تاهیر ساڵح شەریف : پاکێجەکانی ئۆپۆزسیۆن لەبنەڕەتدا پرۆژەی گۆڕان بوو بەڵام توانای سەپاندنیان نەبوو بەسەر دەسەڵاتدا

0

تاهیر ساڵح شەریف :ئۆپۆزسیۆنی چەواشە و دەسەڵاتی گەندەڵ، لە کوردستاندا بوونەتە لازم و مەلزومی یەکتر
ئەو پرۆژەیەی ئۆپۆزسیۆن کە بە پاکێجی ٦ خاڵی ناسراوە، لە بنەڕەتەوە، پرۆژەی سەرکردایەتی گۆڕان بووە بەڵام سەپاندنی بەسەر دەسەڵاتدا، لە ئاست توانای بزووتنەوەی گۆڕاندا نەبوو ناچار بوو کە بچێتە ژێرباری پرۆتۆکۆڵێکی  سیاسیی لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامیدا
نوچەنێت : لە کۆبونەوەی سەرکردەکانی، ئۆپۆزسیۆن تەئکید لە چاکسازی دەکاتەوە لەسەر ئەساسی پاکێجەکانی خۆیان، بەواتای ئەوەی کە تەنها پشت بەو پاکێجانە ببەسترێت، لەکاتێکدا شەقام پرۆژەی خۆی خۆی هەبووە، پارتی و یەکێتی پرۆژەی خۆیان هەبووە، بەرای تۆ بەمەرجکردنی پاکێجەکانی خۆیان وەک خۆی هەوڵە بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخەکە؟. ئایا گوێ نەدان بە پاکێجەکانی ئەوان، بێ باکی دەسەڵات و مەبەست نەکردنی چاکسازییە؟ یان رەدفعل لەبەرانبەر بروای سەپاندن؟. دۆخی کوردستان لەنێوانەدا بەرەو کوێ دەڕوات؟.
تاهیر ساڵح شەریف : بەرلەوەی وەڵامێکی دیارکراو بە مەبەستی گەڵاڵەکراو لە پرسیارەکەتاندا بدەمەوە، بە پێویستی دەزانم ڕوونکردنەوەیەکی  کورت بدەم دەربارەی ئەو شتەی کە ناونراوە” پرۆژەی شەقام “و وەک پرۆژەیەکی سەربەخۆ و جیاواز لە ” پرۆژە ٦ خاڵییەکەی ئۆپۆزسیۆن ” دەناسێنرێت .
بە بۆچوونی من و لە ڕاستیشدا پرۆژەی شەقام، یان بە واتایەکی ڕاشکاوانەتر، داواکارییەکانی بەردەرکی سەرای سلێمانی، کە لە مانگی نیسانی ٢٠١١ دا بڵاوکرایەوە، لە ڕووی ناوەرۆکەکەیەوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پاکێجە ٦ خاڵییەکەی ئۆپۆزسیۆندا نییە و تەنها جیاوازییەکی کەم کە لەنێوانیاندا ببینرێت، لە ڕووی داڕشتن و لە شێوازی نووسینەوەی پرۆژەکەی بەردەرکی سەرا و پاکێجە ٦ خاڵییەکەی ئۆپۆزسیۆندایە. نامەوێت لێرەدا بچمە سەر بەراوردکردنی خاڵ بە خاڵ و بەند بەبەندی پرۆژەکەی بەردەرکی سەرا لەگەڵ پرۆژە ٦ خاڵییەکەی ئۆپۆزسیۆندا. بۆ تێگەیشتن لەو ڕاستییە، هەرکەسێک مەبەستی بێت دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر دەقی پرۆژەکەی سەرا و پاکێجە ٦ خاڵییەکەی ئۆپۆزسیۆن. من بڕوام وایە کە ئێمە دوو پرۆژەمان بە ناوی ” پرۆژەی شەقام ” و ” پاکێجی ٦ خاڵی ئۆپۆزسیۆن ” لەبەردەستدا نییە و ئەوەی کە بە پرۆژەی شەقام ( بەردەرکی سەرا ) ناسێنراوە، هیچ شتێک نییە جگە لە ڕاڤەکردن و ڕوونکردنەوەی