
کێ ئەم مێژووەی پیس کرد؟ ئێمە یان ئەوان؟
عبدوڵا پەشێو دەڵێت
شاعیرێ بوم گەروی وشکم بەدوای قومێ ئاوا وێڵ بو
بۆ بارانی هەر ئاسمانێ نوشتامەوە ئاوی لێڵ بو
ئارام ئەحمەد علی
دایکم هەزاران جار گریا، بۆ کوڕەکەی ئەوبەرمان کە شەوێک موسەلەحەیەک داڵ ئاسا،لە سەر ژوری نوستنەکەی نیشتەوە،بۆ ژنەکەی ئەم بەرمان گریا،کە ئێواران بە یەکەوە دادەنیشتن و ئەو نوکتانەیان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە،کە بۆ ژنان حەرام بو گێڕانەوەیان،ئەوانیش دورخرانەوە بۆ دورەدەسترین جێگاو بون بە ژێر گەرمای خواروەوە،بۆ مامەکەم گریا کە ئێستایش کەس نە تەرمەکەی بینی نە گۆڕێکی پێبڕا،تا بەیانیانێک بەرلە شکانی گوڵدان، بچنە سەر گۆڕەکەی و یادگاریەکانی خۆیان بژمێرن،بۆ ئامۆزاکەم گریا،کە لە دەشتی پێنجوێن ئەڵغام کردی بە دو کەرتەوەو لە گونیەکدا هێنایانەوەو دەیان وت،مەیکەنەوە ئاخر بەعەمەلی کردنەوە نایەت،بۆ کوڕی خوشکەکەی گریا،کە سەرلەبەیانی حەوتی سێ هەڵیکوتایە سەر ئەنفالەکەو شەهید کرا، بۆ کوڕی خوشکەکەی تری گریا، کە بەیانیەک پۆلیسی سەرشەقام پەیامێکی بۆ ناردو وتی، ئەمشەو ئەم کوڕەتان لە پشت گردی سەیوانەوە کوژراوە، تەنها سێ دینارو نامەیەکی دڵداری لە گیرفانیا بوە،کە مێژوی دوێنێ بە نامەکەوەیە، بۆ کوڕی پورەکەی ترم گریا،کە بڕیار بو بەیانیەک بچین بۆ دوکان بۆ سەیران،شەو تەواریەکان لە باوەشی دایکی دەریان هێناوبردیان، خوشکەکەیشی بۆسۆراغی کوڕەکەی،خانوەکەی فرۆشت وسۆراخیشی هەر نەبو،هەرگریان و هەر گریان،دایکم خۆشبەخت بو،نەورۆزی دوهەزارو پێنجیش، کە کوڕەکەی خۆی گیانی لەدەست دا، لە ژیاندا نەمابو،تا بۆ ئەویش بگری،بۆمنیش زۆر گریا،ئەوکاتەی تەمەنم تەنها چواردە ساڵ بو چوم بۆ شارباژێڕ بۆ پێشمەرگایەتی،علی چوارتای و کاکە برا، ناردمیانەوە بۆ ماڵەوەو وتیان نەیتەوە، تۆ منداڵی بڕۆ خەریکی خوێندنەکەت بە، ئەوان دەیان زانی خوێندن و ژیان، لە ژێر دەسەڵاتی بەعسا، بۆ گەنجێکی یاغی وسەرەڕۆی وەک ومن مەرگەساتە،مەرگەسات،وەلێ وایان پێباش بو، چونکە تەمەن مەودای نە دەدا.
ئەوکاتە بە ناو حەوزی تەواریەکەدا بە ڕوتی ڕایان دەکێشام و لێیان دەدام دیسان بۆم گریا، گریانەکان ئەوەندە زۆرن نوسینەوەیان بۆتە محاڵ.
