پارتی زانیارییەکانی گوڤاری لڤین بە زانیاری دەزگای موخابەرات ناو دەبات و لڤین دەداتە دادگا، لڤین: لەدادگا دەیسەلمێنین

0

پارتی زانیارییەکانی لڤین بەچەواشە و زانیاری دەزگای موخابەرات ناو دەبات و لڤین دەداتە دادگا
نوچەنێت
مەکتەبی رێکخستنی پارتی رەتیدەکاتەوە ئەو راپۆرتەی لڤین بڵاوی کردۆتەوە، راپۆرتێکی ئەو مەکتەبە بێت و بەراپۆرتی دەزگای موخابەراتی ناو دەبات، رایدەگەیەنێت دەبێت گۆڤاری لڤین لەبەرانبەر یاسا وەڵام بداتەوە.سەرنوسەری لڤینیش رایدەگەیەنێت”ئێمە لەبەردەم دادگایەكی بێلایەندا، نەك ئەو دادگایانەی كە لەپشتیانەوە وێنەكانی سەرۆكیان هەڵواسیوە، راستی‌و دروستی زانیارییەكانمان دەسەلمێنین”.
دوای ئەوەی گۆڤاری لڤین لە دوو ژمارەی خۆیدا چەند زانیارییەکی بڵاوکردوە، بەناونیشانی لڤین دەگاتە مەکتەبە هەستیارەکەی پارتی، فایلەنهێنییەکانی مەکتەبی رێکخستنی پارتی ئاشکرا دەبن،و زانیارییەکانی لەراپۆرتێک وەرگرتووە کە بەقسەی گۆڤارەکە راپۆرتی نهێنی مەکتەبی رێکخستنی پارتییە،و تێیدا هاتووە کە پارتی پارەی بۆ کرینی ئەندامی حزبەکانی تری کوردستان تەرخان کردووە، و دۆخی دابڕان لەنێوان رێکخستنەکان و جەماوەر لە زیادبوندایەو، بودجەی پارتی بەشیوەیەکی هەرەمەکی دابەش دەکرێت، مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە وەڵامدا رەگەیاندنێک رایدەگەنێت، کە تێیدا هاتووە، لە دوور نزیک پەیوەندیمان بەو راپۆرتەوە نییە کە لڤین باسی دەکات، بەڵکو ئەوە کاری دەزگایەکی موخابەراتی دژ بەپارتییە، لەبەشیكی تری راگەیاندنەکەی مەکتەبی رێکخستنی پارتیدا هاتووە ” ده‌بێت جاره‌كى تر گۆڤارى لڤین وه‌ڵامى یاسا بدات، چۆن دزین و بڵاوكردنى زانیاریه‌كان له‌ رێكخراو و پارته‌ سیاسیه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان دا به‌كاره‌كى ره‌وا ده‌زانن؟”.
لەوەڵامدا ئەحمەد میرە سەرنوسەری لڤین رایدەگەیەنێت ئەوان دیکۆمێنتی مەکتەبی رێکخستنی پارتیان بڵاو کردەوەتەوە. پێشی وایە سەرلەبەری روونكردنەوەكەی پارت” بریتییە لەخاڵی دژ بەیەك‌و ناتەباو ناڕێك، لەبەر ئەوەی لەشوێنێكدا باس لەوە دەكات كە ئەو دۆكۆمێنتانە هی پارتی نییەو لڤین لەڕێگەی دەزگایەكی هەواڵگیرییەوە بەدەستی گەیشتووە، لەشوێنێكی تر باس لەوە دەكات كە گوایە لڤین زانیاری ناو مەكتەبەكانی پارتە سیاسییەكانی دزیوە”. میرە دەشڵیت”بەخشینەوەی تۆمەت‌و پاڵدانە زاراوەی سیخوڕی پیلانی دەرەكی، ئەمە بەشێكە لەفەرهەنگی پارتی، لەو ساتە وەختەیوە كە دروستبووە تاكو ئێستا، واتە زاراوەی تازەی تێدا نییە، بۆ ئێمەش غەریب نییە لەدروستكردنی ئەم چەواشەكارییانە”.