درێژتری پاکێجە ٦ خاڵییەکەی ئۆپۆزسیۆن، ئەویش بە ناوی شەقامەوە . لەبەرئەوە، کاتێک قسە لە سەر پاکێجە ٦ خاڵییەکەی ئۆپۆزسیۆن دەکەین، لەهەمانکاتدا بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی قسە لەسەر پرۆژەکەی سەرایش دەکەین. هەم پاکێجە ٦ خاڵییەکەی ئۆپۆزسیۆن و هەم تەفاسیڵاتەکانی ئەو پاکێجە لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆبوونەوەکانی بەردەرکی سەراوە نووسراوەتەوە، داخوازیییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بووە و پێش لەوەش کە ئیئتلافێک لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامیدا لەسەر بنەمای ئەو پاکێجە بکەن، بزووتنەوەی گۆڕان بەشێوەی جۆراو جۆر و پچڕ پچڕ ( بۆ نموونە پرۆژە ٢٢ خاڵییەکەی گۆڕان بۆ چاکسازی لە سیستەمی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا) لەسەر خاڵەکانی پاکێجکە ٦ خاڵییەکە و ئەو لقانەی کە لەو ٦ خاڵە دەبنەوە، کاریکردووە و ڕیاکشنی سیاسیی و حیزبی لە بەرامبەر دەسەڵاتدا لەسەریان لە خۆی پیشانداوە. ئەو پرۆژەیەی ئۆپۆزسیۆن کە بە پاکێجی ٦ خاڵی ناسراوە، لە بنەڕەتەوە، پرۆژەی سەرکردایەتی گۆڕان بووە و سەرکردایەتی گۆڕان ئەو پرۆژەیەی هێنایەکایەوە . وەک وتم، پێشتر گۆڕان لەسەر چەند خاڵێکی ئەوپرۆژەیە کاریکرد بوو، بەڵام جێبەجێکردن یان ڕوونتر بڵێم، سەپاندنی هەریەکێک لە خاڵەکانی پاکێجەکە  بەسەر دەسەڵاتدا، لە ئاست توانای جەماوەی و بنکەی کۆمەڵایەتی بزووتنەوەی گۆڕاندا نەبوو. بەمهۆیەشەوە  ( جگە لە هەندێک هۆکاری دیکەش کە لێرەدا شوێنی ئاماژە پێدان نین) ناچار بوو کە بچێتە ژێرباری  پرۆتۆکۆڵێکی سیاسیی لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامیدا . ئەگەر بیرتان مابێت، لە کۆتایی دوایین مانگەکانی ساڵی ٢٠١٠ دا، بە پێی کۆدەکانی سەرکردایەتی گۆڕان، جەماوەری ئەو حیزبە هەم لە ناوە و هەم لەدەرەوەی کوردستان، دەستیاندایە زنجیرەیەک لە ڕێپێوان و خۆپیشاندان دژی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و واژۆکردنی سەرۆکی هەرێم لەسەر یاساکانی خۆپیشاندان. ئەو خۆپیشاندانانە نەیانتوانی ئاسۆیەک بەڕووی بەدیهاتن و چەسپاندنی ستراتیژی بزووتنەوەی گۆڕاندا، کەبریتی بوو لە پرۆژەیەکی ٢٢ خاڵی، بکەنەوە. لەبەرئەوە، دەبوو گۆڕان کۆکردنەوەی هێزی سیاسیی بۆ چەسپاندنی هەمان ستراتیژی خۆی بسپێرێت بە کات و زەمەنێکی نادیار. ئەو زەمەنە نادیارەش، بە دەستپێکردنی شۆڕش و ڕاپەڕینی تونس و بەدوای ئەویشدا ڕاپەڕین و شۆش لە میسر، لەسەرەتای  ساڵی ٢٠١١دا، بۆ بزووتنەوەی گۆڕان خۆی بەدەرخست.