دەی خودا سا بمژێنی تا لەبەر قاپی کەسێکا دەمرم،
منداڵی وگەنجیمان هەمیشە ئەستێرەیەکی کشاو بو،لە دوای گریانێکی بە کوڵ،ساکار ساکار لە بەرزاییەکانەوە دەمان ڕوانی،خەیاڵیشمان بە بارمتە گیرابو، پیاسەی ئێوارانێکی توی مەلیک،
لێمان بوبو بەخەونی ناو ئاو،بەپێخاوسیش نەمان دەویست بەشارەکەی خۆماناو بەبەر بارانا، بگەڕێین، تا شاپلن وتەنی،”باران نەبێتە ڕێگرو نەهێڵێ کەس فرمێسکەکانمان ببینێ” ،ئاواش لەبەرامبەر بەعسیەکاندا ڕاوەستابوین، وەک داهۆڵێکی شڕ کە لەناو باخێکدا،بۆ تاراندنی مەل دایدەنێن سەیرمان دەکرد،ئێمەی لێوڕێژ لە میهرەبانی،ئاوا ژیاین،ئاواش گریاین، هەرواش تا ئەوپەری دنیا، بۆ ئازادی تێدەکۆشاین و تێدەکۆشین.
ئێمە گاهێ پێشمەرگە نەبوین و گاهێ جاش ،گاهی پۆشاکی خاکی پیس بکەین و گاهی بەڵەک بەڵەک بپۆشین،وەک ئاو پاك و وەک سیاچەمانەی هەورامان ڕەوان،بە دەم پۆستاڵی ڕەش و سوری بەعسیەکانەوەو بە تەوێڵی بەرزەوە ژیاین،لەشەڕی دەسەڵات و پارەو پولی جەلالیەکان ومەلاییەکاندا بەشداریمان نەکردو هەمیشە گالتەمان بە ئەقڵیان هات،ڕۆڵەی کوردمان نەکردە بەردەبازو بەسەریدا بپەڕینەوە، بۆ بەرزی ڤێلاکان و مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکان و کچەکان، ئێمە ئازادی گرتبوینی، وەک چۆن منداڵ خۆف دەیگرێ،نە دەستی پاسدارێکمان ماچ دەکرد، نە حەوسەڵەی سڵاوێکمان لە داگیرکەران هەبو.
نەوەیەک بوین،تاخواحەز بکات تێهەڵدراو،تێهەڵدراوی قاچی بەعسییەکان،لەدوای ڕاپەڕینیش بوینە تێهەڵدراوی قاچی جەلالیەکان و مەلاییەکان ،وەک لە ئەزەڵەوە بۆمان بڕابێتەوە، ئەوەتەی هەین ڕادەکەین،تەنها لە پێناوی ئەوەدا، کەرامەتی ئینسانیمان بە بەرچاومانەوە نەخرێتە ژێر پێ،یاخی لەئەرزو لە ئاسمان.
ئێمە لە ژێر دەسەڵاتی بەعسیەکانداو لەڕاپەڕینیشدا،تەنها منداڵی و لاویمان و ژیان و خوێن و ئازایەتیمان دا، ئێستایشی لەگەڵدا بێت هیچمان وەرنەگرت،ئەوان کە هاتن، وەک بەعسیەکان پەیژەیان بە ماڵانەوە دەنا، منداڵی خەڵکیان سەرنگوم دەکرد، ماڵ بە ماڵ و کۆڵان بە کۆڵان ئازاریان دەبەخشییەوە،ژنیان لە خوێنی خۆیدا وەک مریشک بەدەم چەقۆوە دەخستە باڵە فڕە، ئیسعافیان بە لورە لور ئاودیو دەکرد، شۆفڵیان لە گیرفان دەناو پڕ نەدەبو،سەدی بێخمەیان دەدا بەشانداو، سەیارەی خۆڵی گەڕەک وئاگرکوژێنەوەو تەلی عەمودەکان و پیاو ژن ومنداڵیان دەفرۆشت و ئاو دیو دەکرد.
پارتی وبنەماڵەی بارزانی کە لەدوای شکستەوە،،خاوەنی بیست شەهید نەبون،کە لەسەنگەردا دژی بەعسیەکان کوژرابێت،وەک مریشکە بەکڕ،لەسەر هێلکەی دۆلاری برایم خەلیل دانیشتن و خۆیان مڕکرد،بەدەر لە شەڕی ناوخۆ کوشتن وبەکوشتدانی دەیان هەزار مرۆ،بەدەر لە هێنانی هەرچی ڕەنگ داگیرکەران هەیە،بەدەر لە کوشتنی قەڵەم و ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنوسان،کە تا ئێستا درێژەی هەیە، بەدەر لە سوتاندنی بارەگاو ماڵی یەکتر،جا ئەوان چییان نەکرد؟.
