە فراوانەکەی، فاتیحا بۆ مەرگی ئەم بزوتنەوەیە بخوێنن و سێ ڕۆژانەو،تۆزێ فرمێسکی بۆ هەڵڕێژن.
ئارام ئەحمەد: زۆرێک لەوانەی نەوشیروان مستەفا ڕاوێژیان پێدەکات، بە قەدەر مەلا بەختیار ئاگایی سیاسیان نییە
0
Share.