شۆڕشەکانی تونس و میسر، لەڕووی سیاسیی و کاریگەری زاتییەوە، نەک تەنها  هەموو وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو سیاسەتی جیهانی ئەمڕۆیان خستە ژێر کاریگەری و سێبەری خۆیانەوە. کوردستان و عێراقیش لە بازنەی کاریگەریگەرییە سیاسیی و زاتییەکانی شۆڕشی ئەو دوو وڵاتە بەدەر نەبوون و ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییانەی کە بوو بوونە هۆی خوڵقاندنی شۆڕش لەو دوو وڵاتەدا، بەشێوەیەکی ماددی و بابەتیش لە عێراق و کوردستاندا بوونیان هەبوو. بزووتنەوەی گۆڕان بە خوێندنەوەی هەڵەی بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی کوردستان و جێگای کوردستان لە ناوهاو کێشەو کێشمەکێشە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکەدا، ئەمجارەیان ویستی بە ئەزمونی میسرو تونس، لە ڕێگای ئیئتلافێکەوە لەگەڵ ئەو دوو هێزە ئیسلامییەدا، بارودۆخەکە بەشێوەی ڕاپەڕینی جەماوەری بگۆڕێت. پەلاماردانی لقی ٤ ی پارتی  لە ١٧ی شوباتدا، لەلایەن جەماوەری هەرسێ لایەنەکەی ئۆپۆزیسیۆنەوە، هەوڵێکی سەرەتایی بوو لە ڕێگای چەسپاندنی تووندوتیژیانەی هەمان ستراتیژی پێشتری گۆڕاندا، کە دواتر وەک پاکێجی ٦ خاڵییەکەی ئۆپۆزسیۆن بڵاوکرایەوە. ١٧ی شوبات و ڕووداوەکانی دوو مانگی دوای ئەو، مانگەکانی تێکشکاندنی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن بوو لەبەرامبەر دەسەڵاتی زاڵ لە کوردستاندا. لە پرۆسەی ئەم شکستە سیاسییەی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بەدەسەڵاتدا، بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییە حەماسی و شۆڕشگێڕانەکەی ناو سلێمانی و دەوروبەری گۆڕا بۆ ڕەشبینی و نائومێدبوونێکی سیاسیی گشتی و پاسیفیزمێکی سیاسیی جێگای گەرموگوڕی شۆڕشگێڕانەی پێشتری گرتەوە. هەولێر، دهۆک و کەرکوکیش لە پاڵپشتیکردنی ئەو فەزا سیاسییەی کە لە سلێمانیدا زاڵ بوو، خۆیان دوورە پەرێزگرت و ئەمەش بووە هۆی نا ئومێدکردنی ئۆپۆزسیۆنی سلێمانی.
ئەوەی کە لە دوای ١٧ی شوباتەوە ڕوویدا، ئەگەر وەک بڕگەیەک لە مێژووی دەسەڵاتی سیاسیی کوردی تەماشای بکەین، دەبینین سەرکەوتنێکی  دەسەڵات بوو بەسەر ئۆپۆزسیۆندا و بەشێوەیەکی کاتی ئەم دەسەڵاتە لە قەیران و تەنگژەیەکی سیاسیی خۆی دەربازکرد، بەڵام ئەم خۆ دەربازکردنە بەو شێوەیە نەبووە کە دەسەڵات ئەزمونی لە قەیران و تەنگژەکە وەرنەگرتبێت و سەرمەستی سەرکەوتنە کاتییەکیە بێت بەسەر ئۆپۆزسیۆندا، بە پێچەوانەوە، ڕووداوی ١٧ شوبات، دەسەڵاتی بە ئاگا هێنایەوە کە چیتر ناتوانێت بەوشێوە تاککڕەوانەیەی پێشتر درێژە بە فەرمانڕەوایی سیاسیی خۆی بدات و دەبێت لەمەو بەدوا، گوێ لەوانی دیکە بگرێت و ناو بە ناوەش تاقیکردنەوەی سیاسییان لەسەر بکات تا لەوە تێبگات وەزنی سیاسیی و جەماوەری خۆی و نەیارەکانی خۆی چەندەیەو چۆن ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان خۆی و ئەوانیتر ئیدارە بکات . دانیشتن و گفتۆگۆی تایبەتی و دوو قۆڵی مەسعود بارزانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، عەلی باپیر و سەلاحەدین بەهادیندا لە دوای ڕووداوەکانی ١٧ی شوبات و لە پێش ڕووداوەکانی  بادیناندا  نموونەیەکن بۆ ئەو ڕاستییەی کە لەپێشەوە ئاماژەم پێکرد لەسەر بە ئاگاهاتنەوە و مناوەرە سیاسییەکانی دەسەڵات لەبەرامبەر ئۆپۆزیسیۆندا. بە بۆچوونی من، پێداگرتنی دووباەی ئۆپۆزیسیۆنیش لەسەر بە مەرجکردنی پاکێجە ٦ خاڵییەکەی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدا، بەجیا لەوە کە لایەنێکی هەڵخەڵەتێنەرانەی جەماوەری تێدایە، بەڵام لایەنی هەرە بنەڕەتی ئەم هەڵوێستەی ئۆپۆزسیۆن دەگەڕێتەوە سەر یاریکردنی ئۆپۆزسیۆن لەسەر پەتی ” کات ” و  دەستپێکردنی مناوەرەیەکی سیاسیی نوێی ئۆپۆزیسۆن لەبەرامبەر مناوەرەو یاریکردنی دەسەڵاتدا لەسەر پەتی  باریکی زەمەن.
