ڤینۆس فایەق: خۆزگە نانسی بۆ قوربانییەکانی کورد بگریایە نەک لەدەست پیاوانی ئاسایش

0

خۆزگە نانسی بۆ قوربانییەکانی کورد بگریایە نەک لەدەست پیاوانی ئاسایش
ڤینۆس فایەق
خۆزگەمخواست نانسی عەجرەم بۆ قوربانیانی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و بەرزانیەکان بەگریانەوە بگەڕایەتەوە لوبنان. خۆزگەمخواست نانسی عەجرەم کە دەگەڕێتەوە بۆ لوبنان و لێی دەپرسن چیت بینی، بیوتایە میللەتێکی زوڵملێکراو بەڵام شارستانی و نەفس بەرز و رێزگر لە میوانەکانی.
هەڵبەتە لەهەموو دونیا هەڵدەکەوێت یاریکەرێک، گۆرانیبێژێک، ئەکتەرێک یان هورنەمەندێکی بەناوبانگ لەناو هەوادارانیدا کەسێکی هستیری یان کەسێکی وای ببێت بەرووەوە کە بەشێوەیەکی نەشیاو لەگەڵی رەفتار بکات.. دواتر ئەمە دەبێتە هەواڵێک کە بۆنمونە دەگوترێت یەکێ لەهەوادارانی فڵانە هونەرمەند فڵانە شتی کرد بەرانبەر بە هونەرمەندەکە. بەڵام هەرگیز ئەمە نابێتە هەواڵێک لەبارەی تەواوی میللەتێکەوە کە خۆی بە شارستانی دەزانێت.
نانسی عەجرەم ساڵانە زۆربەی وڵاتانی جیهان دەگەڕێت، بەڵام هێشتا نەمخوێندۆتەوە هێزەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتانە کە پارێزگاری لێدەکەن لەدەست هەوادارانی بەخۆیان پەلاماری بدەن، هێشتا نەمبیستوە بەگریانەوە بە راکردن بچێتەوە بۆ فڕۆکەخانە و بەترسەوە هەڵبێت.
ساڵانە دەچێتە وڵاتانی کەنداو و سعودیەی وەهابیەکان، بەڵام هێشتا هەواڵی هەڵسوکەوتێکی لەوجۆرەی لە هەولێر روویداوە نەمبیستۆتەوە.
گلەیی لەخەڵکەکە و هێزەکانی ئاسایش ناکەم بۆچی واپەلاماری نانسی عەجرەمیان داوە، بەڵکوو دەبێت گلەیی لەو دەسەڵاتە حکومیە بکەین کە پارە و پوولی دونیا لە بانگهێشتکردنی مەحمود حەمیدە و ئەلیسا و شەعبان عەبدول رەحیم و ئیبراهیم تاتلساس و دواجار نانسی عەجرەم خەرج دەکەن و بەدەیان دەفتەر دۆلاریان بەدیاری دەدەنێ، بەڵام نایانەوەێ میللەتێکی شارستانی و لێهاتوو بەو پارە و پوولە پەروەردە و سوودمەند بکەن، چونکە ئەمە لەکۆتاییدا هەموو گەمەیەکی سیاسیە، ئەگەر میللەت فێربوو وەکوو دڕندە پەلاماری نانسی عەجرەم بدەن، ئەوا دەبێت میللەتێک بێت ئاستی هوشیاری هێند بەرزبێت کە رازی نەبێت ئەسڵەن ئەو پارە و پوولە لەو جۆرە چالاکیانەدا خەرج بکرێت کە هێشتا بۆ ئیستای باری سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان کاتی نەهاتوە.
بەداخەوە وەکوو بەرپرسێکی یەک لەو دوو حزبە وتی: ئێمە بۆیە ئاو و کارەبا بەبەردەوامی بۆ هاوڵاتیان دابین ناکەین، چونکە کاکەگیان چاویان دەکرێتەوە و زیاتر ئەخوێننەوە و زیاتر هوشیار دەبنەوە و زیاتر ئەچنە سەرجادە..
ئەوەتا وەکوو دڕندەش پەلاماری هونەرمەندە جیهانیەکان دەدەن. داخوا ئیستا ئەگەر لە نانسی عەجرەم بپرسین باسمان بکات، چی دەڵێت و چۆنمان پێناسە دەکات؟.

 

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com