دەقی راگەیاندنەکەی مەکتەبی رێکخستنی پارتی
لەه‌ ژماره‌183 و184 ى گۆڤارى لڤین و له‌ ژێر ناو و نیشانى ( لڤین ده‌گاته‌ مه‌كته‌به‌ هه‌ستیاره‌كه‌ى پارتى ، فایله‌ نهێنیه‌كانى مه‌كته‌بى رێكخستنى پارتى ئاشكرا ده‌بن ) بڵاو كردۆته‌وه‌.

به‌ پێویستمان زانى ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ بۆ خوێنه‌ران و ڕاى گشتى و هه‌ڤاڵانى پارتیمان بڵاو بكه‌ینه‌وه‌.

یه‌كه‌م: مه‌كته‌بى رێكخستن له‌ دوورو نزیك په‌یوه‌ندى به‌و ڕاپۆرته‌وه‌ نییه‌ كه‌ لڤین باسى ده‌كات ، به‌ڵكو ئه‌مه‌ كارى ده‌زگایه‌كى مخابه‌راتى دژى پارتیمانه‌ . كه‌ ئه‌م ڕاپۆرته‌ى دروست كردووه‌و مه‌به‌ستى سیاسى و مخابه‌راتى له‌ پشته‌.
دووه‌م: له‌ كات و ساتێكى زۆر گرنگ و هه‌ستیار كه‌ بارودۆخى سیاسى عیراق و كوردستانى پێدا تێ ده‌په‌رێت و ، هه‌بوونى كۆمه‌ڵێك بابه‌ت و رووداوى گرنگى سیاسى كه‌ چاره‌نووسى عیراق و كوردستانیان پێوه‌ گرێ دراوه‌و، هه‌موومان چاودێریان ده‌كه‌ین و چاوه‌ڕوانى ئاكام و ده‌ره‌نجامه‌كانیان ده‌كه‌ین. ده‌بێت مه‌به‌ستى گۆڤارى لڤین چى بێت كه‌ خوێنه‌ران و هاووڵاتیان به‌ بابه‌تێكه‌وه‌ خه‌ریك ده‌كات . كه‌ گوایه‌ فایلى نهێنیى رێكخستنى پارتى یه‌.؟!
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان چه‌واشه‌كردنى خه‌ڵك و په‌رده‌ پۆشكردنى هه‌ندێ رووداوو بابه‌تى گرنگى تر نه‌بێ.
سێ یه‌م: ئه‌گه‌ر وه‌ك و گریمانه‌ داماننا لڤین زانیارى له‌ سه‌ر مه‌كته‌بى رێكخستن له‌لا هه‌یه‌، ئێمه‌ خوێنه‌ران ووشیار و چاودێرانى سیاسى و ڕاى گشتى ده‌كه‌ینه‌ حه‌كه‌م : ئایا لڤین چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك و به‌ چ مه‌به‌ستێك كار له‌ سه‌ر دزین و وه‌رگرتنى زانیارى و ورده‌كارى كارى رێكخراوه‌ى پارته‌ سیاسیه‌كان ده‌كات؟!
ئایا ئه‌ركى گۆڤارێكى به‌ ناو (ئه‌هلى) ئه‌وه‌یه‌ به‌ دوا زانیارى رێكخستنى پارتێكى سیاسى و ژماره‌ى ئه‌ندام و كادرانى حزبه‌ سیاسیه‌كان دابچێت!یان ئه‌وه‌ى لڤین ده‌یكات كار و ئه‌ركى ده‌زگاى مخابه‌راتیه‌ ، نه‌ك ده‌زگایه‌كى ڕاگه‌یاندن و گۆڤارێكى به‌ ناو (ئه‌هلى) ؟!
چواره‌م: ئامۆژگارى لڤین و ئه‌وانه‌ى پشتى لڤین ده‌كه‌ین . له‌ جیاتى خۆخه‌ریك كردن به‌م جۆره‌ سیناریۆو راپۆته‌ هه‌ڵبه‌ستداوو دروستكراوانه‌و ، بڵاوكردنوه‌ى پروپاگه‌نده‌ى ژه‌هراوى و درۆ دژى پارتیمان و سه‌ر لێشێواندن و چه‌واشه‌كردنى خوێنه‌ران. خه‌ریكى كارى رۆژنامه‌وانى خۆیان بن ، كه‌ گه‌یاندنى هه‌واڵ و زانیارى دروست و خوێندنه‌وه‌ى وردو دروست بۆ بارودۆخى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رهه‌نگى و ئابوورى كوردستانه‌.
ئه‌گه‌ر كارى ئه‌رك و مهیمه‌ى تریشیان هه‌یه‌ له‌ پشت كارى راگه‌یاندن و رۆژنامه‌وانى . ئه‌وا پێیان ده‌ڵێین به‌ هه‌ڵه‌داچون و تێروانین و حساباتیان له‌ سه‌ر پارتى غه‌ڵه‌ته‌.
پێنجه‌م: ئێمه‌ له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان زۆر شه‌فافانه‌ كار ده‌كه‌ین و هه‌ڵگرى دروشمى نوێبونه‌وه‌و… دادپه‌روه‌رى و … پێكه‌وه‌ ژیانین و هه‌وڵه‌كانتان بۆ چه‌واشه‌كردنى جه‌ماوه‌رو و قولأ كردنه‌وه‌ى ناكۆكیه‌كانى ناو حزبه‌كان جێگاى هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ سه‌ر كردنه‌.ده‌بێت جاره‌كى تر گۆڤارى لڤین وه‌ڵامى یاسا بدات ، چۆن دزین و بڵاوكردنى زانیاریه‌كان له‌ رێكخراو و پارته‌ سیاسیه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان دا به‌كاره‌كى ره‌وا ده‌زانن؟؟؟
مه‌كته‌بى رێكخستن
2/1/2012
وەڵامی سەرنوسەری لڤین.