بێگومان نابێت ئەوە لە بیر بکەین کە بە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکادا، دووبارە عێراق کەوتۆتە خولگەی قەیرانێکی سیاسیی قوڵترەوە. کوردستانیش لە بازنەی ئەو قەیرانە بەدەر نییە و هەر یەکە لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەیەوێت لە ڕوانگەی بەرژەوەندی تایبەتی  درێژماوەی سیاسیی خۆیەوە، قەیرانە کەی ئێستای عێراق بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە و لە درێژماوەدا گورزی خۆی لەوی دیکە بدات.
بەش بەحاڵی خۆم، نە بڕوام وایە سیستەمی سیاسیی گەندەڵ لە کوردستاندا خۆی پێدەگۆڕێت و نە پێشبینی ئەوەش دەکەم کە ئۆپۆزیسیۆن بتوانێت پاکێجە ٦ خاڵییەکەی خۆی بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنێت، مەگەر ئەوە کە گۆڕانکارییەک پێشبینی نەکراو و لە ناکاودا لە هاوکێشە سیاسی و جیۆپۆڵیتیکیەکانی ناوچەکەدا ڕووبدات. لە ئەگەری ڕووداو و گۆڕانکارییەکی لەوجۆرەدا، نەک هەر دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، نازانن دەکەونە چ جەمسەرێکی هاوکێشەکانی دواتر و لە کوێی ڕووداوەکاندا دەگیرسێنەوە، بەڵکو چارەنووسی خەڵکی کوردستانیش بەرەو ئایندەیەکی باشتر یان خراپتر لەوەی ئێستا کە هەیە، دیار نابێت و نازانرێت بە کوێ دەگات. لەبەرئەوە، بڕوام وایە کە پێشنیارکردنی پاکێجەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ دەسەڵات و ڕەتکردنەوە، یان گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پاکێجانە لەلایەن دەسەڵاتەوە، دەبێتە میحوەری گەمەیەکی سیاسیی درێژماوەی نێوانیان، کە لە دوا ئەنجامدا خەڵکی کوردستانیش لە سیاسەتکردن  و لە دەستبردن بۆ گۆڕانی ڕیشەیی سیستەمی سیاسیی بێزاردەکات.
ئەو شتەی کە تائێستا بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە، ئەمەیە کە لەدوای ١٧ شوباتەوە نە دەسەڵات دەتوانێت گوێ لە ئۆپۆزسیۆن نەگرێت و نە ئۆپۆزیسیۆنیش دەتوانێت دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدا ڕەتبکاتەوە. ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێت پرۆژەکەی خۆی بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنێت، دەسەڵاتیش ناتوانێت پاکتاوی سیاسیی و فیزیک ئۆپۆزسیۆن بکات. لەم ململانێیەدا، هەندێک کەلەڕەقی و کاردانەوەی تووندیش بەرامبەر بەیەکتری و لەڕاستیشدا بەرامبەر بەداواکارییەکانیان لەیەکتری ڕوو دەدات، بەڵام هەرگیز ململانێکەیان ناتوانێت بگاتە ئەو ئاستە کە لە مەیدانی سیاسەتدا یەکتر بسڕنەوە. ئۆپۆزسیۆنی چەواشە و دەسەڵاتی گەندەڵ، لە واقعی ئەمڕۆی کۆمەلگەی کوردستاندا بوونەتە لازم و مەلزومی یەکتر و بوون و مانەوەی هەر جەمسەرێکیان بەوی دیکەیانەوە بەستراوەتەوە. دەکرێت هەردوو لا لەیەکتری توڕەبن، بارەگای یەکتر بسوتێنن و تەنانەت ئەندامی یەکتریش بکوژن یان ئازار بدەن، بەڵام  دووبارە پێکدێنەوە و دانیشتن و گفتوگۆی براگەورەیی و بچووکی نێوانیان دەستپێدەکاتەوە. ئەمە ترسناکترین گەمەی سیاسیی ئێستا و داهاتووی کوردستان دەبێت و خودی ئەم گەمەیەش، لە ڕووی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە نایەڵێت کۆمەڵگەی کوردستان یەک هەنگاو بۆ پێشەوە بهاوێژێت.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com