پردی متمانە مەرجی سەرکەوتنی کۆبوونەوەکانە
مەهاباد قەرەداغی
جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، دوو پرسیاری ئاراستە کردووە و دەیەویت رای خەڵکی لەبارەوە بزانێت، یەکەمیان بڕیاری ئۆپۆزیسیۆن بۆ بەشدارینەکردنی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی و دووەمیان دوائەنجامەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی زاخۆ.
پێش هەر شتێک پێویستە لە بایەخی ئەم پرسیارکردن و ڕاگۆڕینەوەیە تێبگەین، ئینجا پێویستە ئەگەر خوازیاری ڕاگۆڕینەوە و پێشنیاردانین دەمارگیرانە نەدوێین و لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییە تاکڕەو و کەممەوداکانەوە نەڕوانینە کێشەیەکی چارەنووسساز، کە نیگەرانی بۆ دڵسۆزانی ئەم خەڵک و خاکە دروست کردووە.
ڕادەربڕین لە پرسێکی وا گرنگدا پێش ئەوەی پەیوەندیدار بیت بە ئازادی ڕادەربڕینەوە وەک مافێکی مرۆیی، بەرپرسیارێتییەکی میژوویی و ویژدانیشە، بۆیە خاوەن نەزەر و رووناکبیرانی کوردستان پێویستە قسەی خۆیانی تێدا بکەن. من وەک ژنیکی نووسەر ئەم بۆچوونەی خوارەوەم هەیە سەبارەت بە هەردوو پرسیارەکەی سەرۆک بارزانی.
(بۆ ئەوەی راستگۆبین لەگەڵ خۆمان دەبێت ئاماژە بە کرۆکی کێشەکە بکەین. هەتا کێشەی “نەبوونی متمانە بە یەکتر لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان” چارەسەر نەبێت، دانیشتنیش سوودی نابێت. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە کە نەک لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات متمانەیانەن بە یەکتر نییە، بەڵکو لایەنە سیاسییە هاوپەیمانەکانیش چ ئەوانەی دەسەڵاتیان پێک هێناوە و چ ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆنیان پێک هێناوە متمانەیەکی ئەوتۆیان بە یەکتر نییە. بۆ ئەوەی دانیشتن بکرێت و ئەنجامیشی هەبێت، پێویستە سەرەتا پردێکی تۆکمەی متمانە دروست بکرێت و بەسەر ئەم پردەدا بەرەو هۆڵی کۆبوونەوە دووقۆڵی و سێ قۆڵی و پینج قۆڵی و تەنانەت سەدقۆڵییەکان بچین. دروستکردنی ئەم پردە پێش هەر شتێک لەخۆبوردوویی دەوێت و پێویستە قوربانیدان بە بەرژەوەندییەکانی تاک تاکی سەرکردەکان لە پێناوی بەرژەوەندی کۆی خەڵک و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی، ببێتە بنچینە و کۆڵەکەی سەرەکی ئەو پردە. من پێشنیاری ئەوە دەکەم بە زووترین کات و بە دەستپێشخەری بەرێزتان “کۆنگرەی دروستکردنی پردی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان” ببەسترێت. لەم کۆنگرەیەدا بە سنگێکی فراوان و بە گیانێکی کوردستانپەروەری و مرۆڤپەروەرییەوە کێشەکان باس بکرێن و لەیەکترخۆشبوون لەسەر کێشەکانی ڕابردوو ببێتە هەوێنی مۆرکردنی پەیماننامەی متمانە لە نێوان هەموو هێزە کوردستانییەکان بە راست و چەپ و ناوەڕاست و بە عەلمانی و ئیسلامییەکانەوە. با لە کۆنگرەیەکی وادا جگە لە سەرکردە سیاسییەکان خەڵکانی دڵسۆز و خەمخۆری ئێستا و دوارۆژی کوردستان لە رووناکبیران، مامۆستایانی زانکۆ، سەرکردەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نوێنەرانی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردستان بەشدار بن و بە شاهێدی هەموو لایەک پەیماننامەی متمانە لە نێوان هەموو لایەنەکان مۆر بکرێت و هەموو لایەک لە کرۆکی ویژدانەوە بڕیار بدەن بەرژەوەندی فراوان و باڵای خەڵک و خاک لە سەرووی بەرژەوەندییە نزم و تەسکەکانی تاک و گروپەوە بیت. دوای بەستنی ئەم کۆنگرە و مۆرکردنی ئەم پەیماننامەیە، هەموو لایەنەکان پێویستە دەست بە پەروەردەکردنی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان بکەن بۆ پابەندبوون بەم پەیمانە. پەیمان و هاوپەیمانێتی نابێت تەنها لەسەر ئاستی سەرەکاندا بێت و پیویستە رۆبچێتە خوارەوە و هەموو ئەندامەکانی جەستەی کۆمەڵگە بگرێتەوە. ڕاگەیاندنی حیزبەکان پێویستە زەمینەسازی بکەن بۆ هەڵبەستنی ئەم پردە و دوای دروستبوونیشی پێویستە بۆ پاراستنی پردەکە وزەی ئاشتیخوازی و خۆشەویستی پەخش بکەنەوە. بە باوەڕی من ئەگەر ئەمە نەکەین، کێشەکان بەردەوامییان دەبێت و تەنگژەی جۆراوجۆر دروست دەکەن و خوانەخواستە دەگاتە قەیرانی بنبەستراو. مەخابن لە نێو هەموو لایەنە سیاسییەکاندا سەرکردەگەلێک هەن لێدوانەکانیان قەیرانسازە نەک ئاشتیساز، ئەگەر نیازپاکی بۆ دروستکردنی پردێکی وا هەبێت پێویستە ڕێ لەو جۆرە لێدوانانە بگیرێت، چونکە مێژووی گەلان سەلماندوویەتی هیچ کیشەیەک بە تووندوتیژی چارەسەر نەکراوە. )
………………
٤-١-٢٠١١
هەولێر
بۆ خوێندنەوەی پرسیارەکانی سەرۆکی هەرێم کلیک بکە……..
مەهاباد قەرەداغی: پردی متمانە مەرجی سەرکەوتنی کۆبوونەوەکانە…. وەڵام و پێشنیار بۆ پرسیارەکانی سەرۆکی هەرێم
0
Share.