خالد رەنجدەر: سەرلێشێواوی نیە بەڵكو بێ متمانەییە

0

سەرلێشێواوی نیە بەڵكو بێ متمانەییە
خالد رەنجدەر
لەو بابەتەی كاك ڕزگار ڕەزا چوچانی لە پێگەی نوچەكەدا بڵاوی كردۆتەوە پێی وایە ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆی ھەرێمی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێ ھۆكارەكەی سەرلێشێواویە و ڕۆشنبیران و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەھۆڵی شەڕ دەكوتن و، سەرلێشێواوی قوتابی بەردوەشێن بەرھەم دێنێ.
من ڕێزی تایبەتیم بۆ كاك ڕزگار ھەیە و ئەم نوسینەی خۆشم ناكەمە ڕەتدانەوە لێی، بەڵكو دەیكەمە دروستكردنی ھاوسەنگیەك و ئەوەی ئەو ئاماژەی پێنەكردوە من ئاماژەی پێدەكەم و من بە بێ متمانەیی لێكی دەدەمەوە.
من وا ھەست دەكەم كە كاك ڕزگار ئەو سەرلێشێواندنەی تەنھا لەناو میللەتدا گیرداوە، بە تایبەتی ڕۆشنبیران و ھۆیەكانی راگەیاندان، پارتەكانیشی لێ بێ بەری كردوە. ھەروەھا ھیوای بە ھەوڵ و سەردانی لای یەكتری سەركردەكان زۆرە. منیش نامەوێ ئەو ھەوڵ و سەردان و پێشنیارانە بێ بایەخ بكەم، بەڵام لە ڕاستیدا بەلای زۆر كەسەوە و منیش خۆم بە یەكێك لەوانە ھەژمارە دەكەم دەسەڵات ڕۆڵێكی گەورەی ھەبوە و ئێستاش ھەیەتی لە دروستكردنی ئەو بێ متمانەیی و سەرلێشێواویەدا. بە ھۆی سیاسەتی دەسەڵاتدارانەوە میللەت نەك ھەر فێری بەردوەشاندن بوە، بەڵكو خوێن ڕشتنی یەكتریان لا ئاسان بوە. لە شەڕی نێوان یەكێتی و بزوتنەوەی ئیسلامی ساڵانی نەوەدەكان بینیمان چۆن خەڵكی سادەش بارەگاكانی بزوتنەوەی لەناوجەرگەی سلێمانیدا فەرھود دەكرد. لە زاخۆش ھەمان دیادرە ڕویدایەوە. ئەوەندە بەسە كە مام جەلال ڕو بە ڕوی ھێزەكانی خۆی پێش ھاتنی ئەمریكا بۆ عێراق وتی: ئیتر ئەمریكامان لە گەڵدایە، ئاڕ ئاڕ مەكەن. ئەی باشە بۆچی كە لە بزوتنەوەی ئیسلامی دا نەیوت ئاڕ ئاڕ مەكەن؟
میللەت ئەگەر سەریشی لێشێوابێت ھۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پارتی دەسەڵاتدار. ئەوان خەڵكیان نائومێد كرد. دەسەڵاتداران ھەر كاتێك كۆبونەوەكانیان گەیشتبێتە كۆڵانی بن بەست و بەرژەوەندیەكانیان دژ بە یەك وەستابنەوە شەیپوری شەڕیان بەرامبەر بە یەكتر لێداوە و بە توندترین شێوەش لە یەكیان داوە. شەڕی براكوژی ساڵانی شەست و حەفتاكان و نەوەدەكان بێ متمانەیی و نائومێدیان لەناو میللەتدا ڕواند. دەیان كۆبونەوەیان كرد و سەدان خەڵكی خێرخواز كەوتنە نێوان حیزبە ناكۆك و شەڕانگێزەكانەوە و كەس گوێ بۆ نەگرتن تا ئەمریكا بەزۆر ئاشتی كردنەوە.
من خۆم لە ناخدا ئەھەژێم كاتێك ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتی وڵاتەكەم دەگرم، بەڵام پێشم وایە ئەوە لە دڵسۆزیمە نەك ھەوڵدان بێ بۆ ڕوخاندنی ئەو دەسەڵاتە. ھیچ میللەتێك وەك میللەتی كورد لە سەرانی خۆی ناترسێ. مەبەستم ترسی پێكەوە نەگونجان و پێكەوە ھەڵنەكردن و دەستەویەخەبونەوەی سەربازی و خوێنی یەكتر ڕشتنە. ئێمە ھەمیشە دەستمان لەسەر دڵمان بوە ئاخۆ كەی سەركردەیەك فەرمانی شەڕ دەر دەكات و ماڵمان وێران دەكات.
كاك ڕزگار نوسینەكەت بە گشتی بیرھێنانەوەیەكی زۆر باشە و لە كاتی گونجاوی خۆیدایە، بەڵام دەبێ ئاماژەش بەوە بكەین كە دەسەڵات پشكی گەورەی لەو سەرلێشێواویەدا بەردەكەوێ. با ئەوان یەك ساڵ تەبایی ڕاستەقینە تاقی بكەنەوە ئیتر بزانە چۆن بارەگاكانیان پڕ دەبێ لە پیرۆزبایی میللەت.

بابەتی پەیوەنددار……

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com