تۆوی گوڵە پلاستیکییەکانی بەهاری عەرەبی لە کوردستاندا!
مەهاباد قەرەداغی
ماوەیەکە (بەهار) لە دەستەواژەیەکی ئەدەبی سروشتگەراوە پەڕیوەتە نێو کایەی سیاسەتەوە و وەک دەستەواژەیەکی سیاسی بەکار دەبرێت، وەک چۆن رۆژانی (هەینی) یش لە ئایین سەندرانەوە و بە سیاسەت بەخشرا. هۆی ئەم ناسنامەی نوێ بەخشینە بەو دوو دەستەواژەیە ڕوونە کە ئەو خۆپیشاندان و سەرهەڵدانانە بوو لە هەندێ لە وڵاتە عەرەبییەکان کە بە تایبەت لە رۆژانی هەینیدا جمەی جەماوەر بەتەوژمتر دروشمی بڕۆ و بڕوخێی لە بەرامبەر دیکتاتۆرەکانی وڵاتانی عەرەبی بەرز دەکردەوە، دروست بوو. ئەنجامی پۆزەتیڤی ئەو خۆپیشاندانانە، کە کۆتاییهاتنی حوکمڕانی چەند دیکتاتۆرێکی وەکو بن عەلی و موباڕەک و قەزافی لێکەوتەوە و ساڵحی ناچاری دەستلەکارکێشانەوە کرد و ئەسەدیشی لە لێواری ڕووخانداداناوە، هۆی ئەوە بوو کە ئەو پرۆسەیە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا وەک بەهاری عەرەبی بێتە ناساندن.
پرۆسەکانی جیهانگەرایی بە گشتی و لە کایەکانی سیاسەت و ڕاگەیاندندا بە تایبەتی وایان کردووە شوێن و کات مانا کلاسیکییەکانی خۆیان لە دەست بدەن و ڕووداوەکان لە هەر شوێنێ ڕووبدەن، هاوکات و بە زیندوویی لە نێو هەموو ماڵەکانداببینرێن. ئەمە فاکتەرێکی هاندەر و کاریگەرە لەوەی وزەکانی خۆپیشاندنان لە وڵاتێکەوە بۆ ئەوی دی بگوێزرێنەوە، بە تایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی کە خاڵی هاوبەش و بارودۆخی لێکچوویان هەیە. سایکۆلۆژیای جەماوەری گەلانی خاوەن زمان و مێژوو و ئایینی هاوبەش تا ڕادەیەکی زۆر لێک دەچێ، بە هەمان شێوە سایکۆلۆژیای دەسەڵاتداران و حوکمڕانەکانیان کۆپی یەکترییە. بۆیە بە هەمان شێواز و ئامراز دەتوانرێت کاریگەری لەسەر کۆنەستی هەموو گەلانی خاوەن زمان و مێژووی هاوبەش دابنرێت و بوروژیندرێن. بەڵگەی روون هەیە بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە. شێوازی خۆپیشاندانەکانی گەلانی توونس و میسر هاوشێوە بوون و چارەنووسی حوکمرانەکانیشیان نزیک بوون لە یەکەوە. سەرهەڵدانەکانی گەلانی لیبیا و سوریاش لە یەک دەچن و وا پێشبینی دەکرێت چارەنووسی ئەسەدیش هەمان چارەنووسی قەزافی بێت. شیمانەی ئەوەی حوکمرانە ستەمکارەکانی تری دنیای عەرەبی، بە هۆی سایکۆلۆژیای هاوبەشیانەوە، بە دەردی ئەمان بچن و ساڵی ٢٠١٢ تەواوکەری هەمان هەنگاو بێت، بە پێوەرەکانی سایکۆلۆژیای سیاسەت، شیمانەیەکی جێی باوەڕە و ئەنجامە هاوشێوەکانیشی چاوەڕوانکراوە.