لڤین پرێس

سەرنووسەری گۆڤاری لڤین رایدەگەیەنێت لەسەردەمی تەكنەلۆژیاو میدیای نوێ‌و دروستبوونی باڵی جیا جیاو رای جیا جیا لەناو حیزبەكان، هاتنە دەرەوەی زانیاری نهێنی شتێكی سروشتییە.

دوای ئەوەی گۆڤاری لڤین لەژمارەكانی (183-184) راپۆرتێكی نهێنی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستانی بەدۆكۆمێنتەوە بڵاوكردەوە، لەئێستادا ئەو مەكتەبە روونكردنەوەیەكی پر چەواشەكاری بۆ رایگشتی بڵاوكردووەتەوەو چەندین تۆمەت‌و تەشهیری بەگۆڤاری لڤین كردووە.

ئەحمەد میرە، سەرنووسەری گۆڤاری لڤین بەسایتی لڤین پرێسی راگەیاند سەبارەت بەو روونكردنەوەی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێمە لەگۆڤاری لڤین چەند خاڵێك بۆ رایگشتی دەخەینەروو:

یەكەم/ سەرلەبەری روونكردنەوەكە بریتییە لەخاڵی دژ بەیەك‌و ناتەباو ناڕێك، لەبەر ئەوەی لەشوێنێكدا باس لەوە دەكات كە ئەو دۆكۆمێنتانە هی پارتی نییەو لڤین لەڕێگەی دەزگایەكی هەواڵگیرییەوە بەدەستی گەیشتووە، لەشوێنێكی تر باس لەوە دەكات كە گوایە لڤین زانیاری ناو مەكتەبەكانی پارتە سیاسییەكانی دزیوە، ئەمە هەر بۆ خۆی تەنیا ئەو خاڵە بەسە بۆ سەلماندنی ئەو دۆكۆمێنتانە.

