
بۆچی سەرکردەکانمان پشتگیری هاشمی دەکەن؟!!
ماڵی کورد خۆی لەتلەتە کەچی سەرکردەکانی داوای کۆنگرەی نیشتیمانی بە پەلە دەکەن بۆ ئاشتکردنەوە و رێکخستنەوەی ماڵی عەرەب
ناوچەکە بە گشتی بەرەو گۆڕانکاری ڕیشەیی دەچێ، سەرکردە و سیاسییەکانمان خەریکی ئاوەدانکردنەوەی شۆرا ڕوخاوەکانی بەغدادن
تو بڵێی هاشمی وەعدی ئەوەی دابێت کەرکووک و گشت ناوچە دابڕاوەکان لە بەرانبەر پاراستنی بداتەوە بە کورد؟
چ سەرکردەیەکی کورد زامنی ئەوە دەکات بەهێزبوونی بەغداد جارێکی‌تر ڤیلاکانیان بە ئەشکەوتی شاخەکانی کوردستان نا گۆڕێتەوە؟
کەریم چۆلی 
له دواڕۆژەکانی دوا مانگی ساڵی ڕابردووه‌وه کێشه‌ی جێگری سه‌رۆک کۆماری عێراق (تاریق هاشمی) که به هاوکاری کردنی ئه‌نجامده‌رانی کرده‌وه‌ی تیرۆریستی تۆمه‌تبارکراوه، بابه‌تێکی گه‌رمی ڕۆژه‌ڤی سیاسی عێراق و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه، هه‌م له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌م له‌سه‌ر ئاستی جیهان.
دۆسیه‌ی تۆمه‌تبارکردنی هاشمی تازه نییه و پێشتریش به هه‌مان دۆسیه تۆمه‌تبارکراوه، به‌ڵام ئەمجاره‌یان جیاوازتر و به فه‌رمانی ده‌ستگیر کردنه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد به تایبه‌تی که هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا دوا سه‌ربازیان له عێراق کێشایه‌وه، ده‌رگاکان له سه‌ر گشت ئه‌گه‌ر و گریمانه‌کان کرانەوە و ئێستاش کراوەن.
له کاتێکدا هێزه حکومییه‌کان له ناو فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غداد هاشمیان ده‌ست به‌سه‌ر کرد، کورد هاته ناو گه‌مه‌که وهاشمیان له دەست (نوری مالیکی) ڕزگار کرد و گه‌یاندیانه هه‌رێمی ئارام بۆ ئه‌وانه‌ی تادوێنێ سه‌رسه‌خترین دوژمنی ئه‌م هه‌رێمه‌بوون و ته‌نانه‌ت فکره‌ی هه‌رێم و به هه‌رێم کردنیش به پیلانی ئیسرائیل و دوژمنان ده‌زانی! به‌ڵام ئه‌مڕۆ شتێکیتره و کورد داڵده‌ی دوژمنێکی سه‌ر سه‌ختی خۆی داوه ئه‌و دوژمنه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌رکرده و سیاسییه‌کانمان ڕاست بکه‌ن ڕێگربووه لە له‌سێداره‌دانی (سوڵتان هاشم)ی تاوانباری (ئه‌نفال)کردنی کورد، کەچی ئه‌مڕۆ کورد ئاماده‌نییه ئه‌و یاسایه‌ش جێبه‌جێ بکات که پێشتر خۆی گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رمه‌ندی بن پێکردنی بووه و له که‌لی شه‌یتان نایه‌ته خواره‌وه و هاشمی ته‌سلیم به دادگاکانی به‌غداد ناکات.
ئه‌گه‌ر ئێمه لەسەر دۆسییه‌ی هاشمی گومانمان له بێلایەنی دادگاکانی عێراق هه‌بێت و له‌به‌ر ئه‌و گومانانه‌ش ناوبراو ڕاده‌ستی به‌غدادی نه‌که‌ین، ئه‌وا پێویسته گومانمان له‌سه‌ر کۆی گشتی بڕیاره‌کانی پێشووتری ئه‌و دادگایانەی به‌غداد هه‌بێت به بڕیاری له‌سێداره‌دانی سه‌دام حوسه‌ینیشه‌وه.
لە بەردەوامی ئەم ئاریشەیەدا دوو سەرکردەی لیستی عێراقیە خۆیان لە لیستەکە و پشتگیری کردنی کێشایەوە، کەچی ئێمە هەر بەردەوامین، دادگا بڕیاری دا دەست بەسەر سەروەت و سامانی هاشمیشدا بگرێت، تازە بەتازە سەرۆکی پەرلەمانی کورستانیش دەڵێ: تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لەهەرێمی كوردستاندا وەك پەنابەرێك سەیری ناكرێت‌و ئازادە. بێگومان ناکرێ هەرێمی کورستان کە تا ئێستاش بەشێکە لە عێراق هاشمی بە پەنابەر وەربگرێت کە لە بەشەکەی تری عێراق بە تێوەگلان لە کردەوەی تیرۆریستی تۆمەتبارە، بەڵام ناشکرێ کورد لە دادگا یاخی بێ و داواکراوێک ڕادەستی دادگا نەکات، بەتایبەتی کە بە کردەوەیەکی ترسناک تۆمەتبار کرابێت.
