بارزانی دوایین چركەسات حكومەت وەرناگرێتەوە
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا – تایبەت بە نوچەنێت
ڕەنگە ئەم مانشێتە بەلای هەندێ كەسەوە سەرسوڕهێنەرترین مانشێتێك بێت و خوێندنەوەی هەڵەی بۆ بكرێت بەو پێیەی گوایە پارتی و یەكێتی ڕێككەوتوون لەسەر رادەستكردنەوەی حكومەت لەلایەن یەكێتییەوە بە پارتی.
ئێستاكە زۆرترین قسە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی حكومەت دەكرێت لەلایەن پارتییەوەو پێكهێنانی كابینەیەكی تر كە گوایە پارتی لە هەوڵی ئەوەدایە كابینەكە كابینەیەكی بنكەفراوان بێت و ئۆپۆزسیۆن و تەواوی لایەنە سیاسییەكان بەشداری تێدابكەن، بەپێی پێگەی جەماوەری خۆیان قورساییان لەم كابینەیەدا بەركەوێت، ئەم بۆچوونانە بۆچوونی سادەی شاشەو رووپەڕی رۆژنامەو گۆڤارەكانەو هەروەها ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیش تارادەیەك رازیی بوونە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی حكومەت لە یەكێتی. بەپێچەوانەی هەموو بۆچوونە سیاسیانەوە كە ئێستاكە لە میدیاكانەوە دەبیسترێن من پێموایە پارتی حكومەت وەرناگرێتەوە، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی حەزی بەحوكمڕانێتی كوردستان نەبێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە پارتی هەمیشە هەوڵیداوە ئەو داڕێژەری سیاسەتی كوردستان بێت و تەنانەت راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانیش لەسەر دەستی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بێت، كە لەهەمان كاتیشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، هەروەها فاكتەرگەلێك هەن چاوەڕێی ئەوەی لێدەكرێت بەهۆی دوایین جار بارزانی بەپیادەكردنی سیاسەتێكی جیاوازتر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی كە بەپێی ئەو سەرچاوانەی دەریدەخەن بارزانی سەرۆك لەسەر هەندێ لێدوان و نەشارەزایی هەندێ لە بەرپرسانی حیزبەكەی لەرووی زمانی دیالۆگ و دیموكراسییەوە كە بوونەتە هۆی فشار دروستكردن لەسەر پارتی، ئیدی بارزانی توورەبووەو زیاتر پشت بەخۆی دەبەستێت لەبڕیارە سیاسی و ستراتیژییەكان كە چارەنووسی پارتی پێوەبەندە، هەروەها بەدیوەكەی تریشەوە ئەگەر سەیری بكەین یەكێتی سەركەوتنی لەبەرێوەبردنی حكومەتدا بەدەست نەهێناوەو كابینەكەی دكتۆر بەرهەم رووبەرووی زۆرترین رەخنەی جەماوەر بۆتەوەو لەلایەكی دیكەشەوە جۆرێك لەجیاوازی بەدیدەكرێت لەبواری خزمەتگوزاری نێوان هەولێر كە هەیمەنەی پارتی تێدا زاڵەو سلێمانی كە وەختی خۆی هەیمەنەی یەكێتی لەو شارەدا زاڵ بووەو ئێستاكەش ئەو هەیمەنەیە بەنارۆشنی ماوەتەوە، بەهۆی دروستبوونی گۆڕان و بەرپاكردنی شەڕی میدیایی لەدژی یەكێتی و بردنی زۆرترین دەنگەكانی یەكێتی و بەدەستهێنانی 25 كورسی پەرلەمانی لەناوچەكانی ژێر نفوزی یەكێتی، بۆیەش یەكێتی ویستووێتی لەماوەی حوكمڕانێتی خۆیدا لەكابینەی شەشەمدا حكومەت بخاتە خزمەتی بەرژەوەندی حیزبی و ئەمەش زیاتر هەولێرییەكانی نیگەران كردووەو ئیدی چاوەڕێ دەكرێت پارتی دوای كۆتایی هاتنی كابینەی شەشەم ئەمە بەجەماوەری كوردستان بگەیەنێت لەوەی یەكێتی جیاوازی كردووە لە خزمەتكردنی هاوڵاتیان بەهۆی جیاوازی ئینتیمای حیزبییەوەو حكومەتی بۆ بەرژەوەندی و هەڵساندنەوەی یەكێتی بەكارهێناوە، بۆ ئەوەی یەكێتی لەو قەیرانەی تێیكەوتووە رزگار بكات.
ئەوەی من چاوەڕێ دەكەم دوایین چركەساتەكان بارزانی راستەوخۆ و تاكلایەنانە حكومەت دووبارە رادەستی یەكێتی دەكاتەوە، ئەمەش دواتر بەزیانی یەكێتی و بەقازانجی پارتی دەكەوێتەوە بەوپێیەی ماوەیەكی كەم ماوە لە كاتی یاسایی كابینەكەو پارتیش لەو ماوە كەمەدا ناتوانێت دووبارە حكومەت بخاتەوە سەرپێی خۆی بەو مانایەی سیاسەتی خۆی پەیڕەو بكات لەبەڕێوەبردنی حكومەتداو یەكێتیش ئەگەر لەم كابینەیەدا فەشەل بهێنێت ئیدی چیتر حیزبی دووەم نییە لەسەر ئاستی كوردستان و لەسەر ئاستی سلێمانیش لەدوای گۆڕانەوە دێت و ئەمەش ئاوابوونی خۆری یەكێتییەو هەموو ئەمانەش لەكاتێكدایە بەرێز تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە رەنگە چیتر نەتوانێت وەكو پێویست سەرپەرشتی یەكێتی بكات و ئەمەش كارەساتە گەورەكەیە دوای تاڵەبانی یەكێتی بەئاقارێكی تردا دەبات.
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا: بارزانی دوایین چركەسات حكومەت وەرناگرێتەوە
0
Share.