بە تێبینی ئەوەی دوای هەرەسهێنانی دیکتاتۆرەکان، ئەو هێزانەی کە خەریکن دەبنە شوێنگرەوەیان، هێزگەلێکی پێشکەوتنخواز و دیموکراتیخواز نین و لە پرۆسەی دەنگداندا زۆرینە دەنگ بە هێزە وشکەباوەڕ و تۆڵەسێن و خیڵەکییەکان دەدەن، بۆیە شۆڕشەکانی جیهانی عەرەبی، کە وەک بەهار پێناسە کران، پێناچێت وا زوو گوڵی سروشتی بگرێت و بۆن و بەرامەی ئاشتی و ئارامی و هاوسەنگی بۆ گەلانی بهێنێت. بە دووریش نازانرێت، جۆرێکی تر لە ستەمکاری بەرهەم بێتەوە وەک کۆپی ستەمکاری درێژخایەنی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە گەلانی ئێران، کە لە ئێستادا دەکرێ سێدارەخانەکانی کە پڕن لە ئازادیخوازان، وەک دیارترین سیما و هێمای ئەو دەوڵەتە ببینرێت کە سی و سێ ساڵە هەمان گروپی ستەمکار تێیدا فەرمانرەوان.
جیگەی بایەخە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١١ دا، ئاوڕێک لە شانۆی سیاسی کوردستان و رووداوەکانی ساڵەکە بدەینەوە و هەڵسەنگێنەرانە لە جوڵانەوە بەرهەڵستیئامێزەکان ڕابمێنین و بزانین ویستی چاندنی تۆوی گوڵەکانی بەهاری عەرەبی لە خاکی کوردستاندا ڕەوایە یان ناڕەوا؟ ئامانجەکان و ئاکامەکانی سوود یان زیان دەگەیەنن بە خەڵکی کوردستان؟
بە بڕوای من یەکێک لە هەڵە زەقەکانی سەرکردایەتی ئەو لایەنانەی کە خوازیاری کۆپیکردنی بەهاری عەرەبی بوون لە کوردستاندا، کەممەودایی نیگایان بوو لە خوێندنەوەی سایکۆلۆژیای جەماوەری کوردی و جیاوازی لەگەڵ سایکۆلۆژیای جەماوەری عەرەبی. لە هەر سێ فاکتەری زمان و ئایین و میژوودا، کورد و عەرەب تەنها ئایینیان هاوبەشە و زمان و فەرهەنگ و مێژوویان زۆر جیاوازە لە یەکترەوە. بەو پێیەی کوردستان کۆلۆنی بووە و نەتەوەی کورد ژێردەستەی گەلانی عەرەب و فارس و توورک بووە، کەواتە فاکتەری میژووی هاوبەش کە پایەیەکی گرنگی هاووزەیی و لێکچوونی گەلانە، لە نێوان کورد و عەرەبدا نەک هەر بوونی نییە، بەڵکو لەم پەیوەندییەدا کاریگەرییەکی پێچەوانەیی هەیە. لە کۆنەستی نەتەوەیی کورددا ئەم مێژووە بریتییە لە میژووی ستەمکاریی و ستەمدیدەیی، بۆیە تەنانەت تەنها پایەی هاوبەش کە ئایینە، ناتوانێ بە تەنیا کاریگەریی دابنێت و وا لە کورد بکات لاسایی عەرەب بکاتەوە. بە تایبەتییش چونکە زۆرینەی کورد لە سەر ئاستی خەڵکی ئاساییدا ئایینی ئیسلامیان لە بەر پەیامە خوداییەکەی وەرگرتووە و وەک ئارامکەرەوەییەکی رۆحی دەیبینن، ئەوە تەنها کەمینەیەکە کە ئایینی ئیسلامی بە سیاسی کردووە و وەک ئامرازی شۆڕش و کودەتا و هاتنە سەر دەسەڵات بەکاری بردووە و دەبات.
