ئەمریكا عێراقی لە قەیراندا بەجێھێشت
خالد ڕەنجدەر
تایبەت. بەنوچەنێت
زۆر لەمێژە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا باس لە كشانەوەی ھێزەكانیان دەكەن لە عێراقدا. پێش كشانەوەی ئەو ھێزانە ھەمو تەگبێرێكی خۆیان كرد، ڕێكەوتننامەیان لە گەڵ سەرانی عێراق واژۆ كرد و تەگبیری ھێشتنەوەی ئەفسەر و پشكێنەر و مەشق پێكەر و شوێنەكانیشیان كرد، تەنانەت ڕێگای گەڕانەوەی ھێزەكانیشیان مسۆگەر كرد. تەنھا شتێك كە دابینیان نەكرد ئاسایش و سەقامگیری بو بۆ عێراق و ھاوڵاتیانی عێراق. عێراقیان لە گێژاوێكدا بەجێھێشت كە ئەگەری شەڕی تایەفی و پێكھاتەكانی گەلی عێراق لە ئاسۆوە دیارە.
جێی خۆیەتی خەڵكی عێراق بە كورد و عەرەب و كەمایەتی و مەزھەبەكانیانەوە بپرسن: باشە ئەمریكا تۆ لە ماوەی 7 ساڵدا چیت لە عێراقدا كرد و چ سیستمێكی بەڕێوەبردن و چ ھەماھەنگیەكی نێوان عێراقیەكانت بەجێھێشت؟
بەڕاستی ئێستا خەریكە عێراق پێی دادەخزێ بۆ شەڕی ناوخۆ و یەكتر قڕكردن، پەرلەمانی عێراق پەكی كەوتوە و لیستی العراقیە بایكۆتی دانیشتنەكانی حكومەتیش دەكات، لەو لاشەوە نوێنەرێكی ھاوپەیمانی عێراقی ھەڕەشە لە كوردستان دەكات بەوەی پەنادانی داواكراوان لە بەغداد بەشداری كردنە لە تاوانەكانیاندا.
من پێموایە ئەمە شەڕی دو لیستی سیاسی نیە، بەڵكو ھەمان ئەو شەڕە مەزھەبیەیە كە ئەمریكا لەو دواییانەدا كۆنترۆڵی كردبو، ئەمە شەڕی عەلاوی و ھاشمی لە لایەك و نوری المالكی لە لایەكی ترەوە نیە، ئەمە ئەو شەڕە مەزھەبیەیە كە لەمێژە لایەنەكانی چاوەروانی ڕۆیشتنی ئەمریكا دەكەن.
ھۆكاری ئەم دەستەویەخەبونەوەیە كەڵەكە بونی كێشە و قەیرانەكان و نەدۆزینەوەی ڕێگا چارەیە بۆیان، پابەند نەبون بە دەستور و، خۆدانان لەسەرو یاساوە و، گەندەڵی و، یەكلانەكردنەوەی وەزارەتە سیادیەكان و، خەواندنی ڕێكەوتننامەكانی نێوان لایەنە سیاسیەكان و، ھەڵگرتنی گرێبەستە نەوتیەكان بۆ دوای ڕۆیشتنی ئەمریكا و، گرنگی نەدان بە ماددەی 140 و ناوچە دابڕاوەكان و، بەربەست دروست كردن بۆ پرۆژەكانی كورد لە بەغداد، ئەمانە ھەموی و دەیان پێشێلكاری نھێنی تر كە مەگەر ھەر سیاسیەكان خۆیان بیزانن قەیرانی ئەمجارەیان خەست و چڕ كردۆتەوە و مەترسیەكی لە بن نەھاتوی دژواری لە عێراقدا دروست كردوە.
عێراق دەبێ بەرەو چ چارەنوسێك بڕوات كە سەرۆكی عێرا ق و جێگرەكانی ھیچ دەسەڵاتێكیان نیە و، ھەمو دەسەڵاتەكان لە دەست سەرۆكی وەزیراندا چڕ بۆتەوە و، سەرەداوی جوڵاندنی سوپا و ھێزە ئەمنیەكانیشی بەدەستە، ئەمە جگە لەوەی مەرجەعیەتی مەزھەبی و ھێزێكی ناوچەیی گەورەشی لە پشتە.
بەڕاستی مەترسیەكی گەورە بەڕێوەیە و دەبێ ھەمو دەستە و دوعا بوەستین كە خوێنێكی زۆر نەڕژێ و كێشەكان تا زوە كۆتاییان پێ بێت.