ئەوان دەیان کوشت و دەیان بڕی و دەیان سوتاندو دەیان دزی و دەیان برد، ئەوان سەرگەرمی فرۆشتنی مرۆڤایەتی بون و، سەرگەرمی فرۆشتنی ئابڕوی وڵات و ، خوێنی بە فیڕۆ ڕۆیشتوی شەهیدان و ئەتک کردنی مێژومان ، ئێمەش هەر خەونەکانمان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە، لە ژێر لێوەوە دەگریان، دەگریان بۆ هەمو دارەمەیتە نەزان و گوناحە،بۆ هەمو چاوە پر لە ئاوە،بۆ ئەو هەمو منداڵە لەسەر تابوت دانیشتوە،بۆ ئەو هەمو بێوەژنە عاشقە دۆڕاوە، بۆ ئەو هەمو دایکە چاوەڕوانە،تا تەرمی کوڕەکەی بە ڕاکشاوی بۆ بهێننەوە،بۆ ئەو هەمو گۆرانییە کوژراوە.
لێرەوە گوێمان لە ڕادوێکانیان دەگرت، کە چۆن بەو زمانە پیسە،هەرچی جوێنی ئەم دنیایە هەیە، دەیان هێناو بەیەکیان دەدا،ئێستاش جەلادان،کۆنە جاشان و کۆنە تەواری وبەعسیەکان بە ئێمە، ئێمەی خاوەن وشەی جوان و توڕەبونی بە ویقار،ئێمەی شاعیرو عاشقانی وشە دەڵێن جنێو فرۆش،ئەی گەلۆ چیمان پێبڵێن؟ چی هەیە بە باڵاماندا ببڕن؟، ئێمە کە لە جوانیدا تاک و لە پاکیدا تەنهاو، لە بەرائەتا ئاوی بازرەقە بەستو، ئەگەر بە باڵێکیشەوە بێت، ئێمەیەکی گوناه،گوناه، ئێمەیەکی ئاسمان ڕەنگ و زەوی تەنگ،کە بەشی گۆڕێکیشمان نەبو.
لە ڕابردوی شاعیرانەو شۆڕشگێرانەی ئێمەدا،کەی پەڵەیەک هەیە تا بۆمان لە قاو بدەن؟ کەی ناشیرینیەک هەیە، تا ناشیرینتری بکەن؟،کەی وێرانەیەک هەیە تا وێرانتری بکەن؟، چیمان پێبڵێن؟دەرگای ئەوان کراوەیە بۆ هەرچی پێیان بڵێین،دەرگای ئێمە داخراو،مێژومان بە جوانی تەنراو،ئاخر ئێمە نە کوشتمان و نە بڕیمان و نە دڕیمان،نە ئەسیرمان وەبەر فیشەکان داو،نە چاوێکمان پر گریان کرد،نەتاڵانیەکمان کردو،نەچایەکمان لە دوای ڕاپەڕینەوە پێبرا،کە خۆمان کردمان،کەوابێت،کە دنیا ڕێگایەک بێت و جوانیەکانی هی ئێمە بێت،کە بەم حاڵەوە خەو لە چاوی بەعسیە کوردەکانی جەلالی و مەلایی بتارێنین، دەبێت وامان پێبڵێن، دەبێت بە وشەی جوانی ئێمە پیس بڵێن و بە شیعرەکانیشمان جوێن بڵێن،ئەوانێک کە نەخوێندنەوەی جوانی لەگەڵیان لە دایک بوبێت،دەبێت من بۆ خەم بخۆم، کە جوانیەکانی ئێمە نابینن و بۆگەناو لیخنیەکانی خۆیان بە جوان لەقەڵەم دەدەن.