سەرەتای ساڵی ٢٠١١، کە هێشتا ساحەی تەحریری قاهیرە جمەی دەهات لە خۆپیشاندەرانی بەرهەڵستکاری فەرمانرەوای دیکتاتۆری میسر، لە کوردستاندا ناوی ساحەی تەحریر تەرجەمەیەکی حەرفی کرا، کە بریتییە لە (مەیدانی ئازادی). ئەوەی لە ئەکرانی تیڤییەکانەوە نویژی هەینی ساحەی تەحریری دیبا، زۆر ئاسایی و سروشتی دەهاتە پێش چاوان و هەر بە (دەرک)ی سروشتی خۆت دەتتوانی هەست بە خۆرسکی ئەو چالاکییە ئایینییە بکەیت، ئەگەرچی سیاسەتێنراویش بوو. بەڵام لە هەمان ئەکرانی تیڤییەوە کە هەمان نوێژی هەینی مەیدانی ئازادی شاری سلێمانیت دەدی، هەستت بە ناسروشتیبوونی ئەو چالاکییە دەکرد و دەرکی مرۆڤ دەیتوانی هەست بە سیاسی بوونی ئەو نوێژە بکات، ئەگەرچی ئاینێندراویش بوو. هۆی سەرەکی نامۆبوونی ئەو دیمەنە عەرەبییە کۆپیکراوە بە ئیدراکی کوردی، زیاتر دەروونی و رۆحییە وەک لەوەی سیاسی بێت.
ئەو دروشمانەی لە ساحەی تەحریری میسریدا بەرز کرانەوە، کۆپییەکانیان لە مەیدانی ئازادیی کوردستاندا بەرز کرانەوە. داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان لە کفرییەوە تا زاخۆ لە حکومەتی کوردستان لە رووی دابینکردنی خزمەتگوزاری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، بەهۆی تێکەڵبوونیان بەو هێز و شەپۆلانەی کە بە بێ خوێندنەوەی وزەی دەروونی و رۆحی خەڵک و بەراوردکردنێکی دروستی مێژووی گەلانی جیهانی گەورەی عەرەبی و هەرێمێکی بچووکی فیدڕاڵی، لەبار بران.
حکومەتی کوردستان، بەهۆی سستی لە جوڵە و بێپلانی و پەیڕەوینەکردنی سیستەمێکی ئابووری گونجاو و چارەسەرنەکردنی دیاردەی گەندەڵی کە لە زاری بەرپرسە باڵاکانیشیەوە ددانی پێدا نراوە، ناڕازیبوونێکی ڕەوای لە لای خەڵکێک دروست کردووە کە هەست بە نادادپەروەری و جیاکاری دەکەن و دەیانەوێت باشتر بژین و ئاوات و خەونە ڕەواکانیان بێتە دی. گومان لەوەدا نییە کە حکومەت پێویستە خزمەتکاری خەڵک بێت و تەنها بەو خزمەتە دەتوانێت خۆشەویستی و رەزامەندی گشتی بەدەست بهێنیت.
لە کوردستاندا، لە سەرهەڵدانێکی خۆڕسک و سروشتیدا بەهارێکی ڕاستەقینەمان لە ساڵی ١٩٩٢ دا دروست کرد و نزیکەی هەموو بەشی باشووری کوردستانمان کرد بە مەیدانی ئازادی، بە کەرکووکیشەوە. ئەو مەیدانی ئازادییە خۆڕسک و خۆماڵییە بوو کردینی بە خاوەنی ستاتوویەکی نیمچە دانپێدانراو و هێدی هێدی بە قەوارەیەکی سەربەخۆی خاوەنی پەرلەمان و حکومەت و لە ئێستادا هەرێمێکی فیدڕالی. “هەمیشە بەهار”ی کورد، لەو ساتەدا دەبێت و دێتە دی کە کوردستان بە تەواوی لە گرێدراوی بە عێراقەوە ڕزگاری ببێت و ببێت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە رووی تیۆرییەوە ئاسانە، وەلێ لە پراکتیکدا ئامادەکارییەکی زۆری پێویستە و ئەم ئامادەکارییەش بێ دروستبوونی کەشێکی سروشتی لە ئاشتی ناوخۆیی، دەبیتە مەحاڵ.