دووەم/ ئێمە دۆكۆمێنتێكی فەرمیمان بڵاوكردووەتەوە، كەوا هی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستانەو بەپێی یاساش هەموو رۆژنامەنووسێك زانیاری گرنگ‌و پەیوەست بە بەرژەوەندی گشتییەوە بڵاودەكاتەوە، ئەوەی كە لەو راپۆرتەدا گرنگەو پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتییەوە هەیە:
أ‌-پارەیەكی زۆر لەبودجەی میللەت بۆ گیرفانی حیزب‌و كادرانی حیزب دەچێت.
ب‌-ژمارەیەكی زۆر كادری بێكار لەسەر بودجەی گشتی پارە لەپارتی دیموكراتی كوردستان وەردەگرن.
ت‌-برتییە لەدەرخستنی رێژەی تەزویرات‌و دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان‌و عێراق.
پ‌-پەیوەندی بەقەبارەی ئەو حیزبەوە هەیەو كاریگەرییەكانی لەسەر ساحەی كوردستان.
كەواتە بابەتەكە بابەتێكی رۆژنامەوانی روونە.

سێیەم/ بەخشینەوەی تۆمەت‌و پاڵدانە زاراوەی سیخوڕی پیلانی دەرەكی، ئەمە بەشێكە لەفەرهەنگی پارتی، لەو ساتە وەختەیوە كە دروستبووە تاكو ئێستا، واتە زاراوەی تازەی تێدا نییە، بۆ ئێمەش غەریب نییە لەدروستكردنی ئەم چەواشەكارییانە.

چوارەم/ بەبۆچوونی ئێمە پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕۆژی (2/12/2011) بارەگای پارتێكی سیاسی دەسوتێنێت‌و ئێستا بەرگری لەپارتە سیاسییەكان دەكات، لەكاتێكدا گەیشتبێتە ئەوەی لە (2/1/2012)، واتە پاش تێپەربوونی مانگێك پەنا بەرێتە بەر دادگا، ئەمە كارێكی گەورەمان كردووەو پێشمان خۆشەو پشتیوانی ئەو حاڵەتەش دەكەین.

پێنجەم/ ئەوەی كە گرنگە بەلای ئێمەوە، ئەگەر زانیارییەكانی ناو ئەم راپۆرتە ناڕاستن، بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەندە پێی قەڵسە؟!…

شەشەم/ ئێمە لەبەردەم دادگایەكی بێلایەندا، نەك ئەو دادگایانەی كە لەپشتیانەوە وێنەكانی سەرۆكیان هەڵواسیوە، راستی‌و دروستی زانیارییەكانمان دەسەلمێنین.

حەوتەم/ حیزبی تەندروست لەدنیادا، هەموو شتێكی شەفافە، ئەگەر تۆ سەیری وڵاتێكی دیموكراتی بكەیت، بودجەكەی، ژمارەی كادرو ئەندامانی، ژمارەی دەنگەكانی، هەموو شتێكی روونە، ئەم حیزبەی كە مەكتەبی رێكستنی دیفاعی لێدەكات، لەبنەرەتدا حیزبێكی مەدەنی نین، بەڵكو حیزبێكن لەڕێكخراوێكی سیخوریدا، ئەگینا باسكردنی نهێنی حیزب لەوڵاتانی پێشكەوتوودا ئەسڵەن، نهێنی بوونی نییە، واتە نهێنییەكانی حیزب هاوتا ناكرێتەوە بەسەروەری نیشتیمانی‌و ئاسایشی نیشتیمانی، ئەمە لەمۆدێلی حیزبی ستالینیدا بوونی هەیە، لەبەر ئەوە پارتی دیموكراتی كوردستان وا وێنای حیزب دەكات كە بریتییە لەموئەسەسەیەكی نهێنی.

بۆیە لێرەوە ئێمە لەگۆڤاری لڤین دوای ئەو تۆمەتانەی پارتی دیموكراتی كوردستان پاراستنی گیان‌و ژیانی ستافی گۆڤاری لڤین‌و پەیامنێرەكانمان دەخەیەنە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان.

بۆخوێندنەوەی راپۆرتەکەی لڤین کلیک بکە
بەشی یەکەم

lvin183
بەشی دووەم

lvin184

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com