ئاخ لەم مێژوە ڕیاکارو درۆزنە، وەی لەم بارینی بارانە ساختەیە،داخ بۆ هەمو ئەو جوانیانەی ئێمە،کەتائێستا نەبینراون،نەزانراون،وەک شمڵی شەڕ بەری هەتاویان لەئێمەو کۆمەڵگا گرتوە تا جوانیەکان دەرنەکەوێت،تا تارمای پیسی ئەوان نەتارێ.
ڕۆژێک دادێ،دەزانم و دڵنیام ئەو ڕۆژە دادێ، مەلۆتکەکانی ئێستا، جوانیەکانمان بۆ مانگ و ئەستێرە بگێڕنەوە، نزاکانمان بە بەردەم چراکاندا دەڕوات ،هەزاران فرسەخ ڕێگا ڕوناک دەکاتەوە،تاپێکەنین ئەو ڕێگایانە بگرێتە بەر،کە دەبو لە مێژ بوایە بیگرتایەتە بەر،ئەو کاتە وڵات فرۆش و لەش فرۆشەکانی ئێستا،لەبەردەم خودای ڕاستگۆیدا چۆکیان دادەداو دەپارانەوە لە باران، تا داکات و داکات،تا بەخوڕەمێکی وا دابکات، کە پێستیان لە پشت داماڵێ و ناخیان ئاشنا کاتەوە بەگۆڕانی،دەمپاکی و دەسپاکی و جوانیی،حەیفیش بەو ڕۆژانە بڵێن،کەلەو پەڕی ماڵئاوایی لە مرۆڤایەتی بونیاندا ڕاوەستابون و،بە دەم چەقۆو هەڵپەی پێنان لە گوڵەکان و بانگکردنی دۆزەخ،بۆ ناو ماڵەکانی ئێمەو، پێچەوانەکردنەوەی ڕاستیەکانەوە، دەیان خواردو دەیان بڕی و دەیان کوشت.
ولاتێک گورگ پاسەوانی مەڕەکانی بێت و وڵاتێک دز خاوەنی ماڵەكەی و پارێزەری ئابڕوەکەی بێت،وڵاتێک درۆزنەکان بینوسنەوەو،سەرخۆشەکان بیخۆنەوەو، جەلادەکان بیدۆشن،دەبێ چۆن بێت خودایە!،دەبێت چۆن فریای ماڵئاوای بکەوین لە خۆمان،دەبێت چۆن بەیانیان حەوسەڵەی ئاودانی گوڵدانێک و،خوێندنەوەی خەیاڵی بەهارێک و،گێڕانەوەی کەوتنە خوارەوەی گەڵایەکی پایزمان بۆ نەوەکان هەبێت.
وڵاتێک بەجۆرێ ڕەنگەکان تێک بدات،نەتوانی جیایان بکەیتەوە، بە جۆرێک گۆرانیەکان تێک بدات،لەبەرچاوت بکەون و، بە جۆرێک هۆنراوەکان وێران بکات،تا ئەوپەڕی وێرانەی و، وڵاتێک ستەم تێدا پاڵاوان بێت،دەبێت چۆن لەسوێی تنۆکی ئاو سوێمان نەبێتەوە؟ خودایە دەبێت چۆن عەشقەکانمان نەدەین بەدەم بای دەشتەوە؟ دەبێت چۆن،شوینەکان نەگۆڕینەوە؟ جەللاد بێتە ژوری نوستنی قوربانی و قوربانی بەستەزمانیش بە زۆر مەحکومی بکەن لە شوێنی جەللادانا وەنەوز بدات.
ئەم کەپکە شاخە کەی دەم لەم برینە هەڵدەگرێ؟
جەخار!نە بەیتەکان کار دەکەن و نە شمشاڵە گڕەکان
هەمومان،ئا،هەمومان نە بە قفڵەکان دەوێرین و
نە دەتوانین ئەم قاتییە لە جێگاکانمان دور بخەینەوە،
هەڵوەداین،وەک ئەستێرە بەر لە ڕوناکی ون دەبین و
زەوی ئاسا بە نمەیەک فرمێسک کزر دەبینەوە.