رووداوەکانی ئەم دواییەی زاخۆ، جارێکی تر ئاشتی ناوخۆیی خستە مەترسییەوە و ڕاگەیاندنەکان تۆوی گومان و ترس و بێمتمانەییان لە نێو جەماوەردا چاند. سووتاندنەکان، بە باڕ و بارەگاکانەوە، دیسانەوە کۆپی رووداوەکانی میسر بوون. بینیمان لە میسر دووبارە لە ساحەی تەحریر خۆپیشاندانی یەک ملیۆنی لە هەینییەکی سیاسیدا ساز کرا، کە زیاتر بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردن بوو، تووندوتیژی و سوتاندن و ئاژەوەشی لێ کەوتەوە. بینیمان لە کوردستانیش، ئەمجارە لە زاخۆوە جموجوڵەکانی میسر لە رۆژی هەینیدا لە دووی دیسەمبەر دووبارە بووەوە. هەروەها لە راگەیاندن و گفتوگۆ و لێدوانەکانەوە بینیمان مەیخانە و مەساجخانە پاساوی کۆمەڵایەتی بوون و ئامانج و نیازە سیاسییەکان هۆکار بوون.
لە هەموو ئەم ڕووداوانەی ساڵی ٢٠١١ ەوە دەتوانین چەند بەرەنجامێک هەڵهێنجین، کە بریتین لەم خاڵە سەرەکی و ساکارانە و دەتوانین وەک هەوێنیکی ئاشتیخوازانە لە ساڵی ٢٠١٢ دا پەیڕەوییان بکەین:
• ڕووخاندنی موبارەک، موبارەکی گەلی میسر بێت و دیکتاتۆر و ستەمکارانی جیهانی عەرەب ئاواوئاوچن و سەرکەوتن لە گەلانیان پیرۆز بێت. بەهاری عەرەبی ئەگەر دەستەواژەیەکی سیاسی ڕاستیش بێت، هێشتا گوڵێکی سروستی لێنەڕواوە و گەر بشڕوێ تۆوی ئەوێ بە خاکی کوردستان نامۆیە.
• کوردستان پیویستی بە ئاشتییە تا ئاوادان بێتەوە و گەشە بکات. بەدیهێنانی ئاشتیش بە قەد ئەوەی بەرپرسیارێتی دەسەڵاتە، هێندەش بەرپرسیارێتی بەرهەڵستکارانی دەسەڵاتە. خۆشەویستی و متمانە کۆڵەکەی ئاشتین. کەسانی خاوەن فیکر و قەڵەم دەتوانن وزەبەخشی ئاشتی بن، وەک چۆن پیاوانی ئایینیش دەتوانن وزەبەخشی ئاشتی بن و ئەمەش ئەرک و بەرپرسیارێتییە بۆ قۆناغێکی زۆر هەستیار لە مێژووی نەتەوەی ئێمەدا.
• حکومەت و حیزبەکانی فەرمانڕەوا لە کوردستاندا پێویستە گوێی خۆیان لە بچووکترین تا گەورەترین داوای ڕەوای خەڵک نەئاخنن. پێویستە ئەگەر تا ئێستاش کەمتەرخەم و سست بن، لە ئێستاوە گورج و گۆڵانە دەست بەکار بن و بە کردار ببن بە خزمەتکاری راستەقینەی خەڵک. دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی کوردستان بە بێ جیاکاری و بەدکاری، بەڵگەنەویستە کە دەبێ بکرێت و دەستبەجێ بکرێت. پێویستە دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، پلانی بۆ دابنرێت و بە یاسا رێک بخرێت و پیادە بکرێت. گەر ئەمانە بکرێن، خەڵک بۆ گوڵبارانکردنی دەسەڵاتداران دێنە سەر شەقام و هێزیش نییە بتوانێت بەکاریان بهێنیت و بیانکات بە کێڵگەی تاقیکردنەوە بۆ چاندنی تۆوی گوڵە پلاستیکییەکانی بەهاری عەرەبی لە کوردستاندا.