خالد ڕەنجدەر: پەڕلەمان و لایەنەکوردیەکان بەرووداوەکەی شەرناخ، سەرۆکایەتی هەرێم و شەقامی کوردستان لاواز دەکەن

0

باشتر بو یەك لایەن ھەڵوێستی ھەرێمی سەبارەت بە ڕوداوەكەی شەرناخ بنواندایە
خالد ڕەنجدەر
ھەڵوێستێكی پڕ شكۆمەندیە كاتێك تاكێكی كورد، پارتێك، یان كەسایەتیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئیدانەی كارەساتە دڵتەزێنەكەی شەرناخ دەكات و دەیەوێ ئەوە بە توركیا بسەلمێنێ كە كورد لە ھەرجێیەك بن كەس و پشتی یەكترن. بەڵام كاتێك سەرۆكی پارتێك و سەركردایەتی پارتەكەی بە جیا ئیدانە دەكەن، یان لێژنەی پەرلەمانتاران و سەرۆكی پەرلەمان و خودی پەرلەمان لە سێ لێدواندا ئیدانەی كارەساتەكە دەكەن دو پێگەی گرنگ لە ھەرێمی كوردستان لاواز دەكەن. یەكەم ھەڵوێستی سەرۆكایەتی ھەرێم، دوەم ھەڵوێستی شەقام كە ھەردوكیان كاریگەری خۆیان ھەیە.
ڕاستە ئیدانەكردنی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت كارەساتەكەی شەرناخ وەك سەرۆكی حیزب، یان ئیدانەكردنی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك سەرۆكی حیزب گرنگی خۆیان ھەیە، بەڵام كاتێك یەكەمیان بە ناوی ھەرێمەوە و دوەمیان بە ناوی كۆماری عێراقەوە دەری دەكەن كاریگەری زیاتریان ھەیە.
ھەڵوێستی سەرۆكایەتی ھەرێم یان سەرۆكایەتی حكومەتی ھەرێم كاریگەرترە لە ھەڵوێستی سەرۆكی پارتێك، بە تایبەتی كە ئەو سەرۆك پارتە ئەندامی پەرلەمانی ھەرێم یان پەرلەمانی عێراق بێ و لەوێ فشار دروست نەكات.
پارتێك لە ھەرێمی كوردستان كە بەشێكە لە عێراق چۆن بە بەیاننامەیەكی ئیدانە توركیا ناچار دەكات داوای لێبوردن لە كوردی وڵاتەكەی بكات؟ ئەگەر ئەو پارتە قورسایی لە ھەرێم و عێراق ھەیە و تەبایە دەبو لە گەڵ پارتە سیاسیەكانی تر كۆبونەوەیەكی بە پەلە بكەن و بە ھەمویان فشار بخەنە سەر سەرۆكایەتی ھەرێم یان حكومەتی ناوەند كە ئەوان وەك دەسەڵاتی سیاسی باڵا ھەڵوێست وەربگرن.
ئیدانەكردنەكانی ھەرێمی كوردستان ڕاستە نیشانەی دڵسۆزی و برایەتی و ھاوخەمیە، بەڵام من پێموایە ھیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێ و بگرە قەیرانەكە لەسەر توركیا بچوكتر دەكاتەوە و زیاتر بەرەو “عینادی” دەبات. دەبو لایەن و پارت و كەسایەتیەكان داوایان لە سەرۆكایەتی ھەرێم بكردایە كە ڕاستەوخۆ ھەڵوێست وەربگرێ یان ناڕاستەوخۆ بە گوشار خستنە سەر بەغداد بۆ نواندنی كاردانەوەیەكی سیاسی و مرۆیی.
ڕیزكردنی لێدوان و بەیاننامەی ئیدانەكردنی بێ كردەوە لە ھەرێمی كوردستانەوە بۆ بەدەستھێنانی دەنگی ھەڵبژاردنە و بۆ فراوانكردنی جەماوەرێتی پارت و بۆ خۆ دەرخستنی كەسایەتیەكانە.
لە كۆتاییدا دەڵێم ھەرچەندە ئێمە ڕەخنەمان لە دەسەڵاتی ھەرێم ھەیە و داوای چاكسازی زیاتر لە كوردستان دەكەین، بەڵام باشتر بو ڕێمان بدایە تەنھا سەرۆكایەتی ھەرێم ئیدانەكی بەھێزی بكردایە و پاڵەپەستۆكەی ڕاستەوخۆ لەسەر توركیا دروست بكردایە، یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێی بەغدادەوە. ئەگەر سەرۆكایەتی ھەرێم ئەو ھەڵوێستەی نەنواندایە جێی خۆی بو ھەریەكە لە ماڵی خۆیەوە یان لە بارەگای حیزبەكەیەوە ئیدانەی ئەو كارەساتەی بەو جۆرە بكردایە كە خۆی پێی باش بو.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com