لە جیاتی هەوڵدان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکەی هاشمی بە ڕێگای دادگا بە پێچەوانەوە کورد خەریکی دەستپێشخەری و پڕۆژەی سیاسییە بۆ نزیککردنەوە و ئاشتکردنەوەی هەردوو لایەنی عەرەبی شیعە و سوننە و چارەسەر کردنی کێشەکەی هاشمی بە ڕێگایی سیاسی لە کاتێکدا ئەگەر کێشەکە لە سیاسەتیشەوە گۆڕابێت بۆ قەزایی دەبێت کورد زیاتر لە لایەنەکانیتر پێداگیری لەسەر ئەوە بکات دوا بڕیار بۆ دادگا و قەزابێت، نەک کۆبوونەوەی سەرکردە سیاسییەکان، چونکە بن پێکردنی یاسا بە تاوانبارکردن یان تەبریئەکردنی هاشمی دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی مەترسیدار بۆ ئایندەی عێراق و ناکرێ سەرکردە سیاسییەکان لە جیاتی دادگا بڕیار بدەن، هەر وەک ڕادەست نەکردنەوەی هاشمیش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ پشتگوێ خستنی بڕیاری دادگاکان، (هەر چەندە تا ئێستاش لە هەرێم ژمارەیەکی زۆر داواکراوی دادگاکان لەلایەن حیزبەکانەوە داڵدەدراون).
لێرەدا مافی خۆمانە بپرسین ئایا پاراستن و بەرگیریکردن لە هاشمی لە پێناو چیدایە؟، ئایا بەڕاستی کورد لە تاکڕەوی مالیکی دەترسێت، بۆیە پشگیری هاشمی دەکات؟. یان ئێمەش لە بەر سوننی بۆمان و مەزهەبگەرایی پشگیری لە هاشمی دەکەین؟. یان بۆ ترساندنی مالیکییە بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی لایەنی کوردی کە تا ئێستاش پشتگوێخراون؟. تو بڵێی هاشمی وەعدی ئەوەی دابێت کەرکووک و گشت ناوچە دابڕاوەکان لە بەرانبەر پاراستنی بداتەوە بە کورد؟. (ئەمەیان ناچێتە عەقڵەوە).
دیارە دەڵێن لە سیاسەت دۆست و دوژمنی هەمیشەی نییە و بەرژەوەندیەکان دۆست دیاری دەکەن ودەکرێ دوژمنی دوێنێ دۆستی ئەمڕۆت بێ، بەڵام پێشتر سەرکردەکانمان دەیان وت: ئەمەریکاش دۆستی ستراتیژیمانە، کەچی وادەر نەچوو! بۆیە ئێستاش مافی هەر تاکێکی کوردە بپرسێت بەرگیریکردنتان لە هاشمی لە پێناو چیدایە؟. ئایا تەنها بۆ دەست خۆشیەکی کاتی و زارەکییە بۆ ئەوەی پێتان بڵێن خەمخۆری پاراستنی بەرژەوەندیی و یەکپارچەی خاکی عێراقن؟.
بەداخەوە سەرکردەکانمان بزانن یان نا، لە ناو زۆربەی خەڵکی کوردستاندا جۆرێک لە بێ متمانەیی بەرانبەریان سەریهەڵداوە و بە ئاسانیش ئەو متمانەی پێشتر هەیانبووە ناگەڕێتەوە، چونکە لە کاتێکدا ماڵی کورد خۆی لەتلەتە کەچی داوای کۆنگرەی نیشتیمانی بە پەلە دەکات بۆ ئاشتکردنەوە و رێکخستنەوەی ماڵی عەرەب!، لە کاتێکدا هەردوو لایەنی عەرەبی بۆچوونیان هاوبەش و نزیکە بەرانبەر بە کێشەی کورد، هەر لە مەسەلەی بودجەی پێشمەرگەوە بگرە تا دەگات بە سیستمی سیاسی عێراق و بە تایبەتی فیدڕالیەت.
ناوچەکە بە گشتی بەرەو گۆڕانکاری ڕیشەیی دەچێ، سەرکردە و سیاسییەکانمان خەریکی ئاوەدانکردنەوەی شۆرا ڕوخاوەکانی بەغدادن، بەڵێ ڕاستە ئارامی بەغداد بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە، بەڵام چ سەرکردەیەکی کورد زامنی ئەوە دەکات بەهێزبوونی بەغداد جارێکی‌تر ڤیلاکانیان بە ئەشکەوتی شاخەکانی کوردستان نا گۆڕێتەوە؟!!.